گۆڕان: گەورەترین درۆیەكە نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتى دەكا

Saturday, 25/05/2013, 12:00

1838 بینراوە






گۆڕان: ماناى گواستنەوەیە لەحاڵەتى ئێستاوە بۆ داهاتوویەكى باشتر.بۆنمونە: كەسێك كێشى خۆى لە (140 كگم) دادەگرێتە (75كگم).لێرە گۆڕانێكى هەستپێكراوى بەرچاو ڕووى داوە، لە ڕێگەى چەند ئالیەتێكى تەندروست،لەماوەیەكى دیاریكراودا،كەسەكە (65كگم) ى لەكێشى خۆى دابەزاندووە.ئەوەى كەبووەتە هۆى ئەم گۆڕانە پێش چاوە لەكەسەكەدا،یەكەمجار بیركردنەوەو ئیرادەى كەسەكەبووە،ئەوسا بەرنامەو میكانیزمێكى گونجاو.واتە گۆڕان بابەتێكى هەڕەمەكى نییە،ئەمە بۆ گروپێك و بۆ حزبێكى شۆڕشگێر و...هەتادوایی.بەم شێوازە دەق ئەگرێت.
كورد،بەشێكە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گەلانى ناوچەكە،ڕاستەوخۆ ئاڵوودەیە بەكلتورو زمان و سیاسەت و جۆرى بیریى سیاسیان.هەقمانە پرسیارو ڕەخنە لەئۆپۆزسیۆنێكى بێ پلان و بێ بەرنامەو بیكردنەوە بكەین،چونكە هەموو ئەو هێزە چاكسازیخوازانەى لەناوچەكەدا دروست بوون، دواجار ئەوەى پێش خۆیان تێنەپەڕاندووە.؟.ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لەم هەرێمەى ئێمە پرسیارى نوێ سەرهەڵئەدا،لەهەرێمێك حزبێك تیایدا یەكێتى و نیشتمانیی نییە، یەكێكى ترپرەنسیپەكانى پارتى دیموكراتیی نییە،لەبرى یەك هێزى ئیسلامى چەندین مەددى ئیسلامى هێدى هێدى چەكەرە دەكەن،بەپێچەوانەیشیەوە كایەى نوسین و چینایەتى و باس و خواسی هاتنەوەى كۆمۆنیزم بازاڕى كۆمەنیستەكانى گەرمكردووە،ئەرێ پێم ناڵێن گوتارى ئەقڵانیەت و ناسیۆنالیزمى كوردى دەكەوێتە كوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنى كوردییەوە؟. ئەرى دەكەوێتە كوێی سەلەفى و ئوسوڵیەكانى كوردستان،ئەرێ نەتەوەیی بون لاى كۆمەنیستەكان چى دەگەیەنێت بۆ گەلێكى ژێر دەستە..؟.لەوەها حاڵێكدا كە بەقەد هاتنەوەى مەسیحێك پێویستمان بەوەیە ئەم وڵاتە لەدەستى جەهالەت و خود داگیركاریی قوتاربكەین،هێزێكى گۆڕانخواز لەولاوە وێناى ئایندەمان بۆدەكات لەسەر هەمان نەمەتى ڕابردوو!!!.
وەزیفەى هەرە مەزنى تاكى كورد ئەوەیە، ئەو كۆدانە بشكێنێت كە ڕەمزو هێما دروست دەكەن لەكۆمەڵگەدا،كەچى لایەنگرو پیاوە ڕۆشنبیرو موجامل و ماستاوچیەكانى گۆڕان خەریكى دروستكردنەوەى ڕەمزێكى ترن بەناوى " نەوشیروان مستەفا".دووری نابینم هەر جەماوەرو دەوروبەر لەئایندەدا ڕێگەبگرن لە ئۆجەلان تا " ماندیلا" بێت.!.
پێم ناڵێن،گوتارو پرۆژەى فكریی و ستراتیژیی گۆڕان بۆ ئایندە چى یە؟؟. ئەرى لاى ئێوە سنورى كوردستان تاكوێیە..؟.گۆڕانێك بۆ ڕەخنە گرتن دروست بوبێت،عەجەبا ڕەخنە لەكەس قبوڵ ناكا.؟.هەموو پرۆژەى چاكسازیی ئابوریی سیاسی گۆڕان خۆى لەوەدا ئەبینێتەوە،كەشەوانەو ڕۆژانە پێمان دەڵێن: بودجەكە سەدا حەفتاو پێنجى بەكاربردن و تەشغیلیەو سەدا بیست و پێنجى وەبەرهێنان وئاوەدانكردنەوە!!.ئەرێ بۆچى خۆتان لەقەرەى دانا غازو دیارنەمانى پارەى ووشكەساڵى و مۆڵ و میترۆكانى شارو...هتد. نادەن.كە باسی گەندەڵى كرا،گۆڕانخوازەكان ووتیان: جا ئەوە وەك تەپ و تۆز وایە هەموومان هەڵمان مژیووە،بەخەڵك دەڵێن: نابێت حزب ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنى هەبێت خۆیان هەیانە.باسی میكانیزم و بەرنامەى چاكسازیی لەكوردستان دەكەیت،نییانە!.هەموو كارى هێزێكى گۆڕانخواز لەوەها ساتێكدا ئەوەیە بڵێت: یەكێتى و پارتى گەندەڵن.ئەگەر دوو ڕۆژ یەكێتى و پارتى گەندەڵى نەكەن، ئیدى ئەمان قسەیەكى تریان بۆ ووتن نییە!!.
گۆڕانكردن لەهەرێمى كوردستان لەسەردەستى نەوشیروان مستەفا،بەم شێوازە ئینتهازییە،جگە لەدرۆیەكى گەورە هیچى تر نییە،كۆى ڕۆشنبیرانش ئەم هەقیقەتە باش دەزانن،جورئەتیان نییەو موجامەلە دەكەن، تاوەكو مینبەرو میدیاكانى گۆڕان بەسەریاندا دانەخرێت،یان لەوەدەچێت ئالودەى قسەكانى مەلا كرێكار بوبن كەدەیوت" گۆڕانەكە بەنەوشیروان دەكرێت،چونكە شەقوەشێنى لەگەڵە". بێئەوەى بزانن كارى شۆڕشگێڕیی و بیریی ئیسلاحخوازیی لەسەدەرمى مۆدێرنەو داهێنانە سەرسوڕهێنەرەكانى مرۆڤدا،زۆر جیاوازە لەساڵانى حەفتاو هەشتاكان.لەئێستادا خەڵكى چاوەڕوانى كڵاو ڕۆژنەیەكى ترن تا كامى ئارەزووەكانى خۆیانى تیا بخەن،چونكە فەلسەفەیەكى گۆڕانخوازیی لەناو هێزێكى وەك گۆِراندا بونى نەماوە،ئەوەنەبێت :لەفەیسب بوك و سایتەكاندا ورتە وورت بكەیت دژى حوكمى بنەماڵە لەكوردستان.دواجار گۆڕانیش لەوە بەدەرنین كەبیانەوێ ڕۆشنبیران و چینى نوخبە دەستەمۆ بكەن،لەنوكتە ئەچێت (8765) مامۆستا لەزانكۆكانى كوردستان وانە دەڵێنەوە،هەریەكەیان بەجۆرێك كلكە لەقێى مووچەو دەرماڵە بكات و لەولاشەوە تابخرێتە سەرشاشە.؟.
لەهەموو دونیا ڕۆشنبیران تەلەفزیۆن ڕاگەیاندن و جەماوەر دێننە قسەو ئاڕاستەیان دەكەن،بەڵام لاى گۆڕان نەوشیروان مستەفا بەتاقى تەنها هەمووى ئاڕاستە ئەكا..؟؟.بچن بگەڕێن لەشۆِرشی (ئەمریكا-1773) دژى ئینگلیزەكان،لەشۆڕشى فەڕەنسا (1789) كە تەواو شۆڕشێكى مانابەخشە و مێژووى كرد بەدوو بەشەوە.تاڕاددەیەك شۆڕشى ئۆكتۆبەرى (1917).بۆچى وا گرنگ بون،چونكە ڕۆشنبیران پلانى ژیرانەیان بۆ چارەسەركردنى گرفتە كۆنكرێتیەكانى كۆمەڵگە هەبوو،لەڕێگەى شتى پڕو پوچى وەك سیدى و گرتەو پۆستەرەوە دەستى پێنەكرد وەك شۆڕشی ئێران (1978).دواجار هەر بەسیدیەك و پۆستەرێكیش دەڕوا.لەعێراق (1958) سیستەمەكەش گۆڕاو لەمەلەكیەوە بۆ كۆمارى،ئێ دواجار هەیكەلى سیاسی و ئیدارى و هەموو شت وەك خۆى مایەوە،لەپرۆسەى ئازادى (2003) سەدام و بەعس بەڕواڵەت نەمان،كەچى دامودەزگاكانى ئێستا پڕن لەسەدام و بەعس.ئەم هوڕینەیەى نەوشیروان و هەندێ خەڵگ ساڵانێكە گرتویانەتە بەر لەناوچەگەرێتى و شارچێتى یەوە دەقى گرتوە،بەناوچەگەرێتى و شارچێتیش ئاوا دەبێت، وە ئەوەى ئێستا وەك تاوانێكى بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن گروپێكى ناو یەكێتى و لەگەڵیدا پارتیش ،بەرامبەر شارى سلێمانى دەیكەن ،بۆ تێكدانى هەموو سیما شازەكانى، هەر لەناوچەگەرێتى یەوە دەقى گرتووە.
باشتر نەبو، نەوشیروان مستەفا لەبرى نوسینەوەى كتێبی ئەدەبی و شیعرى،ستراتیژی كاركردنى بزوتنەوەكەى بۆ ئایندە بنوسیبایە،".ئەرێ باشتر نەبوو نەوشیروان مستەفا "ئینسكلۆپیدیاى شەڕى ناوخۆ" ى بۆ نەوەكانى ئایندە بنوسیایەو بیانكردایە بە زنجیرە فلمێكى دۆكۆمێنتاریی؟؟.یان هەروەك لەدیدارێكى گۆڤارى لڤینى ساڵى (2009) ڕوونى كردۆتەوە كە "شەڕى ئەمان لەگەڵ پارتى و یەكێتى شەڕی پارەو دەسەڵاتە
ئێمە پێمانوایە،لەكوردستان بەناوى ڕووخانى دەسەڵاتى تۆتاڵیتارو گەندەڵەوە،هەمان ئەزمون بەهۆى بێ بنەمایی و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەو چەمكى گۆِران دووبارە دەكەینەوە،هەرسیاسەتێك بەبێ باگگراوەندێكى تیۆریی میزڵدانى پڕە لەهەواو دواجار بەنوكى دەرزییەك دەتەقێت.ئێستا كوردستان پێویستیەكى مێژوویی گەورەى بەگروپێكى گۆڕانخوازى ئەقلانى و مەنتقى و شارەزا هەیە،تا ڕێنسانسێك لەكوردستان بەرپابكەن ، لە هونەرو ئەدەب ،لە كایەى پەروەردەو فێركردن،لە سیستەمى سیاسی و ئابورى وكایەى میدیایی و پرسی دین و لتورو زمان و ...هتد.هەموو هەڵتەكێنێت و بیداتە بەر نەشتەرو بێژەنگى توێژینەوەو تێفكرین ونۆژەنى بكاتەوە، ئێمە ئا ئەم جۆرە گۆڕانەمان دەوێت...بەپێچەوانەوە هەرچەندە وورد دەبیتەوە هەستەكەیت فاشیزم ڕێك لەهەناوى ئەم هێزە گۆڕانخوازانەى كوردستانەوە سەرهەڵئەداتەوە،ئەنجامەكەشى تەنها ئەوە دەبێت نەوازد هادى و نەجمەدین كەریم دەگۆڕێن بە دانى ئەحمەد مەجیدو عەلى باپیر،خەسرەو نەزهەت دەبن سەركەوتى كوببەو مام رۆستەم،هوشیار عەبدولاو عەدنان عوسمان دەبن بە عەبدلوەهاب و سلیمان عەبدوڵا....هتد.چەقۆ كێشەكانى ئاسایش و پاراستن دەبن بەچەقۆكێشەكانى دەورى مەنەسەكەى (17) ى شوبات.بەهێزە نەشازەكانى پێشویان ووت: نابێت حزب تەلەفزیۆنى= و ڕاگەیاندنى هەبێت،هەر لەئێستاوە خۆیان هەیانە،بەخەڵكیان ووت شەڕى ناوخۆ ئەمە لێكەوتەكانى بوو،كەچى خۆیان ئاسایشى كۆمەڵگەیان تێكدا،لەبرى ئەوەى ڕەگ و ڕیشەى سیاسەت و میكانیزمى كار لەناوخودى كوردستاندا بێت،دیسانەوە دەیبەنەوە بۆ ئێران و توركیا. كەواتە گۆڕان بەم هەناسەیە درۆیەكى شاخدارى گەورەیە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە