گۆڕان یــــــــــا چاكسازى ! دروشمى گۆڕان دەسەڵاتى توشى هیستریا كردوە !

Thursday, 18/06/2009, 12:00

2131 بینراوە


سەردەمانێك سەركردایەتى یەكێتیی لەمەڕ دەركەوتنى نیەتى چاكسازى بەبایەخەوە بۆى نەڕوانى ، پێی وابوو ئەم نیەتە كەف و كۆڵێكى كاتیە و بە هەندێ ئیمتیاز و دەم چەوركردنى ئەم و ئەو كەفەكە ئەنێشێتەوە ، بۆیە هەندێ لە زۆڕناژەن و قەڵەمە ترسنۆك وپیاوەكانى دەربار بەم مەرامەوە كۆمەڵێ بابەتى كاڵ و كرچ و قسەكانى هەندێ لە سەرۆكەكانیان وتەوە ! لەگەڵ پێداگرى ریفۆڕمخوازان و سووربوونى ئەم باڵە لەسەر چاكسازى ، یەكێتیی وردە وردە كەوتە دانانى ڕێوشوێنى توند تر و هەوڵى چڕوپڕتر بۆ بەرتەسك كردنەوە و بێ بایەخكردنى ئەم جۆرە بۆچوونە ، هەوڵەكان لەناو یەكێتیی رۆژ دواى رۆژ ئاكامى باش و گەشیان لێ بەدى نەئەكرا بۆیە ئاراستەى هەوڵى چاكسازى دەروازە و روكارێكى ترى بۆخۆى دۆزیەوە و چوار چێوە و رووبەرێكى فراوانترى بۆخۆى رەخساند ، بۆیە نیاز و مەبەست و بیروبۆچوونەكانیش ئاراستە و مەغزایەكى بەرینتر و گشتى ترى وەرگرت !
چاكسازى ئەوەندەى تەعبیر بوو لە هەوڵى باشكردن و بنیاتنانەوەى ماڵى ڕووخاوەكەى یەكێتیی ئەوەندە تەعبیر و رەمز نەبوو بۆ گۆڕانكارى ریشەیی یا بنەڕەتى لە سیستەم و رزگاركردنى دەسەڵاتى سیاسی لە هەیمەنە و زەوتكردنى لەلایەن یەكێتیی و پارتیەوە ، هەربۆیەش بوارى چاكسازى نەبوە ئەو بوارە فراوانەى كە سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە كۆمەڵایەتى و پیشەییەكانى تر بگرێتەوە و بیانگرێتەخۆ ، هەوڵ و بانگەوازەكانى چاكسازى لە سنوورێكى تەسكى (حزبى ، گروپی ، مەبەست دیاریكراو نامیللى ، تایبەت نا گشتی) دا قەتیس ببوو ، بۆیە هەرچى دەسەڵات و خودى یەكێتیشە بەلایانەوە جێگەى مەترسی و هەڕەشە نەبوو بۆ ئایندە و دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانیان ، هەبۆیەش چ پارتى وە بەتایبەتى یەكێتیی دژەكارى توند و جدیان نەنواند بەرامبەر بە لایەنگران و ریفۆرمخوازان .
بەڵام دواى ئەوەى رەوتى ئاراستە وبۆچوونەكان و هاتنە ئاراى لیستى جیاو سەربەخۆ بۆ بەشدارى كردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان و خەمڵینى ئەم هەوڵانە لە گەڵاڵە بوونى لیستى گۆڕاندا ، سەراپاى هاوكێشە و ئاراستە و ستراتیچى سیاسی ئەو رەوتەى روونتر و یەكلاى كردەوە و دەسەڵاتى توشى شۆك كرد بەتایبەتى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان !
لیستى گۆڕان دەرئەنجامى خوێندنەوەى بابەتى و ئاڵوگۆڕ و دەردراوى ئەو قۆناغەیە كە لەناو هەناوى خواست و پێداویستیەكانى كۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە و هێز وگوڕوتینیشى هەر لەوەوە سەرچاوەى گرتوە ، بارودۆخى سیاسی ، كۆمەڵایەتى ، ئابوورى و نایەكسانى و ونبوونى عەدالەتى كۆمەڵایەتى هۆكارى سەرەكى و بنەڕەتى پێكهێنانى ئەو بارودۆخەن كە زەمینەى بابەتى گەڵاڵەبوونى لیستى گۆڕانە ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەو چواچێوە گشتیە ، بەرفراوانە كۆمەڵایەتیە بۆ لیستى گۆڕان دابین ئەكا و روخسارێكى جەماوەرى - میللى پێ ئەبەخشێ بە جیاوازى بیروڕاو بۆچوونەكانەوە ، بە جیاوازى ئاین و ئاینزاكانەوە وەك شوناسێكى كۆكەرەوەى سەرجەم فۆرم و ویستە خوازیارەكانى گۆڕان و گۆڕانكارى خۆى سەپاندوە و بۆتە ویستێكى گشتى ، كە ئەم ویستە گشتیە ش وەك شوناسێك لە هەموانەوە بۆ هەموان رەوشى بارودۆخەكەى بۆلاى خۆى راكێشاوە و دەسەڵاتى توشى هەژان كردوە .
بۆیە ئێستا گۆڕان وەك رەمز و داخوازیەكى راى گشتى نیشانەیە بۆ جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان و دوور خستنەوەى دەستێوەردانى حزب لەكاروبارەكانى حكومەت و سەربەخۆبوونى دادگا و دامەزراوە پەروەردەیی و زانستیەكانى وەك زانكۆكان و پەیمانگاكان و بنیاتنانى كۆمەڵگەى مەدەنى و پێشخستنى بارى كۆمەڵایەتى بەتایبەتى ژنان و لاوان و ئەكتیڤكرنى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى ودابینكردنى هەلى كار بۆ هەموان بەیەكسانى و سەروەرى یاسا .
هەرئەمەشە كە ئاراستەى هەمەلایەنەتر و شوناسێكى كاریگەرترو پشتیوانى زۆرترى لە خودى بیرۆكەى چاكسازى بۆ گۆڕان رەخساندوە و مەودا و سنوورى جوڵانەوەوكاریگەریەكانى بەرفراوانتر كردوە ، كە لەئاكامدا ئاراستە و چەقى هەوڵ و كاریگەریەكەى لە ناوخۆ و خودى یەكێتییەوە تێپەڕاند و ئاراستەو چەقى تێكۆشانى رووەو هەرەمى دەسەڵاتى سیاسی كردوە .
بە دابەزاندى لیستى گۆڕان بۆبەشدارى لە هەڵبژاردنەكاندا وەك لیستێكى سەربەخۆ دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیی هەستیان بەمەترسى جدى كرد، چونكە ئەوان لەوە دڵنیان كە ئەوەندەى لەخەمى خۆیان و دەست و پێوەندەكەیاندابوون یەك لە سەدى ئەوە لەخەمى پێداویستى و گوزەرانى خەڵكدا نەبوون بۆیە ئەوەیان لا ڕوون بوو كە لیستێكى تر و بەتایبەتی كە كەسایەتیەكى سیاسی و تێكۆشەرێكى پاك و خاوەن ئەزموونى وەك كاك نەوشیروانیش رێبەرایەتى بكا ئەوا هێندەى تر هەڕەشە و مەترسیەكانیان بۆ گەورەتر و خەستر ئەبێ ، بۆیە لەسەروبەندى فراوانتر بوونى كاریگەریەكانى ئەم لیستە لەسەر خەڵك و ئەو دەرئەنجامانەى كە هەر لەئێستاوە دەسەڵات هەستى پێ كردوە كە لە دوارۆژا چ گۆبەندێكى سیاسی و یاساییان بۆ ئەنێتەوە ، دژە هەڵوێستى توند و كارى زۆر بێ شەرمانە و نامرۆیی و نادیموكراسى و ناهاچەرخانەیان وەك دەركردن و نانبڕینى كادر و ئەندامانى لیستى گۆڕان وگواستنەوە و لەسەركارلابردنى سەدان فەرمانبەر و ئەفسەرى هێزەكانى سوپا و هێزەكانى ناخۆ پیادەكرد بۆ ئەوەى خەلك چاو ترسێن بكەن و بەربەستێك بۆ ئەو شەپۆلە پڕ ناڕەزایەتیە دابنێن ، كەچى بەپێچەوانەوە لایەنگرانى لیستى گۆڕان سوورتر و بەهێزتر بوون و بڕوابوونیان بە گۆڕان لا حەتمى تر و بەبایەختر بوە .
بە سەرنجدان لە بارودۆخى ئێٍستاى دواى گەڵاڵەبوونى لیستى گۆڕان و ئەو بارودۆخەى كە بیرى چاكسازى تیا رەخسا ، ئەبینین رەوش و قۆناغێكى نوێ ، جموجۆڵ و پشتیوانیەكى هەمەلایەتر ، شوناسێكى گشتى تر وەك كۆكەرەوەى سەرجەم بۆچوون و ئایدیا و داواكاریەكان بۆ گۆڕان و گۆڕینى سیستەمى سیاسی و هێنانە ئاراى پەرلەمانێكى بنكە فراوان و ئەكتیڤتر لەهەموو كات زیاتر بە فۆرمى گۆڕان بەخشیوە و خەڵك وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ سیستەم و دەسەڵاتى سیاسی بۆى ئەڕوانێ ، كە پێشتر و لەسەردەمى ناوەزەندكردنى بە چاكسازیدا ، خەڵك زیاتر بە پلان و فێڵێكى سیاسی ترى بۆ یەكێتیی و بنیاتنانەوەى نێوماڵى یەكێتیی لەقەڵەمى ئەدا ، بۆیە ئێستا پێویستە هەموو لایەك قورسای و چەقى كارمان بۆ گۆڕان و هێنانەدى گۆڕان بێت نەك بەرزكردنەوەى دروشمى چاكسازى و هەندێ زاراوەى وەك یەكێتیی بوون و رزگاركردنى یەكێتیی لە باڵى زاڵى تالەبانى و ... تاد ، چونكە نێوماڵى یەكێتیی دیوارەكانى داهێزراون ، دیوارەكانى خڕەكەڵەكن بەرگەى دەستكارى و نوێكردنەوە ناگرێ ، هەردەستكاریەك سەراپاى ماڵەكە ئەڕوخێنێ و ئەبێ لەبناغەوە دروست بكرێتەوە ! جگەلەوەش زۆربەى سەركردەكانى یەكێتیی ئێٍستا و بەم شێوە مانەوەى یەكێتییان لا باشترە نەك چاكسازى و بەدامەزراوەیی بوون چونكە دامەزراوەیی و كاركردن بەپێی پەیڕەو بەرنامە سنوورى دەسەڵاتیان دیاری ئەكات و بوارى دزى و چەتییان تەسك ئەكاتەوە !دیارە هەر ئەمەش بوو كە یەكێتیی بەم رۆژەگەیاند !
ئەگەر لەبیرتان بێ لە مانگەكانى 1 و 2 ى ساڵى 2003 كە باسی جدى روخانى سەدام حسێن هاتە گۆڕێ لە هەڵوێستێكى چاوەڕوان نەكراودا هەریەك لە دوژمنە دێرێنەكەى وەك وڵاتى ئێران و كوێتى داگیركراو سعودیەى بەردەوام ترساوى بەر پەلامارى بەپڕتاوى سوپاى عێراق و سوریا ، لەگەڵ لێدان و سنورداركردنى دەسەڵاتى سەددام دابوون بەڵام حەزیان نەكرد كە بەعس بڕوخێ چونكە ئەوان سەدامێكى لاواز و بێ دەسەڵاتیان بەلاوە پێ باشتر بوو نەك دەسەڵاتێكى تر كە لەوانەیە لە ئایندەدا بەهێزتر و مەترسی بۆ سەر بەرژەوندیە گشتەكانیان دروست بكات ! بۆیە هەر یەك لەم ولاتانە بەپێی تواناى كاى بۆ ئەم مەبەستە كرد ، بەڵام سەرنەكەوتن ، بۆیە ئێٍستاش سەركردە و پیاوە دەست رۆیشتوەكانى ناو یەكێتیی نیشتمانیی تاڵەبانیەكى لەرزۆك و یەكێتییەكى لاواز كە خۆیان تیایدا باڵادەست و زاڵن پێ باشترە لە یەكێتییەكى بەدامەزراوەیی و بەهێز كە خۆیان تیایدا دەسەڵات و سنووریانیان بۆ دیاری بكرێ و بەرژەوەندیە ئابووریەكانیان بخاتە ژێر مەترسیەوە . بۆیە نیەتى چاكسازى و بنیاتنانەوەى یەكێتیی جگە لە خەیاڵ پڵاوى و پڕوپاگەندەى روكەشانە چیتر نیە و پێویستیش ناكا ئەو بالۆرانە لێبدرێنەوە ! ئەوەندەى خۆبەوەوە خەریك ئەكەن هەوڵەكان با بەئاراستەى گۆڕان بدرێ .!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە