هۆشیاری ته‌ندروستی بۆ تاکی کورد به‌شی (17) بەرزیی پاڵەپەستۆی خوێن

Monday, 26/12/2011, 12:00

7152 بینراوە


بەردەوامی بەرزبوونەوەی فشار یان پاڵەپەستۆ لەسیستەمی خوێنبەر وخوێنهێنەرەکان لە دڵەوە بۆ لەش و لە لەشەوەش بۆ دڵ.  واتە 140  لە سەر 90 پێوەرە بۆ بەرزبوونەوەی زەختی خوێن ولێرەوە پێویستی بە ڕوون کردنەوەی هۆکار و و چارەسەر هەیە.

هۆکارەکانی
شێوانی سیستەمی هۆرمۆن لە لەشدا وەک نەخۆشی
 Conn-Syndrom
 Cushing-Syndrom
 Pheochromocytoma

شێوانی سیستەمی سووڕی خوێن و دڵ ، خراپ بوونی گورچیلە.هۆکاری بۆماوە (ویراسە واتە ئەگەر دایک وباوک زەختیان هەبێت ئەوا ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیشیان بە فشاری خوێن زۆرترە)، هەروەها فشاری کار زۆرکردن ، چەندین هۆکاری نادیاریی تریش هەن، کە تا ئێستا نەناسراون.
بەرزبوونەوەی فشاری خوێن چەندین نەخۆشی وخراپی بەدوای خویدا دەهێنێ بۆ لەشی مرۆڤەکە، وەک تەسک بوونەوە و خەراپ بوونی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانی خودی دڵ، کە ئەویش بەدوا خۆێدا سەکتەی دڵ و هەروەها سەکتەی دەماغ وڕاوەستان وتێکچوونی کاری گورچیلە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بەرزبوونەوەی فشار تەنها لە بۆ کەسە بۆ ساڵاچۆکان نییە، بەڵکو لاوی 29 / 25   ساڵیش تووشی دەبێت و ژنان زیاتر لە پیاوان.

هەندێ هۆکاری تر هەن، کە بە شێوەیەکی کاتی زەختی خوێن بەرزدەکەنەوە، ئەمەش مانای نەخۆش بوون نییە بە زەختی خوێنی بەردەوام وەک:
هەندێ نەخۆشی دەماغ و ژەهراوی بوون، هەندێ مادەی بێ هۆشکەر (کۆکاین)، یان هەندێ دەرمان وەک دەرمانی پێکهاتەی کۆرتیسۆن، حەپی دژی منداڵ بوون، یان بەرزبوونەوی فشاری خوێن لە کاتی سک پڕبووندا، ئەمەش دەبێت بە ووردی چاودێری بکرێت لە بەرمەترسیی بۆ سەر ژیانی دایک وکۆرپەکەش.
یان بەهۆی تەسکبوونەوەی ئەو شاخوێنبەرەی، کە لە سەردڵەوە دەردەچێت لە گەل لە دایکبووندا ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
هەروەها ئەوکەسانەش کە پرخەپرخیان دێ لە خەودا بەهۆی چالاکبوونی سیستەمی سیمپاتیکی لەش تووشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دێن.



هەندی هۆکاری تری وەک شێوەی ژیانی کەسەکان (جگەرکێشان، ئەلکهۆلیزم، سوێرخۆری، قەڵەوی وسترێسی ژیانی رۆژانە بێ پشوودان لە بەردەوام بوونی کار).

نیشانەکانی بەرزی فشاری خوێن
بەزۆری هەستی پێ ناکرێت هەربۆیەش بە بەرزی خوێن دەوترێ مرۆڤ کوژێکی بێ دەنگ. یەکیک لە نیشانەکانی سەرهێشانی بەیانیان، گێژبوون، دڵتێکەڵیی و هەست کردن بەڕشانەوە، خوێنبەربوونی لووت، شێوانی خەو وکەم خەوی، هەناسە تەنگی، کە دەست بەکارێک دەکەیت، کەمێک هێشانی لای سنگی چەپ وشێوانی بینین لە چەند سانییەکەوە بۆ چەند دەقیقەیەک، هەروەها شێوانی تینووایەتی وزۆر میزکردن.

ئاڵۆزی و پاش هاتەکانی
ڕەقبوون وگەچگرتنی دیوارەکانی خوێنبەرەکان وتەسک بوونەوەیان ، بەدوای ئەمەشدا لاوازی دڵ ، سەکتە ی دڵ و دەماغ ، لەکار کەوتنی گورچیلە و داخستنی هەندێ خوێن بەر وخوێنهێنەر . بەرزی فشاری خوێن لە دوای جگەرەکێشان دووەمین هۆکاری خەتەرناکە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ.
زیان گەیاندن بە ماسوولکەکانی دڵ کە ئەمیش دەبێتە خەراپی پڕبوونی دڵ لە خوێن ولاوازبوونی کاری دڵ وشێوانی ریتم ولێدانی دڵ.هەروەها شێوانی سووڕی خوێن لە ناو تۆڕی چاو(شبکە) وزیان گەیاندن بە هێزی بینین
کاریگەری لە سەر کەمکردنەوەی کاری گورچیلە.


دیاری کردن و تەشخیس دانی
پرسیار و قسەکردن لە گەڵ کەسەکە، فەحسی خوێن ومیز، تەختیتی دڵ، سۆنەری دڵ، فەحسی چاو وتۆڕی چاو. ئاگاداربە هەندێ کەس کە دکتۆرەکە زەختی دەپێوێ بە بینینی جلە سپیەکەیەوە ئیتر فشاری خوێنی بەرزدەبێتەوە. بۆیە باشتر وایە کە فشاری خوێن بۆ ماوەی ٢٤ سەعات بە جیهازێکی تایبەت لە قۆڵی نەخۆشەکە دەبەسترێت وخوی دەیپێوێ.

چارەسەری و رێنمایی
ئامانجی چارەسەری فشاری خوێن کەمکردنەوەی خەتەری بۆ سەر نەخۆشی کانی دڵ وخوێن ومەرگ. دەبێ لە گەڵ دەرماندا هەندێ ڕێگری گشتی لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بە نەخۆشەکە بووترێ وئاگاداربکرێتەوە وەک:
وازهێنان لە جگەرەکێشان. کەمکردنەوە یان تەرکی ئەلکهول. کەمکردنەوەی کێشی نەخۆشەکە، ئەگەر قەڵەو بو یان کێشی لە خۆی زیادبوو. کردنی وەرزش وەک وەک ڕاکردن ومەلەکردن وگەڕان. کەمکردنەوەی سوێرخۆری (خوێ).خواردنی سەوزە و میوە فەرامۆش نەکرێ.
چارەسەی دەرمانیش دەست پێکردنی بەیەک جۆرە دەرمان، ئەگەر بەمەش بەرزی فشارەکە دانەبەزی ئەوە دوو دەرمان بەیەکەوە.
ناوی ئەودەرمانانەی واتە ناوی فارماسێکەی (زانستێ کەی) کە پێک هاتەی هەموو دەرمانەکانی بەرزی فشاری خوێنە نەک ناوە بازرگانییەکەی کە لە چارەسەی ونزمکردنەوەی فشاری خوێن بەکار دەهێنرێن:

ACE-Inhibitors.1
Angiotensin-1-receptor-antgonists.2
Beta blocker.3
Diuretika.4
Caliciumantagonists.5




هەرتاکێکی کورد بە مەسینەهەلگرەکان وقەلەمفرۆشە بێ ئابڕۆکانیشەوە دەبێ ئەو ڕاستییە، بزانن، ئەو ڕەوشە تەندروستییە خەراپەی، کە بەهۆی دەستێوەردانی مافیای حیزبی و بنەماڵەییەوە لە کوردستانی باشووردا هاتۆتە ئاراوە ، وەک هێنانی خواردن و دەرمانی بەسەرچوو ، گوێ نەدان بە پیس بوونی ژینگە، نەبوونی کەناڵیزاسیون لە ماڵ و گەڕەک دروستکردن، هەروەها فشار بۆ سەر ئازادیی و ترساندنی تاک و کۆ بە بیانووی جۆربەجۆر و ناڕەواش دووبارە دەبێتە، ئەمانە هۆکار بۆ نائارامی دەروونی و بەرزبوونەوەی زەختی خوێن ..هتد. جگە لە رووخسار و دیداری ئەو بەرپرس دەموچاو  سەر و سمێڵ بۆیاخکراوانەش، باری دەروونی زۆر کەس تێک دەدەن، هەموو ئەمانە زۆر خەتەرناکترن لە سەر بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بۆ سەر چەند تاکێک. واتە دەسەڵاتی دز و مافیا لە ناو ماڵی هەریەکێکتان دا بوونی هەیە و بەخشکەیی و بەهێواشی بە ماڵ ومنداڵەوە دەتانکوژێ و تەمەنتان کورت دەکاتەوە. هەر هەمووشی لە پێناو خۆیان و بنەماڵەکەیاندان، بەردەوام بوونیان هەیە بۆ دزینی ملیۆن و ملیاردەها دۆلار لە سەروەت وسامانی خەڵکی بەشخوراوی کوردستان، ئەمەش باری دەروونی کەسە بێدەسەلات و خەمخۆرەکانی ئەم گەلە تووشی ئەو نەخۆشییە دەکات.

دکتۆر ناسر سۆرانی
بەرپرسی بەشی تەندروستی /  کوردستانپۆست
پزیشکی گشتی وپزیشکی تایبەتمەندی چاو
FMH ئەندامی یەکێتی دکتۆرانی سویسرا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست