ئەزمونی ڕیگای پەرلەمانی‌و سەرابی گۆڕانی دەسەڵات!

Friday, 28/03/2014, 12:00

1859 بینراوە





زیاتر لەنیوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی ئەو دەنگدەرانەدا تێدەپەڕێ کە دەیانویست لەسندوقەکانی هەڵبژاردنی ئەیلولی ڕابردوەوە حکومەتێکی تازە دروست بکەن. لێکدانەوەی 5 حزبە سەرەکیەکەی دەیانەوێت ئەم حکومەتە پێکبێنن ئەوەیە کە کێشەی بەشکردنی دەسەڵات لەنێوان یەکێتی‌و پارتی‌و گۆڕان بوەتە ڕێگری سەرەکی دروستکردنی حکومەت‌و دەنگدەرانیش لەسایەی حکومەتە کۆنەکەدا لەچاوەڕوانی ڕیکەوتنی ئەم نوێنەرانەدا دانیشتون. ئەم دۆخە ناکۆکیەکی لەڕاو بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستاندا دروستکردوە کە دوای ١٧ شوبات جارێکی تر ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانیان گرتە بەر بەئومیدی گۆڕینی دەسەڵات.
ئێستا دوای نیوساڵ لەتەمەنی چاوەڕوانی جێگای پرسیارە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ودیموکراسی هەڵبژاردن چ جێگاوڕێگایەکی لە سیستەمی سیاسی کوردستاندا هەیە وئایا چ ئاڵوگۆڕێک لەم سیستەمەدا لەڕێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە دێتەئاراوە؟ ئێستا ئەمە تەنیا باسێکی تیوری نیە وتەجروبەی دوو هەڵبژاردنی ئازادلەدوای ڕوخانی بەعسەوە لەکوردستان لەلایەن جەماوەرەوە لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە.
یەکێتی و پارتی وەک دوو حزبی دەسەڵاتدار ئیدعای ئەوە دەکەن کە لەکوردستاندا ئەوان بەپێی سیستەمی دیموکراسی هەڵبژاردن حوکم دەکەن و شەرعیەتیان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدەست هێناوە.لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٠٩وەک زۆرینەی پەرلەمان حکومەتێکیان دروستکرد کە مافی پاوان کردنی داهات وشەرعیەتدان بە هێشتنەوەی هێزی میلیشاییان وسەپاندنی یاسای دژی ئازادی وسەرکوتی هەستان وخۆپیشاندانەکانی ١٧شوباتی پێبەخشین.لەئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠١٣هاوسەنگی نێوپەرلەمان گۆڕدرا وئۆپۆزسیۆنی گۆڕان بەپێی دەنگەکان کەوتە پێش یەکێتیەوەوئێستا ئەم هێزە داوای بەشداری پیکردنی لە حکومەتدا دەکا.ئەم ئاڵوگۆڕە سەرئێشەیەکی بۆ ئەم سیستەمە دروستکردوە کە شەرعیەت وەرگرتن لەڕێگای زۆرایەتی ڕێژەی دەنگەکان وزۆرینەی پەرلەمانی وەک دەورەی ڕابردوو ئاسان نیە تاکو پەردەپۆشی دەسەڵاتی فیعلی میلیشیایی و پاوانکاری حکومە تی پێ بکرێ و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ سیستەمی میلیشایی حزبیدا کەوتۆتە ناکۆکیەوە.ئەم سەرەڕای ناکۆکیەکانی پارتی ویەکێتی وکێشەکانی ناوخۆی یەکێتی کە سیستەمی میلیشیایی دووحزبی لەناجێگیریدا ڕاگرتوە. سەرەڕای کاریگەریەکانی ئەم ناجێگیریەی هێزەکانی پێکهێنەری ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە بەڵام خودی سیستەمەکە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتوە وحکومەتی ئەمری واقیعی یەکێتی وپارتی لەشوێنی خۆیدایە .حکومەتی ئەمری واقیع حکومەتی دووئیدارەی یەکێتی و پارتیە کە بەهەرکامەیان خاوەنی داهات و میلیشیا و دەزگای بەڕیوەبردنی خۆیەتی و لە شکڵی حکومەتی هاوبەش وبەشکردنی وەزارەتەکاندا خۆی دەرخستوە.ئەم حکومەتی ئەمری واقیعە لە حزبەوە فەرمان وەردەگرێ و لەڕیکەوتنی دووحزبی دەسەڵاتدارەوە فەرمانە حکومیەکان جێبەجێ دەکا. گۆڕان دەیەوێ لەو سیستەم و حکومەتی ئەمری واقیعەدا جێگایەک بۆ خۆی پەیدابکا کەوەک خۆی دەڵێ جومگەیەکی تەنفیزی وسەربازی ئەم سیستەمە میلیشیایەی وەک وەزارەتی ناوخۆ یا ئاژانسی پاراستنی هەرێمی بەدەست بێت یا وەزارەتی نەوتی بەدەست بێ تالە سیستەمی ٢ حزبیەوە بیکاتە سیستەمی٣حزبی .نیو ساڵ لە چاوەڕوانی گفتوگۆ بێ ئەنجامەکان دەری دەخا کە گۆڕان ئەو هێزەی نیە کە لەڕیگەی یاساییەوە یەکێتی وپارتی ناچاربکا بە شەریک کردنی لەدەسەڵاتی فیعلیدا ودروستکردنی سیستەمی ٣کوچکەی حزبی .پەرلەمان وکۆبونەوە ویاسا دەرکردنی پەرلەمان بۆ دروستکردنی حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی فیعلی نیە لەم سیستەمەدا وپاشکۆی دەسەڵاتی فیعلی وسازانی حزبەکانە کە بەسازانی نیشتمانی ناودەبەن .هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەنیا کاتێک ئامادەی ئەم سازانە دەبن کە لەترسی ناڕەزایەتی جەماوەری و ڕوخانی دەسەڵاتیان کێشەی گۆڕان لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە و گۆڕانیش لەبنبەستی ئێستای ڕێگای هەڵبژار دنیدا دەیەوێ کارتی فشاری ناڕەزایەتی جەماوەری بەناوی ناڕەزایەتی دژی پێکنەهێنانی حکومەت بەدەستەوە بگرێ،هەرچۆن خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی کردە کارتی فشار بۆ ملدانی دەسەڵات بە گفتوگۆ لەسەرپاکێجەکانی چاکسازی.
ئەگەر ئەم لێکدانەوەی سەرەوەمان هەبێ لەسەر سیستەمی سیاسی میلیشیایی کوردستان و دەوری حزبەکان و جێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستاندا ئەوا گرنگ لێرەدا ئەوەیە کەوەک جەماوەری کرێکارو چین وتوێژە هەژارەکان وخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان چ دەرسێک وەردەگرین لەم دوو هەڵبژاردنە وگرتنەبەری ڕێگای گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردن وتاکتیکی ئۆپۆزسیۆن بۆ سودوەرگرتن لەناڕەزایەتیە جەماوەریەکان وەککارتی فشاری بەشداریکردنیان لەدەسەڵاتی میلیشیاییدا.ئایا دەبێ لەسایەی سیستەمێکی کۆنی میلیشیاییدا چاوەڕوانی چ گۆڕانێکی نوێ بکەین؟
دەرسێک کەلەمانە وەری بگرین ئەوەیە کەئایا بەشداری سیاسی ئێمە لە مەیدانی ململانێ سیاسیەکاندا لە چ ڕیگایەکەوە کاریگەرە ؟ چ میکانیزمێک هەیە بۆ بەشداری جەماوەر لە ژیان و بڕیاری سیاسی و دروستکردنی حکومەتدا و لەگۆڕینی باری گوزەران و مافەکانی خەڵکی ژێردەستە و چەوساوەدا؟ چ سیستەم و ئۆرگانیزمێکی سیاسی دەتوانێ ئەم بەشداریە ڕاستەوخۆ وڕۆژانەیەی خەڵک لە دەسەڵاتد مسۆگەر بکا؟
ئێمە لە ١٧ شوباتدا بەکۆمەڵێک داخوازی گرنگەوە هاتینە مەیدان کەکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی وگێڕانەوەی داهاتی دزراوی کوردستان ودانانی یاسای یەکسانی ودابینکردنی ئازادیەکان بوو.ئەمانە نە لە گفتوگۆی پێکهینانی حکومەتی تازەدا هەیە نە هیچ کام لەو حزبانەی خەریکی ئەم کارەن نوێنەرایەتی دەکەن. گرێی ئیستای گفتوگۆکانی ئەم حکومەتە دابەشکردنی ئەم دەسەڵات وداهاتانەیە نەک نەهێشتنی ئەم م یلیشیا ودەزگایانە ودابەشکردنەوەی داهاتی دزراوی خەڵک.هەربۆیە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوو دەورە نیشانی داوە کە لەم ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەم حزبانەوە ئەم داوایانە بەسەر ئەم سیستەمەدا ناسەپێنرێ وبەپێچەوانەوە کاتێک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریخۆی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم داوایانە دێتە مەیدان وەک لە ١٧ شوباتدا بینیمان ئەوکاتئەم داوایانە لەسەر مێزی دەسەڵات باسیان لێوەدەکرێ ودەسەڵات داوای بینینی نوێنەرانی خەڵک دەکا.کەواتە بەراوردێک لە نێوان ڕێگای ١٧ شوبات و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا ئەوەیە کە تەنیا لەڕێگەی یەکەمەوە واتە لەڕێگەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەوە جەماوەری کرێکار وئازادیخواز توانیویەتی بەشداری چالاکانە لە ململانێی سیاسیەکاندا بکا وبەپێچەوانەوە دوای بەشداری دەنگدانەکان وهەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێستا دەوری خەڵک لەبڕیاردانی پێکهێنانی حکومەتدا هیچ نیە وڕۆڵێک ی پاسیڤی سیاسی هەیە لە ڕوداوەکاندا و خواستەکانی خەڵک لەگەڵ ریکلامی هەڵبژاردنەکاندا خراوەتە تەنەکەی خۆڵی حزبە بەشدارەکانەوە.
ئێستا ئێمە لەدەورەیەکداین کە ئەم دەسەڵاتە لە ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدایە و لەهەمیشە لاوازترە و ترسی لەپەرەسەندنی ناڕەزایتیەکان هەیە. چاوەڕوانی و دانیشتن بەدیار بنبەستی پێکهێنانی حکومەتی ئەم حزبانە و بەستنەوەی داوای موچە وبیمە وخزمەتگوزاریەکان بە بنبەستی پێکهێنانی حکومەتەوە ڕێگای گرتوە لەوەی کە خەڵک ی کرێکار وکارمەند و چینە هەژارەکان خۆیان ڕاستەوخۆ بێنە مەیدان و بەفشار وناڕە زایەتیەکانیان دەسەڵات ناچار بەوەڵامدانەوە بەخواستەکانیان بکەن و لەم بن بەست و لاوازیەی دەسەڵات بۆ سەپاندنی خواست و مافەکانیان سود وەرگرن و هاوسەنگی هێز بەقازانجی جەماوەری ستەملیکراو بگۆڕن.میکانیزمی بەشداری سیاسی لەئێستادا دانیشتن نیە بەدیار نوێنەرە پەرلەمانی و حزبەکانیانەوە تا بزانرێ کەی حکومەت دروست دەکەن و تا ٤ساڵی تر لەسایەی سیستەمی میلیشیایی دا چ ئاڵوگۆڕێ لە وەزعی خەڵ کدا دەکەن بەڵکو میکانیزمی کارا و ڕاستەقینەی بەشداری جەماوەر لە جێبەجێکردنی خواستەکانی و باش بونی ژیانیدا دەخاڵەتکردنی ڕۆژانەیەتی لەو بڕیارانەدا کە دەسەڵات و وەزارەت و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەیدەن.مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوە وڕێکخراوەی جەماوەری ئەو میکانیزمانەن کە دەتوانن لەدنیای ئەمڕۆی گەشەکردوی تەکنیک و بەڕیوەبردندا دەتوانێ شوێنی ئەو پەرلەمان وئەندام پەرلەمانانە بگرێتەوە کە بەساڵێک داوایەکی خەڵک جێبەجێ ناکەن وتەنانەت نایانەوێ و ناتوانن بیکەنە یاسا.
لەسایەی دووهەڵبژاردنی کوردستان و شۆڕشەکانی ناوچەکە ئەوە ڕۆشنە کە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەیتوانیوە هیچ لە دەسەڵاتی میلیشیایی و سیستەمی سەرکوتی بورژوازی لەم ووڵاتانەدا بگۆڕێ و دامودەزگاکانی پۆلیس وئاسایش ودەزگای نهێنی سەرکوت وزیندان وەک خۆیان کاردەکەن ،هەربۆیە جەماوەری ناڕازی لە کوردستاندا پێویستە توانای خۆپاراستن وبەرگری لەخۆکردنی هەبێ وەک نمونەی شوراکانی ١٩٩١ی کو ردستان یاخود ئەنجومەنی مەدەنی خۆپاراستن لە میسر لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی میلیشیایدا کە ڕێگەی چەک وسەرکوت دەگرێتە بەر بەرامبەر ناڕەزایتیەکان. پەرلەمان و حکومەتی بنکە فراوانی ئەم حزبە بورژوازیانەی کوردستان نەک ئاڵوگۆڕ لەم سیستەم و دامودەزگایانەی سەرکوت پێک ناهێنن بەڵکو ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەم وەزارەتانەی ناوخۆ و پێشمەرگە و پاراستن و زانیاریانە.
ئێستا لەبەردەم دەورانێکداین کە شکستی ئەم مۆدیلی دیموکراسی هەڵبژاردنە پەرلەمانیانەیە وەک ڕۆڵ مۆدێلی ڕێکخستنی ژیانی سیاسی ،ئەمە نەک تەنیا لە کوردستان دوای دوو تەجروبەی هەڵبژاردن و مانەوەی سیستەمی میلیشیایی دەیسەلمێنێ ،بەڵکو ئەزمونەکانی ئەم دیموکراسیە لە عێراق و میسر و ئۆکرانیا نیشانی دەداکە کۆنەپەرسترین و دڕندانەترین جۆری دەسەڵات لەڕیگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە دەتوانێ ب ەسەر خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازدا خۆی بسەپێنێ . بەناوی دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنی خەڵکەوە. هەربۆیە ڕاستیەکانی ڕوداوە سیاسی وگۆڕانکاریەکانی کوردستان وناوچەکە تەئکیددەکاتەوە سەر پێویستی ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگێڕانە وەک ڕێگای گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی لە کوردستان وئەمە تەواوکردنی ڕێگایەکە کە بە ١٧شوبات لە کوردستان دەستی پێکردوە.ئەو ئاکتیڤ بونەوە سیاسیەی ئەمڕۆ جەماوەری ستەملیکراو وئازادیخوازی کوردستان لەخۆیانی نیشان دەدەن بۆ گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی ومافیایی لەکوردستان پێویستی بەئاڵوگۆڕە لەبەرنامە ومیکانیزمی دەخاڵەتی سیاسیدا وکۆتایی هێنان بەدەورەی خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازی سیستەمی میلیشیایی و گۆڕانکاری سیاسی وکۆمەڵایەتیە لە کوردستاندا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە