له‌گه‌رمیان 40 ملیۆن دۆلاری‌ حكومه‌ت نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌

Saturday, 08.22.2009, 12:00

1696 بینراوە


■ ئا: عه‌تا حسێن
ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر له‌ 40 ملێون دۆلاری‌ لای‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ گه‌رمیانه‌، كه‌چی‌ هێشتا نه‌گێڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت.
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ كۆپییه‌كی‌ له‌ گه‌رمیان ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتووه‌ تێدا ئاماژه‌ به‌ده‌یان ملیار دینار كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌شی‌ ژمێریاری‌ زۆرێك له‌فه‌رمانگه‌كانی‌ گه‌رمیانه‌وه‌ ته‌سویه‌ نه‌كراوه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و پارانه‌یان له‌ئه‌ستۆدایه‌ سه‌فه‌ری‌ هه‌نده‌رانیانكردوه‌و هێشتا پاره‌كان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌. ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌قی‌ ئه‌و راپۆرته‌ی‌ چاودێری‌ داراییه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ 22ی‌ به‌رواری‌ 26/1/2009‌و ئیمزای‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ (جه‌لال عومه‌ر سام ئاغا)ی‌ له‌سه‌ره‌و ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ كراوه‌و وێنه‌ش ئاراسته‌ی‌ زیاتر له‌په‌نجاوپێنج لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار كراوه‌: هاوپێچ چه‌ند ده‌رخسته‌یه‌كتان بۆ ده‌نێرین كه‌ تایبه‌تن به‌بڕی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ له‌تۆمارگه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌ به‌ڕێزه‌كه‌تاندا ده‌ركه‌وتوون تا 31/12/2007 وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشینانه‌ی‌ به‌وه‌ستاوی‌ ماونه‌ته‌وه‌و پاكتاونه‌كراون وه‌ك له‌ده‌رخسته‌كاندا ده‌ركه‌وتوون كه‌ كۆی‌ گشتی‌ هه‌موویان بڕی‌ 55966562304 دینار (ته‌نها په‌نجاو پێنج ملیارو نۆسه‌دوشه‌ست‌و شه‌ش ملێۆن‌و پێنج سه‌دو شه‌ست‌و دوو هه‌زاروسێ‌ سه‌دو چوار دیناره‌)، له‌و پاره‌یه‌ بڕی‌ (27651080758) دینار (ته‌نها بیست‌و حه‌وت ملیارو شه‌ش سه‌دوپه‌نجاویه‌ك ملێۆن‌و هه‌شتاهه‌زارو حه‌وت سه‌دوو په‌نجاوهه‌شت دینار)ی‌ تایبه‌ته‌ به‌قه‌رزی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌ به‌ڕێزه‌كه‌تان كه‌ لای‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ تری‌ حكومه‌تن، كه‌ رێژه‌ی‌ 49%ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ پێكئه‌هێنێت، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی‌ بریتیه‌ له‌و پێشینانه‌ی‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گه‌نجینه‌كان داویه‌تی‌ به‌فه‌رمانگه‌كان بۆ خه‌رجی‌ فه‌رمانگه‌كان‌و جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كان، به‌ڵام فه‌رمانگه‌كان ئه‌و پێشینانه‌یان پاكتاو نه‌كردووه‌‌و گه‌نجینه‌كانیش هیچ به‌دواداچونێكیان نه‌كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان، بڕی‌ (20574197354) دینار (ته‌نها بیست ملیارو پێنج سه‌دو هه‌فتاو چوار ملێۆن‌و سه‌دو نه‌وه‌د‌و حه‌وت هه‌زارو سێ‌ سه‌دو په‌نجاو چوار دینار)ی‌ تایبه‌ت به‌قه‌رزی‌ فه‌رمانگه‌كان كه‌ لای‌ هاوڵاتیانه‌و رێژه‌ی‌ 37%ی‌ كۆی‌ قه‌رزه‌كان پێكئه‌هێنێت كه‌ زۆربه‌ی‌ تایبه‌تن به‌قه‌رزی‌ باج كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ باجه‌كان هیچ به‌دواداچونێكیان نه‌كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان له‌هاوڵاتیان. بڕی‌ 1605573681 دینار (ته‌نها یه‌ك ملیارو شه‌ش سه‌دو پێج ملێۆن‌و پێنج سه‌دو هه‌فتاو سێ‌ هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌شتاو یه‌ك دینار)ی‌ تایبه‌ته‌ به‌قه‌رزی‌ فه‌رمانگه‌كان كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران وه‌ك سلفه‌ی‌ تۆماركراو له‌ئه‌نجامی‌ به‌زیاد خه‌رجكردنی‌ مووچه‌و ده‌رماڵه‌و پێشینه‌ی‌ ترو ڕێژه‌ی‌ (3%)ی‌ قه‌رزه‌كان پێكئه‌هێنێت، به‌ڵام تا 31/12/2007 پاكتاو نه‌كراون له‌هه‌مانكاتدا بڕی‌ 5280709850 دینار (ته‌نها پێنج ملیارو دووسه‌دو هه‌شتا ملێۆن‌و حه‌وت سه‌دو نۆ هه‌زارو هه‌شت سه‌دو په‌نجا دینار)ی‌ تایبه‌ته‌ به‌پێشینه‌ی‌ هاوسه‌ریه‌تی‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران یان له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌كانه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌ بۆ هاوڵاتیان‌و منداڵی‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفال كراوه‌كان كه‌ رێژه‌ی‌ 9%ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ پێكده‌هێنێت‌و هیچ به‌دوداچونێك نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌كان‌و فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشینانه‌. هه‌روه‌ها بڕی‌ 24565250 دینار (ته‌نها بیست‌و چوار ملێۆن‌و پێنج سه‌دو شه‌ست‌و پێنج هه‌زارو دووسه‌دو په‌نجا دینار)ی‌ تایبه‌ته‌ به‌پێشینه‌ی‌ خانووبه‌ره‌ كه‌ له‌لایه‌ن بانكی‌ خانووبه‌ره‌ی‌ سلیمانیه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران. به‌ڵام فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هیچ قیستێكیان له‌مووچه‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ نه‌بڕیوه‌. هه‌روه‌ها بڕی‌ 830435411 دینار (ته‌نها هه‌شت سه‌دو سی‌ ملێۆن چوار سه‌دو سی‌ پێنج هه‌زارو چوارسه‌دو یانزه‌ دینار)ی‌ تایبه‌ته‌ به‌( فروقات) كه‌ نه‌خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی‌ كه‌سه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌(نقص)ی‌ بانكه‌كان له‌كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ پاره‌ گۆڕینه‌وه‌دا روویداوه‌ له‌حسابی‌ (فروقات نقدیة‌) تۆماركراوه‌و نه‌خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی‌ كه‌سه‌وه‌، پێویسته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ به‌ڕێزه‌كه‌تانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبهێنرێت‌و به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ به‌رپرسه‌وه‌و وه‌ربگیرێته‌وه‌.
داواكارین له‌وه‌زاره‌ته‌ به‌ڕێزه‌كه‌تان ئاگاداری‌ گشت فه‌رمانگه‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌كه‌تان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی‌ جدی‌‌و یاسایی‌ بده‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ لای‌ فه‌رمانگه‌كان‌و هاوڵاتیانه‌‌و لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕو كارامه‌ پێكبهێنن له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زاره‌تتان بۆ به‌دواداچون‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كان‌و به‌پێی‌ یاسای‌ (انظبات موظفی‌ الدولة‌) ژماره‌ (14)ی‌ ساڵی‌ 1991 ئیجرائات بكرێت به‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رو ژمیریاری‌ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی‌ پێشینه‌یان له‌گه‌نجینه‌كان وه‌رگرتوه‌و به‌وه‌ستاوی‌ ماوه‌ته‌وه‌و پاكتاویان نه‌كردووه‌و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ قه‌رزاری‌ باجن ئاگادار بكرێنه‌وه‌ كه‌ سه‌ردانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ باجه‌كان بكه‌ن بۆ (دفع) كردنی‌ قه‌رزه‌كانیان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (1) له‌یاسای‌ (تحصیل الدیون الحكومیه‌) ژماره‌ (56)ی‌ ساڵی‌ 1977 مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ تیایدا هاتوه‌ (یطبق هذا القانون فی‌ تحصیل المبالغ والفوائدو الاظافات والغرامات فیما یتعلق بالمبالغ التالیه: -1- الظرائب والرسوم)، هه‌روه‌ها ئیجرائاتی‌ یاسایی‌ بكرێت به‌رامبه‌ر ژمیریاری‌ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی‌ كه‌ قیستی‌ پێشینه‌ی هاوسه‌ریه‌تی‌‌و خانووبه‌ره‌یان له‌مووچه‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ نه‌بڕیوه‌ كه‌ ئه‌و پێشینه‌یه‌یان وه‌رگرتوه‌.
مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ وه‌ك قه‌رز له‌لای‌ فه‌رمانگه‌كان‌و هاوڵاتیان بۆته‌ هۆی‌ (تجمید)كردنی‌ بڕێكی‌ زۆر له‌سیوله‌ی‌ نه‌قدی‌ حكومه‌ت له‌كاتێكدا خۆتان له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگا حكومیه‌كانی‌ تر باشتر ئه‌زانن كه‌ (تجمید) كردنی‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ چه‌ند كاریگه‌ریكی‌ خراپی‌ هه‌یه‌ بۆ ئابوریی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ ئه‌توانرێت چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ پێ‌ جێبه‌جێبكرێت وه‌ك ئاو ئاوه‌ڕۆو چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كاره‌باو چه‌ندین بواری‌ خزمه‌تگوزاریی‌ تر كه‌ ئێستا جێگای‌ ره‌خنه‌ی‌ هاوڵاتیانه‌، بۆیه‌ جارێكی‌ تر داواكارین هه‌وڵی‌ به‌په‌له‌ بدرێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌و ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌.