روونکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌واڵێکی ناراستی کوردستانپۆست

Thursday, 03.11.2010, 12:00

1294 بینراوە


محییه‌دین پاڵانی له‌ رێکه‌وتی 8ی 3 ی 2010 ی زایینی ئاگادار کرامه‌وه‌ که،‌سایتی "کوردستان پۆست "کۆمه‌ڵێک تاوان و بوختانی وه‌پاڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران داوا و ئیدعای کردوه‌و که‌ گوایه‌،حیزبی دیمۆکرات داوای له‌ ئه‌ندامانی کردوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عێراق دا به‌ قازانجی لیستی هاوپه‌یمانی ده‌نگ بده‌ن !
من که‌ بابه‌ته‌ بێ سه‌ره‌و به‌ره‌که‌م خوێنده‌وه‌، ده‌ست به‌جێ چاوم له‌ داوینی به‌ قه‌وڵ هه‌واڵه‌که‌ کرد تا هه‌والنیر یان باشتر بڵیم " سرباز گمنام 'ه‌ که‌ بناسم و بزانم کییه‌ ئه‌و پاڵه‌وانی ویژدان ساقه‌ وا که‌شف و که‌رامه‌تی نواندوه‌ و مه‌چه‌کی به‌ قه‌وڵی خوی دز و ساخته‌چی له‌ کاتی که‌تنا گرتووه‌.به‌ داخه‌وه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ تیر دیاره‌ و ساحیب تیر له‌ حه‌شاره‌. وا دیاره‌ ده‌بێ زیاره‌تی رووی موباره‌کی ئه‌ویشمان له‌ ز‌هووری مه‌هدیدا به‌نسیب بێت.ئه‌وه‌ی بۆ کشت لا روونه‌، ئه‌م سایته‌(سه‌ر بێ خێوه‌) له‌ که‌تنێک په‌ند وه‌رناگرێ و لاقی خۆشناوی لێ هه‌ڵکردوه‌.بۆیه‌ من رووی قسه‌م ناکه‌مه‌ ئه‌وان و ته‌نیا به‌ حورمه‌تی بیرو ڕای گشتی خه‌ڵکی کوردستان و ڕوونکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌و روونکردنه‌ویه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌.
" سرباز گمنام 'که‌ی کوردستان پۆست هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ بێحورمه‌تی و سووکایه‌تی پێکردن ده‌ستی پێکردوه‌وه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و جێگایه‌ که‌" وینه‌ی ئیمامی له‌ مانگ دا دیوه‌ و" به‌قوڵی خۆی دوو به‌ڵگه‌ی دادگا په‌سه‌ندی له‌ پێوه‌ندی له‌ ته‌ک ئیدعاکه‌ی دا وه‌چنگ که‌وته‌وه‌:
1- حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران ،دۆستان و ئه‌ندامانی خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ به‌ ته‌سکه‌ره‌ی پارتی و یه‌کیتی هێناوه‌ته‌ باشووری کوردستان تا ده‌نگ بۆ لیستی هاوپه‌یمانی بده‌ن!! دواتر کوردستان پۆست وه‌ک وه‌ی ویستوویه‌تی بڵێ کوردم ،کڵاوی خۆی کردوه‌ته‌ قازی ودانی پێدا ناوه‌ و وتوویه‌تی بۆ ئه‌و تاوانه‌یان به‌ڵگه‌مان نیه‌! ئیمه‌ش ده‌ڵێن "فیدای سه‌ری خۆت قه‌یدی نیه‌ ئه‌وه‌یان فت ! "
2- گوایه‌ من محییه‌دین پاڵانی ،نه‌ک پاوانی ، راوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران ،نیشته‌جی له‌ ڤانکۆڤیری کانه‌دا ، هه‌وڵم داوه‌ به‌ که‌لک وه‌رگرتن له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی عیراقی له‌ گه‌ڵ کۆمه‌لیک که‌سی تر، وه‌ک عیراقی له ده‌نگدان دا به‌شدار بم و، به‌ بریاری حیزبی دیمۆکرات ده‌نگ بۆ لیستی هاپه‌یمانی کوردستان بده‌م .دواتر گوایه‌ پێشم گیراوه‌ نه‌یان هیشتوه‌ ده‌نگ بده‌م و ده‌ستم روو بوو په‌رده‌ له‌ سه‌ر ته‌زویر کاری پارتی و یه‌کیتی ده‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ !!
من لیره‌دا نامه‌وێ بچمه‌ سه‌ر باسی ئه‌و هه‌موو جنیو و بێحورمه‌تییانه‌ که‌ له‌و به‌ ناو هه‌واڵه‌دا هاتوون. به‌ دوو هۆی زۆر روون .یه‌که‌م، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌و زمانه‌ پڕ ره‌مز و ڕازه‌ شاره‌زانیم و لێده‌گه‌ڕیم بۆ پسپۆرانی .دووه‌م، چون دلنییام له‌ حافزه‌ی مێژووی و داوه‌ریی ئه‌خلاقی خه‌ڵکی وشیاری کوردستان به‌گشتی.بۆیه‌ زۆرتر قسه‌م له‌ سه‌ر ئه‌سڵی بوختانه‌که‌ چڕ ده‌که‌مه‌وه‌.
1- من له‌بنه‌ره‌ت را ئه‌سڵی هه‌واڵه‌که‌ ره‌د ده‌که‌مه‌وه‌ و به‌ درو و هه‌ڵبه‌ستراوی ده‌زانم.هه‌ر که‌س و لایه‌نیک له‌ چاوه‌دێرانی سندووقه‌کانی ده‌نگدان، کورد یان عه‌ره‌ب،من یا هه‌ر ئه‌ندامێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان له‌ ڤانکوڤری کانه‌دا دیوه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌نگدان روومان له‌ سندوقه‌کانی ده‌نگدان کردوه‌،با نه‌ترسانه‌وه‌ راستوێژانه‌ له‌ رووماندا راوه‌ستێ و شاهیدی بدات تا خه‌ڵکی کوردستان باشتر له‌ راستی ئیدعاکان ئاگادار بن. به‌ نه‌بونی شاهید و به‌ڵگه‌ (که‌ دڵنیام بوونی نیه‌) پێم وایه‌ "سرباز گمنام "ه‌که‌ی کوردستان پۆست داوای لێبوردنێکی تر به‌ حیزبی دێمۆکرات قه‌رزار ده‌بێت.
2- حیزبی دیمۆکرات هه‌موو ده‌م پایبه‌نده‌ به‌ پرنسیبی و ئه‌سلی ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ کاروباری به‌شه‌کانی تری کوردستان ورێزدانان بۆ سه‌ربه‌خۆی بریاردانی تیکۆشه‌رانی پارچه‌ جیاوازه‌کانی تری کوردستان.ئه‌م حیزبه‌نه‌ک هه‌رگیز خۆی له‌ کاروباری نێوخۆی هیچ به‌شێکی تری کوردستان هه‌ڵنه‌قورتاندوه‌،به‌ڵکوو تا له‌ ده‌ستیشی هاتوو له‌ به‌جێ گه‌یاندنی‌ ئه‌رکی برایه‌تی بێ چاوه‌ڕوانی درێخی نه‌کردووه‌ و مێژووش بۆ ئه‌م ئیدعاییه‌ شاهیده‌. ئێمه‌ له‌ کاتێک دا که‌ له‌ دڵه‌وه‌ پیرۆزبایی ئه‌و ده‌سکه‌وه‌ته‌ مه‌زنانه‌ له‌ براکانمان له‌ باشووری کوردستان ده‌که‌ین، له‌وه‌ش دلنیان که‌ ئه‌وان قاڵ بووی مه‌یدانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانین و به‌ لێزانی و وریای و برایه‌تی ده‌توانن پارێزه‌ر و داکۆکیاری چاکی ده‌سکه‌وته‌ دیمۆکراتیک وئینسانیه‌کانی ده‌یان ساڵ خۆێن و کئمیاباران و ئه‌نفالکرانی کوردی ئه‌و به‌شه‌ی ‌کوردستان بن.ئه‌وه‌ش باش ده‌زانین که‌ ئه‌وان بێجگه‌ له‌ دڵسۆزی هیچ چاوه‌روانیه‌کی ترییان له‌ ئێمه‌ نییه‌.
له‌ کۆتایی دا،من جاریکی دیکه‌ دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ بنه‌ره‌ت را درۆیه‌ و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران، به‌ یه‌ک چاو،چاو له‌ هه‌موو قه‌واره‌ کوردییه‌کانی به‌شدار بوو له‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عیراق دا ده‌کات و ئاواتی سه‌رکه‌وتنی هه‌مووانه‌ له‌ خزمه‌ت به‌خوشک و براکانمان له‌و پارچه‌ ئازاده‌ی کوردستان.

راوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران
محییه‌دین پاڵانی
9ی 3ی 2010 ی زایینی ڤانکۆڤر کانه‌دا
چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر