گواستنەوەی میراتی ده‌سته‌ڵات لە ناو حیزبی کوردیدا پارتی و یه‌کێتی وه‌کو نموونه‌

Friday, 14/02/2014, 12:00

1952 بینراوە






* له‌ کاره‌ساتی 1975 دا میراتگریی ده‌سته‌ڵات هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی بوو

* با ڕێگا نەدرێت بە چەسپاندنی تاکەکەس لە لوتکەی دەستەڵاتی حیزبدا
********************************
شێوەی گواستنەوەی دەستەلات لە ناو هەر پارتێکدا نیشانه‌ی هەبوون یان نەبوونی دیموکراسییە لە ناو ئەو پارتەدا.
پارتە کوردییه‌کان قوژبنه‌کانی کومەڵگایان ته‌نیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەى کۆنترۆڵی ته‌واوی خۆیان بچه‌سپێنن به‌سه‌ر خه‌ڵکدا له‌ رووی ئابوریی، سیاسیی و ..هتد.
ده‌ستیان گرتووه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو داموده‌زگاکانی دادوه‌رییداو هه‌ر له‌ رژێمه‌ شمولییه‌کان ده‌چن. باشوری کوردستانیان دابه‌ش کردووه‌ به‌سه‌ر دوو ناوچه‌دا. یه‌کێتی له‌ سلێمانی و پارتی دیموکرات له‌ هه‌ولێرو دهۆک.

خاڵی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م پارتانه‌ بوون به‌ پارتی تاکه‌ که‌س یان بنه‌ماڵه‌. ده‌سته‌ڵاتی سه‌ربازیی، سیاسیی و ئابوریی له‌ ده‌ستی یه‌ک که‌سدا کۆبۆته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م پارتانه‌ نه‌یانتوانیووه‌ گه‌شه‌ی دیموکراسی، نوێکردنه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی ده‌سته‌ڵات و ئاماده‌کردنی کادری لێهاتوو به‌ ده‌ست بهێنن. بۆ ئه‌وه‌ی پارت بتوانێت خزمه‌تی گه‌ل بباته‌ ئاستێکی به‌رزو رێزی نێوده‌وڵه‌تیی بباته‌وه‌. بە پێچەوانەوه‌، پارت بووە بە موڵکی تاکە کەسی موقەدەس و گەورەی بێ هاوتا. هیچ رێز لە ده‌ستور یان پرەنسیپی دیموکراسیی ناو پارتەکە ناگیرێت. کادرە کۆنه‌کان دژ بە نوێیه‌کان دەوەستن و ڕێگر دەبن لە پێشکەوتنیاندا بەرەو لوتکەی دەستەڵات، کۆنەکان نوێیەکان بە نەزان و هەلپەرست ناو دەبەن. پارتەکە توشی قەیرانی ناوخۆ و چەقبەستبوون دەبێت، باڵادەستی تاکەکەس بە هێزتر دەبێت، تا رادەیەک ئەتوانێت کوڕی، زاوای یان خاڵی بکات بە
سەرۆکی پارتەکە بە بێ ئەوەی حیزبەکە نقه‌ی لێوه‌ بێت. چونکە پڕ بووە لە کوڕی رۆژ وهەلپه‌رست. کادیرەکان فێرنەبوون بە ئازادیی بیربکه‌نه‌وه‌.

مەلا مستەفای سەروکی پارتی، ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسیی بە ئارەزوی خۆی دەگۆڕین، تا دوا رۆژی ژیانی به‌ سەرۆک مایەوە. لە دەستپێکی ساڵەکانی (1970)دا شەڕی میراتگریی لە ناو کوڕەکانیدا، کە دایکیان جوودا بوو، هەڵگیرساند. ئەم شەڕە لە ناو حیزبەکەدا وێرانکەر بوو بۆ گەلی کورد ، بۆ حیزبەکەی، بۆ شۆڕشی چەکداریی کورد و بۆ بارزان، تا لە ساڵی (1975)دا کارەساتە هەرە گەورەکه‌ لە مێژووی کورددا هاتە کایەوەو هەمووی داڕما. لەم تراجیدیایەدا کاریگەریی میراتگریی هۆیەکی سەرەکی بوو.

ئیستا لە ناو یه‌کێتیدا، پڕۆسەی گواستنەوەی دەستەڵات لە قەیراندایە کە سێبەری خستۆتە سەر هەموو بواری ژیانی خەڵک ومەترسیدارە بۆ تێکچونی ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان.
ئەم دوو نمونەیەی (ک.د.پ) و (ی.ن.ک) قەت نابێت دووبارە ببێتەوە. پێویستە گەلى کورد له‌ قۆناغی تاکە کەس دەربازببێت. گرێدانی پاشەڕۆژی گەلێک بە تاکەکەسه‌وه‌ دەبێت تاوانبار بکرێت بە توندیی.

پێویستییەکی هەرە گرنگە هەر پارتێک که‌ لە کوردستاندا دامەزرابێت یان دابمەزرێت، بۆ نموونه‌ بزووتنه‌وه‌ی گوڕان ، گرنگیی بدات به‌ ماددەکانی ناو خۆی حیزبەکە بۆ گواستنەوەی دەستەڵاتی رامیاریی، کە بە شێوەیەکی قانونیی بە گوێرەی دەستوری حیزب بەرێووە بڕوات و ڕێگا نەدرێت بە چەسپاندنی تاکەکەس یان بنەماڵەیه‌ک لە لوتکەی دەستەڵاتی حیزبدا.

شه‌ست ساڵی رابردووی مێژووی تاڵی کورد پیشانی داوه‌ گەلی ئێمە چ کارەساتێکی دیووە لە دەست ئەم شێوەی دەستەڵاتی حیزبی تاکەکسه‌.

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆنتراکت


[email protected]
www .facebook/3kontrakt

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە