فایه‌ق گوڵپی‌: لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان كاری‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ خواسته‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كورد نه‌كردوه‌

Saturday, 30/05/2009, 12:00

3069 بینراوە


فایه‌ق گوڵپی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ چاره‌سه‌ری‌ دیموكراتی‌ كوردستان ره‌خنه‌ له‌نوێنه‌ران و په‌رله‌مانتارانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ نوێنه‌ری‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان و كار بۆبه‌دیهێنانی‌ داخوازیه‌كانیان بكه‌ن".
گوڵپی‌ به‌سبه‌ی‌ وت:"به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ په‌رله‌مانتار ده‌بێت نوێنه‌ری‌ خه‌ڵك بێت و به‌گوێره‌ی‌ پێویستی‌ و داخوازی‌ خه‌ڵك بیربكاته‌وه‌ و بڕیار بدات و سیاسه‌ت بكات، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌ حیزبایه‌تییه‌ ته‌سكه‌ی‌ كه‌ به‌ سه‌ر دیدو هه‌ڵسوكه‌وتی‌ خه‌ڵكی‌ باشوری‌ كوردستاندا زاڵكراوه‌، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانیشی‌ دوچاری‌ ده‌ردی‌ حزبایه‌تی‌ ته‌سك كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌ گوێره‌ی‌ رێنمایی‌ و بڕیاره‌كانی‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌جوڵێنه‌وه‌، بۆیه‌ چالاكییه‌كانیان له‌سنوری‌ چالاكی‌ و دڵسۆزی‌ بۆ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان تێپه‌ڕی‌ نه‌كردوه‌".
وتیشی‌: "ده‌بوایه‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردو كاریان بۆ به‌ ده‌ستخستن و چه‌سپاندنی‌ داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد و به‌ده‌ستوریكردن و به‌ یاساییكردن و به‌ دیموكراتیكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق بكردایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ لیستی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌ و لیستی‌ توێژی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ باشوری‌ كوردستانه‌و ئه‌و توێژه‌ش كار بۆ ده‌سكه‌وتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد ناكات، كار بۆ به‌ زیندو هێشتنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورد ده‌كات، لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ له‌ تێكۆشانی‌ په‌رله‌مانی‌ و له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ وڵاتدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كاریان نه‌كرد، نمونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140كاری‌ جدیان نه‌كردوه‌. نه‌ك هه‌ر كاری‌ بۆ چه‌سپاندنی‌ ئه‌و پێویستیانه‌و داخوازییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كورد نه‌كردوه‌، به‌ڵكو لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ و نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه‌ كار به‌ده‌ستورو یاسا نه‌كرێت و له‌ شوێنی‌ ده‌ستورو یاسا سیاسه‌تی‌ رێكه‌وتنی‌ حزبی‌ له‌ عێراقدا به‌ بنه‌ما بگیرێت و كاری‌ پێبكرێت".
رونیشیكرده‌وه‌ "له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ دوه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ به‌نده‌كانی‌ ده‌ستوری‌ عێراق له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌ كاریان پێنه‌كرا، له‌ جیاتی‌ كار كردن به‌ده‌ستورو یاسا كار به‌بڕیاره‌كانی‌ رێكه‌وتنی‌ چوار قۆڵی‌ و سێ‌ قۆڵی‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ عێراق و ئه‌نجومه‌نی‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای‌ عێراق به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ گۆڕانكاری‌ و پێشكه‌وتنی‌ ده‌ستوری‌ و یاسایی‌ و دیموكراتی‌ گرنگ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت".

- هۆگر عومه‌ر عومه‌ر به‌شداریی‌ له‌ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌دا كردوه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە