له‌ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان خەڵك خۆی یه‌کلاده‌کاته‌وه‌

Saturday, 11/04/2009, 12:00

1970 بینراوە


هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگا و ئەنجومەنى شارەوانى،ئەو برۆسە دیموكراتیەیە كە گەل لە رێگەى دەنگەكانیەوە بۆ ماوەى چەند ساڵێك نوێنەرى خۆى هەڵدەژێرێت و لە رێگەى نوێنەراكانیەوە لە ئەنجومەنانەدا بە شێوەیەكى ناراستەوخۆ بەشدارى لە بەرێوەبردنى كارى وڵاتەكەیدا دەكات،ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە لایەكەوە چالاكى دیموكراتى خەڵكە،لە لایەكى ترەوە بنەمایەك و كردارێكى گرنگى سیستەمى دیموكراتی وڵاتە،چالاكى دیموكراتى خەڵك و سیستەمى دیموكراتى، بۆ پاراستن و پێشخستنى گوزەران و دەسكەتى هەر پێكهاتەیەك گرنگن،لاى هەموو لایەكیش ئاشكرایە كە لەم سەردەمەدا سیستەمى دیموكراتى وچالاكى دیموكراتى گەلان لە چارەسەركردنى كێشەكاندا جارى سەركەوتنى خۆیان داوە،بۆ هەرێمى كوردستانیش باشترین سیستەم و چالاكین كە بۆ چارەسەر كردنى كێشەى كورد و بۆ پارستنى دەسكەوتان و بۆ بەدەستهێنانى دەسكەوتى تر دەبێت سودیان لێوەربگیرێت.
لە دواى راپەرینى بەهارى 1991 تا ئەمرۆ، كارو بارى سیاسى و ئیدارى و ئابورى گەلى كورد لە بەشێكى خاكى ئازادكراوى باشورى كوردستاندا،لە رێگەى دەسەلاتى كوردیەوە بەرێوەدەبرێت،دەسەڵاتى كوردیش لە باشورى كوردستاندا خۆى بە دەسەلاتێكى دیموكرات دەناسێنێ،زۆرینەى خەڵكى كوردستانیش كە لە دەرەوەى حزبە دەسەڵاتدارەكان ماوەتەوە،دەسەلاتى باشورى كوردستان بە دەسەڵاتێكى نادیموكرات ناودێنێ،سیستەمى دیموكراتیش پێناس و پێوانە و بنەماى تایبەتى خۆى هەیە،ئەگەر ئەو بنەمایانە لە بەرێوەبردنى كارەكانى دەوڵەت و كۆمەڵگادا رەنگبدەنەوە،ئەوكات دەتوانرێت ناو و پێناسى دیموكرات لە سیستەمى بەرێوەبردنى ولاتێك بنرێت،ئەگەر بنەماكانى سیستەمى دیموكراتیش لە سیستەمى سیاسى و ئیدارى و ئابورى و كۆمەلایەتى هەر ولاتێك و هەرێمى باشورى كوردستانیشدا نەبینران،ئەو كات ناكرێت سیستەمى حوكمرانى ئەو ولاتە و هەرێمى كوردستان بە سیستەمێكى دیموكرات بناسرێت.
گرنگترین بنەماى سیستەمى دیموكراتى ئەمانەن : دەستور،یاسا ،جیاكردنەوە و سەربەخۆیى دەسەڵاتەكانى یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرى، هەڵبژاردنى یاسایى و دیموكراتى ،دەستاو دەستكردنى دەسەلات،دیاردەى فرحزبى و ئازادى رادەبرین و ئازادى خۆرێكخستن وپاراستنى مافى مرۆڤە.
ئەگەر سەیرى ئەو بنەماو پێویستیانەى سیستەمى دیموكراتى بكەین و ببینین كام لەو بنەمایانە لە بەرێوەبردنى ژیانى سیاسى و كۆمەلایەتى و ئابورى و ئیدارى هەرێمى كوردستاندا جێبەجێدەكرێن و بە گوێرەى ئەو بنەمایانە ئەزمونى 18 هەژدە ساڵى حوكمرانى هەرێمى كوردستان تاقی بكەینەوە،حوكمرانى هەرێمى كوردستان نەك هەر لەو تاقیكردنەوەیەداپلەى دەرچون وەرناگرێت،بەڵكوو ناو وپێناسى سیستەمى نیمچە دیموكراتی و كۆلكە دیموكراتیشى پێنابەخشرێت.لە ماوەى هەژدە ساڵدا دەسەڵاتى كوردى كار و بارى هەرێمى كوردستان بە بێ دەستور بەرَیوەدەبات،ئەو یاسایانەى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان دەریكردوون سەرەراى كەم و كورتیان زۆربەى كات جێبەجێناكرێن،یاساكانى عراقی كۆن و عراقى نوێش ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندى دەسەلاتداراندا بێت جێبەجێدەكرێن،ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندى دەسەلاتداراندا نەگونجێن جێبەجێناكرێن،ئازادى رادەربرین و ئازادى پێكهێنانى رێكخستنى سیاسى و ئازادى راگەیاندن بە شێوازى جیا جیا سنورداركراون،پرنسیپى دەستاودەستكردنى دەسەلات زۆر بە لاوازى ماوەتەوە و حزب دەستى لە بینەقاقاى دەسەلاتەكانى بەرێوەبردن و یاسادانان و دادوەرى گیركردووەو و نوزەی لێبڕیون،رۆژانە مافى ئەو كەسانە پێشێلدەكرێت كە ئەندام و كادرى حزبە دەسەڵاتدارەكان نین و هەرێمى كوردستان بۆتە شوێنى تیرۆكردنى ژنان و هەڵهاتنى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات.
لە بەرامبەر ئەو رەوشە نادیموكراتیەى كە لە لایەن دەسەڵاتى كوردیەوە بە سەر هەرێمى كوردستانَداسەپێنراوە،گەلى كورد لە ئاستى ناوخۆییدا،دەوڵەتى عراق لە ئاستى عراقدا و دۆستەكانى كورد لە ئاستى نێونەتەوەییدا،هەڵوێستى رەخنەگرانە نیشاندەدەن و كار بۆ گۆرین و دیموكراتیزەكردنى سیستەمى سیاسى هەرێمى كوردستان دەكەن.پاش سێ مانگ لە هەرسێ پارێزگاكەى سنورى هەرێمى كوردستاندا هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەنجام دەدرێت،حزبە دەسەڵاتدارەكان(پارتى و یەكێتى) بە یەك لیست لەو هەڵبژاردنە دا بەشداری دەكەن،ئامانجیان ئەوەیە كە بە هەر شێوەیەك بێت هێند دەنگ بەدەستبێنن بۆ ماوەى چوار ساڵى تر درێژە بە حوكمرانى خۆیان بدەن،لە بەرامبەردا تاك و پێكهاتە نارازیەكانى كۆمەڵگاى كوردستان ئامادەكارى بۆ ئەوە دەكەن لە بەرامبەر لیستى پارتى و یەكێتیدا لە چوار چێوەى لیستى جیاداخۆیان رێكبخەن ولە هەڵبژاردنى پەرلەماندا بەشدارى بكەن،ئامانجی ئەم لیستانەى تر ئەوەیە كە هێندە دەنگ بە دەستبهێنن دەسەلاتى پارتى و یەكێتى لاواز بكەن و گۆرینى سیستەمى سیاسى هەرێمى كوردستانى گەرەنتى بكەن.كەوابوو لەماوەى چەند مانگى ئایندەدا تا كۆتایى حوزەیران ململانێیەكى سیاسى و راگەیاندنى وجەماوەرى یاسایى لە نێوان لیستى پارتى و یەكێتى و لیستەكانى تردا بۆ بە دەستەوە گرتنى دەسەڵاتى سیاسى هەرێم دەستپێدەكات،پارتى و یەكێتى كار بۆ پارستنى ئەم رەوشەى ئێستەى كوردستان دەكەن لیستەكانى تریش كار بۆ گۆرینى ئەم رەوشە ئێستەى كوردستان دەكەن،گرنگترین لایەنى بریاردەر لەم ململانێیەدا خەڵكى كوردستانە،ئەو خەڵكەى كە ماوەى چەندان ساڵە لە لایەن دەسەلاتى حزبیى پارتى و یەكێتیەوە بە شێوەیەكى نادادپەروەرانە كاروبارەكانى بەرێوەدەبرێت و بە شێوازى جیاواز مافەكانى پێشێل دەكرێت و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكانى ئاو و كارەبا و تەندروستى وەك پێویست بۆ دابین ناكرێت و لە چاو قوربانیەكانیدا مافە سیاسیەكانى لە ئاستێكى هەرە نزمدان،لە هەڵبژاردنى ئەمساڵى پەرلەمانى هەرێمى كوردستاندا، كاتى ئەوە هاتوە خەڵك بچێتە سەر سندوقەكانى دەنگدان و دەنگی خۆى بدات بەو لیستانەى كە داواى گۆرینى سیستەمى سیاسى هەرێم دەكەن و بەرنامەى دژە گەندەڵیان دارشتووە و دژى لیستى پارتى و یەكێتى وەستاون،بەم شێوەیە خەڵكى كوردستان لە لایەكەوە سزاى ئەو حزبە دەسەلاتدارانە دەدات كە ماوەى چەندان ساڵە پلەو پایەى سیاسى هەرێمى كوردستانیان بۆ خزمەتكردنى خۆیان و توێژێكى تەسكى حزبى خۆیان بە كارهێناوە و زۆرینەى خەڵكى كوردستانیان لە بیابانى نادادپەروەرى و بێ ئۆمێدیدا فڕێداوە،لە لایەكى ترەوە نوێنەرێكى تر بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن كە باشتر خزمەتیان دەكات و باشتر لەگەڵ ئیش و ئازارەكانیان دەژیت،ئەبێت هەڵوێستى گەلى باشورى كوردستان وەك هەڵوێستى خەڵكى ئەمریكا بێت كە لە 3-11-2008 دا لە رێگەى سندووقى دەنگدانەوە متمانەیان لە حزبەكەى جۆرج بووش سەندەوە و دەنگیان بە كاندیدەكەى نەدا، لە بەر ئەوەى لە سیاسەتى نوێنەرى حزبى كۆمارى (سەرۆك جۆرج بووش) رازى نەبوون وبۆ تۆڵەكردنەوە لە سیاسەتە چەوتەكانى حزبى كۆمارى،دەنگیان بە لاوێكى رەشپێستى حزبى دیموكراتى ئەمریكى دا.ئەبێت هەڵوێستى گەلى باشورى كوردستان وەك هەڵوێستى خەڵكى عراق بێت كە لە كۆتایى مانگى یەكى 2009 دا،كاتێك هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى عراق بەرێوەچوو،زۆرینەى خەڵكى عراق چوونە سەر سندووقى دەنگدان و بە گوێرەى ویست و بەرژەوەندى خۆیان نوێنەرى خۆیانیان لە پارێزگاكاندا هەڵبژارد،لەو هەڵبژاردنەدا بینرا كە خەڵكى عراق ئیرادەى گۆرینى نوێنەرەكانی خۆیان هەیە،دەنگیان بە كۆمەڵێك كەسایەتى و لایەنى سیاسى دا كەپێشتر دەسەلاتدار نەبوون،خەڵكى عراق لە سەر بنەماى ناسنامەى حزبى و مەزهەبى نوێنەرى خۆیان لە ئەنجومەنى پارێزگاكاندا هەڵنەبژارد،لە سەر بنەماى بەرنامەى لیستەكان و رادەى دڵسۆزى و خزمەتكردن دەنگیان بە نوێنەرى خۆیان دا.ئەبێ هەڵوێستى خەڵكى باشورى كوردستان وەك هەڵوێستى خەڵكى باكورى كوردستان بێت كە لە هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى توركیاو باكورى كوردستان لە رۆژى 29-3-2009 دا،دەنگى خۆیان نەدایە پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار،لەبەر ئەوەى بۆیان دەركەوت كە حزبى ناوبراو نوێنەرایەتیان ناكات و دەیەوێت لە ژێر پەردەى ئاینى ئیسلامدا كێشەى كورد ئیحتوا بكات و كورد بكاتەوە پێكهاتەیەكى پەراویزخراوى سەردەمى دەولەتى عوسمانى و بۆ خزمەتكردنى تورك بە كاریبهێنێت،خەڵكى باكورى كوردستان دەنگیان دایە پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى و گۆرانكاریەكى بە هەندیان ئەنجامدا.ئەمانە چەند نموونەیەكى زیندووى هەڵبژاردن بوون كە لە ئاستى جیهان و عراق و كوردستاندا لە ماوەى چەند مانگى رابوردوودا بەرێوەچوون و تیایاندا گەل سزاى حزبە دەسەڵاتدارەكانى داو نوێنەرێكى نوێى بۆ خۆى هەڵبژارد،گەلى باشورى كوردستانیش بەشێكى زیندوو و دانەبراوى گەلى كورد و عراق و كۆمەڵگاى نێونەتەوەییە،دەبێت لە تێكۆشانى دیموكراتى و شارستانیدا چاو لە تێكۆشانى خەڵكى باكورى كوردستان و عراق و ئەمریكا بكات،بەوپەرى دڵسۆزیەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستاندا بكات و نرخ و پێگەى خۆى لە ناو گەلى پارچەكانى ترى كوردستان و عراق و جیهاندا جێگیر بكات و كار بۆ گۆڕان و گەشەكردنى سیستەمى سیاسى و ئابورى و كۆمەلایەتى وڵاتەكەى بكات.
  8-4-2009
.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە