سەرۆكەكانمان كەى وەك سەرۆك دەردەكەون ؟

Friday, 05/06/2009, 12:00

3062 بینراوە


سەرۆكى وڵات لەهەمو تاكێكى ئەو وڵاتەى كەخۆى سەرۆكایەتى دەكات زیاتر بەرپرسیارێتى بەردەكەوێت و دەبێت بەسروشتى كارەكەى خوى وەك سەرۆكى وڵات لەئاست هەمو تاكەكانى كۆمەڵگادا بەمانا خاوەنى یەك چاو بێت بۆ ماشاكردنى سەرجەم چین وتوێژەكان بەبێى جیاوازى .
ئێمە كورد چۆن لەكەسێتى سەرۆك دەڕوانین وچۆن لەگەڵ سەرۆكدا مامەڵەدەكەین ؟ سەرۆك وەك كەسێكى نەمر تەماشادەكەین كەهێشتا لەپرۆسەى هەڵبژاردندا نەمان تواینەوە هەڵى ببژێرین و بیكەینەسەرۆكى خۆمان , یان لەدونیاى ئێمەدا سەرۆك ئەوكەسە بوە كەسەرپەرشتى شۆڕێك بكات و ئەگەر شۆڕشەكەیشى سەركەوتونەبو هەربەنەمرى بمێنێتەوە و بەسەرۆكى خۆمانى بزانین ؟ كێ سەرۆك هەڵدەبژێرێت , ئێمە لەڕیگەى سندوقى دەنگدانەوە یان لەڕێگەى چەپڵە ڕێزانەوە ؟ یان واقعێك ئەوە فەرزدەكات بەسەرماندا كە سەرۆكى حیزب دەبێت سەرۆكى هەمومان بێت و لەدواى خۆى سیًَبەرەكەى لەسەركورسى حكومكردن بەردەوامبێـت ؟ وێنەى سەرۆكەكان خویان دێنەماڵەكانمانەوە و دەبێت لەتەنیشت وێنەى خۆمان یان باوكەكانمانەوە لەچوارچێوەیەكى بگرین و لەسوچێكەوە هەڵواسین , یان لەترسى ئەوەى نەكەوینە بەرنەفرەتى سەرۆك وێنەكەى بەتەنها لەژورێكدا هەڵدەواسین و ناوى لێدەنێن ژورى میوان ؟.
سەرۆكەكانى ئێمە , سەرۆكى حیزەكان , سەرۆك خێڵەكان , سەرۆكى باندەكان , سەرۆكى قاچاخچیەكان ...هتد , ئەو سەرۆكانەن كەئێمە شانازى بەبەخشینى شوناسى سەرۆكایەتیانەوە دەكەین , یان ئەوان خۆیان شوناسێان بۆخۆیان دیارى كردوەو ئێمەناچارانە قبوڵى دەكەین ؟ سەرۆك دەبێت چى بكات و مەهامەكانى سەرۆكایەتى چین لەئێستاى كوردستاندا و لەئایندەدا سەرۆك چیمان بۆدەكات ؟ ئایا هەرسەرقاڵى پێشوازى كردنە لەسەرۆكى وەفدى وڵاتان و سەردانى سەرۆكەكانى جیهان دەكات , یان وەك سەرۆكێك دێتە خوارەوەو لەگەڵ جەماوەردا سەرقاڵى چارەسەركردنى كێشەكانیانە؟بۆچى سەرۆكەكان نەچونە ناحیەى ڕزگارى لەكاتى گەڕانەوەى ڕوفاتى ئەنفال كراوكانى گەرمیان , لەكاتێكدا هەمومان چاوەڕوانى هاتنى سەورۆكەكان بوین بۆ ئەو مەراسیمە تا بەشدارى خەمى ئەو خوشك و دایكانەى بكات كەتائێستاش ئەنفالكرندى ئازیزەكانیان و لەدەستدانیان ژیانى كردونەتە دۆزەخ , ئاخۆ ئامادەنەبونى سەرۆكەكان بەكۆمەڵێك بیانوى سیاسیانەوە ئەگەر چى بەدیوێكدا ناچارى قبوڵكردنمان بكات , بەدیوێكى تردا خۆدزینەوەى سەرۆكەكان نەبو لە بەرپرسیارێتى و نەبەخشینى كاتى زیَِڕینى خۆیان لەبەرامبەر ڕۆژێكى وەهادا كەدەبو دەست لەسەرسنگ تا ناشتنى ڕوفاتەكان لەمەملەكەتى ئەنفالدا وەك كەس و كارەكانیان لەشین و ماتەم بوندایە؟
بۆچى سەرۆكەكان ئامادەن بەشدارى (گەشت و خۆشیەكان و گۆڤەندەكان) بكەن و ئەو كات هیچ ئیلتیزامێكى ئیدارى و سیاسیان نییە , بەڵام كاتێك بڕٍیاردەدرێت بەشداربن و داوایان لێدەكرێت دور لەگۆڤەندو خۆشى ڕوبكەنە نیشتیمانى ئەنفالكراوەكان , ئەو دەمە سەرۆكەكان ناتوان بڕۆنە ئەو نیشتیمانەو دەیان ئیلتیزامیان بۆدروست دەبێت ؟!
سەرۆك مافى خۆیەتى چۆن نەخشەى ژیانى ئاسایى خۆى دەكێشت و چۆن چێژ لە كاتەكانى ژیان وەردەگرێت , وەك چۆن ئێمەش مافى ئەوەمان هەیە كە ئامادەنەبونى سەرۆكەكان لە پێشوازى ئەنفالكرەوكاندا بخەینە ژێر پرسیارەوە و پێان بڵێن وەك سەرۆك نەبون و ناسەرۆكانە ڕەفتارتان كرد.
بەشدارى كردنى سەرۆك لەڤیستیڤاڵى زیندوكردنەوەى دیوەخانەكان و گەشتى قوتابیان گرنگە,یان پێشوازى كردنیان لەڕوفاتى ئەو گەرمیانیانەى زیاتر چانسى بەسەرۆكەكان بەخشى تاببنە سەرۆك ؟ ئامادەبونى سەرۆك لە شینى نیشتمانى ئەنفالكراوەكان , ڕەهەندى سیاسى و ئینسانیانەى زیاتر دەبەخشێت بەدۆزى نەتەوەیەك یان بەشدارى كردنى لە گەشتى قوتابیاندا ؟ سەرۆك ئەو كاتە خۆشەویست دەبێت كەلەبەردەم ڕەشەباى پڕلەتۆزو گەرماى گەرمیاندا ڕوخسارى وەك جلى ژنانى پاشماوەى ئەنفال غەمى لێببارێت ؟ یان ئەوكاتەى ئامادەنــابێت دەستى نازبەسەر منداڵێكى پێخاوسى گەرمیاندا بهێنێت ؟ سەرۆك ئەوكاتە جوانە خۆى تاجەگوڵینەى ڕێزو خۆشەویستى لەسەر گڵكۆى شەهیدانى هەڵەبجە دابنێت یان كەسێكى تر لەبرى ئەو بەو كارەهەستێـت ؟ سەرۆك لەكامیاندا زیاتر جوان دەردەكەوێت و كەسایەتى سەرۆكایەتى زیاتر بەهێز دەبێت , ئەوكاتەى ناڕواتە گەشت و سەیران و سەرقاڵى ڕاپەڕاندنى ئیشو كارى وڵاتە ؟ یان ئەوكاتەى ئیشوكارى وڵات فەرامۆش دەكات و سەرقاڵى ئاهەنگ گیڕانە ؟ سەرۆك ئەوكاتە وەك سەرۆك كاردەكات كە سەرجەم ئۆرگانەكانى حیزبەكەى دەخاتە خزمەت نەتەوەكەیەوە , یان ئەو كاتەى تەواوى كایەجیاجیاكانى گەلەكەى دەخاتە خزمەت بەرژەوەندى حیزبەكەیەوە ؟ وێنەى سەرۆك ئەوكاتەجوانە كە هەموڕۆژێك لاپەڕەى یەكەمى ڕۆژنامەكان داگیربكات ؟ یان ئەوكاتەى سەرقاڵى بەكاركردنەوە بۆنەتەوەكەى بوارى وێنەگرتنى پێنەدات ؟ سەرۆك ئەوكاتە سەرۆكە لەپێناو خۆشگوزارنى میللەتكەى شەقێك لەكورسێكى حكومكردنەكەى بدات , یان ئەوكاتەى بۆمانەوەى خۆى لەسەركورسیى دەسەڵات خۆشگوزەرانى میللەت ڕەوانەى دۆزەخ دەكات ؟ .
تێبینى : ئەم وتارە لەژمارە (530) ڕۆژنامەى (هاوڵاتی) ڕۆژى (3/6/2009) دا بڵاوكراوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە