کەرکوک لەنێوان تیرۆر و بێئابڕوویی میدیای کوردیدا

Thursday, 05/12/2013, 12:00

1831 بینراوە





کەم ڕۆژ هەیە کەرکوک و زۆرێک لە ناوچە جێناکۆکەکان نەبێتە مەیدانی تەقینەوە و کردە تیرۆرستیەکان. کەم ڕۆژ هەیە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بە منداڵ و پیر و گەنجەوە نەبنە قوربانی ئەو نائارامیەی لەوناوچانەدا خۆیی سەپاندووە. ئەگەر بە ئاگاییەوە بە ئەرشیفی میدیای کوردی بەتایبەت ئەوانەی خۆیان پێ " ئازاد و ئەهلی و سەربەخۆیە" بچینەوە، دەبینین چەند بێباکانە لە ژیانی خەڵکی سیڤیل و بێدیفاعی ئەو ناوچانە دەڕوانن. هەر یەک لە ئێمە دەتوانین دەیان بەروار بدۆزینەوە کە ئەو میدیایە هیچ گرنگییەکی بەو ڕووداوانە نەداوە کە خەڵکی مەدەنی و ئاسایی کراونەتە قوربانی .
لەهێرشە تیرۆرستیەکەی ٤/١٢/٢٠١٣دا لە کەرکوک، بەڕوونی بێئابڕوویی میدیای کوردیم بینی. بینیم چەند بێشەرمانە لەهەوڵی گەورەکردن و ناساندن و بە قارەمان نیشاندانی هەندێک هێزی دەمامکدار و پارەخۆر و پیاوکوژدا چۆن هەزیلانە وەک دەڵاڵی هەواڵ چرکە چرکە خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام " بەبەڵگەوە" لەکاتی بەقوربانیبوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و دەیان بازاڕ و گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک، بەهیچ شێوەیەک گرنگییان پێنەداوە و لەو ساتانەدا گرنگترین هەواڵەکانیان شەڕی دوو بەرپرسی نابەرپرس و جلەکانی هەیفا و کۆبونەوە بێسودەکانی سەرۆک و سەرکردە فاشیلەکان بووە.
ئەوەی ڕوویدا ئەمجارەیان بارەگای دەزگای هەواڵگری و هەستیارترین ئۆرگانی چەکداری دەوڵەت ئامانج بوو. هەرچەندە ئەوە ئەوپەڕی مایەپوچی و شکستی ئەمنی دەوڵەتە دەزگایەک ئیشی دۆزینەوە و چاودێریکردنی تیرۆرستانە، دەکرێتە ئامانج. تیرۆرستان توانیان سەرکەوتووانە لەو دەرگایەشەوە دەیان خەڵکی ئەو شارە بکەنە قوربانی، بەڵام ڕاگەیاندن و هەندێک لە ڕۆژنامەنوسە سوکەکان کەوتونەتە بەشان و باڵ هەڵدانی کۆمەڵێ پیاوی قەڵەوی چەک بەشان کە تەنها بە ئیشی خۆیان هەستاون. وەک چۆن بەقاڵێک تەماتە دەفرۆشێت، وەستایەک دیوارێک دروستدەکات، مامۆستایەک وانە دەڵێتەوە، کەناسێک شەقام پاک دەکاتەوە... بەهەمان شێوە ئەوانیش شتێکی زیادەیان نەکردووە جێاگای شانازی بێت.
من پێم وایە لە کوردستاندا میدیایەکی ئەهلی و سەربەخۆ نیە، هەموویان بە شێوازێکی ناشەریفانە کار بۆ جوانکردنی ڕووی قێزەون و ڕەشی حیزب و دەسەڵات دەکەن. هەموویان کاریان شەریفاندنی دز و گەندەڵ و پیاوکوژەکانە. لە تەنیشت ئەم ئیشە بێئاڕووییەوە جارجارە ڕاپۆرت و هەواڵی شەرمنانە لەسەر بەرپرس و دەزگاکانی حومەت و حیزب بڵاو دەکەنەوە و خۆیانی پێ وەک بێلایەن و سەربەخۆ دەناسێنن. ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی سودمەند و ئینتیهازین کە ناشەرعییانە و دووڕووییانە خەریکی پەیداکردن و دزی و خیانەتن. بەدڵنیایەوە زۆرینەی ڕەهای نوسەران و ڕۆشنبیران ئەم ڕاستیە دەزانن، بەڵام زۆرێکیان لەترسی بایکۆتکردنیان لەلایەن میدیاکانەوە، یان لەترسی لەدەست نەدانی گۆشە بێسودەکانیان لە ڕۆژنامەکاندا کە بە سەرچاوەی ناودەرکردنی خۆیانی دەزانن ناوێرن بۆ جارێکیش قسە لەسەر ئەم بێئابڕووییە بکەن.
ئەم میدیایە سەلماندی کە بەهیچ شێوەیەک خوێنی خەڵکی سیڤیل و بێدیفاعی ئەم میللەتەی بۆ گرنگ نیە و زۆر بێباکە لەئاست ئەو هەموو قوربانیەدا. بازرگانێک خوێن لە لوتی بێت هەفتەیەکی پێوە دەکوژن. چەکدارێکی حیزب یان کوڕی بەرپرسێک لە رووداوێکدا پێوە ببێت مانگێک گرنگترین سەردێڕی هەواڵەکانیانە. هەرچی خەڵکی مەدەنی و بێکەس و داماوی ئەم میللەتەشە، لەبەر ئەوەی پارەی تیدا پەیدا ناکەن نەبۆتە بچوکترین خەم و هەواڵێکی لەسەر ناسازێنن. بە ڕاشکاوی دەڵێم میدیا حیزبییەکان زۆر شەریفتر و ڕاستگۆیانەتر پەیوەستن بە ئەرکی خۆیانەوە. ئەوان بە ئاشکرا بوێرانە خەریکی جوانردنی حیزبەکانیانن، هەقی خۆیانە و ئیشی خۆیانە بە چەکدارەکانیاندا هەڵدەن و نەیانشاردۆتەوە کە معاشخۆری حیزبین. بەڵام بۆ ئەو میدیایە وەک ئەهلی خۆی ناساندووە، بێئابڕوویی نەبێت هیچی تر نیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە