پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات ببێتە گۆمی خوێن


هەولێر.. پایتەختى ترسە!؟

Tuesday, 05.03.2011, 12:00

1081 بینراوە


هەلێرەكەمان هەولێرەكەى پایتەختی كوردستانم ئەمڕۆ بە خێمەیەكی رەش داپۆشراوە، فیشەك و ترس حوكمی دەكات، وەیلێ وەیلێ پایتەختەكەمان رۆ، هەولێرەكەمان رۆ.
ئەو هەولێرەى كە دەسەڵاتی دوو حزبی كوردی ناوێكی زەبەلاحیان لێناوەو شانازی پێوە دەكەن، بە ناوی "پایتەختی كوردستانە"، ئەمڕۆ چیتر پایتەختی كوردستان نییە، بەڵكو پایتەختی ترسە، پایتەختی داپڵۆساندن و چەوساندنەوەو شەقهەڵدان و چاوسوركردنەوەیە، پایتەختی بەرپرسان و نەوەكانیانە، پایتەختی ئۆتۆمبیلی مۆنیكاو وەنەوشەیە، نەك كوردستان.
لێ بەلای بەندەوە پێم خۆشە دەسەڵاتی تاك حزبی كوردی (پارتی) لەو بە ناو پایتەختەى كوردستان وا لەخەڵك دەكات و ناخ و دەنگ و ئازادییەكانیان مت و كپ دەكات، چونكە ئەو كردەیە هۆكارێكی گەورە دەبێت بۆ زیاتر توڕەبوونی خەڵك و پەنگخواردنەوەى ناڕەزاییەكان لەدڵی مرۆڤەكاندا، ئیدی هاكە چیتر تەحەمول نامێنێت و لەبری خۆپیشاندانی فراوان هەستانی جەماوەر بۆ رووخاندن دەبێتە ئەمری واقیع.
بەڵێ حەتمەن ناڕەزایی دواى بەزۆر كپكردن زۆر لەناڕەزایی عەفەوی مەترسیدارترە، چونكە ئەوەی لەپایتەختی ترس (هەولێر) لەماوەی پێشوودا هەبووەو تاهەنووكەش بەردەوامە تادێت خەڵك زیاتر پڕ دەكات و ناخیان دەكوڵێنێت و لەئایندەدا وەكوو شكانی بەنداوێك دەشكێت، ئیدی نەك پارتی بە تەنها، بەڵكو دەیان پارتی و حكومەتی هەرێمیش پێی ناكرێت و ناتوانێت بەر بەو شكانە بگرێت و لەئەگەر رووخاندن نزیك دەبێتەوە.
ئەوەتا ئەوەى ئەمڕۆ لەهەولێردا دەبینرێت و دەبیسترێت بیلزەبت دووبارەكردنەوەى ئەزموونی حزبی بەعسی سەدام و عەفلەقییە بگرە بە دە نمرە زیاترو گەورەتر، كەوایە دەبێت پارتی و سەركردەكانی چیتر عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەى هەولێرەكەماندا بكەن ئەگینا دواتر هێزو چەك و داپڵۆساندن دادیان نادات.
ببینن چۆن سیخوڕیكردن لەهەموو ئەم شوێنانەی هەولێر (بەشە ناوخۆییەكان، نێو بازارەكان، شوقەو هۆتێل و مۆتێلەكان، نێو وەرزشوانان، لەنێو قوتابیان و خوێندكاران، رێكخراوو سەنتەرەكان، لەنێو خەڵكی ناڕازی و خۆپیشاندەران، تەنانەت لەنێو بۆنەو ئاهەنگەكانی حزبەكانی خۆشیاندا) بە شێوەی نەخشەو تۆڕی جاڵجاڵۆكە دروست و جێگیر كراوە، ئیدی بۆ بە "پایتەختی ترس" ناوی نەبەین؟.
لەبیرتانە؟ جارانی سەردەمی بەعس باوك نەیدەوێرا لەماڵەكەى خۆی و لەنێو خێزانەكەیدا ناوی سەدام و حزبەكەى بهێنێت، هەموو كەسێك بوبوە ئەمن و سیخوڕ بەسەر یەكترییەوە، لەبازارو قوتابخانەو فەرمانگەكانیشدا هیچ كەس زاتی باسكردنی بەعس و سەركردەكانی نەبوو، ئەوەتا ئەمێستاكەش بە هەمانشێوەی ئەو سەردەمە لەناو كوچەو كۆڵان و فەرمانگەو قوتابخانەو بازاڕەكانی هەولێریشدا كەس ناوێرێت باسی پارتی و حكومەت و تەنانەت وشەى خۆپیشاندانیش بكات، چونكە خودی خۆیشت نازانیت لەچ كوچەو لایەكەوە دەیان كەس بە جلی مەدەنییەوە دەتڕفێنن و بەرشەقت دەدەن، بیلزەبت وەكوو ئەمنەكانی دوێنێی بەعس، هەموو كون و قوشبنێكی ئەو شارە پڕە لەئاسایش و ئەمن و پاراستنی نهێنی، وەیلێ بۆ ئەم رۆژەى تێیكەوتووین و بە دەستی براكانمان شەق دەخۆین و دەكوژرێین و فیشەك و دەزگاى داپڵۆسێنەر حوكممان دەكات وەیلێ.
هاوكات لەمڕۆژانەدا ئاشكرابوونی گرتەیەكی ڤیدیۆیی تێهەڵدانی گەنجێك و قۆندەرپێماچكردنی لەهەولێر تەواو بەعسی بۆ ئاشكراكردین وەك مامۆستا رێبورا سیوەیلی هاوپیشەمان دەڵێت عەلی حەسەن مەجید لەهەولێرە، بۆیە بێدەنگبوون لەو چەوساندنەوەیەو سوكایەتیكردنە، فرۆشتنی كەرامەتی هەموومانەو سوكایەتیكردنە بە تەواوی كۆمەڵگەی كوردی.
ئێمە دەزانین دەمێكە سەدام نەماوەو دەیان سەدامی دیكە دروستبووە، وەك چۆن مامۆستایەكی هاوڕێم (عەبدوڵڵا سابیر) لەكفری هەر سالێك پاش راپەڕینی 91 لەبۆنەیەكی فراوانی بەرەی كوردستانیدا هاواریكردو وتی ئەوەتا رزگارمان بوو لەسەدام، بەڵام كاك سەدام و مام سەدام و حەمە سەدام و هاوڕێ سەدام و برای موسوڵمان سەدام، چونكە ئەو پیاوە بەڕێزە هەر زوو دەركی بە سەرهەڵدانی دەیان سەدامی كوردی كردبوو، ئەوەتا ئەمڕۆ پاش 19 ساڵ ئەو وتەیەی مامۆستا عەبدوڵڵا راستی دەپێكێت.
كەواتە ئەوەی زەرورە بۆ ئێمەى تاك و كۆمەڵگەی كوردی بێدەنگنەبوونمانە لەو دیكتاتۆرییەت و چەوساندنەوەیەی دەسەڵاتی دوو حزبی كوردی (یەكێتی و پارتی)، چونكە دەركەوت 19 ساڵ بێدەنگی ئێمە یەكێتی و پارتی دروست و گەورە كرد، وەك چۆن نوسەرى گەورەى عیراقی كەنعان مەكیە دەڵێت "بێدەنگی سەدامی دروستكرد".
تێبینی/ ئەم وتارە لەژمارە 54ی 2/5/2011 رۆژنامەى چەتر بڵاوكراوەتەوە
[email protected]
http://www.facebook.com/ehsanmalafuad