لە تەقینەوەکانی هەولێردا سێبەری تیرۆری سێ هەڤاڵەکەی پەکەکە دەبینم

Wednesday, 09/10/2013, 12:00

2054 بینراوە





کورد فێرە هەمیشە تاوانی گەورە و جەرگبڕی دوژمنان و داگیرکەرانی فەرامۆش کا، کاتێک هەڵەبجە کیمیا باران کرا تەنها بۆ ماوەیەک و بە پشتگیری ئێران و لە بەرژەوەندی ئێراندا مەلەفی تاوانی هەڵەبجە بەکارهێنرا و کاتێکیش ئێران ئیشی پێ نەما ئیتر هیچ حیزبێکی کوردی نە بە نهێنی و نە بە ئاشکرا بە دوای ئەو مەسەلەیەدا نەچون تاوەکو دیسانەوە ئەمریکا و بەریتانیا پێویستیان بە بەکارهێنانی هەڵەبجە بوەوە لە داگیرکردنی عێراقدا.

کاتێک قاسملۆ لە نەمسا تیرۆر کرا تەنها ماوەیەک دوای ڕووداوەکە چەند حیزبێکی کوردی زیاتریش حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە دوای کارەساتەکەدا چون و ئیتر ووردە ووردە حیزب و میدیا و سیاسەتی کوردی خۆی لە باس کردنی کارەساتەکە دزیەوە و ئێستاشی لەسەر بێت کە ساڵیادی ئەو کارەساتانە دێتەوە ئەوەندەی حیزب و میدیای کوردی کار لەسەر سەرقاڵ کردنی خەڵکی کوردستان بە گێڕانەوەی ڕووداوەکە دەکەن نیو ئەوەندە توانایی و بوێریان تێدا نییە کە بچن ئێخەی ئەو لایەنانە بگرن کە بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ و هەوڵ نادەن دوو بەڵگە لەسەر کارەساتەکە بەدەست بهێنن.



هەمان کارەسات لە کەیسی تیرۆر کردنی سێ هەڤاڵ و چالاکەوانی ژنی پەکەکە لە فەرەنسا دووبارە دەبێتەوە و مێژوو دیسان کت و مت خۆی دووبارە دەکاتەوە و دیسانەوە کوردان بە میدیا و حیزب و حکومەت و پەرلەمان و ڕێخراوەی مەدەنی و نامەدەنیەوە لە هەمو بەشەکانی کوردستان ناتوانن بچن ئێخەی فەرەنسا بگرن و بڵێن ئەگەر تۆ ئامادە نیت بکوژەکان ئاشکرا بکەیت ئەوا ئیتر هیچ گومانیێکی تێدا نییە کە خودی فەرەنسا یان ئەنجامدەری ئەو کارەیە یان لەبەر هەر هۆکارێک بێت پەردە پۆشی دەکات.



پێش ئەوەی هیچ تۆمەتێک بخەنە پاڵم پێویستە دووبارەی بکەمەوە کە ئەوەی من لێرەدا دەینوسم تەنها گومانە ، هۆکاری ئەو گومانەش نەبونی هیچ بەڵگەیەکە لەسەر ڕاستی ڕووداوی تەقینەوەکەی هەولێر. دیارە نەک تەنها من بەڵکو زۆر لە خەڵکی تریش بە هەمان شێوەی ڕووداوەکانی پێشوو ڕۆژانە گومان بۆ زۆر شت دەبەن و دەیانەوێت بزانن کە کێ سودمەندی ئەو ڕووداوانەیە؟
بۆیە من ئەم گومانانەی خوارەوە دەنوسم بە هیوای ئەوەی ئەگەر هەر لایەنێک وە یان کەسێک لە باشوری کوردستان پێچەوانەی ئەم گومانانە ڕاستی ڕووداوەکە دەزانێت ئاشکرای بکات.
1) گومان دەکرێت کە ئەم تەقینەوەیە دەستی ئێران و تورکیای تێدا هەبێت، بۆچی؟ چونکە ئەو دوو وڵاتە یەکەم سودمەندن لە بەردەوام بونی ئەو ڕەوشەی کە لە باشوری کوردستاندا هەیە بە واتایەکی تر هەر یەک لەو دوو وڵاتە پێکەوە وە یان بە جیا هەوڵ دەدەن کە دەسەڵاتی هەرێم لە ژێر دەستی یەکێتی و پارتی بمێنێتەوە تاوەکو ئەو ڕێکەوتنە بازرگانی و ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە هەیانە وەک خۆی بمێنێتەوە و کەس نەیەتە دەسەڵاتەوە و ڕیسەکەیان لێ بکاتەوە بە خوری. دیارە پاساوی هەر یەک لە ئێران و تورکیا بۆ کارێکی ئەوها زۆرە بۆ نمونە کێ بێت لە یەکێتی و پارتی باشتر دژایەتی پەکەکە و پژاک و پەیەدە بکات و کێ بێت لە یەکێتی و پارتی باشتر سوکایەتی بە خەڵکی کوردستان بکەن لە هەمو بەشەکانی کوردستان ئەگەر هاتو بۆ ساتێکیش بە پێچەوانەی ئەجیندای ئێران و تورکیا هەڵسوکەوتیان کرد. وە یان ئەگەر هاتو بیریان لە سازکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردستانی پاک و پوخت کردەوە! ڕەنگە گومانی زۆر بەهێز ئەوە بێت کە ئێران و تورکیا (هەر یەکە و لە لای خۆیەوە) لە ژێرەوە و بە نهێنی بە یەکێتی و پارتیان گوتبێت ئەگەر ئێوە لە دەسەڵات نەمێنن کێ گەرەنتی ئەو هەمو ڕێکەوتنانە دەکات کە چەند ساڵە لەگەڵ ئێوە هەمانە.
2) گومانێکی تر ئەوەیە کە لەوانەیە دەستی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا و ناتۆی تێدا بێت تاوەکو کۆنتراکتەکانی نەوت و بازرگانیان لەدەست نەدەن کە لە ڕێگەی پارتی و یەکێتیەوە لە کوردستاندا بەستویانە و دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر یەکێتی و پارتی لە دەسەڵاتیشدا نەمێنن ئەوا بۆریە نەوتیەکان هەر بە ڕووی ئەواندا هەرزان فرۆش و تاڵان کراوە و خەڵکی هەژاری کوردستانیش سەرمایان دەبێت یان نا، قیروسیا. پاساوی ئەم گومانەش زۆرە و دیارترینیان ئەوەیە کە هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی خۆیان لە هەمو ستراتیژێکی کوردایەتی و نەتەوایەتی و کوردستانی خاڵی کردۆتەوە و ئاڵای سپیان بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆ و بەریتانیا هەڵکردوە و وا خەریکە کوردستان بە خاک و خەڵک و کلتورەوە لەسەر سینەیەکی ئاڵتون بە هەرزانترین نرخ پێشکەش بەوان دەکەن و بۆیە ئەو وڵاتانەش دەترسن کە ئەگەر لایەنێکی تر بێتە دەسەڵاتەوە ئاوا بە ئاسانی و بێ مەرج وەک یەکێتی و پارتی تەسلیم بەوان نابن.
3) سێهەم گومانیش کە لەبەر نەبونی بەڵگە خەڵکی بیری بۆ دەچێت ئەوەیە کە دەستێکی ناوخۆ ئەنجامی دابێت، ئەمیش بە داخەوە لە نەبونی بەڵگەدا یەکێکە لە گومانەکان: بۆچی؟ چونکە لەوانەیە پارتی مەترسی ئەوەی هەبێت کە یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان حکومەت دروست بکەن و جێ بە پارتی لەق بکەن، بۆیە بە ئەنجام دانی ئەو تەقینەوەیە دەڵێ کەس بیر لەوە نەکاتەوە بێ پارتی لە دەسەڵاتدا بێت، وە یان لەوانەیە هەر لایەنێکی تر وەک پەیامی هەڕەشە لە دژی پارتی بەکاری هێنابێت تاوەکو بە پارتی بڵێ ئەگەر ڕازی نیت لە کورسی دەسەڵات بێیتە خوارەوە ئەوا ڕەوشەکە ئاڵۆز دەبێت.
بە داخەوە کە ڕەوشی کوردستان ئاوا ئاڵۆز بوە کە بە ئاسانی خوێندنەوەی بۆ ناکرێت و دیارە لە ڕەوشی ئاوادا ڕەش و سپی تێکەڵ دەبن.
سیناریۆی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی شام تەنها بە سودی بەرەی دژ بە سوریا دەشکێتەوە
وەک دەزانین لە ڕاگەیاندنی پارتیدا دەوترێت کە بەرەی نوسرە و دەوڵەتی شام ئەنجام دەری ئەو کارەن ، گومانێکی زۆر بەهێز ئەوەیە کە ئەم ڕیوایەتە واتە ئەم تۆمەت بارکردنە ئیشی ئەمریکیەکان بێت چونکە تەنها ئەمریکایە لە ڕێگەی تورکیاوە کار لەسەر بەکارهێنانی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی شام دەکات لە دژی بەشار ئەسەد بۆیە ئەو سیناریۆیە لاوازە و تا ئێستاش هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەری. لە ڕاستیدا سەراپای چیرۆکی ئەل قاعیدە و تاڵەبانی ئەفغانستان و تیرۆری نێودەوڵتی کە ئەمریکا بەکاری هێنا بۆ داگیرکردنی ژمارەیەک لە وڵات لە دوایی ڕووداوی ١١ ی سێپتەمبەر ئێستا گومانێکی زۆری لێ دەکرێت و ڕۆژانە ئەمریکا بەوە تاوانبار دەکرێت کە خودی ئەو بزوتنەوانە ئەمریکا بە خراپی سودی لێ وەرگرتون بۆ ئەجینداکانی خۆی، مەگەر تاڵیبان کە هۆزێک و نەژادێکی ئەفغانستانن و شەڕ لەسەر ئازادکردنی ئەفغانستان دەکەن لە هێزی دەرەکی چۆن دەخرێتە خانەی ڕێکخراوێکی توندڕەو کە لە لیبیا و نەیجیریا و کینیا تەقینەوە دەکات. بگرە ئەل قاعیدە بۆتە ئەو پلاکەی کە ئەمریکا کەی ویستی لە کوێ ویستی دەستی پێدا دەنێت و پاشان تەعزێ بۆ قوربانیەکان ڕادەگەیەنێت، بە داخەوە یەکێتی و پارتی لە دوای داگیرکردنی عێراقەوە تێکەڵ بەم شەڕە گڵا و پیس و نامرۆڤانە بون و ئەوەتا ڕۆژ نییە لە سەراپای عێراقدا چەندین کەس نەکوژرێت بۆیە گومان زۆرە کە ئەمریکا لە ڕێگەی کردەوەی وەک ئەوەی هەولێرەوە بە حیزبە کوردیەکان بڵێت ئەگەر لە ئەجیندای ئەمریکا دەربچن ئەوا شەڕەکە ئێوەش دەگرێتەوە هەروەک ساڵانێکە دژایەتی پەکەکە دەکات و بە ناحەق پەکەکەی خستۆتە ڕیزی ئەل قاعیدەوە.

کۆتایی و دوا پەیام
ئەوەی کە لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە و هۆکاری گومان کردن لە ئەنجامدەرانی فێر دەبین ئەو ڕاستیەیە کە زۆرینەی خەڵکە سادەکەی کوردستان واتە هاوڵاتیان لە هەمو بەشەکانی کوردستان باش خوێندنەوەیان هەیە بۆ ڕەوشەکە و دەزانن کە لە هەمو کوردستانی گەورەدا هێشتا حیزبێکی کوردی نییە بتوانێت بە ئەجیندایەکی سەربەخۆ و دوور لە فشار و کاریگەریەکانی وڵاتانی دەرەوە کاربکات بە تایبەتیش دوو وڵاتی داگیرکاری کوردستان ئێران و تورکیا. ئەگەر پەکەکە بۆ ماوەیەک هەوڵی دابێت ببێت بە ئەو حیزبە کوردیە بە داخەوە داگیرکارانی کوردستان و خیانەتی ناوخۆ فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر ئەم حیزبە و ئەوەتا ئێستا لە دوای تیرۆرکردنی هەڤاڵانی ژن لە فەرەنسا و داخستنی سەرچاوە ماددیەکانی پەکەکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا کە گومانێکی زۆری تێدایە دەستی لایەنی کوردیشی تێدا بێت، پەکەکە دووچاری حەسارێکی (گەمارۆ) هاوشێوەی ئەو گەمارۆیە بۆتەوە کە یەکێتی لە پێش کارەساتی ٣١ ئابدا توشی بو ، بۆیە هەتا بێت پەکەکە و لایەنە هاوپەیمانەکانی توشی گیروگرفتی زیاتر دەبن چونکە ئێران و تورکیا نایانەوێت هیچ پارتێکی کوردی سەربەخۆ و دوور لە ڕێنماییەکانی ئەوان خەبات بکات.
خەڵکی سادەی کوردستان باش ئەو ڕاستیە دەزانن کە سەرکێشی و دژایەتی کردنی ئەجیندای داگیرکارانی کوردستان وا ئاسان نییە و پڕ مەترسیە و لەوانەشە هەر ئەمە پاساوێک بێت کە بۆچی حیزبە بە ناو کوردستانیەکان لە هەمو بەشەکانی کوردستاندا ناتوانن بکەونە سەرپێی خۆیان و هەمیشە دەبێت بە پێی فەرمان و ئەجینداکانی وڵاتانی داگیرکار بجوڵێنەوە. مەگەر ئەو هەمو فشارەی لەسەر پەکەکەیە هەر لەبەر ئەوە نییە، ئەی خۆ هەموان دەزانین کە ڕۆژانێک یەکێتی لە سەردەمی زێڕینی خەباتیدا لە هەشتاکان و هەروەها لە پێش ٣١ ی ئابدا ویستی تۆزێک سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت بەڵام توشی ئەوەبو کە بینیمان.
ڕاستە لەوانەیە حیزبێکی کوردی بە تەنها نەتوانێت بە گژ هەمو داگیرکارانی کوردستان و جاشی ناوخۆشدا بچێتەوە بەڵام خۆ لانی کەم ئەم حیزبە کوردیانەی کە ئێستا لە گۆڕەپانەکەدان دەتوانن لەگەڵ خەڵکەکەیان ڕاستگۆ بن و ڕاستیەکانیان لێ نەشارنەوە.
ئێستا جوگرافیای باشوری کوردستان وەک بەڕەیەکە (فەرشێکە) هەمو حیزبە کوردیەکان و ئەوانی تریش لەسەر ئەم فەرشە دانیشتون و ئێران و تورکیا هەر یەکەیان لە لای خۆیەوە دارێکی بە دەستەوەیە دەیکێشێت بە قاچی ئەو کەس و لایەن و حیزبانەدا کە پێ لە بەڕەکە زیاتر ڕادەکێشن.
جا هەرچی دەوترێت دەربارەی دیموکراتی و هەڵبژرادن و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات هیچ نییە تەنها بۆ ئیستهلاکی مەحەلیە واتە بۆ سەرقاڵکردنی ناوخۆیە بە چەند گیروگرفتێکەوە کە لاوەکین و هیچ لە کێشە سەرەکیەکەی کوردستان ناگۆڕێت.
ڕۆژێک پرسی عیلمانی و ئیسلامی دەهێننە پێش و ڕۆژێک شاجوانی کوردستان دەخەنە بازاڕەوە و بێخەم لەوەی کە کوردستان بۆتە ئۆردوگایەکی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران و ئاوا بڕوات دەبێت خەڵکە ڕاستەقینەکەی کوردستانیش دەست لە سەرمایەداران و کۆمپانیا بیانیەکان پان بکەنەوە تاوەکو تۆزێک لەو خێر و بێرەی کوردستانیان بدەنێ کە دەستیان بەسەردا گرتوە.
کوردستانێک بە پێی ئارەزووی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا دروست بێت هەر ئەو کەڵەکە تڕەیەی لێ دەردەچێت کە دەیبینین، کوردستانێک بە فەرمانی تورک و فارس و عەرەب بجوڵێتەوە هەر ئەو ئاژاوەیەی لێ بەرهەم دێت کە ئێستا لە میسری پایتەختی سیاسەت و کلتوری عەرەبستاندا دەیبینین.
بۆیە دووبارە دەڵێمەوە هێشتا لە کوردستانی گەورە ئەو حیزبە نییە کە بتوانێت خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بێت و هەتا ئەو ڕۆژەش کە حیزبێکی کوردی هەنگاو بەرەو سەربەخۆبونی ئابوری و سیاسی حیزبەکەیی و پاشانیش کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی دەدات دەبێت بە داخەوە ئەو ڕاستیە بدرکێنین کە تەنها پێناسەیەک بۆ ئەم ڕەوش و بارودۆخەی کە لە باشوری کوردستاندا دەگوزەرێت:
سوڕانەوە لە بازنەی داخراودایە ، ببورن نازانم قسەی کێیە بەڵام دڵنیام زۆرمان ئەم وتەیەمان کەوتۆتە بەرگوێ.

ئەم کارە هەر کەسێک ئەنجامی دابێت تاوانە و دوورە لە ویژدان و ئاکاری مرۆڤانە لەگەڵ هەمو ئەو گومانانەشدا لەوانەیە من هەڵە بم و ڕاستیم نەپێکابێت، بۆیە تەنها بەڵگە دەتوانێت ڕاستی هەمو ئەو ڕووداوانە دەربخات



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە