لە بری رۆژباش ...کاک عەدنان کەریم پیسخۆریت باش

Tuesday, 20/01/2015, 12:00

5344 بینراوە


لە رونکردنەوەیەکی خۆیدا عەدنان کەریم، کە میدیاکان بەگرنگییەوە بۆیان بڵاوکردۆتەوە ، پاساو بۆ ئەو بەشدارییەی خۆی دەهێنێتەوە، کە لە بیست و پێنج ساڵەی یادی هەڵەبجەدا هاوبەشی کردووە، کە ئەویش یەکێکە لەبەشداربوانی تالانی و دزەکانی پارە و قوتی قوربانیانی هەلەبجە. عەدنان لە سوید ژیاوە، باش دەزانێ چەندین وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆک حیزبی سویدی کە لابراون لە سەر ئەوە لانەبران کە  وەکو تۆ ئەو پارە زۆرەیان وەرگرتبێت، ئەوەی تۆ بەتالانی و دزیی ئەژمار دەکرێت، هەر بۆیەش لە پۆستە بالاکانیان لابران، هەرچەندە داوای لیبوردنیان کردووە و حزبەکانییان رووبەرووی شکست کردۆتەوە. واتە ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و رەفتارانە ئاسایی نییە، ئەگەر عەدنان روونکردنەوەیکی ئاوا بۆ رۆژنامەیەکی سویدی بنووسێت، هەر ئابڕووی دەبەن و پێی دەڵێن تۆ چ جۆرە هونەرمەندێکی ئاوا دزیی دەکەیت و پاساوی نابەجێی دەهێنیتەوە. هونەرمەند بەوەوە جوانە کە هەڵوێستی جوان بێت و  نرخی هونەرەکەی بە بڵندیی رابگرێت، ئەو بەهایە بە پارەی پیس لە دەست نادات. تۆ چ شانازییەک بە خۆتەوە دەکەیت، خۆت لە خەڵکی جیادەکەیەوە و پێت وایە دەبێت پارووی گەرمو نەرمی دەسەڵات قووت بدەیت و کەس قسەت لەسەر نەکات؟
لە روونکردنەوەکەدا عەدنان کەریم وانیشان دەدات، چاوی خەڵکی دەربێت کە مووچەیان نییە، بەڵام خۆی هونەرمەندە ناتواني خۆی بژێنێ بۆیە پەنا بۆ وەرگرتنی ئەو دزییە دەبات، من لێرەدا تەواو رام بەرامبەر بە عەدنان کەریم گۆڕا، ئیستا دەزانم ئەم کابرایە لە فیکردا زۆر وێرانە، پێی وایە  هونەرمەند دەبێت بژیی  و دەست بۆ هەموو شتێک ببات، ئەوەی دەستیشی بۆ دەبات حەڵال و رێگاپێدراوە، با خەڵکیش چاویان دەربێت، مانگێک، دوو مانگ، سێ مانگ مووچەی پێنەدرێت.، ژیان کەی گرنگە بۆ خەڵکی، بەڵام ئەم وەکو هونەرمەندە دەبێت بمێنێت و بژیی، ئەگەر خەڵکەکەش تووشی کارەساتیش بوو، کاک عەدنانیان هەیە گۆرانیان بۆ دەڵێت و بە مردنی خەڵکەکەش پارە وەردەگرێت.
بورهان مەجید وەک عەدنان کەریم هونەرمەندە، خاوەنی هونەرێکی رەسەنیشە، جەماوەریکی زۆر بەرفراوانی هەیە، وەکو عەدنان کەریم نەچۆتە ئەوروپا و ناسنامەی هیچ وڵاتێکی دیکەی لە باخەڵدا نییە، بە قوتی خۆی دەژی و سەربەرزە، لە سالی 1995 ەوە داوای لە هەموو میدیاکان کرد هیچ گۆرانی و سروودێکی لێنەدەن، هەڵویستی وەررت، بە پێچەوانەوەی ئیوەوە. هونەرمەندی بە موڕاڵ و خاوەن هەڵوێست، هونەرەکەی لە پێناو ئەو خەڵکەدا دادەنێت، بورهان مەجید لەتەک ئەوەی بەپارەی ئارەقەی نیو چەوانی خۆی (دوکانی کارەبایی) هەیە و تۆماری گۆرانی و سرودەکانی دەکات، بەمە خۆی دەژییین، لە سەنگەری خەڵکیشدایە و بەردەوام رەخنەی بوێرانە دەگرێ. وەک ئیوە نییە رەخنە لە دەسەلاتناگرن و مەدالیای کەسانی نێو لقی چواری پارتیی بە ئێخەتاندا بکەن. ئێوە وەکو بورهان نیین هەڵوێستێکی جوانتان پیشاندابێت، بەراشکاوانە دژایەتی دەسەلات بکەن، تۆ و بەهجەت یەحیا، لەگەرمەی رووداوەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتردا بەیانامەیەکتان دەرکرد واتان دەزانی دەسەلات دەڕوخێت، بەلام کە زانیتان دەمێنێتەوە، بە پەلە خۆتان کردەوە بەکوردساتەکەی هیرۆ و بنەماڵەی تالەبانی، لەو کاتەدا ئێوە گۆرانیتان بۆ ئەو کەناڵە دەگوت، لە دەرەوەی کەناڵەکە خۆپیشاندەران دەڕفێنران و ئەشکەنجە دەدران، سلیمانی ببوو بە شاری توقینی دەنگە جوانەکان. باس لە مەدالیاکەی ملیشت ناکەین، کە لە بکوژی شەهید سورانی مامە حەمە و ریژوان (هیوا ئەحمەد مستەفا) ت وەرگرت!
مەزهەری خالقی هەرچەندە رابردووەیەکی باشی نییە، گوایە لە سەردەمی شادا ساواک بووە، خەسووی جەلال تالەبانی (گەلاوێژ خان) خوشکی ژنەکەی مەزهەری خالقییە، لە سلێمانی دادەنیشێت، کۆمەڵێک ئیمتیازاتی تایبەتی پێدراوە، لەبەر ئەوە خەڵکی هەڵوێستیان لێوەرگرتووە، نایلاوێننەوە، بەڵام مەزهەری خالقیی هونەرمەندە، لە تۆ دەنگی خۆشترە، رێزی هونەرەکەی گرتووە، خۆی تێکەڵ بە جوانی بەهرە و هونەرەکەی نەکردووە، ئەویش بەوەی چەندین جار داوای لێکراوە گۆرانی بڵێت نەیگووتووە، ئەو دەڵێت من شایەر نییم، هونەرمەندم، مەزهەر هونەرەکەی بە جوانی هێشتۆتەوە، نەیخستۆتە ئاستی ناشرینی مێژووەکەی خۆی، بەڵام تۆ سەلماندت کە شایەرێکی سواڵکەریشیت، چونکە بۆ ئازاری خەڵکی گۆرانی ناڵێیت، پەیامی هونەرت پێ نییە، تەنها دەنگێکت هەیە و دەستیشت گرتۆتەوە بۆ سواڵکردن، دەستت درێژکردووە بۆ دزیی.
بەڕێزتان لە روونکردنەوەکەدا دەڵێن، مامۆستان لە زانکۆ.. ئەمەش جێگای پرسیارە، بۆیە پرسیار دەکەم، کە ئێوە چ بڕوانامەیەکی بەرزی واتان هەیە، تا لە زانکۆ بە مامۆستا و وانەبێژ دابمەزرێنن؟ تکایە کۆپیەک لە بڕوانامەکەتان بڵاوبکەرەوە، بۆشمان بنووسە مووچەکەتان چەندە!؟
ئێوە لە سوید بوون، دەتانتوانی لەوێ بمێننەوە و خۆتان بژێنن و نەکڕوزێنەوە، پێویستیشی نەدەکرد وا لە خۆتان بکەن، تا دوایی وەکو عومەر چاوشین بکڕوزێنەوە و رەوا بە سواڵکردنیش بدەن و دەست بگرنەوە! چۆن وا خۆتان سووک دەکەن و دەڵێن چەند مانگە مووچەتان وەرنەگرتووە، ئیتر رەوایە پارەی دزیی وەربگرن!؟ هونەرمەندی رەسەن ناکڕوزێتەوە، کەسایەتی خۆی دەپارێزێت، ئێوە بەو کڕوزانەوەیە هێندەی دیکە خۆتان ناشیرین و بێ ئەرزش کرد. دەرکەوت، کە تۆ لە سویدەوە گەڕایتەوە بۆ خزمەتکردن نەبوو، بەڵکو بۆ پیسخۆر و مشەخۆری گەڕاونەتەوە! زانیتان لە پاڵ ئەو دەسەڵاتە پیسەدا دەتوانن پارووی چەور بگلێنن! نەک دەنگی رەسەن بچڕێنن و هەست و هۆشی خەڵکی بوروژێنن.
روونکردنەوەکەتان قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت... وەک ئەوەی نووسیوتانە گوایە سووکایەتییتان پێدەکرێت.. منیش دەڵێم، ئێوە سووکایەتیتان پێ نەکراوە، هیچ کەسێک سووکایەتیی پێناکرێت، ئەگەر خۆی بە خۆی نەکات، ئەو پارەیەی وەرتگرت سوکایەتی بوو بە خۆت کرد، ئەو پارەیەی وەرتگرت، بە پێچەوانەوە دەتاتوانی وەک هونەرمەندێکی خاوەن موراڵ و بەهەڵوێست بتاندایە بەو بریندار و لێقەوماوانەی هەڵەبجە، ئەوسا ئێمەش هەڵوێست و قسەیەکی ترمان دەبوو.
دەسەڵات بە تەنها پیسخۆر و ناپاک نییە، زۆربەی هونەرمەند و نووسەر و رۆژنامەنووسەکانیش لە ئاستی ئەو پیسخۆریی و ناپاکییەدان.
مرۆڤی سووک، سووکایەتیی پێناکرێت، ئەوە خۆیەتی پێی وایە، ئەگەر بە دۆلار گیرفانی پڕکرد، ئیتر کێشی قورس دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە