گۆڕان دوایین جەڵدەى دەماغە بۆ پارتى

Friday, 17/07/2009, 12:00

2361 بینراوە


بڕیاربوو كە لیستى گۆڕان رۆژى هەینى كەرنەڤاڵێك بۆ دۆستان و لایەنگرانى لیستەكەى لە شارى هەولێر سازبدا، لێ مخابن بە هۆى رێگرى هەندێك لە لایەنگرانى لیستى كوردستانى و بە دنەدانى سەروو خۆیان تەواوى پۆستەر و فلێكسەكانى لیستى گۆڕانیان لە سەر شەقامى كەسنەزان هەولێر لێكردبوویەوە و پەلامارى لایەنگرانى لیستى گۆڕانیشیان دابوو، وەلێ لیستى گۆڕان پیاوانى ئاسایشى شارى هەولێریان لەو كارە ناشارستانى و نەشیاوە ئاگادار كردبووەیەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە پیاوانى ئاسایش نەیانتوانیبوو ئەو پەلامارەى لایەنگرانى لیستى كوردستانى بۆ سەر لایەنگرانى لیستى گۆڕان رابگرن! ئەمەش خۆى لە خۆیدا جێى پرسیار و تێڕامانە، كە ئایا ئاسایش ئەو توانا و دەسەڵاتەى نییە؟! یاخود دەمانباتە سەر ئەو رایەى كە ئاسایش لەم هەڵمەتى هەڵبژاردنەدا نەیتوانیوە خۆى بێ لایەن بكات؟! لێرەشدا ئەوە وەبیر پیاوانى ئاسایشى شارى هەولێر دەهێنمەوە، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە لایەن ئاسایشێكى بیر كۆڵى پارتیەوە هەڕەشەى كوشتنم لێكرا، ئیدى منیش ئاسایشم لەوە ئاگادار كردووە و وتیان بانگى دەكەین، لێ كە بانگیان كردبوو دەستخۆشیان لێ كردبوو! لێرەوە من سوپاسى (عەمیدى ماف عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارى هەولێر) دەكەم، كە بە هاناى منەوە هات و پشتگیرى و پاراستنى گیانى منی وەك رۆژنامەنووسێك گرتە ئەستۆى خۆی.
دەبێت لایەنگرانى لیستى كوردستانى ئەوە بزانن، كە لیستى گۆڕان هەڵقوڵاوى ناخى توڕەى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانە، كە 18 ساڵە لە لایەن دەسەڵاتێكى خۆماڵیەوە دەچەوسێنرێینەوە، 18 ساڵە سوكایەتى بە مرۆڤ بونمان دەكرێت، 18 ساڵە سەروەت و سامانى ئەم گەلە دوو گروپ و هەندێك لە ئەعوانەكانیان سودمەند بوون لێى دەبرێت.... هتد
ساڵى 2005 و هەڵبژاردنەكانى عێراق لە شارى هەولێر ئەیاد عەللاوى دەنگێكى بەرچاوى هێنا، بە تایبەت لە عەنكاوە، ئەو لایەنگرانەى لیستى كوردستانى لەكوێ بوون تا عەنكاوە بەردباران بكەن و رێیان لێ بگرن؟! گەر لە روانگەیەكى ترەوە خوێندنەوە بۆ ئەیاد عەللاوى و لیستى گۆڕان بكەین، ئەوكات دەبێت بزانین كە ئەیاد عەللاوى كەسێكى عەرەبە، لێ كەسایەتیكى وەك نەوشیروان مستەفا كە سەرۆكى لیستى گۆڕانە، رۆڵەى ئەم گەلەیە و كوردە و لە ساڵى 1976ەوە تا ئێستا لە خەبات نەپساوە بووە و یەكێكە لە هەرە تێكۆشەرەكانى كوردستان و مێژوویەكى پرشنگدارى لە شۆڕشى نوێى گەلەكەماندا تۆماركردووە، هاوكات نەخشەى راپەڕینى ساڵى 1991یش ئەو زاتە لە رێى شانە نهێنیەكانى بروسكەوە كێشابووى، ئەم ئازادیەى ئێستاش بەرهەمى ئەقڵ و تێكۆشانى ئەوە. لە كاتێكدا نەوشیروان مستەفا شۆڕشى كردووە پارتەكانى تر بە تایبەت پارتى لە ئێران وەك فەرمانبەر مووچەخۆرى شا بوون و هیچ ئیمانێكیان بە مەسەلەى كوردى نەمابوو، دەبێت میللەتى كورد لەوە تێبگات كە چۆن كەسێك رێ بەخۆى دەدات رێكلام بۆ لیستەكەى خۆى بكات، بە هەمانشێوەش دەبێت زۆر پێشى ئاسایى بێت كە بەرامبەرەكەشى رێكلام بۆ ئەو لیستە بكات، كە هەڵقوڵاوى ناخیەتى، نەك بە شێوەیەكى دیكتاتۆریانە و بەو شێوەیەى كە لە شارى هەولێر روویدا و پەلامارى لایەنگرانى لیستى گۆڕان درا و نووسینگەیەكى لیستى گۆڕان لە گەڕەكى شێخ ئەحمەدى هەمان شار بەرد باران بكرێت!
ئێمە دەزانین كە لە ناو حیزبێكى خێڵەكى وەك پارتیدا كە تاك رەئی تێیدا بۆتە میتۆدێك بۆ سەركوتكردنى لایەنگران و نەیارانیشیان، مێژووى ئەو حیزبە و نووسینى رۆژنامەنووس و نووسەرە ناوخۆیى و دەرەكیەكان لەمەڕ سیاسەت و جوڵانەوەى پارتى شاهێد و نموونەى زیندووى تاك رەئى و بەرامبەر قبوڵ نەكردنى ئەو حیزبەن، ئەوەتا ئەمڕۆش ناخى حیزبەكە لایەنگرانیان بەرامبەر لیستى گۆڕان تەفریغى دەكەن. محەممەد خاتەمى بیرمەندى سیاسیى ئێران لەمەڕ بوونى تاك رەئى سەركردە دەڵێت: "هەر كۆمەڵگایەك چاوەڕوانى تەنها تاكە سەركردەیەك بێت، ئەوا ئەو كۆمەڵگایە كۆمەڵگایەكى بەدبەختە"، بەم پێیە بێت پارتى و خودى سەركردەكەى هەردەم لە هەوڵى بەدبەختكردنى كۆمەڵگە هەوڵیان داوە، هەرگیز نەیانویستووە كۆمەڵگە پێشكەوتن بە خۆیەوە ببینێت و تێیدا كۆمەڵگە ئازادانە بیر و راى خۆى دەربڕێت! نموونەى لێكجیابوونەوەى ساڵى 1964و باڵى مەكتەبى سیاسیى لە پارتى بەڵگەن بۆ بوونى ئەو زەبر و زەنگەى كە سەركردایەتى پارتى ئەوكات و ئێستاشى لەگەڵدابێت پیادەیان كردووە، هەرگیز بیر و راى بەرامبەریان قبوڵ نەبووە، هاوڕێیەكم زۆرجار دەیگوت: "بۆت هەیە دوو كیسە چیمەنتۆ ببەیتە مەسیف، بەڵام ناتوانى زەرفێ فكرە ببەیت".
ئەوەى ماوە بوترێت ئەوەیە، كە دەبێت پارتى و پارتیەكانیش بزانن كە گۆڕان هەڵقوڵاوى ناخى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانە و هەرگیز نە بە هەڕەشە نە بە كوشتنیش هێز نییە بتوانێت بەرى پێبگرێت، بەڵكو رۆژانە لە هەڵكشاندایە و خەڵكى بە ویژدانى شارى هەولێریش وەك هەورامان محەممەدى نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: "هەولێر بۆمبێكى تەوقیتكراوى بێ دەنگى دەنگدانە"، لەدواى نەهێشتنى ئەو كەرنەڤاڵەى لیستى گۆڕان ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، كە پارتى گۆڕان بە جەڵدەى دەماغى خۆى دەزانێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە