ماسییە سوورەکە..! -لەبارەی هەڵبژاردنەوە-

Friday, 11/04/2014, 12:00

1541 بینراوە







ئەگەرچی زانست بەتەواوی پشتڕاستی ناکاتەوە، بەڵام قسەیەک لەسەر ماسی گۆڵد فیش هەیە کە گوایا؛ یادگەی ئەم ماسییە وەکو خۆی کورت و کولە و لە تەنها سێ چرکە تێناپەڕێت.. واتە ئەگەر ماسییەکە لە خاڵێکەوە بجوڵیت بۆ خاڵێکی تر، کە دووری نێوان ئەو دوو خاڵە بە ڕۆیشتنی ماسییەکە تەنها سێ چرکە کات بخایەنێت، ئەوە بیری دەچێتەوە لەچ خاڵێکەوە هاتووە. بەم جۆرە هەموو جارێک کە لەم سەری حەوزێکی شوشەوە دەچێت بۆ ئەو سەری حەوزەکە وا دەزانێت بەڕێگایەکی نوێدا دەڕوات کە پێشتر هەرگیز نەیدیوە..! نازانم بۆ هەمیشە هەڵبژاردن لە کوردستان ئەم ماسییە دەخاتەوە بیری من.
لە ڕاستیدا ئەگەر هەڵبژاردن؛ ڕەزامەندانە بێت و دەنگدان ئەرکێکی نیشتیمانی بێت، ئەوە بایکۆت؛ ناڕەزایەتییەکی مەدەنییە و دەنگنەدانیش مافێکی سروشتی ئینسانە.. دەنگنەدان خۆی سەرەتای دروستکردنەوەی ئاکتە، بەڵام بە باوەڕێ بچکۆلانەی من؛ بایکۆتکردنی گشتیی لە شێوەی نەچوون بۆ هەڵبژاردن و دەنگنەدان بۆ بارودۆخێکی وەک ئێستا، کە ٨٠ لەسەد بەرەژووری خەڵکی کوردستان کارتی دەنگدانی وەرگرتووە، ئیتر پێشنیارێکی بڕێ ناواقیعییە.. کەچی هێشتا ئێرا بنبەست نییە.
سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ فیلمی بەناوبانگی (ماترێکس)، لەم فیلمەدا بونیام دەخرێتە بەردەم هەڵبژاردنی دوو حەپ، کە یەکێکیان حەپی وەهم 'شین' و ئەوی تریان حەپی واقیع 'سوور'ـە.. بینەر بۆ ساتێک تیادەمێنێت کە کام لەم دووانە بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت..؟ بەڵام بە کۆمەک وەرگرتن لە خەیاڵی فەیلەسوفێکی سلۆڤینیی وەک ژێژەک دەتوانێت حەپی سێیەم هەڵبژێرێت!
حەپی سێیەم دراوێکی مائیلە کە لە پرسیارەکەدا نابینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەیە.. لەم هەڵبژاردنەی کوردستانیشدا لە نێوان هەردوو هێزی ئۆپزسێۆن و دەسەڵاتدا، مرۆڤ دەتوانێت هێزی سێیەم هەڵبژێرێت.. ئەم لایەنی سێیەمە وەک حەپەکەی ماترێکس ماتریالێک نییە لە ئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە، بەڵکو ئێکسیری وشیارییە کە لە دەرئەنجامی تێڕامان لە هەردوو حەپەکەوە هاتۆتە بوون.
بۆ ئێستا؛ دەنگ سوتاندنی خۆت ئەو مێدەسینەیە کە دوای هەڵبژاردن دەبێت بە ژمارە، ژمارە؛ هێزی نوێ لە ڕێکخراوی نووێدا دروست دەکات، بەجۆرێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ڕەنگە پارتێکی گەورەتر بێتە پێشێ.. هەروەک چۆن بزوتنەوەی گۆڕان بە سود وەرگرتن لە ژمارە، بە کۆکردنەوەی هەموویان لە دەنگی ناڕازیی لە چەپ و ڕاست لە ئیسلامی و ناسیۆنالیست توانی کۆلێکتیڤێکی گەورە دروست بکات و تەنها لەماوەی کەمتر لە شەش ساڵدا ببێت بە‌هێزی دووەم لە کوردستان.
کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەڵبژاردن سێ ڕیزە؛ ڕیزە درێژەکەیان کە زۆرینەن؛ ڕیزی ئەو خەڵکانەن کە لە چینی خوارەوەی هەڕەمەکەدان و ڕاستیەکانیش دەبینن، بەڵام بەتەنیان بڕیاریان بۆ نادرێت.. ئەوانەی دوو ڕێزە بچووکەکەی تر پێکدێنن؛ دەسەڵات و ئۆپزیسیۆنن. دەسەڵات کە لە هەردوو پارتی حوکمڕاندا خۆی دەبینێتەوە؛ بە‌هێزی گەورەی پارە و بە سۆزڕاکێشانی خەڵك بۆ قەوانی نەتەوەیی و خەرمانەکێشان و هێنانەوەی کاریزما و ژیان لەسەر سۆزی ڕابردوو دەیانەوێت دەنگ بهێنن.
هەرچی ڕیزی کۆتایشە ئۆپزیسیۆنێکە کە لافی فریشتەی بەخت و دوا فریادڕەس لێ دەدات و بۆ ماوەیەکی تا ڕادەیەک درێژ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مەرامە سیاسییەکانی خۆیدا دەقۆزێتەوە و هەمچوون یاریزانێکی وریا موزایەدەی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک دەکات.. بەڵام ڕێساکە لە زانستی سیاسیدا ئاوهایە؛ کە ئەم دوو ڕیزە کەمە بە ئاسانی و وەک هەمیشە دەتوانن تەحکوم بە زۆرترین ژمارەی دەنگدەرەوە بکەن، ئەگەرچی لە دەرەوەی خۆشیان بن.
سیستمی ئێستای حوکمڕانی هەرێم ئەگەرچی لە قەیرانێکی ناوەکی و دەرەکی گەورەدا دەژی، کەچی دەتوانێت هەموو ڕۆژێ هەزار جار شکۆی ئەم مرۆڤی کوردە بشکێنت.. لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا؛ { ١.٧٧٦.٠٠٠.٠٠٠ (یەک میلیار و حەوتسەد و حەفتا و شەش میلیۆن دینار)} لە بودجەی گشتی خەڵک، دراوە بە ئەندام پارلەمانانی ئەم خولە نوێیە، بێ ئەوەی یەک دانیشتن بکەن.. ئەوە لە کاتێکدا پاسەوانێکی سنوور لە بەر بێ پارەیی مۆڵەتەکەی ڕەت دەکاتەوە و لەڕووی هەڵنایەت بگەڕێتەوە ناو ماڵ‌ومنداڵەکەی، ئەوەتا پێشمەرگەیەک لەبەر کامێرای تەلەفێزۆێنەکەدا دەست دەکات بەگریان، کەمئەندامێک بە عارەبانەی هاندیکاپەوە لەبەر دەرگای نووسینگەی پەرلەماندا ڕۆژ دەکاتەوە، موچەخۆرێكی بێ موچە خۆی لە قیستەکەی و کرێنشێن خۆی لە خاوەن ماڵ دەدزێتەوە و بازاڕ خۆڵی مردووی بەسەردا دەکرێت و هەموو ئەکتیڤییەتێکی ئیکۆنۆمی دەوەستێت. کەسیش لەسەرەوەی هەڕەمەکە باکی بەهیچ نیە..! کەسیان شەرم نایگرێت و کەسیان نابن بە دڵۆپێ ئاو و هیچیان بەناخی زەویدا ناچنە خوارێ.. بە پێچەوانەوە دەستیانکردەوە بە کەڵەکە کردنەوەی خەونی بەتاڵ و فرۆشتنی ئەو هەموو ئومێدە درۆزنە بەنرخی ئەڵماس، کە نرخی دەنگی خۆمانە.
لەکاتێکدا سروشتی کۆمەڵگا وەهایە کە لەسەر هیوا دەژی.. بەڵام لە دونیای تازەدا خەڵک کۆمەڵێ هەتیوی بێ نەوا نین پارتێکی سیاسی بێت و بە ناوی قەبەی ئۆپزیسێۆنەوە ببێت بە باوکیان. هاوڵاتیی کۆمەڵگای نوێ وشیاری خۆی دەکات بە باوکی خۆی و دەتوانێت بەدەنگی خۆی پارتەکان سزا بدات.. سزدان لەم هەڵبژاردنەی داهاتووی کوردستاندا هەر ئەوە نییە دەنگی یەکێتی و پارتی بەڕێژەیەکی بەرچاو بێتە خوارێ، بەڵکو ئەوەشە کە دەنگی ئۆپزیسیۆنیش هاڕە بکات..!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە