ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی دوای شێرکۆ بێکه‌س بمرێت، وه‌سێتنامه‌که‌ی شێرکۆ جێبه‌جێ ده‌کرێت!

Thursday, 06.16.2011, 12:00

1235 بینراوە


له‌ وه‌سێتنامه‌که‌یدا شێرکۆ بێکه‌س داواده‌کات له‌ ناو پارکی ئازادیدا مه‌زارێکی له‌ میهر بۆ بکه‌ن، شێرکۆ ده‌ڵێ: من ئاره‌زووی قه‌ره‌باڵغی ناکه‌م و ده‌مه‌وێ لای مۆنمێنتی شه‌هیدانی نۆی حوزه‌یرانی 1963ی سلێمانییه‌وه‌ مه‌زارێکم بۆ بکرێت، لای شێرکۆ گۆڕستانه‌کان قه‌ره‌باڵغن و به‌مردوویش شێرکۆ ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌که‌ن، ده‌یه‌وێت له ‌پارکی ئازادی هه‌ر گوێداری مۆسیقابێت و چاوی له‌ به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕکێ بێت. له‌ وه‌ڵامی وه‌سێته‌که‌ی شێرکۆدا سه‌رۆکی شاره‌وانی (خه‌سره‌و که‌مال) ده‌ڵێ: به‌داخه‌وه‌ وه‌سێته‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌س نایه‌ته‌ دی و له ‌ڕووی یاسایه‌وه‌ ئه‌مه‌ جێبه‌جێ ناکرێت، به‌ڵام من شێرکۆ دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ر له ‌تاڵه‌بانیی بمرێت، ئه‌وه‌‌ له‌ناو پارکی ئازادییدا مه‌زارت بۆ ده‌کرێت، چونکه‌ یاسا له لای تاڵه‌بانی وه‌ک لاستیک وایه‌ هه‌ر بۆ خاتری (پیاوێک له‌دارسێو)* که‌ت، که‌ چامه‌ شیعرێکی درێژه ‌و بۆ خه‌زوریت نووسیوه‌، هه‌روه‌ها هۆنراوه‌ی ئاماده‌شت بۆ تاڵه‌بانی داناوه‌، دڵنیام ئاواته‌که‌ت به‌جێ ده‌هێنێت، تکایه‌ زووتر بمره‌، هه‌رچه‌نده‌ لام سه‌یره‌ شێرکۆ وه‌سێتی نه‌کردوه‌ له‌ بله ‌و به‌رزان لای مه‌لامسته‌فاوه‌ بینێژن، خۆ تازه‌ له‌ کوردستانی نوێدا ووتی، که‌ له‌ هۆنراوه‌که‌ی بارزانی په‌شیمان نییه‌ و ئه‌وه‌ هۆنراوه‌ی مێژووی ئه‌وه‌ ، که‌چی (له ‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌دا له‌سێبه‌ری چیادا) ** جۆرێکی تر باس له‌و هۆنراوه‌یه‌ ده‌کات، فه‌رموون شێرکۆ چی به‌مه‌لامسته‌فا ده‌ڵێ.


خۆشمان ئه‌وێی
به‌قه‌د ڕقی شمشێری ناوچاوی ئه‌وان
خۆشمان ئه‌وێی
به‌ قه‌د کینه‌ی گوله‌تۆپ و
کوێره ‌بۆمبای فڕۆکه‌یان . . خۆشمان ئه‌وێی
به‌قه‌د ناڵه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی (تی،ئێن،تی) ناو
جانتاکانیان . . خۆشمان ئه‌وێی
به‌قه‌د داوی پیلانی ژێر
مێزه‌ر و جبه‌ی پێداویان
خۆشمان ئه‌وێی
ئه‌مانه‌وێی
وه‌ک گوله ‌بۆچه‌که‌کانمان ئه‌مانه‌وێی
وه‌ک چه‌ک بۆ پێشمه‌رگه‌کانمان
ئه‌مانه‌وێی
وه‌ک باران بۆ کێڵگه‌کانمان
ئه‌مانه‌وێی
هه‌ربۆمه‌رگ نامه‌نه‌وێی
ئه‌ی بارزانی

ده‌بوو له‌ وه‌سێتنامه‌که‌یدا بیوتایه‌ یان لای (پیاوه‌ له‌ دارسێوه‌که‌) یان لای مه‌لامسته‌فا و ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ بمنێژن ، بۆ خاتری ئه‌و چامانه‌ی نووسیومه‌ ، من وا حه‌فتا ساڵه‌ بۆ بست به‌بستی ئه‌م نیشتمانه‌ ‌شیعر ده‌ڵێم ، هه‌ر شێرکۆ به‌ڕێوه‌ نییه‌ به‌ڵکو عه‌بدوڵا په‌شێویش نازانین چۆن و چی نوسیوه‌ له ‌وه‌سێتنامه‌که‌یدا ؟ ئه‌ویش بۆ مه‌لامسته‌فا هۆنراوه‌یه‌کی نووسیوه‌، که‌ هه‌ژار موکریانی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ نه‌ی توانی وه‌ک په‌شێو شیعره‌کانی جێبگرێ ، دیوانه‌که‌ی (بۆ کوردستان)*** به‌ر له‌ خۆی مردار بویه‌وه‌ .
 په‌شێو ده‌ڵێ:
له‌م ڕۆژانه‌، ئازیزه‌که‌م
خۆشه‌ویستی گیانی برسیم
زۆر به ‌تاسه‌ و په‌رۆشه‌وه‌
هات لێی پرسیم
ووتی . . گه‌ربڵێم په‌یکه‌رێ
داتاشه ‌بۆکوردپه‌روه‌رێ
بۆکێی ده‌که‌ی؟
منیش ووتم . .
کوردستانم له‌ زه‌مینی تا ئاسمانی
تێیدا نییه ‌دڵسۆزتر بێ له‌ بارزانی

ئه‌م وه‌سێته‌ی شێرکۆ قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ و منه‌تی زۆریشی تێدایه‌ و جێگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌هه‌نده‌کانی شی بکه‌ینه‌وه‌ ، 20ساڵه‌ به‌شێک له‌ کوردستان کورد حوکمی ده‌کات، سه‌رانی کورد جگه‌ له‌وه‌ی دار و به‌ردی کوردستانیان داگیرکردوه‌ و هه‌رچی شوێنه‌ گه‌شتیاره‌کانه‌ ماڵی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداران و جێگه‌کان سه‌ربازخانه‌یه که‌‌ له‌و گۆڕه‌، تۆ سه‌یری سه‌ری ڕه‌ش و قه‌لاچوان و هاوینه‌ هه‌واری دوکان سه‌رچنار و ده‌باشان و ئه‌زمڕ و باخی به‌ختیاری و قه‌ره‌داخ و مێرگه‌پان و جا کوێ نا ؟ که‌چی ته‌نها پارکێک له‌ سلێمانی هه‌یه‌ ‌خه‌ڵکی ده‌توانن هه‌ناسه‌یه‌کی تێدا به‌ن.که‌چی تاڵه‌بانی دوو دوو مه‌ڵی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ری داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی (حامیه‌مان) بیر نه‌چێته‌وه‌، ئه‌وانیش رادیۆی دجله ‌و ته‌له‌فیزۆنی فه‌یحا یه‌ فه‌رموون سه‌یری ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن .
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=2f0961ae
که‌چی کاک شێرکۆ دێت، ده‌یه‌وێت ئه‌و پارهکه‌ش بکات به‌ گۆڕستان. شێرکۆ ته‌نها نییه‌، که‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و قه‌رزی شیحرانه‌ی له‌ کورد وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌دوایدا ئیتر ڕه‌ئوف بێگه‌رد، ڕه‌فیق سابیر، شێرزاد حه‌سه‌ن، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، محه‌مه‌د موکری ، قوبادی جه‌لیلزاده‌، فه‌رهاد پیرباڵ، فه‌رهاد عه‌ونی، عێزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، که‌مال مه‌زهه‌ر . . . . جا کێ نا با ئه‌و هه‌موو نووسه‌ر و شاعیرانه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌سێتنامه‌یه‌‌ک له‌دوای خۆیان جێ بهێڵن، پێمان بڵێن ئێمه‌ له‌ گردی سه‌یوان ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بین له‌ناو ئه‌و هه‌موو فاتیحایانه‌ی سه‌ر قه‌برانا ون ده‌بین، ده‌مانه‌وێت لای شێرکۆ مه‌زارمان بۆ بکه‌ن، چونکه‌ تاکه‌ جێگه‌یه‌ک که‌ مابێته‌وه‌ پارکی ئازادییه‌ مرۆڤ بتوانێک پشویه‌ک به‌سیه‌کانی بدات، ئه‌گه‌ر چی له‌م ڕۆژانه‌دا دار و به‌ردی ئه‌و پارکه‌ به‌ قسه‌کانی تاڵه‌بانی له‌یادی 36 ساڵه‌که‌ی یه‌کێتیدا، به‌و خه‌ڵکه‌ی وت: قه‌یدی چییه‌ باساڵێ جارێک بڕشێنه‌وه‌، به‌ڵام له ‌زه‌مانی به‌عسییه‌کان باشتره‌ ، داره‌کان شاهیدن چه‌ندیان کورد شه‌هید کرد له‌ژێر تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا و سلێمانیتان له‌گۆمی بێده‌نگیدا ده‌شڵه‌قاند، به‌ده‌نگی چه‌کی جه‌لاده‌کان.
شێرکۆ تۆ ئیستاکه‌ وه‌ک باوکت بێکه‌س نیت ، بڕۆ نزابکه‌ له ‌خواوه‌ند بپاڕێره‌وه‌ تا پێش له ‌تاڵه‌بانی بمری، چونکه‌ تاڵه‌بانی کلیلی ئه‌و وه‌سێتنامه‌یه‌ی تۆی لایه‌، کێ ده‌ڵێ تاڵه‌بانی وه‌سێتی نه‌کردوه‌ لای ئه‌و سه‌کۆیه‌ی بۆ قسه‌کردن دروستی کردو ووتی بڕۆن له‌وێوه‌ جوێنم پێبده‌ن، هه‌ر له‌وێش ناینێژن ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی گوێد له‌ جوێنه‌کان بگرێت، که‌ ڕۆژانه‌ پێی ده‌درێت .
به‌لای منه‌وه‌ ئه‌مه‌ پوچترین وه‌سێت نامه‌یه‌ که‌ شاعیرێک ده‌یکات. من و هیچ که‌سێک ناتوانین نکۆڵی له ‌به‌هره‌ی شیعری شێرکۆ بکه‌ین، شێرکۆ دوای 70ساڵ نه‌ک کانی شیعری وشکی نه‌کردووه‌ به‌ڵکو ئیستا وه‌ک به‌هار ته‌قیوه‌ته‌وه‌، لام سه‌یره‌ که‌سێک خودانی ئه‌و هه‌موو دیوانه‌بێت، ده‌بێ بۆچی هه‌ڵوێست و چامه‌ شیعرێکانی له‌یه‌ک جودا بێت ؟
مردن تێکه‌ڵ بوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سروشتدا،گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ لاشه‌یه‌ک له‌کوێدا ده‌کرێ به‌ژێر خۆڵه‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌ڵوێستی چۆن بووه‌، ئیستا ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین شێرکۆش ده‌ژی و به‌رله‌ماوه‌یه‌ک شێرکۆو هاوڕێکانی له ‌ده‌زگای سه‌رده‌م له‌ هه‌موو به‌ها جوانه‌کان ڕووتبوونه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی دروست بده‌نه‌وه.‌ ئه‌وان به‌ته‌واوه‌تی ناشرین بوون ، که‌چی شێرکۆ به‌م داوایه‌ی ده‌یه‌وێت خۆی جوان بکات و ناشرینێکانی خۆیمان لێ بشارێته‌وه‌ ، ئاخر ئیستا ئێمه‌ له‌ به‌ر دوو ڕیانێکداین و ده‌پرسین
ده‌شێ حه‌زره‌ته‌کانی وه‌ک نالی و حه‌مدی و مه‌وله‌وی خاڵه‌ی تیماسی و کوردی مه‌حوی چۆن بووبن؟
بۆخۆی گومان کردن له‌و حه‌زره‌تانه‌، ده‌چێته‌ خانه‌ی گوناهه‌ گه‌وره‌کانه‌وه‌ ، به‌ڵام خوێنه‌ر با خۆی قه‌زاوات بدات و بپرسێ ئه‌دی شاعیرو نوسه‌رو رۆشنبیره‌کانی ئیستا بۆچی و له‌پێناوی چیدا ئاوا خۆیان هه‌رزانفرۆش ده‌که‌ن ؟
عه‌زیر نه‌سینی نووسه‌ری تورک له‌بیره‌وه‌ری دوورخراوه‌یه‌کدا ئاوا باسی شاعیرێک ده‌کات: (پۆلیس، حاکمی ساخته‌، قازی ساخته‌ ، ئه‌ندازیاری ساخته‌، پزیشکی ساخته‌ ده‌گرێ و له‌به‌ندینخانه‌ی توند ده‌کات، به‌ڵام که‌س ناتوانێ شاعیرێکی ساخته‌ بگرێ .. شاعیرێک ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک هه‌ستێکی پاک و ویژدانێکی ساغی هه‌بێ، ئاوا به‌ پیسی و ناپاکی له‌ناو خه‌ڵکدا دێت و ده‌چێ .. که‌ڵک له‌ ناوی پاک و پیرۆزی شاعیری وه‌رده‌گرێ .. به‌شانازیی و سه‌ربه‌رزرییه‌وه‌ به‌ڕێدا ده‌ڕوا و شیعر ده‌ڵێ ، که‌سیش ناتوانێ پێی بڵێ پشتی چاوات برۆیه‌) تا ئێره‌ ئه‌مه‌ قسه‌ی عه‌زیز نه‌سینه‌، منیش ده‌ڵێم به‌ڕاستی ده‌ڵێی نه‌سین ئه‌م چه‌ند دێره‌ی بۆ ئێمه‌ و شاعیره‌کانمان نووسیوه‌ ، ئه‌ی بۆچی شێرکۆ ناڵێ هه‌رچی 10000 دۆلاری هه‌یه‌ له‌مامی خۆمم وه‌رگرتوه‌ بیکه‌نه‌ کتێبخانه‌یه‌ک و له‌ گوندێکی دووره‌ ده‌ستا بیکه‌نه‌وه‌ تاتۆزێک شیعره‌کانم هه‌ناسه‌به‌ن، ئیستاش ده‌ڵێم گه‌ر شێرکۆ به‌ختی یاربێت به‌ر له‌تاڵه‌بانی ده‌مرێت و وه‌سێته‌که‌ی دێته‌ دی!
کێ ناڵێ ئه‌م وه‌سێته‌ تاڵه‌بانی بۆ خۆی جێ به‌جێی ناکات ؟

***************************************
*نامیلکه‌یه‌که‌ شێرکۆ بۆ برایم ئه‌حمه‌دی نوسیوه‌(پیاوێک له‌دارسێو)
** چاوپێکه‌وتنێکی شێرکۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ کوێستانی جاپی شاخ کتێبێکی گه‌وره‌یه‌ زۆر پرسیاری له‌خۆی گرتوه‌
*** دیوانێکی هه‌ژار مۆکریانی یه‌ (بۆکوردستان) تاکه‌ کتێب بوو که‌ له‌هه‌شتاکاندا هه‌رزان فرۆش ده‌کراو که‌س نه‌ی ده‌کڕی ده‌بوو ناوی جوێن نامه‌ بوایه‌
.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی وه‌سێتنامه‌که‌ی شێرکۆ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌، تێێدا چه‌ند که‌سێکی تریش قسه‌یان له‌سه‌ری کردووه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_kp/Sherko_bekes/weseyetname.pdf