لیستی گۆڕان بۆدژایەتی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دروست بووە

Saturday, 16/05/2009, 12:00

1922 بینراوە


سەرچاوەیەكی نزیك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ (رۆژی وڵات)ی ئاشكرا كرد كە نەوشیروان مستەفا لەلایەنی تاڵەبانیەوە گڵۆپی كەسكی بۆداگیرساوە هەتا بەلیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكات. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند كە ئەم بڕیارە لەپێناوی ئەوەدا بووە كە جەماوەری ناڕازی لەدەوری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كۆ نەبێتەوە، چونكە لە ساڵانی رابردوودا ئەم پارتە لەگەڵ جەماوەردا لەسەر شەقامەكان بوون و ئەوەی رەتكردەوە كە ئەم هەنگاوە لەبەرامبەر ئیسلامیەكاندا نرا بێت. چونكە دەسەڵاتی كوردی پێی وایە لایەنە ئیسلامیەكان لەوە زیاتر گەشە ناكەن و ئیسلامی سیاسی قۆناخی گەشەی خۆی تەواوكردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دەسەڵاتی كوردی ترسی لەپارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان هەیە و پێی وایە ئەم پارتە دەبێتە ئەڵتەرناتیف و ئەم ترسەشی لەدوای سەركەوتنەكانی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی لە توركیا زیاتر بووە. ئەو سەرچاوەیە وتی یەكێتی و پارتی پێیان وایە كە كاریگەری پەكەكە و پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی لەسەر گەلی كورد زۆر بووە و هەست و هۆشیاری نەتەوەیی زیادی كردووە و ئەمەش دەرفەتێكی باش بۆ پارتی چارەسەری دەخولقێنێت كە پێگەی خۆی جێگیر بكات. هەر بۆیە دەخوازن ناڕەزایی جەماوەر لەدەوری كەسانێكی خۆیان كۆبكەنەوە و ئەو دژایەتییەشی كە دەیكەن لە پێناوی ئەوەدایە كە گومانی خەڵكی كەم بكەنەوە. لیستی گۆڕانیش لەم چوارچێوەدا دروست بووە. سەرچاوەكە ئەوەشی پشت راستكردەوە كە مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاگاداری ئەم بابەتەن، هەڵنەوەشاندنەوەی پەیمانی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی و بەشداریكردنی جەوهەر نامق و هەندێ كەسێتی تری نزیكی پارتی لە لیستی (گۆڕان)دا گرێدراوی ئەم هەوڵەیە. هەروەها تەئكیدی لەوە كردەوە كە توركیاش لەم بابەتە زۆر دەترسێت بۆیە داوای لە حكومەتی ئێراق كرد كە رێگە نەدات پارتی چارەسەری بەشداری هەڵبژاردن بكات. سەبارەت بەم بابەتە پەیوەندیمان بە دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانەوە كرد،پێیان راگەیاندین كەئێمە فرە لیستی بەدەوڵەمەندی دەبینین و كەس بەدژی خۆمان نابینین و ئێمەش دژی كەس نیین. ئەو وتەبێژەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وتی ئێمە لەڕابردوودا و لەئێستا و ئایندەشدا لەبەرەی گەل و دیموكراتخوازاندا بوین و دەبین. ئێستاش دەخوازین گۆرَانكارییەكی جەوهەری لەشێوارزی بەڕێوەبەرێتی كوردستاندا ئەنجام بدەین كە دەسكەوتەكانی گەل بكەوێتە خزمەتی گەلەوە نەك بكەوێتە خزمەتی هەندێ كەسەوە. بۆ ئێمە گرنگ ئەوە نییە كام پارت یاخود كەس هەڵدەبژێردرێت و دەبێتە نوێنەر و بەڕێوەبەر، بەڵكو ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە كە ئێمە چۆن خۆمان بەڕێوە دەبەین. لەكۆتایشدا گوتی هەركەس و لایەنێك چۆن بیر دەكەنەوە یان كار دەكەن بۆ ئێمە گرنگ نییە، ئێمە ئێستا سەرقاڵی لیستەكەی خۆمانین و خۆمان بۆ بەشدارییەكی چالاك ئامادە كردووەو داوا لەهەموو تاكێكی گەلەكەمان دەكەین كە هەڵبدەن راست وناراست لەیەكتر جیا بكەنەوە و هۆشیارانە بەشدار ی هەڵبژاردن بكەن ودەنگی خۆیان بەكار بهێنن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە