سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


مەترسی نەبونی پلانی ستراتیجی هاوبەشی نیشتمانی لە باشوری کوردستان

Saturday, 29/12/2012, 12:00

1429 بینراوە








(ئەگەر هەڵەکانی رابردوت دووبارە بکەیتەوە، کەوایە تۆ مرۆڤێکی گەمژەیت)




کێشەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی ئەحزابی کوردی ئەوەیە کە هەموویان پێیان وایە ئەگەر شەخسی یەکەمی حیزب و حیزبەکانی ئەوان نەبن گەلی کورد لە باشوری کوردستان تیادەچێت، یان بچوک بوونەوە و مردنی حیزبەکانی خۆیانیان یەکسان کردووە بە مردنی هەموو هاوڵاتیانی کوردستان، هەریەکەیان پێی وایە ئەو بەتەنها ئەتوانێت دەوڵەتی کوردی درووست بکات و ئەگەر ئەو نەبێت داگیرکەرانی کوردستان ئەم سێ پارێزگایەمان لێ داگیر دەکاتەوە، ئەگەر ئەوان نەبن ئێمەش نابین، ئەوانە چەندین بیرکردنەوەی عەقڵ ئاغایانەی تری سەرکردایەتی ئەحزابەکانی باشوری کوردستان.
بۆ نمونە پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی بە هەموو عەقڵی خۆیان پێیان وایە ئەوە ئەوانن ئەتوانن بە تەنها دەوڵەتی کوردی درووست بکەن و خەڵک بەپارێزن و بەناوی هەموو گەلی کوردیشەوە قسە دەکەن و رێکەوتنی ژێربەژێر و سەرزارەکی دەکەن، ئەوە لە کاتێکدا پارتی لە کۆی١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ٣٠ کورسی پەرلەمانە، بەو پێوەرە بێت پارتی سێ بەشی هاونیشتمانیانی کوردستان لەگەل حیزبەکەی ئەودا نین. بۆیە پارتی ناتوانێت بیروبۆچونی عەقڵ خێڵەکیانەی خۆی بسەپێنێت بەسەر کۆی هاونیشتمانیانی کوردستاندا.
ماوەیەکە بەرپرسانی پارتی بە تایبەتیش خودی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی وایان بڵاوکردوتەوە کە ئەگەر مالیکی هێرش بکاتە سەر خەڵکی کوردستان ئەوە دەوڵەتی تورکیا پارێزگاری لە هاونیشتمانیانی کوردستان دەکات،رەنگە خەڵکانی ساویلکە دڵی خۆیان بەم جۆرە لێدوان و قسە و قسەڵۆکانە خۆش بێت، بەڵام ئەم جۆرە لێدوان و قسەکردنانە ئەوەندەی خەڵکی عاقڵ و عەقڵانی رەشبین دەکات ئەوەندە گەشبینی ناکات، چونکە گەلی کورد و ئەحزابی کوردی ئەزمونێکی تفت و تاڵیان هەیە لەگەل ئەمجورە لە وەعد و بەڵینانەی داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزەکانی جیهان، ئەوەتا لە عێراق ئەو دەستورە پێشێل ئەکرێت کە بە قەولی خۆتان زۆرینەی گەڵانی عێراق دەنگیان پیداوە و بەشێکی زۆری مافەکانی کوردیشی تێدا پارێزراوە...! یان ئەگەر ئێوە لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون کوردستان بەپارێزێت لە هێرشی مالیکی زەحمەت نەبێت کامەیە ئەو گرنتییە بەڵگەیانەی تورکیا بە ئێوەی داوە...؟ بەڵام دڵنیام بەهەمان بیرکردنەوە و خێلەکی و ساولیکانەی مەلا مستەفا بارزانی باوک و باپیرەتانەوە لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون، دڵنیام چۆن شای ئێران لە ساڵی١٩٧٥ئاشبەتاڵی بە مەلا مستەفا بارزانی کرد، تورکیاش کە گەیشتە ئامانجی خۆی بەهەمان شێوەی شای ئێران ئەتان فرۆشێ و ئاشبەتاڵتان پێ دەکات، چونکە سیاسەتی رابردوی فاشیزمی تورکی و ئێرانی ئەو راستییەمان بەرچاو دەخات. لە ئێستاشدا ئەم قسانەی بەرپرسانی پارتی بنەماڵە هەمان ئەو مێژوویەمان بیردەخاتەوە و پێمان دەڵێت: ئەمانە پەند لە رابردوو وەرناگرن و مێژووەکان دوبارە دەکەنەوە، چۆن ئەبێت پشت بە تورکیا یان ئێران بەبەستی کە خۆیان دوو بەشی کوردستانیان داگیر کردووە کار لەسەر سڕینەوەی زمان و کەلتور وبوونی کورد دەکەن..؟ ئەوپەڕیی ساویلکەی و نەزانی ئەو بەرپرسانە دەردەخات کە چۆن بوون بەکارتێکی فشار ومەقاش بەدەست داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزەکانەوە، بەداخەوە ئەحزابەکانی تری سەر گۆرەپانەکەش بەهەمان عەقل و بیرکردنەوە و خۆش باوەڕیەوە خەریکی سیاسەت کردنن.

زۆرجار خەڵکانێک لێمان ئەپرسن ئەی ئێوە چیتان پێ باشە و پێشنیاری ئێوە چییە..؟ ئەمە بۆخۆی پرسیارێکی زۆر جدییە. بە بروای من تا ئێستا لە کوردستانی باشور خاوەنیهیچ جۆرە پلان و ستراتیجێکین کە هەموو رەنگ و بیروبۆچون جیاوازەکان لەسەری کۆکبن، یەکەم دەستپێیەکی گرنگی هەنگاونان بۆ دروستکردنی یەک پلان و ستراتیجی هاوبەش ئەوەیە کە مەسەلە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکان تێکەڵ بە ململانێی حیزبی نەکرێت، ئەبێت ئەو دۆزە نەتەوەی نیشتمانیە لە ژێر چنگی هەموو ئەحزابەکان دەربکرێت بەو شێوە سەقەتەی کە ئێستا هەیە و هەریەکە و بۆ خۆی بازرگانی پێوە دەکات و پێگەی خۆی پێی بە هێز دەکات لە ئاستی هەرێم و عێراق و جیهان. پێویستە چیتر هیچ حیزبێک یاری بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە نەکات و پرسی نیشتمانی و نەتەوەی نەکاتە موڵکی حیزبەکەی خۆی و ئەوانیدیشی پێ تەخوین بکات، ئەوە لە کاتێکدابێت خۆی خیانەتی لەو دۆزە نیشتمانیە کردووە و بەکاری هێناوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی حیزبی و عەقڵی خێڵەکی خۆی.
باشترین رێگا چارە ئەوەیە دەزگایەکی تایبەت بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیەکان پێکبهێنرێت دوور لە عەقڵێتی پشک پکێنە و حیزبێنە، پێکهاتەی ئەو دەزگایە تەنها پێوەری پسپۆری و ئەزمونکردن لە سیاسەت بێت نەک خەڵکانی حیزبی و شەخسی و خێڵەکیبن، ئەتوانرێت ئەو دەزگایە خەڵکانی شارەزا و پسپۆر لە سیاسەتەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و ئەمریکا و ئەوروپا و دەولەتانی عەرەبی و زلهێزەکانی تری سەر گۆرەپانی سیاسی جیهانی لە خۆ بگرێت، ئەوان بتوانن سیاسەتی رۆژانە و دورمەودا و پلانی ستراتیجی دابڕێژن، بەڵام ئایە دەسەلاتی کوردی رێگە ئەدات بەوەی کە شتێکی لەو جۆرە دروست بکرێت؟لە وەڵامدا دەتوانم بڵێم نەخێر چونکە سەرکردایەتی ئەم ئەحزابانە پێیان وایە لە خۆیان عاقڵتر و زیرەکرت لە بەرێوەبردنی دەولەت و سیاسەتکردن و ئیدارەدانی هاونیشتمانیانی کوردستان نیە، تا خاوەنی ئەم جۆرە لە عەقڵێتە بین هەمیشە گەلی کورد لەم پارچەیی کوردستان لە ژێر هەرەشەی داگیرکاری و دوبارە بوونەوەی مێژوو تاڵەکان دەبێت. نەبونی پلانی ستراتیجی نیشتمانی نەتەوەی گەورەترین مەترسییە لە سەر ئایندەی هاونیشتمانیان کوردستان و ئوباڵی ئەو مەترسیانەش لە ئەستۆی دەسڵاتدارانی هەرێم بە پلەی یەکەم ئەوجار ئەحزابەکانیدی لە باشوری کوردستان.
زۆر پێویستە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە هەمان عەقڵێتی فاشیلانەی دەسەڵاتدارنی هەرێم کار لەسەر پرسە نیشتمانیەکان نەکەن، بەڵکو دەبێت ئەمان بە فۆرمێکی جیاواز کار بکەن، ئەو فۆرمە جیاوازەش ئەوەیە کە پێداگری بکەن لەسەر ئەوەی نابێت دۆزە نەتەوەی نیشتمانییەکانی هاونیشتمانیانی کوردستان بە حیزبی و بە شەخسی بکرێت، وەکو چۆن بۆ پارتی نیە بەناوی هەموو کوردەوە رێککەوتن بکات لەسەر ئایندەی خەڵکی کوردستان، ئاواش حیزبەکانی دی بۆیان نییە بە تەنها بڕیار لە چارەنوسی ئەم گەل و نیشتمانە پڕ لەئێسک و پروسکە بدەن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە