ئیسماعیل بێشکچی: با کوردەکان هەر نەبێ بۆ فێدراسیۆن تێبکۆشن

Tuesday, 04.09.2013, 12:00

2123 بینراوە


وه‌رگێڕانی: عەزیز مەعروفی

"ئیسماعیل بێشکچی" کۆمەڵناس کە "عەبدوڵا ئۆجالان"، سەرۆکی پەکەکە، پێشنیاری کردوە بەشداری "کۆمیسیۆنی ژیران" بێ، بەم جۆرە دەوێ: "هەڵەیە دانووستانەکان ئۆجالان بەڕیوەیان بەرێ، پێوستە بەدەپە لە قۆناغەکەدا ببێ بە ئاکتۆر و بە کاریگەریی خۆی بە هێنان و بردنی نامەکان قەتیس نەکاتەوە". بێشکچی پێی وایە، قسەکانی ئۆجالان تەواوکەری بۆچوونی دەوڵەتن و بەم جۆرە ڕەخنەکانی دێنێتە گورێ: "ئۆجالان بە دەستەوداوینبوون بە دروشمەکانی نکۆڵی و حاشالێکردن، تواندنەوە، ڕەگەزپەرەستی، داگیرکەری، ڕاونگەی سەنتێزی تورک- ئیسلام، نیگەرانی دەوڵەت دەڕەوێنیتەوە بەڵام، ناتوانێ ماف و ئازادییەک بۆ کوردەکان بەدی بهێنێ. سەرقاڵکردنی کوردەکان بە برایەتی ئیسلام، دروشمێکی فریودەرانەیە". بێشکچی، هەروەها بە دژی ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی بۆ بە "ماندێلا کردن"ی ئۆجالان دەدرێن، دەوەستیتەوە و دەڵێ: "ماندێلا، کاتێک لە بەندیخانە دابوو وتی لە گەڵ کۆنسەی نەتەوایەتی قسە بکەن. هەر بۆیە، ئۆجالانیش پێویستە دەست بۆ بەدەپە ڕادێرێ". ئیسماعیل بێشکچی کە بە "مامۆستای زەرد" نێوبانگی دەرکردووە، بە رەچەڵەک تورکە بەڵام ژیانیی لە پێناو خەبات بۆ وەدەستهێنانیانی مافەکانی کورد تەرخان کردووە. ناوبراو لە ماڵپەری ئینتێرنێتی خۆیدا باس لەوە دەکات که کوڕی بنەماڵەیەکی تورکی حەنەفییە. لە ساڵی ١٩٦٢دا، لە پەیمانگای زانستە سیاسییەکان لە ئانکارا، بەشی کارگێڕی تەواو کرد و دواتر لە زانکۆی ئاتاتورک، دەستی بە توێژینەوەی کۆمەڵایەتی کرد، بەڵام بە هۆی ڕاپۆرت لێدرانی، خرایە بەر لێپێچینەوە و لە کارەکەی دوور خرایەوە. دواتر، لە زانکۆی ئانکارا، لە پەیمانگای زانستە سیاسییەکان دەستی بە کار کرد. بێشیکچی ١٧ ساڵ لە تەمەنی لە گرتووخانەکاندا تێپەڕاندوە. ئۆجالان، پێشنیاری کردوە ناوبراو ببیتە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی "مرۆڤە ژیرەکان"، بۆ ئەمەش دەڵێ: "لە چەندین شوێن لە رۆژنامەکاندا چاوم بە نێوی خۆم کەوتووە بەڵام لە لایەن دەسەڵاتەوە، هێچ شتێکم پێ ڕانەگەیەندراوە". بێشکچی، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە:


پ: مەسەلەی پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی ژیران" بە کوێ دەگات؟ پێت وایە بژاردەی سەرۆکوەزیر درووستە؟
و: کار بۆ پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە، بە پێی مەرج و تێڕوانینی لایەنەکان دەگۆڕێ. لە ڕاستیدا، چارەسەری کێشەی کورد گرینگە و بۆ ئەمەش دەبێ چەندین ڕێکاری سەرەکی لە بەر چاو بگیردرێن. ئەوانیش: کوردەکان بۆ خۆیان، خۆیان، بەڕێوە ببەن، مافی داریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێ، مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک واتە بە زمانی کوردییان هەبێ. سەرۆک وەزیر پێی وایە ئەو کۆمیسیۆنە دەبێ ببێتە کۆمیسیۆنێک بۆ پینە و پەڕۆ. بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پێ بخوڵقێنێ، هەر لە بەر ئەوەشە دەیهەوێ ئەندامەکانیش بۆ خۆی هەڵبژێرێ. پێش ئەوەی کۆمیسیۆنی ژیران بۆ ئاشتی پێکبهێندرێ، لە تورکیادا پێویستە کەشێکی ئاشتییانە بخوڵقێندرێ. سەرۆک وەزیر، بۆ فەلەستیننەکان چ ماف و ئازادییگەلێک داوا دەکات، لە سەریەتی بۆ کوردەکانیش داوای بکات. ئەگەر داوای ناکات و پشتیوانیان لی ناکات، دەبێ بخرێتە بەر لێپێچینەوە.


پ: دەسەڵات بۆ مەسەلەی کشانەوە[کشانەوەی هیزەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوور] نایهەوێ پارلەمان بکەوێتە گەڕ. بە بێ نەخشی پارلەمان، پیت وایە کۆمیسیۆنی ژیران و شتێکی لێ شین بێتەوە؟
و: ئەوەی بۆ دەسەڵات گرینگە، ئەوەیە گەریلا بۆ دەرەوەی سنوور بکشێتەوە. بەڵام بۆ کوردەکان گرینگ قەبووڵکرانیان وەک کۆمەڵگای کوردستان و ئەو مافانەیە کە وەک میللەتی کورد بە شێوەی زگماکی هەیانە. ئەوەش هەڵەیە کە ئۆجالان باسی ئەو مافانە ناکات. دەبێ هێندێک دەسکەوت مسۆگەر ببێ و ئەو جار بە پێی ئەو دەسکەوتانە، دۆخەکە پێشکەوتن بە خۆوە ببینێ. پاشان پارلەمان، دەتوانێ مەسەلەکە هەڵسەنگێنێ و لە سەری ساغ ێیتەوە.

پ: گەلۆ ئەو قۆناغە دەتوانێ کۆتایی بە خوێن ڕشتن بهێنێ؟ خۆ ئێوە لە کۆنەوە پشتیوانی لە فێدراسیۆن دەکەن، لە سەر ئەمە پێشبینییەکەت هەیە؟
و: بۆ خوێن دەرژێت؟ هۆی بنەڕەتی بۆ ئەو مافە زگماکییانە دەگەڕێتەوە کە هەر لە سەرەتای بە کۆمەڵگابوونی کوردەکانەوه لێیان زەوتکراوە. دەسکەوتی ئەو خەڵکەش گرینگە. کوردەکان هەر نەبێ، بۆ فێدراسیۆن تێبکۆشن. بەدەپە، سیاسەتمەدارەکانی کورد لە ئەورووپا، لێپرسراوانی کۆما جڤاکی کوردستان، فەرماندەکانی پەکەکە، پێویستە هۆشیار بن کە سەرنج بدەنە ئەوە کە بۆچی عەبدوڵا ئۆجالان، باسی ئەو مافانە ناکات. کوردەکان لە ڕۆژهەلاتی نیوەڕاست حەشیمەتێکی لانیکەم ٤٠ میلیۆن کەسین. با لە هەوڵی دەوڵەتی خۆیان دابن.


پ: سەبارەت بە ئاشتی، پیت وایە ئەردۆغان، ڕاستگۆیه؟ گەلۆ بێدەنگکردنی چەکەکان، دەبێتە هۆی چەسپاندنی سیستمی سەرۆکایەتی؟
و: چاوەروانی ئەردۆغان لە گەڵ چاوەڕوانی کوردەکان لە "ئاشتی" زۆر لێک جیاوارە. مەبەستی ئەردۆغان لە ئاشتی بریتییە لەوەی کە گەریلاکان بۆ دەرەوەی سنوور بکشینەوە. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە جیا لەوە، کێشەیەکی دیکە بوونی نییە. کوردەکانیش بیر لە دۆخێک دەکەنەوە کە ماف و ئازادییەکانیان وەدەست هێنابێ. سەرۆکایەتی، بۆ سەرۆکوەزیر، ئامانجێکی گرینگە. بەڵام دەشیهەوێ، بە بێ دانی ماف یان لانیکەم دانی کەمترینیان، ئامانجەکەی خۆی بپێکێ. ئەوەی سەرۆکوەزیر بە دوایدا وێڵە، سەرۆکایەتی نییە، بەڵام دەشکرێ قسە لە سەر جۆری ئەو سەرۆکایەتیییە بکرێ کە لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دا هەیە. سیستمەکەی ئەمریکا، لە گەڵ ئەو سیستمەی سەرۆک وەزیر باسی دەکات، زۆر جیاوازە. لەوێ زۆر بنکە و دامەزراوە هەن چاوەدێری سەرۆکایەتی دەکەن.


پ: تۆ گەشبینی؟ وەک کۆمەڵناسێک سەبارەت بەو دووجەمسەرییەی که لە کۆمەڵگا دا پێکهاتووە، چۆن بیر دەکەیەوە؟
و: ناتوانم بلێم گەشبینم. پچڕانی پێوەندی کۆمەڵگای تورک و کورد درێژەی هەیە و قووڵتر دەبیتەوە. ئەوە دەولەتە، ئەو لێکدابڕانەی خوڵقاندووە.

پ: پەیامەکانی نەورۆزیی ئۆجالان چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟ "برایەتی ئیسلام" و "میساقی میللی"، مشت و مڕی لێ کەوتۆتەوە. ئێوە ئەو ڕەخنانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
و: ئۆجالان بە دەستەوداوێنبوون بە دروشمەکانی "برایەتی هەزارساڵەی ئیسلام"، "لە چاناککالە پێکەوە شەڕمان کرد"، "شان بە شانی یەکتر کۆمارمان دامەزراند" ، "عەلەوی سوننی برایەتی ئیسلامە"، "یەکێتی ئیسلام" و "میساقی میللی" بریتین لە سەنتێزی دروشمەکانی نکۆڵی و حاشا لێکردن، تواندەوە، رەگەزپەرەستی، داگیرکاری، دەوڵەتی تورک و تورک- ئیسلام. ئەمانە دەتوانێ نیگەرانی دەولەت بڕەوێنیتەوە، بەڵام ناتوانێ ماف و ئازادییەکان بۆ کورد وەدی بهێنێ. "برایەتی ئیسلام"، دروشمێکە کورد هەڵدەخەڵەتینێ و سەرقاڵی دەکات. هەر لە ئیتحاد و تەرەقییەوە، حاکمانی تورک بەردەوام بە دژی کوردەکان ئەو دروشمەیان بە کار هیناوە. لە کاتی دامەزراندنی کۆمار، بە شێوەیەکی زۆر وەستایانە ئەو دروشمەیان بە دژی کورد بە کار هێناوە. ئۆجالان، بی ئەوەی پرسی ماف و ئازادییەکانی کورد بهێنیتە گۆڕ، باسی میساقی میللی دەکات. ئەوەش ئارەزوویەکە، دەولەت بە نەهێنی کاری بۆ دەکات. ئۆجالان، ئەو ئارەزوویەی دەولەت و حاکمانی تورک، بەیان دەکات. بەڵام ئیدی ئەوە شتێک نییە بێتە دی و روحی بە بەردا بکرێ. لە باری یاساییەوە، هەتا مافی بەرامبەر و وەک یەک نەیەتە دی، برایەتی نایەتە دی. برایەتی ئیسلام، بەردەوام کوردەکانی هەڵخەڵەتاندووە. بەڵام، زۆر موسوڵمانیش هەن کە برایەتی ئیسلام بۆ فریودان و هەلخەڵەتاندن ناقۆزنەوە. نووسراوەیەکی ئیبراهیم سەییدیان لە ژێر ناوی:" برایەتی ئیسلام، برایەتێکە کوردەکانی پێ هەڵخەلەتێنراوە بەڵام بەنگالییەکانی پێ هەڵنەخەڵەتێنراوە"، وتارێکی زۆر سەرنج ڕاکیشە.


پ: بۆچوونت سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە دەڵێن، پەیامەکانئ ئۆجالان پەیامی نوێ عوسمانین و لە گەڵ ڕوانگەکانی ئاکەپە یەک دەگریتەوە، چییە؟
و: وێکچوونێک لە گەڵ روانگەکانی ئاکەپە، بەدی دەکرێ. ٢ی شوباتی ٢٠١٣ لە دیاربەکر، کۆنگرەی کۆمەلگەی دێموکڕاتیک (کەجەدە) سەبارەت بە کێشەی عەلەوییەکان، کۆرێکی پیکهێنابوو. بەر لەوەی کۆڕەکە دەست پێبکات، کەجەدە، بەیاننامەیەکی ١٢ لاپەڕەیی بە ناوی "عەولەوییەت، ئیسلامێتی و شیعەتییە"، بلاو کردەوە. ئەوەش نیشانەیک لە خۆ گونجان و هاتنەوە لە گەڵ بۆچوون وسیاسەتەکانی ئاپەکەیە. عەرەبەکان، فارسەکان و تورکەکان، بەردەوام ئیسلامیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان بە کار هیناوە.


پ: ئیوە دەڵێن: "نەک لە گەڵ دام و دەزگای سیخوری و هەواڵگری، بەڵکو پێویستە بەدەپە بێتە نێو پرۆسەکەوە". شێوازێکی دیکە گیراوەتە بەر. پیت وایە ئەوە وەڵامدەرە؟
و: بێ گومان وەلامدەر نییە. هێنان و بردنی نامە، بە مانای بەشداری پێکردن لە پرۆسەکەدا نییە. بەدەپە دەبێ رۆڵی یەکەم و سەرەکی بگێرێ. نەک وەک لایەنی ڕێنوێن، بەڵکو وەک لایەنی خاوەن کێشەکە دەبێ چاوی لێ بکرێ. دانووستانەکان میت بەڕیوەیان دەبات، ئەوەش هەڵەیە. میت، دەزگایەکی ئەمنییەتییە، کەچی کێشەی کورد، نەک کێشەیەکی ئەمنییەتی بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە. دانووستانەکان پێویستە، لە گەڵ حکومەت بەڕێوە بچن. دانووستانەکان، لە گەڵ بەدەپە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەریوە بچن. هەڵەیە دانووستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالانی دەستبەسەر بکرێن. لە هیندوستان لە نێو شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی، کاربەدەستێکی ئینگلیس سەردانی گاندیی دەستبەسەرکراو دەکات و دەیهەوێ لە سەر قۆناغەکە قسەی لە گەڵ بکات. گاندی دانووستانەکە ڕەتدەکاتەوە. باسی ئەوەی ناکەم، گاندی چ وەڵامێکی کاربەدەستەکەی ئینگلیسی داوە. با بەدەپە، سیاسەتمەدارنی کورد لە ئەورووپا، لێپرسراوانی کۆما جڤاکی کوردستان، فەرماندەکانی پەکەکە لە قەندیل، لە ئاست ئەو قسە و بۆچوونانە لە سەر هەست بن. خۆی عەبدوڵا ئۆجالانیش پیوستە بۆ قسە و بۆچوونەکانی خۆی لە سەر هەست بێ.


پ: پێت وایە وێکچواندنی ئۆجالان و ماندیلا، وێکچواندنێکی بە جێیە؟
و: نەخێر لە گەڵی نیم. درووست نییە، ئۆجالان دانووستانەکان بەرێوە بەرێ. ماندێلا لە گرتووخانە بوو، وتی لە گەڵ "کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا" وتووێژ بکەن. ئۆجالان دەبێ دەست بۆ بەدەپە ڕادێرێ. پێویستە بەدەپە بکرێ بە ئاکتۆر.
چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر