ئایا نەوشیروان موسته‌فا لە گەڵ بڕینى موچە و پاسەوانى كۆنە سەرۆك جاشەكانە یان نا؟!

Wednesday, 11.03.2010, 12:00

807 بینراوە


ئەوەى ڕاستى بێت من حەزم دەكرد بزانم ڕاى بزوتنەوەى گۆڕان چییە دەربارەى مامەڵەكردن لە گەڵ كۆنە سەرۆك جاشەكاندا!؟
بەڕێز مستەفاى حەسەنە گەورە لە نووسینێكیدا وەڵامى هەموو پرسیارەكانى دایەوە تەنها ئەو پرسیارە نەبێت كە لەسەرەوە نووسیومە، ئەگەر هەموو شتێك لۆژیكى تێدا بێت هیچ لۆژیكێك لەوەدا نییە موچە بۆ ئەوانە ببڕێتەوە و دیوه‌خانیان هه‌بێت و پاسەوانیان بۆ دابین بكرێت، ئایا دەكرێت خیانەتکردن پاداشتی هه‌بێت، یان خائین و جاش پاداستی کاره‌کانیان پێ بدرێت؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکی تره‌ حه‌ز ده‌که‌م له‌ پێشدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵام بداته‌وه‌، چونکه‌ ده‌زانم پارتیی و یه‌کێتیی وه‌ڵامیان چییه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه‌.
دەسەڵات زۆر بە هەڵە لە كێشه‌ى كۆنە سەرۆك جاشەكان تێگەیشتووە، پاش ڕاپەڕین هەندێكیان چوونە لاى سەدام كەس بەدوایان نەكەوت، ئەو دەنگانەش كە پارتى لە هەڵبژاردنى یەكەمدا هێناى بە هۆى بانگەشەى ڕێككەوتن لە گەڵ حكومەتدا كاریگەرى هەبوو بۆ ڕاكێشانى هەندێك لە خەڵكى سەر بە بەعس بۆ خۆى هەروەها خەڵكێكى بێلایه‌ن و توركمانەكانیش، هەروەها هەندێك لە سەرۆك جاشەكان هەر لەبناغەدا خۆیان پارتى بوون وەك و تەحسین شاوەیس.. كە نەوشێروان لە نوسینەكانیدا بە جاش پێشمەرگە ناوى بردون، بەڵگەكانى حكومەتى عێراقیش ئەمە دەسەلمێنن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو، خەڵك ئەو كاتە لە كۆڕەو و برسێتیی و نان بڕین و كوێرەوەرى دەترسا، هەروەها لە ژێر سایەى بەعسدا هیچ ئازادییەك نەبوو، بەشێكى زۆر لە خەڵك نەیدەزانى چى ڕوودەدات، ئێستا ڕەوشەكە زۆر جیاوازە.
ئێمە لە گەرمیان دوو ساڵ پێش ئێستا واژۆمان كۆكردەوە بۆ دادگاییكردنى كۆنە سەرۆك جاشەكان، لە ماوەى دوو سێ ڕۆژدا چواردە هەزار واژۆمان كۆكردەوە، هەموو خەڵك دەستخۆشى لێدەكردین. جگە لەمانەش ئێمە هیوا خوازین گروپێكى سیاسى هەبێت ئەم پرسیارە لە خۆى بكات:
- ئایا ئەم هه‌ڵویست و سیاسه‌ته‌ی ڕاستە یان نا؟
- ئایا پاداشتكردنى خیانەتکاری لە نیشتمان ڕاستە یان نا؟