ئایا ڕاستە نابوکۆ بە قەندیلدا تێدەپەرێت

Thursday, 06/06/2013, 12:00

1881 بینراوە



لەو ساتەوەی پیشەسازی نەوت و گاز دروست بووە و بەرەو گەشەسەندن دەڕوات، خۆرهەڵاتی ناوین نەخشەیەکی سەرەکی دەبینێت لە دابینکردن و بەڕێوبردنی ئەم وزە گرنگانەدا. ئەم گرنگییە تا دێت ڕوو لە دەریای قەزوین و وڵاتەکانی دەوروبەری دەکات. ئەمەش ئەوکاتە دەرکەوت کە ووڵاتانی رۆژئاوا بە دوای سەرچاوەی نوێی وزە دا دەگەڕێن و دەشیان هەوێت ئەو باڵا دەستیەی وڵاتی ڕوسیا لەم بوارەدا بەدەستی هێناوە لاواز بکەن و چی دی لە ئایندەدا ئەوەندە وابەستەی ئەم ووڵاتە و بەڕێوبەرایەتیەکەی نەبن کە ئەم وزەیە وەکوو کەرەستەیەک و فشارێکی سیاسیش تێ دەگات. سیاسەتی وزە ئەمڕۆ پێگەیەکی باڵای هەیە و دەوری سەرەکی لە لێکدانەوە و ستراتیجی ڕۆژئاوا دەگێڕێت، کە خۆی لە بڕیاری سیاسی دەربارەی بە دواگەڕان، هەڵێنجان، دابەشکردن و بەکارهێنان دەبینێتەوە. هاوکات وەڵامی داخوازی ئەم سیاسەتە لە سەرمایە گوزاری، لێکدانەوەی پیشەسازی و پرۆژەی گەورەدا خۆی دەردەخات. ئەم پڕۆسەیە هەردەم نێوەندە ئابوری و زانستیەکانی بەرهەمی وزە لێکۆڵینەوە و پێشبینی بۆ دەکەن و بەڕێوبەرایەتی ووڵاتەکان لە ڕووی سیاسیەوە ڕێگای بۆ خۆش دەکەن و پاشان کۆمپانیای وزەکانی ئەم ووڵاتانە کاری ڕێکخست و دروستکردنی دەگرنە ئەستۆ. هەموو بڕیاردانێک لەم بوارەدا ڕەنگدانەوەی گەورەی هەیە لەسەر ڕۆژئاوا وئەو پێشکەوتنە پیشەسازی و ئابوریەی بەدەستی هێناوە، هەموو بەرزبونەوەیەکی نرخی وزە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت بۆ سەر بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، وەکوو کەرتی هاتووچۆ، گواستەنەوەی وشکانی و دەریایی، پیشەسازی گەورە و بچوک، کەرتی خزمەت گوزاری فڕۆکە و گواستنەوەی نەفەر و مەسرەف کەری ماڵانە. بەدەرلەمانەش بڕیاری ووڵاتان لە بواری سیاسەتی وزەدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە گەشەسەندن و نەسەندنی سیاسی و ئابوری وڵاتی خاوەن بەرهەمدا دەستی باڵابگێڕێت، ئەویش ساتێک ڕۆژئاوا و ووڵاتەکانی چەندە لەم ڕوەوە بەرژەوەندی خۆیان پێش ئاشتی و گەشەی دیموکراتی وڵاتی خاوەن بەرهەم دەخەن. بەداخەوە تا ئێستاش ڕۆژئاوا و ووڵاتانی دیموکراتی سیاسەتێکی نا ئەخلاقی و دوو فاقی پەیڕەو دەکەن و لەو ڕێیەوە خۆیان توشی بێباوەڕی سیاسی و ئابوری کردووە کە لە نوسینێکی دیدا ئاوڕی لێ دەدەینەوە. زیاتر لە ٨٠ % وزەی نەوت و گازی ئەورپا دەبێت لە دەرەوەی یەکێتیەکە بهێنرێتە ناوەوە و هەر لەبەر ئەم هۆیەش پەیوەست و پێویست بوونی یەکێتی ئەورپا بەم وزانە جێگەی بایەخێکی زۆرە، ئەوجار لەبەر ئەوهۆیانە نابێت ئەم پرسە هەستیارە لە ئێستە و داهاتوشدا بەرەو تەنگەتاوی بڕوات. وەڵامی ڕۆژئاوا بۆ لاوازکردنی پێگەو ئەم پەیوەست بونەیان بە ووڵاتی روسیاوە ناوی نابوکۆیە، ئەم لولە گازە نوێیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجیەکانی ئەوروپا بۆ دابینکردنی وزەی گاز بۆ ئایندەی ئەوروپا، کە لە دەوروبەری دەریای قەزوین و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە، بڕیارە گاز بۆ ئەوروپا دابین و ڕەوانە بکات. درێژی ئەم لولەیە دەگاتە نزیکەی ٣٠٠٠ کم، بە تۆرکیا و بولگاریا و رۆمانیا وهەنگاریا بۆ نەمسا دەڕوات، بەم شێوەیە نابوکۆ دەبێتە چوارەمین لولەی گواستنەوە بۆ ئەوروپا، لە پاش خەتەکانی دەریای باکور، ئەفریکا و ڕوسیا کە دەتوانێت نزیکەی ٣١ میلیارد مەتری سێجا گاز لە ساڵێکدا بگوازنەوە. ساڵی ٢٠٠٤ نابوکۆ پایپلاین کۆمپانی لەلایەن کۆمپانیای وزەی ووڵاتانی بەشداربوەوە دامەزراوە، ساڵی ٢٠٠٨ کۆمپانیای ئەڵمانی (ڕ ڤ ئ) بوە شەشهەمین شەریک و بەڵام ماوەیەک پێش ئێستە گەڕانەوەی خۆی لەو پڕۆژەیە ئاشکرا کرد. نەخشەی لولە وزەیەکانی ئەورپا دەتوانرێت بەپێی سەرچاوە جوگرافیەکەیان بەسەر نەوت و گازی دەریای باکور، چەند لولەیەکی ڕوسی، قەزوین و ناوەڕاستی ئاسیا، لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە باکوری ئافڕیکا و خۆرهەڵاتی ناویندا دابەش بکرێن. ئەوەی چێگەی سەرنجی ئەم باسەیە، سەرچاوەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و بەتایبەتیش، ئەو سەرچاوانەیە کە دەکەونە کوردستانەوە یان ئەو ووڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردوە. ئەم پڕۆژە نوێیە دەکەوێتە سەر پایپلاینی کە بە ڕۆژهەڵات/ ڕۆژئاوای باشور دەناسرێت، کە لە پێکهاتەدا بچوکترە لە لولەکانی تر، بەڵام پێگەیەکی گرینگیان هەیە و ئەم لولانەش هەموویان بە ناو خاکی ڕوسیادا تێناپەڕن. دیاریترینیان لولەی نەوتی خاوی باکۆ/ تفلیس جەیهانە. ئەم لولەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ کاری گواستنەوەی دەست پێکردوە و دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ١،٥ میلیۆن بەرمیل بێڕڵ نەوتی ئازەربایجان بەناو خاکی جۆرجیادا بۆ تورکیا بگوازێتەوە، ئەم لولەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەبەر ئەوەی بە ناو خاکی ڕوسیادا ناڕوات و پلانی درێژکردنەوەی هەیە بۆ ووڵاتانی ئازەربایجان و کازاکستان. لەو بەینەشدا بەندەری دەریای ناوەڕاستی تورکی جەیهان بۆتە خاڵی کۆتای (ب ت س) و لولە نەوتی کەرکوکی باشوری کوردستان، ئەم لولەیە لە کەرکوک دەست پێدەکات بۆ باکوری کورستان تا دەگاتە بەندەری جەیهان و ناوی پایپلاینی عێراق تورکیایە (ع ت پ) . ئەم لولەیە تا یەت بۆ بەستنەوەی وزەی نەوت وگازی ئەم ناوچەیە و بەستنەوەی بە ئەوروپاوە گرنگتر دەبێت و بەندەری جەیهانیش بەرەو خاڵێکی گواستنەوەی جیهانی وزە دەبات. لولەی گازی (تاپ) کە نزیکەی ٥٢٠ کم درێژدەبێت، بڕیارە گازی ناوچەکانی دەریای قەزوین بە نێو تورکیادا بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بگوازێتەوە، ئەم بەندەرە و تاپ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەتوانن بەرەو پێگەیەکی گرنگتر هەنگاو بهاوێژن، ساتێک سەرچاوەی نەوت و گازی باشوری کوردستان بە بازاری جیهانی و ئەروپاوە دەتوانێت ببەستێتەوە و پێگەی تورکیاش لە بەرامبەر ئەوروپادا بەهێز بکات. ئەم پڕۆژە هەستیارە دەتوانێت لە پاش تەواو بوونی ساڵانە نزیکەی ٣١ ملیارد کۆبیکمەتر گازی ژێر زەوی لە سنوری ئێستای ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە بەسەر بولگاریا، رۆمانیا و هەنگاریادا تا سەنتەری پیشەسازی و هەڵگرتنی وزەی باومگارتنی نەمسا بگوازێتەوە. پڕۆژەی لولەی نابوکۆ کە دەبێت لە ٢٠١٩ دا تەواو ببێت بۆ گواستنەوەی گاز، بۆ ئەوروپا سودێکی ئابوری زۆری دەبێت، لەوانە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرچاوەکانی گاز ونەوتی دەریای قەزوین و ئەوروپا دروست دەکات ،واتە بێ ترانسێتی ڕوسیا. خاڵێکی گرنگی تر یارمەتی بەرزبونەوەی کێبڕکێی ناوچەیی لە بازاڕی وزەدا دەدات و پاشانیش ئاستی هێنانی وزەی گاز بۆ ئەوروپا بەرەو هەڵکشان دەبات. لێکدانەوە و سودە ستراتیجیەکانی لولەی گازی نابۆکۆ بۆ کوردستان خۆیان لەوێدا دەبینەوە کە سەنتەری پیشەسازی باومگارتەن بە ناوچە کورد نشینەکانەوە و بە تایبەتی بە باشوری کوردستانەوە دەبەستنەوە و پلانی درێژخایەن هەیە کە دواجار نەوت و گازی وڵاتانی عێراق و ئێران و دەوروبەریان بەم لولەیەوە ببەستنەوە. پایپلاینی نابوکۆ بەم شێوەیە دەبێتە خەتێکی تری گواستنەوە و پاشان کۆمەڵێک سەرچاوەی وزەی ناوچەکەش، وەکو کوردستان بۆ گواستنەوە بۆ ئەوروپا ڕێک دەخات کە تا چەندساڵێک پێش ئێستە ئەوروپا لە دەرەوەی سنوری بەدەست گەیشتنی خۆی دادەنا. هەرچەندە لێکدانەوە و سودی ئەم پرۆژەیە بۆ هەمووان ئاشکرایە، بەڵام پرۆژەکە بەرەو سستی دەروات و ئیدی کاری سەرەتای کە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٠ دەست پێبکات دوا کەوت، ئەم دواکەوتنە چەندین هۆیان هەیە، كێشەی یەکەم کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، دابینکردنی گازی تەواوە بۆ گواستنەوە و مۆرکردنی بەڵێننامەیە لەگەڵ ووڵاتانی خاوەن بەرهەمدا. ئازەربایجان بەڵێنی پڕکردنەوەی لولەکەی داوە، هەرجەند ئەم وڵاتە کێشەی هەیە، گاز لە کێڵگەکانیەوە ڕەوانەی نابوکۆ بکات و گەر کێشەکانی چارەسەرو گازی تەواویشی هەبێت بۆ گواستنەوە، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەم وڵاتە ئامادەیە ئەم کارە بکات، لەکاتێکدا پەیوەندییەکی گرنگ و پرواتای هەیە لەگەڵ ڕوسیادا. هەرچی چۆنێک بێت ئەم کێشەیە زۆر بە بەربەست دانانرێت لەبەردەم پێشەوەچونی نابوکۆدا تا ئێستا، لەبەرئەوەی هەندێک ووڵاتی تر ڕەزامەندی خۆیان نیشانداوە، گاز بۆ ئەم لولەیە دابین بکەن. کێشەی دوهەم سیاسیە و پەیوەندی ڕاستەخۆی بە ئاسایشی ناوچەکەو بە تایبەتی بە باکوری کوردوستانەوە هەیە، ئەم لولەیە بە ناو خاکی کوردستاندا دەڕوات و بێ چارەسەرکردنی پرسی ئاسایشی تورکیاو باکوری کوردستان، هیچ سەرمایەگوزارێک و کارخانەیەکی وزە ئامادە نیە بە ئاسانی لەم پڕۆژەیەدا بەشداری و سەرمایەگوزاری بکات. بە بڕوای من ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی لە نێو ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان ڕوویان داوە کە مەبەست لێرەدا، وڵاتی تورکەکانە و کارکردنیان بۆ چارەسەرکردن و پێدانی مافی زیاتر لە ١٥ ملیۆن مرۆڤی کوردە، بەبێ مەڵبەندی بەرخودان و کوردایەتی قەندیل ڕووی نەئەدا. پێشکەوتن لە پرۆژەی نابوکۆ و دواجار دروست کردنی کارێکی ئێجگار سەخت دەبوو، بەبێ هەوڵدان بۆ ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا. ئەمەش ئۆلیگارشەکانی باشور درکیان بە باشی پێکردوە و هەوڵی نێوبژیوانی و بە بەردەوامی هەواڵی بەرزبونەوەی ڕێژەی بەرهەم هێنان و رەوانەکردنی وزە بۆ دەرەوەی هەرێم بڵاو دەکەنەوە و دەیان هەوێت سەرنجی تورک و بەتایبەتی ئەوروپیەکان بۆخۆیان ڕابکێشن. بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی تورکەکان، تەنها زمانێک و بیرکردنەوەیەک ئەم نەتەوەیە زانیویەتی گڤتوگۆی لەگەڵ ١٥ میلیۆن کوردی باکوردا پێبکات، زمان و بیری فاشیستی بووە، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیشەوە لە عێراقی دراوسێدا، ئەم دەوڵەتە موسوڵمانە، بەهەمان ئەقڵی نەفامی و رەگەزپەرستی لەگەڵ باشوری کوردستان ڕەفتاری دەکرد. نزیکەی ٩٠ ساڵە ئەم دەوڵەتە ڕەگەزپەرستە توانای بەکارهێنانی عەقڵێکی دروستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری نیە لەگەڵ گەلی دێرینی کوردی موسوڵمان و نەشیتوانیوە گوێ لە پێشنیارو ئامۆژگاریەکان بگرێت. هەرچەندە گومان لە ژیری و دادپەروەری ئەم نەتەوەیە بەگشتی و بەرامبەر کورد بەتایبەتی دەکرێت، ئەمە بۆ یەکەم جارە بەم شێوەیە لە مێژووە پڕ ئاژاوەکەیاندا لە ناوەڕاستی ئاسیاو پاشانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لە سەرەتای دروستبونی دەوڵەتە ناسیۆلیستەکەیان هەنگاو دەنێت بەرەو رەفتارێکی ئاقڵانە و ئاشتیخوازانە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد. هەرچەندە ئەم ڕەفتارگۆڕینەیان لە مەعریفە و مرۆڤ دۆستیان نەهاتوە، بەڵکو بەرژەوەندیە ئابوریی و سیاسیەکانیان لە فاکتەرە هاندەرەکانن کە بەرەو هەنگاونانی ئاشتی بەڕووی کوردیاندا دەبات. ئەم دەوڵەتە زۆرترین سودی ئابوری لە باشوری کوردستان دەبێنێت تا ئەمرۆ و ئەم ناوچەیە وەکوو بازاڕی ناوخۆیی سەیر دەکات، بەشێکی سەرەکی پێداویستی ٥ ملیۆن مرۆڤ لە باشوری کوردستان لە دەوڵەتی تورکیاوە دەهێنرێتە ناوەوە، بەتایبەتی پیداویستی بنەڕەتی خواردن و خواردنەوە، کەلوپەلی کارەبایی، بیناسازی، پۆشاک، داودەرمان و گەلێک بەرهەمی خزمەتگوزاری جۆراوجۆری تر. ئەم کەلوپەلانە ئاستی کوالیتەیت و پێکهاتەییان بە داخەوە باش نیە و بەشێکی زۆریشیان مەرچی تەندروستیان تیا نیە یاخود زۆر نزمە. ئەم بەرهەمە لاوازانە بوونە هۆی سەرچاوەی کۆمەڵێک دەردو نەخۆشی لە باشوری کوردستان و هەڵگری گەڵێک ژەهرو دەرمانی ڕێگەپێنەدراوی بەرهەمهێنانن، کە لە بواری جۆراو جۆری پیشەسازی و کشتوکاڵیدا بەکار دەهێندرێن. ئەم بازاڕە گەورەیە بۆ تورکیا بۆتە هۆی سەرەکی گەشەسەندنی ئابوریەکەی بە بەردەوامی و ڕێژەیەکی بەرهەمی کاری زۆری خوڵقاندوە لەم ولاتەدا، تا دەگاتە ئەوەی دەوڵەتەکەیان ئەمساڵ تەواوی قەرزەکانی دایەوە و لەو كێشە گەورە ئابوریەش ڕزگاری بوو کە لە دەساڵی ڕابوردودا توشی هاتبوو. زۆر بەداخەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دانیشتوانی باشوری کوردستان تا ئەمڕۆ بێوچان لە خزمەتی ئابوریەکدان، کە کاری سەرەکی هاوشێوەی نازیە ئەڵمانیەکانی سەدەی ڕابوردوو لە ناوبردنی ڕەگەزی جولەکە بووە، تورکە موسوڵمانەکانیش کاری ڕابوردویان توانەوەی نەتەوەی کوردی موسوڵمان و سەیرکردنیان بووە، بەوچاوەی هیتلەریەکان سەیری جوولەکەکانیان کردوە و دەیکەن تا ئەمڕۆ. هۆیەکی سەرەکی تر بۆ بیرکردنەوەی نوێی تورکەکان، سەرچاوەی نەوت و گازی باشوری کوردستانە، ئەم وڵاتە خۆی خاوەنی ئەم وزانە نیە و ئابوریەکەی گەلێک تینوی نەوت و گازە، پاشان بە هۆی ئەو نزیکیە زۆرە ناتەندروستەی ماڵی مەلا مستەفاوە بەم ڕژێمە کورد کوژەوە تا ئەمرۆ، بە دەیان کۆمپانیای نەوت و گازی تورکەکان کەوتونەتە ناو بازاڕێکی گەورەی وزەی هەرزان و بە پیتەوە. دەرگایان بۆ واڵاکراوە و سودێکی ئابوری بێوێنە دەبینن، کە تا ئێستە ئابوری ئەم ووڵاتە بە خۆیەوە نەبینیوە. ئێدی لە جیاتی دژی کوردی باشور بوەستێتەوە و جەنگ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا بکات، کە بەم هۆیەوە بەردەوام زیانێکی ئابوری زۆری لە ساڵانی رابوردودا لە خۆی داوە، یەت پاش ئەو هەموو شەڕی سەربازیە، پەروەردەیە، ئابوریەی دژی کورد کردوویەتی، ڕێگای ئاشتی دەگرێتە بەرو بەم شێوەیە بە بڕوای من چەندهەنگاوێک لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە دەچێتە پێشەوە. ١. ئەم ووڵاتە یەکەم سودی سەرەکی لە بەرهەمی نەوت و گازی كێڵگەکانی باشوری کورستان و ڕەوانەکردنی بۆ ئەوروپا دەبینێت. ٢. بەهرەمەندی ئەوئابوریە دەبێت کە لە ئاشتی کردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەیکات و بەم هۆیەوە بەشێکی توانای مرۆیی و سەربازی و مەسرەفی ئەم شەڕخوازیە دەتوانێت بۆ گەشەسەندی وڵاتەکەیان لە بواری بەهێزکردنی ئابوری، پیشەسازی و پێگەی خۆی وەکوو هێزێکی ناوچەیی بەکار بهێنێت. ٣. تورکەکان بەهۆی پرۆژەی لولەی نابوکۆوە پێگەیان بەرامبەر ئەوروپا زۆر بەهێز دەبیت و ئیدی تورکیا دەکاتە هاوبەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەدا بۆ ئەوروپا. ٤. ئەو بەربەستە گەورەیە کە دەرگای تورکیای بۆ هاتنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە داخستبوو، بە جارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکوری کوردستان ئەم ووڵاتە گەورەترین هەنگاو دەنێت بەرەو ئەندام بوون لە یەکێتی ئەوروپادا. دواجار ئەو فشارە سیاسیەشە کە لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیەوە سەری هەڵداوە و دواجار ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ڕزگاری دەڕوات و ڕۆخانی دەوڵەتی بەعسی سوری تەنها پرسیاری کاتە، لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن ئەم وڵاتە بەرەو قەیرانێکی قوڵ هاوشێوەی عێراق هەنگاو دەنێت. ئیدی تورکەکان دەزانن پاشانیش چی چاوەڕێی ئەوان دەکات لە ڕوبەڕوو بونەوەیان لەگەڵ نەتەوەی برای موسوڵمانی کورد دا، بەم شێوەیەی ڕابوردوو زیانی زۆر گەورە لە خۆیان دەدەن و بەرەو لێکترازانێک دەڕۆن کە پاشان کۆنتڕۆڵکردنی زۆر ئاستەم دەبێت بۆیان.

Nabucco-Pipeline (NP) 


Trans Adriatic Pipeline (TAP)


KirkukCeyhan Oil Pipeline
(IraqTurkey Pipeline)


Baku-Tiflis-Ceyhan-Pipeline -
BTC-Pipeline (Transkaukasische
Pipelin)
 


RWE (Rheinisch-Westflisches
Elektrizittswerk)


Central European Gas Hub AG (CEGH,
formerly known as Gas Hub Baumgarten)




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە