سیناریۆ شارەوەکانی پشت ڕووداوەکانی دەڤەری بادینان!

Monday, 05/12/2011, 12:00

1977 بینراوە








سەرەنجام ململانێی نێوان پارتی و یەکگرتوو لە سەر هەژموونی سیاسی و جەماوەری لە دەڤەری بادیناندا، یان ڕاستر نیگەرانی پارتی لە کێرڤی سیاسی و جەماوەری ڕوو لە سەری یەکگرتوو لە دەڤەری بادینانداو بە دوای ئەویشدا ململانێی دەزگای خێرخوازی بارزانی و یەکگرتوو، بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشت کە ڕووداوە نەخوازراوەکانی ئەم دواییەی دەڤەری بادینانی لێبکەوێتەوە!
هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردوستان، بێئاگایی خۆیان ڕاگەیاند سەبارەت بە سوتاندنی مەیخانەکان و بارەگاکانی یەکگرتوو. یەکگرتوو بە ئەندازەی تاڵە موویەک پەیوەندی لە نێوان خۆی و ئەو جموجووڵە جەماوەرییەدا نابینێتەوە کە سووتاندنی سەیرانگاو ئوتێل و مەیخانەکانی لێکەوتەوەو تەنانەت ئەم کردەوە بە سیناریۆی پارتی دەزانێت، پارتی دیموکراتی کوردوستانیش بە هەمان شێوەی یەکگرتوو، سووتاندن و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو، بە پەرچەکردار وەسف دەکات و خۆی بە بەرپرس نازانێت لە بەرامبەریدا!
بەڵام هەڵسوڕانی سیاسی و سەربازی و ئیعلامی ئەم دوو هێزە لە دەورانی ڕابردوودا پێچەوانەی ئەم ئیدیعایەمان پێدەڵێت، پاشخانی سیاسی و فەرهەنگی ئەم دوو هێزە ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە هەم لایەنگرانی هێزە ئیسلامییەکان ئامادەیی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە هێرش بۆ سەر مایخانەکانی دەڤەری بادیناندا و هەم لایەنگرانی پارتی ڕاستەوخۆ بارەگاکانی یەکگرتوویان سووتاندووە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە یەکگرتووی ئیسلامی بەرپرس و خوڵقێنەری ئەو ڕەوەندە فەرهەنگییەیە، کە مەیفرۆشتن و مەیخواردنەوە بە مافی ڕەواو سەرەتایی مرۆڤ نازانێت و لە هەر شوێنێک یەکگرتوو هێزە ئیسڵامییەکان خاوەنی هێز بووبێتن، یەکەم کاریان بریتییە بووە لە هێرشکردن بۆ سەر ئازادی مەیخواردنەوەو جل و بەرگ پۆشین، ڕەنگە زۆربەمان لە بیرمان بێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامییەکاندا لە هەڵەبجە تەنانەت دۆمینەو پێکەنین بە دەنگی بەرز، کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری ئەم هێزانە.
هەربۆیە ئەگەر یەکگرتوو ڕاستەوخۆش ئەم کارەی نەکردبێت ئەوا پێشتر وناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخستنەکانیەوە ، زەمینەی فەرهەنگی بۆ ئەم هێرشە خوڵقاندووە.
من هیچ بە دووری نازانم کە ئەم سیناریۆ(وەک یەکگرتوو ئیدیعای دەکات) لەوانەیە لە پشتی کەوالیسەوەو لە لایەن دەزگا تایبەتییەکانی پارتییەوە نەخشەی بۆ داڕێژرابێت، یان لانی کەم پارتی جڵەوی ئەمنی بڕێک شل کردبێت بۆ ئەو جموجووڵە جەماوەرییە، تا لەوێوە بیانوویەکی سیاسی و سەربازی باشی دەست بکەوێت بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو بۆ توندکردنەوەی جڵەوی ڕوو لە سەری یەکگرتوو. بەڵام لە لایەکی تریشەوە بەشداری یەکگرتوو لەو هێرشانەدا بە دوور نازانم، هێرش بۆ سەر مەیخانەو مەیخۆرەکان بەشێکە لە ستراتیژی پێشتر و پاشتری یەکگرتوو، یەکگرتووش هەرگیز ئەم ئارەزووەی نەشاردۆتەوە.
لە لایەکی تریشەوە پارتی دیموکراتی کوردوستانیش هەرگیزئەو فەرهەنگ و ئارەزووەی نەشاردۆتەوە، کە هێزی سیاسی و بزوتنەوەی سیاسی جیاوازی لاپەسەند نییەو، لە هەر شوێنێک هێزێک و بزوتنەوەیەکی سیاسی و (تەنانەت کەسایەتییەکی سیاسیش)، لە سنووری قەڵەمڕەوی پارتیدا، ڕوو لە گەشەو بەرەوپێشچوون بووبێت، بارەگاکانی داخراوەو سوتێنراوە(بە تایبەتی لە سنووری بادیناندا). هەربۆیە ئەگەر پارتی ڕاستەوخۆش لە پشت سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووەوە نەبێت (وەک خۆی ئیدیعای دەکات) ، ئەوا لە ژێرەوە بە هاندانی ڕێکخستن و لایەنگرانی ئەم کارەی کردووەو ئەمەش بەشێک بووە لە بەرخوردی چەندین ساڵی ڕابردووی لە گەڵ ڕکەبەرە سیاسییەکانیدا.
ڕووداوەکانی دەڤەری بادینان فرە ڕەهەندن و چەندین سیناریۆی شاراوە لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەستی پێدەکرێت، بەڵام دیارترین و ترسناکترینیان ئەوەیە کە هەردوو جمووجووڵەکە، لە دژی ئازادی کۆمەڵگەی کوردوستان و خەڵکی کوردوستانە.
سووتاندنی مەیخانەکان و شوێنەکانی گەشت و گوزار، سووتاندنی مەبدەئی ئازادی تاکە، هێرشە بۆ سەر ئازادی خەڵکانێک کە سادەترین مافی خۆیان پراکتیزە دەکەن کە مافی خواردنەوەیە، هەروەک چۆن سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو بە هەمان شێوە دەکاتە سووتاندن و لێسەندنەوەی مافی هەڵسوڕانی سیاسی ، کەواتە ئەگەر پارتی و یەکگرتوو لە هەرچییەکدا ناکۆک بن ئەوا لە هێرش بۆ سەر ئازادیەکانی کۆمەڵگەدا کۆکن و ئەمەش بە بڕوای من ترسناکترین سیناریۆیە لەم ڕووداوانەدا کە پێویستە ڕێگەی لێبگیرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە