دەسەڵات و كرێ گرتەیی، یاسا و سەروەری

Monday, 15/06/2009, 12:00

3546 بینراوە


ئەگەر وڵات وەكو ماڵێك ببینن، لە سەیركردنێكی جیاوازی دەركییەوە بگرە تا تەماح كردنە سەر پێكهاتە و ژێرخان و موڵك و ژن و منداڵەكانی جێگەی پەسەند نییە و ئیتر ئەمە هەر ماڵ یان عەشیرەتێك بێت ئەوا روبەڕووی دەبێتەوە پەسەندی ناكات، ئامادەشە بۆ رێگرتن خۆشی بەكوشت بدات، لە باشووری كوردستان هەركەسێك بۆ خێزان و زەویی و موڵك و ماڵەكەی ئامادەیە بەدەنگ بێت. بەلەمەدا خاوەن ماڵەكە رۆڵی هەرە زۆری دەكەوێتە سەر، بەڵام لەئاستی وڵاتدا لەباشووری كوردستان ئەو خاوەن دەركەوتنە نابینرێت.
بێدەنگی لەبەرامبەر سنوور بەزاندن لەرووی زەمینی و ئاسمانییەوە، بێدەنگی لەبەرامبەر بۆردوومانی رۆژانە. تەنانەت هەماهەنگی كردنی دەسەڵات بۆ ئەو سنوور بەزاندن و تۆپباران. راستەوخۆ پەسەندكردنی تەسلییمییەت و هاوكارییە. ئەگەر وڵاتێك خاوەن هێزی خۆی بێت، خاوەن سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی خۆی بێت، هێزێكی دیكە هێرشی زەمینی و ئاسمانی كردەسەر و بێدەنگ بوو ناتوانێت باسی ئاسایشی نیشتمانی بكات!! هەروەها ئەگەر وڵاتێك هێرشی كرایە سەر و دەسەڵاتەكەی بێدەنگ بوو، دواتر بەو وڵاتەی هێرشەكەی كردووە بگوترێت دۆست ـ وەكو لەهەرێمی كوردستان و ئێراقدا دەیبینین ـ وێرای هێرشە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران و توركیا، هێشتا زۆر بەگەرمییەوە باسی دۆستایەتی بكرێت. لەراستیدا ئەمە نابێتە دۆستایەتی و هیچ پێوانەیەكی دۆستایەتی تیادا نییە. داگیر كەر بە پێوانەی خۆی نزیكی ئەو دۆستایەتییە دەبێت، هەرچی دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستانیشە لەخزمەت و قسەیان دەرناچن و ئەوانیش بە تۆپ و بۆمبای دۆستانە وەڵامیان دەدەنەوە. لەكۆی شتی وابووە دۆستێك یان دراوسێیەكت هێرش بكاتە سەر ماڵەكەت؟ بەڵكو دۆست و دراوسێ ماڵەكەت دەپارێزن. پێوانەی دۆستایەتی بەوشێوەیە. ئەگینا نابێتە دۆستایەتی . ئەو دۆستایەتییەی باسی دەكەن لەوانەیە دۆستی دەسەڵاتەكە بن، بەڵام دۆستی وڵات نین؟!! كێ ببێتە دۆستی دراوسێ یان هێزێكی بەوشێوەیە بێگومان ئەوە كرێ گیراوە. كرێ گیراویش بەنیسبەت وڵاتەوە خائینە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی داخە. لەئەنجامی ئەو ترسەی كە لەرابردوو و ئێستا دەسەڵات دروستی كردوون. 
دەسەڵات چەندە خیانەتی گەورەش دەكات، دیسان لەبەرئەوە دەسەڵاتە خەڵك بەسیاسەتی دەزانێت!! لەرابردوودا لەزەمانی هەشتاكاندا ئەوكاتەی پێشمەرگە قارەمان بوون، هی گەل وڵات بوون، بەپیڵاوی لاستیك و نانەرەقەوە گیانی خۆیان بەخت دەكرد، فیدائییانە بۆ رزگاری وڵات شەڕیان دەكرد. بەڵام لەهەمان ساتدا هەندێك لەو پێشمەرگانە تەسلیم دەبوونەوە و دەبوون بەجاش. ئازایانە لە دژی پێشمەرگە شەڕیان دەكرد. كاریگەری وڵاتپارێزی و خیانەت لە كەسایەتی مرۆڤی كورد لە باشووری كوردستاندا پێكەوە بەڕێوە دەچێت. لەبەرئەوەشە زۆربەی كات هەردوو رووەكەی تیادایە بۆ هەردووكیشیان ئامادەیە. ئەم دیاردەیە بە تایبەت لە نێو چینی باڵادەستی كورددا بە ئاشكرا دەردەكەوێت، هەمیشە سەرۆك عەشیرە ت و شێخ و چینە سەردەستەكانی كوردی باشوور بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان لایەنگیری دەسەڵات بوونە. لەبەرئەوە دەسەڵات سیستەمی جاشایەتی دانا و هەمیشە ئەو دەرگایەی بەكراوەیی هێشتەوە تا بەردەوام خیانەت لەم گەلە دانەبڕێت!! ئێستاش هەمان شت توركیا و ئێران و تەنانەت ئێراقیش لەسەر دەسەڵاتی باشوور بەرێوەی دەبەن. 
دەسەڵاتی سەددام سوودی لەسەرۆك عەشیرەت و نادارەكانی كورد وەردەگرت و جاشایەتی پێدەكردن، پێشمەرگە لەدژی ئەو جاشانە شەڕیان دەكرد، ژمارەی ئەو جاشانە نزیكی 25 هەزار دەبوون. لەپاش رووخانی سەددام تابڵۆیەكی بەوشێوەیە دەركەوت ئەو بیست و پێج هەزارە و خێزانەكانیان وەكو تاوانبار كەوتنە بەردەستی دەسەڵاتی باشوور. پێشمەرگە و خەڵك لەنێو سەركەوتندا یەكتریان بینی! پێشمەرگە بەچەك و تاقم و زەمزەمیە و كۆلەپشتەوە، كەوتە نێو خەڵك، سەرباز و جاشی دەوڵەتیش بەتێكشاوی و تەنانەت سەددام ئەوەندە ئەو سەربازانەشی ترساندبوو نەدەوێران بگەڕێنەوە ماڵی خۆشیان. ئەم سایكۆلۆژییە واتە شكان و سەركەوتنی چاوەڕوان نەكراو پاشخان و هۆكاری ئەو بێدەنگییەی ئێستان ـ پێشمەرگە كێیە و سەددام و جاشی تێكشاندووە ـ!! ئەمە گەورەترین سەروەرییە كە رێگە لەپێش رەوابوونی هەموو شتێك بۆ دەسەڵات دەكاتەوە . بێَدەنگی لەبەرامبەر سیاسەتی خیانەت لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو سەروەرییە ئەوەندە گەورەیە یاسا خزمەتگوزاری، ئەنفال، هەڵەبجە، نەتەوە، ژن، ئازادی، دیموكراسی و بەهاكانی گەل ناناسێت و لەسەروو هەموویانەوەیە. لەناو خەڵكدا باس لەوە دەكرێت كە دەسەڵات پشت بەجاشەكان دەبەستێت و خاوەن لە ئەنفالچییەكان دەردەكەوێت. رێگە بۆ هەڵاتنی دوژمنانی گەل و كیمیابارانچییەكان دەكاتەوە و كوردستان بەخەونی شاعیران دەزانن. ئەمە جارێكی دیكە ئەو دەسەڵاتخوازانەی كە پێشتر جاش بوون، لەگەڵ دەسەڵات بوون هەرچەندە ژمارەشیان كەم بوو، بەڵام توانیبوویان حاكمییەتی خۆیان دروستبكەن و بەسەر گەلی باشووردا زاڵبن.
ئێستا چەمكی بەرێوەبردنی دەسەڵات لەگەڵ ئەو جاشانەدا یەكدەكرێتەوە، هۆكاری گەندەڵی و سەركوتكردنی هەموو دەنگێكی جیا لەدەسەڵات بۆئەوە دەگەڕێتەوە. لە رابردوودا سەددام لەرێگەی ئەو دەسەڵاتخوازانەوە باشووری كوردستانی كۆنترۆڵ كردبوو، ئێستاش دەسەڵاتی باشوور لەرێگەی هەمان هێزەوە باشووری كوردستان كۆنترۆڵ دەكات.
ئەگەر تا ئێستا لەباشووری كوردستان دا دەستووری هەرێم دروست نەكراوە و یاسا سەرەوەر نییە و كەسیش لەخەمی ئەوەدا نییە، كەواتە بەربەست و رێگرەكان چین؟ ئایا خەڵك خۆی نایەوێت؟ یان ئەمە كاری پەرلەمان و دەسەڵاتە؟ دەسەڵات هێشتا بەحوكمی پیرۆزی سەروەرییەكەی زەمانی پێشمەرگایەتی هەشتاكان و نەوەدەكان بیردەكاتەوە و هەڵسووكەت دەكات! ئاوازی مەلیكانە دەخوێنێت!! دەستوور بۆ گەلی كورد بەڕەوا نابینرێت و لەهەمانكاتدا بۆخۆشیان دەستوورن؟!! ئەگەر لەوڵاتێكدا دەستوور نەبێت كەواتە یاسا سەروەر نییە. وڵات بەیاسای هێزە بەرێوە دەبرێت. بەرژەوەندی دەسەڵات لەیاسای هێزدایە، نەك هێزی یاسا. هەمیشە نەیارانی ناوخۆیی و دەركی تاوەكو گەلی كورد هەر هیچ بێت و بۆ جاشایەتی خۆیان بەكاری بهێنن نە دەست لە سیاسەتی جاشایەتی بەردەدەن نە رێگە دەدەن كورد ببێتە خاوەن سەروەری یاسای خۆی. هەمیشە كێشەكانی بۆ سوڵحی عەشایری دەهێڵنەوە و عەشیرەت و بنەماڵە بەسەر یاسا و دەستوور و نەتەوە و ئازادیدا زاڵ دەكەن و هێزی دەركیش هەتا بۆی بكرێت ئەم چەمكە دەپارێزێت. لەبەرئەوەشە دەسەڵاتی توركیا و ئێران و سوریا و ئێراقیش ئەوەندە حەزیان لە حوكمی ئەو دوو بنەماڵەیەی دەسەڵاتی باشووری كوردستانن. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە