درێژترین جەنگ لەمێژوودا،جەنگی نێوخۆی ئیسلامە

Monday, 16/06/2014, 12:00

2314 بینراوە








مێژووی مرۆڤایەتی پڕاوپڕبوە لە جەنگ،هەر لە قۆناخی کۆیلایەتیەوە تا دەگات بەم ساتەی ئێستا کە سەردەمی سیستمی قۆرخکاری سەرمایەداریە. لەنێو خودی ئەو جەنگانەدا له مێژوودا ڕویانداوە،جەنگی داگیرکاریەکانی سەردەمی ئیمبراتۆرەکان بۆ داگیرکردنی ئەو جێگایانەی هێشتا لە ژێر قەڵەم ڕەوی ئەودا نەبوە، جەنگی نێوان بەرەی کاسۆلیک وپرۆتستان،لە کاتی جێابونەوەی باڵی ڕیفۆرم خوازی پرۆتستانەکاندا، جەنگی وڵاتانی ڕۆژئاوا ی سەرمایەداری لە دوای ڕوخانی سەدەکانی ناوەڕاست و لەنێوخۆیاندا و پەلهاویشتنیان بۆ ئەو سەرزەمینانەی بۆنی وەدەستخستنی قازانجی لێ دەکرا. کۆی مێژووی ئەوجەنگانە، ڕەنگە لە چەند سەد ساڵێک زیاتر نەبوبێت،ئیتر بەجۆرێک کۆتایی پێهاتوەو لایەنی سەرکەوتوو، لە داهێنانی نوێدا بوە بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆی و کۆمەڵگاکەی ژێر دەستیشی. دیارە لە نێو ئەو جەنگانەدا بە ملیۆنان لە مرۆڤ تیاچون.
من زۆرتر مەبەستمە بڵێم کە مێژوی ئیسلام لە سەردەمی خەلافەتەوە تا ئێستا کە زیاتر لە 13 سەدەیە،ئاگری جەنگی نێوان شیعە و سونە نەکوژاوەتەوە،بەڵکو هەمیشە لە بڵێسەدا بوە. جەنگی کۆنەپەرستانەی ئیسلام لە نێو خۆیدا، بەقەد بارستایی مێژوەکەی مرۆڤی لە ناوداوەو مرۆڤی گەوج کردوە. ئاینی ئیسلام، وەک ئاینی یەهودی و مەسیحی نەبوه،لەوەی زیاتر تەبشیری بێت،بە پێچەوانەوە،ئاینی ئیسلام لە ڕۆژی پەیدا بونیەوە تائێستا ئاینی دەسەڵاتدارێتی بوە، وە لەکۆی پێکهاتەیدا،ئاینێکی تەواو دژە ئازادی بوە، لە سەردەمی تێکدانی سێ سەد و شەستە یان شەستوپێنج، بتەکەی مەکەوە،کە هەر بتەی دەلالەتی لە خوایەکی تایبەت دەکرد بۆ خەڵکی ئەو سەردەمەی بیابانی عەرەبی، بۆخۆی نیشاندانی ماهیەتی دژە ئازادی ئەو دینە نوێەی دەگەیاند بۆ ئەوانی دی کە لەوناچن و بیرکردنەوەیەکی جیاوازتریان هەیه.

وەک وتم مێژووی ئیسلام مێژووی جەنگە، هیچ کات ئەو دینە دینی پێکەوەیی و تەبای نەبوە،مەگەر ئەو کاتەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لە ئاستێکدا بووبێت،کە ئیتر ڕابەرانی ئەو دینە بە ناچاری ملیان دابێت بە ژیانێکی ڕەنگاوڕەنگی جیاواز.
لە عێراقدا، چونکە، زۆرترین لە کەسایەتیە دیارەکانی ئەو دووبەرەیە لەو سەر زەمینەدا لە بەینی یەکتریدا کوژراون، وە پێگەی قەبر و نزرگاکانیان لەو سەرزەمینەدان، تا ئێستا ئەو سەرزەمینە ئارامی بەخۆیەوە نەدیوە، بۆماوەی تەمەنی ئیمبراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی،عێراق مەیدانی خاڵی کردنەوەی جەنگە خوێناویەکانی ئەوان بوە، دواتر سەردەمی دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە عەرەبی و فارسی و سەردەمی ئەحزابی ئیسلامی تورکی، کە بەکۆ خاوەندارییان لە ئاینی ئیسلام کردوە، مەیدانی جەنگی ئاینی قەومی هەر بەردەوامی هەبوە. ئێستا نازانرێت، کەی ئەو خەڵکە سادەیە بیر دەکاتەوەو دەگاتە ئەو بڕوایەی ئەوان لە پێناو جەنگێکدا بەکوشت دەدرێن کە جەنگی ئەوان نیەو، تەنها زەرەرمەندی و ڕۆژ ڕەشیان بۆ ماوەتەوە. مانەوەی ئاینی ئیسلام و جەنگی دووبەرەکی سونی شیعی، ماوە نادیارەو،بۆ سەرۆک و ڕابەرانی ئەو ئاینە، وەک کەنزێکی پڕ لە بەها وایە،چونکە درێژەدان بەو ڕاسیزمە وەحشێت ناکە، وا دەکات،ملیۆنان لە کۆیلەکان زۆر بە ئاسانی ڕاپێچی نێو مەیدانی جەنگ بکرێن.

زۆر مەزنە مرۆڤ بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەوە تەنها مرۆڤە داهێنەری ئاینکانە،نەک لە ئەسمانەوە هاتبێت بۆ مرۆڤ. گەر ئەو ئاینە لەلایەن ئاسمانیشەوە بێت،دەبێت بپرسین،لە نێرەرەکەی،ئەرێ تاوانی ئەو خەڵکە هەژارە چیە وا لە ڕێی ئاینەکەی تۆوە کراون بە دڕندەیەکی خوێن خۆر؟ کەواتە جەنگی ئێستای بەرەی شیعە و سونەی داعش، درێژکراوەی ئەو جەهالەت خانەی سەرەتای پەیدا بوونی ئیسلامە. ئیتر مەگەر خوداکەی ئیسلام و ناسیۆنالیزم، خۆیان بزانن تا چەند دەیەی تر درێژەدەکێشێت و گۆمی خوێن ڕشتن درێژەی دەبێت لە عێراقدا!!!!

تاهیر حاجی حەسەن
١٦/٦/٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە