زەمەنی ڕاسیزمی دینی

Friday, 14/09/2012, 12:00

1211 بینراوە








11 ی 9ی2001 سەرەتای مێژویەکی پڕاوپڕ لە جەنجاڵی بەرهەم هێنا، ئەو هێرشە تیرۆریستیەی لەو ڕۆژەدا ڕویدا، بوو بە هۆکاری وەرچەرخانێکی مێژویی تایبەت و، پەخش کرا بەسەر کۆی جیهاندا. لێرەدا تەنها مەبەست لە ڕوخان و تیاچونی چەند هەزار لە مرۆڤ و تاوەرەکە نیە- تا لەوێوە تۆڵەی ئەو زەرەرە مادیی و مەعنەویانە بکرێتەوە لە هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، ئەوە تەنها هۆکارێک بوو بۆ دەست بردنی زلهێزی جیهان بۆ خۆخستنە نێو جەنگێکی بێکۆتایی دژی ڕێکخراوی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی- ئەلقاعیدە، کە خودی ئەمریکاو سیاسەتی سەرمایەداری لە پشت دروست بونی و هیدایەت کردنیەوە بوون. دیارە لای زۆربەی سیاسەتمەدار و خەڵکانی بەئاگا لەم جیهانە تۆقێنەرەی سیستەمی سەرمایەداری ڕابەرایەتی دەکات، ئاگادارن لەوەی هەر لە دوای شکست و کۆتای هاتنی بلۆکی شورەوی، ئیتر کۆی هێزهاوسەنگیەکان دەبوا بە مەنزڵێکی دیکە بگەن و بشتوانن خۆیان لە کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەری و قەیرانەکانی خودی سیستەم ڕزگار بکەن. بۆ زلهێزێکی وەک ئەمریکاش باشترین دەرفەت کە چیتر مەسەلە ناسیۆنالیستیەکان کەم کەم ئاستی قودسیەتی خۆیان لە دەست دەدا لە جیهاندا،نەدەتوانرا بکرێنە هۆکارێک بۆ دەست بردن لە کاروباری وڵاتانی ژێردەستدا تا ئەوەی بە ئاسانی ئاڵوگۆڕ بکەن لە دەسەڵاتەکانیاندا. دیارە سیستەمی سەرمایەداری بۆخۆی لەسەر ئەساسی قازانج کردن و گەڕان بە شوێن ساغ کردنەوەی کاڵاکان و دواتریش هەوڵدان بۆ دەستخستنی مادە خاوەکان کە پێویستی بەرهەمهێنانی گشتی دیاری دەکەن، بەردەوام و بێ وەستان دەخوازێت ئەو دوو جۆرە لە هەرزان دەستکەوتن و گران فرۆشتن وەدست بخات و بە جێیان بگەیەنێت. لەم حەڵەتەشدا بۆ ئەم سیستەمە، مانەوەی سنور کارێکی بێمانا دەبێت لەبەردەمیدا. بۆوەدەستخستنی ئەم کۆ ئاڵوگۆڕە وە بۆ وەدستخستنی قازانجی زیاتر کە لەبەرانبەریدا خودی چینێکی کۆمەڵایەتی گەورە هەمیشە لە قازانجی ئەودا، چەوساندنەوە و زەرەری خۆی دەبینێتەوە، گەر هات و ئەم حاڵەتانە بە شێوازێکی دوور لە پشێوی و دەردی سەری کاری خۆی کرد، ئەوکات بەناچاری ئاستی ناڕەزایەتی چینی بەرانبەر بەرز دەبێتەوە و داوای مافی خۆیان دەکەن و خەباتی سیاسی و ئابوریان پەرە پێدەدەن، لە کاتێکی وادایە کە خودی سیستەم تا ئەوەی ئەو ڕوبەڕوو بونەوە چینایەتیانە ڕونەدات و بەریان پێبگرێت، هەردەم پلانەکانی وا دادەنێت کە جەماوەری زۆرینە بخاتە نێو ئیحساساتی دینی و ڕەگەز پەرستیەوە، بۆیە بەرپاکردنی جەنگ یەکێکە لە مەهامە گرنگەکانی خودی ئەم سیستەمە ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیەی، نیزامی سەرمایەداری.

زیندوو کردنەوەی ڕاسیزمی دینی و پەرەسەندنی خودی بزوتنەوە ئیسلامیەکان لە جیهانی عەرەبی و وڵاتانی بەناو ئیسلامیدا، بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ دوای هێرشی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١. لەلایەکی ترەوە سەرجەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات خۆیان وا پێناسە دەکرد کە ئەوان پێکهاتەیەکی ناسیۆنالیزمی مەدەنین و بەشێکی سەرەکین لە بنیات نانی سکولاریزم لە نێو کۆمەڵگاکاندا، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاست بوو، تەواوی دەسەڵاتەکان دیکتاتۆری بوون و هەردەم گرێدراوی تەواوی خواستەکانی زلهێزانی جیهان بوون بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. هەر خودی ئەم دەسەڵاتانەش بەشێک بوون لە تەوەوری بردنە پێشی کایە مەزهەبیەکان و کەم تا زۆر دروست کردنی ڕاسیزمی دینی و تائیفی لە وڵاتەکانیاندا. خۆ ئەگەر ئەو دەسەڵاتانە مەدەنی بونایە و پەروەردەی کۆمەڵگایان بە شێوەیەکی دروست لە ئەستۆ بگرتایە، ئەو کات خودی بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکانیش نەیان دەتوانی وەک ئێستا پەرە بستێنن. گەر لە وڵاتانی ئەوروپا بڕوانین، دەبینین ئەوەی کە وای کردوە ڕاسیزمی مەسیحی نەتوانێت بچێتە پێشەوە، ئەوە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو حیزب و بزوتنەوە جەماوەریە مەدەنیانەی لە خەباتی بەردەوامدا بون، تا ئەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵایەتی بچێتە سەرەوە، بە فیعلیش ئەو کارەیان کرد و دەستی ڕاسیمی مەسیحی تا دێت کورت دەبێتەوە. هەرچی هەوڵدەدات بێتەوە مەیدان، ناتوانێت جێگای خۆی بکاتەوە لە نێو دیدی زۆرینەی کۆمەڵگادا.

هەر لە دوای تێکشکان و نەمانی بلۆکی شورەوی کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ ناسێنرا بە کۆی کۆمەڵگاکانی جیها لە ژێر ناوی سۆسیالیزمدا و، بۆخۆی پەیڕەو کاری ناسیۆنالیزمی سەرمادەداری بوو لە ئەسڵدا، نەک نزیک بونەوەی لە ئەو بنەما سەرەکیانەی کە سۆسیالیزمی زانستی هەڵگریەتی. دوای ئەو مێژوە، وە خودی نیزامی سەرمایەداری هەردەم لە ڕێگای میدیا و کارە جۆراوجۆرەکانیەوە وای بە گشت جیهان نیشاندا کە ئەوە سۆسیالیزمە شکستی هێنا لە بەرانبەر بازاڕی ئازاد، وە بۆ هەمیشەش جیهانبینی سۆسیالیزم مرد و نەما، چونکە ئەو وڵاتەی لێوەی دامەزرا ڕوخاو و بەرگەی نەگرت. دیارە لە ساتێکی وادا کە کۆمەڵگاکان بۆ زیاد لە حەفتا ساڵ هەڵخەلەتاندنیان لە ژێر ناوی سۆسیالیزمدا و هەر لەوێشدا زیاد بونی ڕادەی هەژاری و بێکاری و دروست بونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و مافیا گەرا(لە دوای مردنی لینینەوە،مەبەستمە) لە ڕوسیادا بونی هەبوە، ئیتر هەروا کارێکی ئاسان نەبوو بۆ بزوتنەوەی کرێکاری تا بە ئاسانی خۆی لە ژێر داروپەردوی ئەو حەفتا ساڵەدا بێنیتە دەرەوە و دژی کۆی سیستەمی سەرمایەداری خەبات بکات و بە سەرجەم مرۆڤایەتیس بڵێت ئەوەی لە شورەوی ڕویدا سۆسیالیزمی زانستی نەبوو، بەڵکو لە ژێر ئەو ناوەدا بە کۆمەڵگاکان ناسێنرا. لێرەدا مەبەستم لەم تێکەل کردنە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانی بزوتنەوە توند ڕەو ڕاسیسیتەکانی ئاینی بەگشت شێواز و ڕەنگاوڕەنگەکانیانەوە.

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا و بەتایبەتیش وڵاتانی وەک ئەفگانستان و پاکستان، بونە جێگایەک کە بزوتنەوە سەلەفیەکان لە ژێر ناوی تالیبان و ئەلقاعیدەدا خۆیان تێدا پەروەردە کرد و هێزیان وەبەرخۆیاندا، بە پشتگیری وڵاتانی وەک ئەمریکاو سعودیە و قەتەر، بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ بەکارهێنانیان دژی مەدیی شیعی گەرایی لە ئێراندا، پێش ئەوەش دژی بلۆکی شورەوی لە ئەفگانستاندا بەکاریان هێنان کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ئەفگانستاندا بوو، لە کۆتایی دەیەی هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا.

درێژە کێشانی ئەم مەدە بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە خودی سیستەمی سەرمایەداری بە ڕابەرایەتی ئەمریکا تێیدا بوە، خودی ئەم مەدەش لە کز بون و سەربەرزکردنەوەدا بوە. جەنگی کاولکاری ئەمریکا بۆ سەر ئەفگانستان، لە دوای پەلاماری تیرۆرسیتیانەی سەر تاوەرەکانی ئەمریکا، بۆخۆی هێندەی تر بوو بەهۆکاری گەشە سەندنی ئیحساساتی دینی و سەردەرکردنەوەی خودی ئیسلامی سیاسی بە دژی ئەمریکا، تا کاتی قەیرانی دارای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ وە کە بەڕاستەوخۆ بەدیار کەوت، دەرئەنجامی هۆکاری جەنگی کاولکاریانەی دژی ئەفگانستان و عێراق، لە دوای ئەو ساتەشەوە ئاستی بێکاری و هەژاری بە شێوازێکی یەکجار زۆر ڕوی لە زیادبوون کردوە و و سەرجەم وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە. هەر خودی ئەو قەیرانە ئابوریەش هۆکاری سەرەکی خێراتر کردنی ڕاپەڕینەکانی کرد لە وڵاتانی عەرەبیدا، چونکە کاریگەریەکانی ئەو قەیرانە ئابوریە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هەژاریەکی بێسنور و بێکاری گەورە کە وای کرد خەڵکی هەژار لەو وڵاتانەدا دەست بەرن بۆ ڕیشەکێش کردنی دەسەڵاتە شمولیە بۆماوەکانیان. خودی ڕاپەڕینەکان کارێکی وای کرد سیستەمی سەرمایەداری بێنیتە لەرزین، لە کاتێکی وادایە ڕابەرانی ئەم سیستمە ناڕەوایە زوبەزوو کەوتنەخۆیان تا ئەوەی دەرئەنجامەکانی ڕاپەڕین بە دژیان نەبێت و بە هەرچ نرخێک بوە خودی دەوڵەت و پایەکانی ڕزگار بکەن، تا ئەوەی نیزامی سەرمایەداری بتوانێت خۆی لەسەرپێ ڕابگرێت. بۆ چارەسەریەکی ئاواش باشترین هێز، تەنها ئیسلامیەکان بوون کە پشتگیریان کرا لەلایەن دەسەڵاتی زلهێزی جیهانیەوە تا سەرکەوتنیان بۆ سەر کورسی دەسەڵات، لە ڕێگای هەڵبژاردنە ساختەکاریەکانەوە. ئایا بۆ دەسەڵاتی زلهێز دێت ئاوا بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری ئەو لایەنە دینیانە دەکات؟ ئاخۆ تەنها هۆکار ئەوەیە کە خودی خەڵکی ئەو لایەنانەی دەوێت؟ ئایا گەر سیستەمی سەرمایەداری بزانێت قازانج و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی سەرکەوتوو نابێت، دێت پشتگیری لایەنێک بکات تا سەرکەوتووبێت بەسەر لایەنەکانی تردا؟ ئایا خەڵکی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کێشەی دینیان هەبو یان کێشەی نەبونی ئازادی و نەبونی ژیانێکی شایستە کە دەستیان بۆ ڕاپەڕین برد؟ کێ بوون ئەوانەی دەستیان داوە ڕاپەڕین لە سەرەتادا؟ ئاخۆ لایەن و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان بون یاخود ئەو چینە زەحمەتکێش و بەرفراوانە بوو کە بۆ چەند دەیە بوو دەیناڵاند بە دەست دەسەڵاتی بنەماڵە دیکتاتۆرەکانەوە؟
زیندوو کردنەوەی بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکان بۆ ئەم زەمەنە باشترین جۆرن تا ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری بتوانێت ئامانجە سیاسی و ئابوریەکانی خۆی تێدا بپێکێت. خودی ئەم ڕاسیزمە دینیە، تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپاشدا ڕەنگی داوەتەوە و تا دێت بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیەوێت خۆی بسەپینێت بەسەر دیدی کۆمەڵگادا. بەهۆکاری ئەوەی بەشێکی سەرەکی لە نێو بێکاری و گرانیەکاندا کاریگەری ئەو دەیان ملیۆنە بێگانانەن کە ڕویان لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کردوە. بۆیە لێرەدا خودی ئەم ڕقە کوێرانەیە دەبێتە هۆکارێک هەم توند ڕەوی دینی زیاد دەکات و هەم تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنیت.
بەرهەمهینانی ئەو فلیمە سینەماییە کە بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری(سام باسیل) بەڕەگەز ئەمریکی ئیسرائیلی، بەرهەمی هێناوە، جارێکی تر ڕق و کینەی بەرەی ئیسلامی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا، هێندەی تر ئاستی ئەم ڕاسیستیە دینیە دەباتە سەرەوە. ئەوە خودی دەسەڵاتەکانن هەر لە ئەمریکاوە تا دەگات بە ئیسرائیل و دەسەڵاتی وڵاتانی عەرەبیش ئیدانەی ئەو کارە دەکەن. بەڵام کێ دەڵێت ئەو بەرهەمە دیسان بە قازانجی خودی سیستەمی سەرمایەداری تەواو نابێت؟ چونکە تا کەڵکەڵەی ئاینی لە م وڵاتانەدا ڕو لە زیاد بون بێت، بەو ئەندازەیەش جۆرێک لە فەوزای سیاسی و ڕق و تۆڵەسەندنەوە ش بە شوێن خۆیدا دەهێنێت و ئیحساساتی مەزهەبی لە نێو خەڵکی ڕەشوڕوتدا زیاتر دەکات. وەک لە ڕێگای تیڤیەکانەوە بینیمان لە لیبیا خەڵکی ئیسلامی پەلاماری سەفارەتی ئەمریکایان داو سەفیری ئەو وڵاتەیان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت، تا دەگات بە خۆپیشاندانەکان لە وڵاتانی دیکە. ئەم ڕاسیزمە دینیە دەتوانێت خەڵکی هەژار دور بخاتەوە لەو ئامانجەی کە ڕاپەڕینی بۆکرد تائەوەی دەستی نەگات بە ژیانێکی شایستە، لە سەرەوەش خودی دەسەڵاتداران مەست و دڵخۆشن بەدزینی سامانی کۆمەڵگا، ئیتر چ لایەنە ناسیۆنالیستەکان بن یاخود لایەنە دینیەکان کە لە دەسەڵاتدان. ئەم زەمەنی ڕاسیزمە دینیە زۆر دەخایەنێت، تا ئەو ساتەی چینی زەحمەتکێش خۆی دەناسێت و تێدەگات لەو هەڵخەڵەتاندنەی درێژە دەکێشێت. زەمەنێکە دیسانەوە نیزامی سەرمایەداری پێداویستیە قازانج بەخشەکانی خۆی تێدا قایم تر دەکات و هەڵسوڕانی خۆی درێژە پێدەدات.
بەختیار عەلی لە ڕۆمانی (کەشتی فریشتەکاندا، لەلاپەڕەی ٦٤دا) لە سەر زاری یەکێک لە کەساکانیەوە وتەیەکی بەپێز دەردەبڕێت کە دەڵێت(مرۆڤ گەر لە ساتی یەکەمدا نەیتوانی بەر بە دەردێک بگرێت، ئیدی بەر پێگرتنی ئاسان نیە،زۆرجار ئەو ساتە وردانە ڤایرۆسی وەهایان تێدایە، مرۆڤ دەبێت دەردو بیمارییان، تەواوی تەمەن، بەدوای خۆیدا ڕاکێشێت) لەم زەمەنی نیزامی سەرمایەداریە و ڕاسیزمی دینیەشدا هەروا دەردەکەوێت، ئەگەر بێت و ئەو چینە کۆمەڵایەتیە بەرهەمهێنەرە نەتوانێت ڕوبەڕووی ببێتەوە و دەستی سیستەم و ڕاسیزمی دینی، کۆتا بکات، ئەوا تا تەمەنی مابێت دەبێت کۆیللایەتی وخۆ هەڵخەڵەتاندنی خۆی، بەدوای خۆیدا ڕابکێشێت!!!!!!!!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە