ئەو زەوییەی پەیکەرێکی تێدا قووتدەکرێتەوە نیشتمانی منیشە

Friday, 16/12/2011, 12:00

2524 بینراوە


کاک شاخەوان کەریم، وەک سەربازێکی ژەنەرالی پایز، کەفوکوڵی نووسێنێکی بەسەر بابەتەکەی مندا دابارندووە، پێی وایە من ڕشانەوەم بەسەر (لەغوربەتا)کەی ژەنەرالەکەیدا کردووە، بە کەمێک نەرمە گلەییشەوە لە برادەرانی ستافی کوردستانپۆست، کە وەک لە پەڕاوێزی نووسینەکەی کاکی سەربازدا هاتووە بۆ خاتری ئەوەی کاکە حەمە نیگەرانە بابەتەکەی منیان لابردووە. دەبوو پرسێکیشیان بە من کردبایە، وەک نووسەری بابەتەکە، ئەگەر بابەت و هەواڵ لابردن بە تەکلیفی ئەم و ئەو بێت، هەفتانە لەو جۆرە تەکلیفە دەخەنە بەردەمم، کە وەک پەیامنێرێک و ئاشنا بە کوردستانپۆست، لێرەوە داوای لابردنی بابەتێکتان لێبکەم، چونکە کاکی مەسئول یان کاکی مەشهور ناڕەحەتە و خەمی پێدەخوات!، بەڵام تا ئێستا پێشنیارێکی لەو جۆرەم بۆ خاتری هیچ کەس نەخستۆتە بەردەمتان، هەمیشە گوتومە من پەیامنێرکم و ئەوە سەلاحییەتی ستافی دەستەی نووسەرانە و لە توانای مندا نییە، وەکو تریش دەکرێت بە نووسینێک وەڵامی هەرچی بابەتێک هەیە بیدرێتەوە، بەڵام بەهانەی ئەو برادەرانەش ئەوەیە، کە ناوێرن بە ناوی خۆیانەوە بنووسن نەبادا دەستەڵاتیان لێ زیز ببێت !.. من قسەم لە سەر خۆم نییە تا نەبێتە خۆ گیڤ کردنەوە، بەڵام ئەوەتا هاوکارانی دیکەم لێرە، سەباحی عەلی قارەمان و کاکە ناسیح و چەندانی دیکەمان لێرەوە دەنووسن، بوێرانە کوردستانپۆستین! بۆیە دەڵێم خۆزگە چیدی نە کەس دەکوڕوزایەوە تا بابەتێکی یان ڕەخنەیەکی لەسەر لابەرن، نەکەسیش خۆی بە خاوەنی ڕاستی ڕەها دەزانی.. هەر لەم ماوەی ڕابردووەدا هەردوو بەڕێزان، کاک دکتۆر فوئاد بابان و کاک دکتۆر موسەننا، بێ دوودڵی و سڵەمینەوە ڕوونکردنەوەی خۆیان نوسیووە و لە دواجاریشدا ڕای خەڵک سەنگی مەحەکە. ڕاستە من لەگەڵ ئەوەدانیم هەرکەس بەسەریدا هات بکەوێتە سەرزەنشتی کەسایەتییەک و ناچار بکرێت ئەویش بێتە دەنگ، بەڵام ئەوەی پەیوەست بە مێژوو و دیاردە و دنیای سیاسیی کوردستانە، ئەوەی دەستی لە دزیی ماڵ و سامانی گەل و خیانەتی نەتەوەیی هەبێت، ئەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لە سەردەمی نەبوونی دادگایەکی دادپەروەردا، خەڵکی ناچارە پەنا بۆ کوردستانپۆست بهێنێت تا لەسەر مافی خۆی بێتە دەنگ.
بابێیینەوە لای کاکی سەربازی داکۆکی کار لە ژەنەرالەکەی، کە بە دڵنیایەوە ئەڵێم کاک شاخەوان تا ئەوپەڕی ئازادی مافی خۆیەتی دەبێت بە سەربازی چ ژەنەرال و سەرکردەیەک، دڵخوازی چ شاعیر و نووسەرێکە ئەبیت، ئەبیتە قوتابی کام مامۆستا و کام بۆچوون و بیرکردنەوە و ئایین و فەلسەفە هەڵدەبژێریت، ئەمما، بتەوێت بەسەر منیدا بسەپێنیت، ئەمەیان من دێنێتە قسە و ناچار منیش پێت بڵێم قبوڵی ناکەم. ئۆباڵی درێژکردنەوەی بابەتی پێشوو دەکەوێتە گەردنی کاکی شاخەوان، کە پرسیارم لێدەکات و دەبێت وەڵامم بۆی هەبێت.
کاکە شاخەوان کەریم، نەک تۆ هەر کەسێکی تر لەم زەویەدا بایی ئەوەندە مافی هەیە پەیکەر بۆ کێ سازدەکات، چ وەک کارێکی هونەریی پەیکەر تاشی بێت یان وەک بت و سومبولێک بێت، کێشەکە لەوێوە دەست پێ ناکات تۆ ماڵەکەی خۆت پڕ بکە لە پەیکەری ژەنەرالەکەت، منیش ڕێزێکی زۆر لەماڵ و پەیکەرەکانی ناو ماڵەکەت دەگرم، بەڵام کاتێک بڕیار بێت ئەو پەیکەرانە بخەیتە سەر شاقام و پارک و گۆڕەپانەکانی نیشتمانەوە، لەبەردەم منیشدا بیڕوێنیت، ئەمەیان مێژوو و میتۆد و پەروەردەیە، دەبێتە سومبولیكی گشتی و نەتەوەیی. من هەرگیز ناڵێم و نەموتووە حەمە عومەر عوسمان خوانەخواستە خۆفرۆش بووە، یان حاشا پیاوێکی بەدرەوشت بووە، کە نمونەی داوێن پاکی بووە و دەیان شەومان لە نێوان دەستە خوشکانی خۆمدا ڕۆژکردۆتەوە، بەو نامیلکە بچوکەوە (لە غوربەتا) و یەک دوو شیعری تری وەک ژەنەرالی پایز، کە بۆ زانیاریت من یەکەم کەسم ناوم هێنا بە ژەنەرالی پایز، کە هێشتاکە دەستنووس بوو و تا ئێستاش وەک بەهایەکی ئەدەبی بەلامەوە یەکێکە لە جوانترین شیعرێک، کە بەدەست و خەتی خۆی لە پاش بیست و پێنج ساڵ لام ماوەتەوە. هەر لە زمانی منەوە بوو بەکر عەلی ڕەحمەتی لە شیعرێکدا ناوی هێنا بە ژەنەرالی پایز. هیچ (گرێیەکی دەرونی)م بەرانبەر حەمە نییە وەک ئاماژەت پێداوە، بگرە تەمەنێکم لەگەڵیان بردۆتە سەر، من کێشەم لەگەڵ حەمەی شاعیردا نییە و دژی نییم، من کێشەم لەگەڵ حەمەی پەیکەردایە. حەمە وەک پەیکەر بەسەر یەک سانتیمەتری نیشتمانەوە بێت، ڕووبەڕووی پرسیارم دەکاتەوە، بۆ بەرچاو ڕوونیت من لە یەکێک لە خوێندنگاکانی ئەم شارەدا وانەی ئەدەب و زمانی کوردی دەڵێمەوە، کاتێک باس (لە غوربەتا)یان بۆ بکەم وەک بەشێک لە ئەدەبی کوردیی (ئاگاداربە نەک باشترین ئەدەب بەشێک لەئەدەبی کوردی) قسەم لەسەری کردووە، بەڵام کاتێک پرسیاری پەیکەرم لێبکەن ئەمەیان سومبولە، نەوە بەنەوە تیایاندا دەڕوێت. ئەو پرسیارەی، کە تۆ نایکەیت کاکی سەرباز، خوێندەکارەکان لێم دەکەنەوە، کە هاوتا بە (لەغوربەتا) ستایشی شەش شەوەکەی بەکریشیان لادەکەم، بەڵام کاتێک دێتە سەرپەیکەر چەقاندن ڕووبەڕوی ئەو پرسیارەم دەکەنەوە، کە بۆ بەکر پەیکەری نییە؟.. ناچاردەبم ئەوەی هەیە، وەک خۆی، بێ هاوڕێیەتی و بێ سۆزداریی باسی بکەمەوە.. یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە ئەوەیە نە مێژوو وەک خۆی دەگێڕینەوە نەک کەسایەتییەکان قبوڵی دەکەن ژیاننامەیان وەک خۆی باسبکرێت بە چاک و خراپیەوە. ئەمە هەمان کێشەی سەرکردە سیاسییەکانی کوردە، هەمیشە دەیانەوێت جوان باسیان بکرێت، وەکو کەسانی مەعسوم و بێ خەوشی ناویان بهێنرێت، کاک فاروق هۆمەر لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا کۆڕێکی لەسەر ژان ژینیەی شانۆنووسی فەرەنسی دەگێڕا، لەگەڵ حەمەدا لە کۆڕەکەیدا بەشداربووین، حەمە لە کاک فاروق باشتر ژیاننامەی ژان ژینیەی دەناسییەوە، کە نیوەی ژیانی لەسەر دزیی لە زینداندا بەسەر بردبوو، مەبەستم نییە بڵێم حەمەش وەک ژان ژینیە بوو، بەڵام ئەوەیە مێژووی راستەقینە، ژینەی شانۆنووس و ژینەی دز، دوو شتی جیاوازن، نە ژینیەی نووسەر کاری بەسەر ژینەی دزەوە هەیە، نە پێچەوانەکەشی، هەزاران کەسی فەرەنسایی بە سارتەریشەوە داوای ئازادکردنیان دەکرد لە زینداندا و هەزارانی تریش دەیانگووت نەخێر.. ژەنەرال سەفەری خێری کردووە و ئێستاکە لە وڵاتی ئۆلف پاڵمەیە، ئەو مرۆڤە جیهانیە مرۆڤ دۆستەی بویە قوربانی دۆزی ڕەوای ڤێتنامی و کورد و فەلەستینیەکان، لەو وڵاتەدا خەڵکی شاری یۆتۆبۆری دوودانە ساڵ ببوون بە دوو بەرەوە کە ئایا شەقامێکی ئەو شارە بکرێت بە ناوی پاڵمەوە یان نا؟!
گاندی، کە ئەفسوس ئێمە چارەکی گاندییەکمان نییە و لە سەدان شاری مەزنی جیهاندا پەیکەریان بۆ داناوە و شەقامیان کردووە بە ناویەوە، هێشتاکە کە خۆی سەرگورشتەی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە باس لەو هەڵانە دەکات لە ژیانیدا بەسەریدا تێپەڕیووە، لەوە ناترسێت کە کاتێک خوێندنی یاسایی لە بەریتانیا تەواو دەکات و دەبێتە پارێزەر بەرگری لە برایەکی تاوانباری خۆی دەکات. ئەم نمونانەم بۆیە هێنایەوە تا بتوانرێت لە مەبەستی نووسینەکەم تێبگەیت کاکی سەرباز، ئینجاکە دێمە سەر وەڵامی پرسیارەکانت، کە مافی ئەوەشت نییە مێژوو بە هیچ کەس (بلۆک بکەیت) وەک لە کۆتایی نووسینەکەتدا فەرمانی بلۆک کردنیت دەرکردووە، فەرمانێکی سەربازانەی وەها، کە مەگەر هەر لەسوپادا ئەو زمانە عەسکەریە هەبێت، نەک لە مێژوو و ئەدەب و فیکردا. 
لێرە بەدواوە درێژە ئەدەم بە نووسینەکەی پێشووم، کاکە حەمەش وەک هاوڕێ و دۆستێک دڵنیا دەکەمەوە نە مەبەستم لە تەشهیرکردنیەتی نە شکاندنەوەی، بەڵکو باسی پەیکەری ژەنەرالێک دەکەم کە من ئەگەر تاکە کەسێک بم لە ڕووی زەمیندا ئەو مافەم هەیە لەم نیشتمانەدا سەبارەت بە دانانی پەیکەرێک بڵێم نا، جا با هەموانی تریش بڵێن بەڵێ بۆ پەیکەری ژەنەرال، من هەر دەڵێمەوە نا، ئەوەندەی ئەو مافەش توانای داکۆکی کردنم هەیە لە نەئەکەم لە مێژوودا بێت یان لە دادگا و هەر مەجلیسێکی تردا بەوپەڕی ڕێز و بگرە خۆشەویستیشمەوە بۆ حەمە عومەری ژەنەرالی پایز. ناشتوانم نە بۆ خاتری هاوڕێ بوون و نە ئیعجاب و نەداهێنان، سازش لەسەر نائەکەم بکەم جا ئەمە (ڕەجعی)بوونە وەک کاکی سەرباز گاڵتەی ستایشی من دێت بۆ سەیوان و مامە یارە یان ئەو مۆدێرینەتەیە، کە ڕێگە بە کاک شاخەوان نادات لەیەک کاتدا یان جوانییەکان دەکات بە قوربانی یەک ناشیرینی یان ناشیرینەیەک دەکات بە قوربانی جوانییەک، بەڵام من بەم ڕەجعیەتەی خۆشمەوە ئەوەی جوانە بەها و مانا و ستایشی خۆی هەیە، بە شیعرێکی جوان کەسەکە نابێتە مەعسوم لە هەڵە و نە بە دیاردە لەنگەکەش شیعرەکەیم لا کەم دەبێتەوە.. من بەردەوام چێژ لە شیعری شێرکۆ بێکەس دەکەم، بەڵام ناکاتە ئەوەی بڕوا نەکەم، کە لە دەرەوەی شیعردا ئەوەی لە سەری باس دەکەن و دەیبیستینەوە ڕاست نەبێت، ئەگەر شاهەنشای شیعری کوردی و شکسپیری زمانی کوردیش بێت دەڵێم نا بۆ پەیکەری شێرکۆ بێکەس، بەڵام لەهەمان کاتدا بەڵێ بۆ شیعرەکانی، کاتێک شیعرێکی دەخوێنمەوە دەبمە دەروێشێک حاڵم لێ دێنێت، بەڵام هەرگیز نابمە دەرویشی پەیکەر و کەسایەتی ئەو شێخی شیعری کوردیە. 
دیاردەی حەمە عومەر عوسمان کە بەڕاستی حەمە دیاردەیەکە وەک هەر دیاردەیەکی تری شاری سلێمانی لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا سەری هەڵدا، کە هاوتابوو بە جەنگی عێراق _ ئێران، هاوکات بوو بە جۆرێک لە رەوتی فیکری، کە دیاردەی هیپی لە حەفتاکاندا گەیشتبووە ئێراق و کوردستان بە ناوی خەنافس و چارلستۆنەوە بڵاوبوەبوویەوە، بەڵام وەک بزوتنەوەیەکی ناڕازیی بە دەستەڵات و جەنگ و ناعەدالەتی نەگەیشتە کوردستان، بەڵکو تەنیا مۆدێلێکی تایبەت بە ژیان بوو و زۆربەی گەنجانی جیهانی گرتبوویەوە. هیپیەکان بەرەوکزبوون دەچون و لەو ساتانەدا لە شێوەی فەلسەفەیەکدا بۆ ژیان دیارترین کەسانێک بەناوی هیچگەرایی یان وجودیەتەوە دەردەکەوتن، کە کاک حەمە عومەر عوسمان و کاک فاتیح عیزەدین دیارترینیان بوون. بەدەم درێژبونەوەی جەنگەوە و سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەکداری لەشاخ یەکێتی نووسەران یان باشترە بڵێم نووسەرانیش بوون بە دوو بەشەوە، کە ئەو کاتانە بزوتنەوەی ئەدەبی بە ناوی ڕوانگەوە گۆڕانێکی تایبەتی بەسەردا هاتبوو، کە سەد دیارەکانی بزوتنەوەکە بوونە دوو بەشەوە، هەندێکیان تێکەڵاوی خەباتی چیابوون وەک شێرکۆ بێکەس و حەمە موکری و حەمەی حەمەباقی و لەتیف هەڵمەت و چەند ناوێکی تریان لە شاردا مانەوە، دابڕانێک لە نێوان خوێنەر و نووسەراندا دروست بوو، کە زیاترینیان شاعیربوون حەمە موکری نەبێت، کە دیارترین رۆمانووسی ئەو سەردەمەبوو و خەڵک سۆراخی نووسینەکانی دەکردن. لە شاریش نەوەیەک لەپاش روانگە و دابران و سەردەمی جەنگ پەیدابوون، کە لەو دۆخەدا ئاسۆیەکی رەشبینانەیان دەدی و بەناوی جیاوازەوە پەیدابوون، کەوتبوونە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی وجودیی، هەندێک جار بەعەبەسی دیاردەکەوتن، کە ڕەنگی لە شانۆ و ئەدەب و هونەریی شێوەکاریشدا دابویەوە. ئەگەر پیاچونەوەیەک بە دەق و نمایشی شانۆکانی ئەو سەردەمەدا بکریتەوە، شابۆکانی ئەلبیر کامۆ و ساموئێل بیکیت باشترین رەواجی هەبوو، کە چاوەڕوانی گۆدۆدا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو، هەڵبەتە دەستەلاتی ئەوکاتەش وەک ئێستەکەی دەستەڵاتی کوردی لە ڕێگەی رەزامەندی ڕەقابەوە زیاتر ڕێگەی بەو جۆرە دەقانە ئەدا کە کاری تر هەبوون وەک (نرخی ئازادیی) عەسمان فارس و یاری شاووەزیر و ئەگەر تۆ فەلەستینی بویتایە چیت دەکرد، ئەم نمایشانە بزوێنەر بوون، بەڵام نەیاندەهێشت لە یەک دوو رۆژ زیاتر نمایش بکرێت و لە هۆڵی بچوکدا ڕازی دەبوون نمایشی بکەن، بەهەمان شێوەش لە ئاستی شێوەکاریدا کەسانی وەک هونەرمەند کاک نەورۆز، کە دیارترینیان بوون هەبوون لە ژێر کاریگەری دادایی و سوریالییەکاندا کاری هونەرییان دەکرد، لە ئەدەبیشدا کە کاک حەمە عومەر عوسمان نامیلکەی لە غوربەتاکەی پاش چەندین چەرمەسەری بۆ چاپکرا، کە وەک عەبدول رەقیب دەڵێت حەمە خەریک بوو توشی نەخۆشی دەروونی دەبوو تا بۆیان لە چاپدا و هەر عەبدول رەقیب یوسف یارمەتی دەریشی بوو.. دیاردەی وجودیەکان تا پێش لە غوربەتا دەقێکی کوردی وەها نەبوو، کە تینویەتیان بشکێنێت، بویە جۆرە مانیفێستێک بەخێرایی لە کتێبخانەکاندا نەمایەوە، خاتو ئاڵا عومەر لە گۆرانیەکدا ئێوارەیەوە گڤەی بای دێت، لە دەقی لە غوربەتاوە وەریگرتبوو هێندەی تر بەهای دایە لە غوربەتا (هەرچەندە حەمە بەخۆی تا ئێستەکەش دەڵێتەوە زیقاوڵێک شیعرەکەمی سەقەت کردووە) ئەو گۆرانیەش ئیقاعەکانی لە غوربەتای باشتر گەیاند. ئەوەی سەروبەرێکی لەو دۆخەی ئەوساکەی ئەدەبیی و هونەریی و فیکریدا هەبێت ئەو دیاردانەی لە یادە، کە بەو ڕەتەیان دەگوت شروب خۆرەکان، چونکە دیاردەی خۆ بەنج کردن و راکردن لەو واقیعە تاڵانەی نەتەوەی کورد و پاشان جەنگی عێراق _ ئێران نەوەیەکی نائومێد و ڕەشبینی دروستکردبوو. تا ئەوکاتانە ڕەوتێکی ڕەخنەی لە دنیای ئەدەب و هونەر و فیکریی کوردیدا نەبوو، تەنیا نووسەرێکی دیار هەبوو تەرخابێت بە رەخنەی ئەدەبی ئەویش کاک ئازاد عەبدولواحیدی هاوڕێی کاکە حەمە عومەر بوو، ئەویش ئەگەر بمبورێت تەقلیدیانە هەڵسەنگاندنی دەقەکانی دەکرد، زیاتر باس بوون لە وێنەی شیعریی و قافیە و مۆسیقای شیعریی، کە یەکەم رەخنەنووسێک بوو لەسەر لە غوربەتاکەی ژەنەرالی پایزی نووسی. لە کۆتایی هەشتاکاندا چەند نووسەرێکی تر پەیدابوون بە زمان و ئیدیا و لێکدانەوەی ترەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، ئەو کاتانە نەوەی حەمە عومەر عوسمان زۆر بەکەمی بابەتەکانیان بۆ بڵاودەکردنەوە، بە کتێب جگە لە حەمە، سەلام مستەفا پەڕەسێلکەی سپی بڵاوکردبوویەوە، ئەگەر هەلە نەبم لە ناونیشانەکەی، کە سەلامیش یەکێک بوو لە دیاردەی وجودییەکان. تەنیا رۆژنامەکانی هاوکاری و پاشکۆی عێراق و پاشتر لە سەرەتای نەوەدەکاندا ئاسۆ هەبوون، کە بابەتی ئەدەبی بڵاوبکەنەوە و لە بەغدا هەفتانە دەردەچوون. گۆڤاری کاروان و ڕۆشنبیریی نوێش هەبوون. ئەو نووسەرانەی، کە پێیان دەگوتن بنیەویەکان گوڕوتینێکی دیکەیان دا بە ئەدەب و رەخنەی کوردیی. گەر هەڵە نەبم، کاک گۆران بابا عەلی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر مەحوی کرد، کاک مەریوان وریا قانیع لە پاشکۆی عێراقدا بە سێ بەش لەسەر گۆرانی نووسی، کاک بەرزان فەرەجیش یەک دوو بابەتی بڵاوکردەوە، لە دەرەوەی وڵاتەوە لەسەر نالی نووسرا و بەدزییەوە گەیشتەوە کوردستان، کاک ئازاد حەمەش لەسەر لە غوربەتای نووسی، بۆ مێژوو دەڵێم ئەو ڕەوتە نوێیە کە لە سەرەتای نەوەداکاندا بوو و پاش ڕاپەڕین ئەوانەشی نەیان دەنووسی یان دەیان نووسی و بڵاویان نەدەکردەوە، لەپاش ڕاپەڕین بەچڕوپڕی هاتنە مەیدان، کاک بەختیار عەلی و کاک مەریوان کاک بەرزان سیمینارێکیان بە سێ قۆڵی سازکرد، لەپاش ئەو سیمینارە جێگەیان بە وجودیەکان لەق کرد و پێیان دەگوتن حەداسەویەکان، پاشان گۆڤاری ئازادیان دەرکرد، ئازادی لەگەڵ یەکگرتنی دەرەوەی وڵاتدا بوونە یەک و رەهەندیان دامەزراند، کە برادەرانی رەهەندی تا ئەمڕۆش باڵاترین رەوتی رەخنەیی فیکری، ئەدەبی کوردین و گۆرەپانەکەیان داگیرکردووە، کۆتایشیان بە دیاردەی عەبەسیەت و وجودیەت هێنا و زۆرترین گەنجیان لە دەورکۆبوویەوە و ئەستێرەی عەبەسییەکەنیان کوژانەوە. 
ژەنەرال پایز دەکەوێتە کوێی ئەو نەوانەوە؟ سیحری دیاردەی حەمە عومەر لەوەدایە، کە چایخانەی شەعب هەمیشە سەنتەرێکی ڕۆشەنبیری شاری سلێمانی بووە، هەر کەس بیەوێت بێتە دنیای نووسینەوە لەوێوە دەست پێدەکات، حەمەش بۆ حەق بڵێم هەمیشە نزیک بووە بە نەوەکانی پاش خۆی، ئەمەیان سەرزەنشت نییە بڵێم سودی لەوە پەیوەندییانەش وەرگرتووە، خۆم یەکێکم، کە حەمە لە ئێوارە پیاسەیەکدا دەیگوت :(وەک چۆن دیستۆفسکی ئەڵێت ئێمە هەموو لە گیرفانی پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینە دەر، ئەوە تۆش بۆ نانووسیت ئێمە لە گیرفانی پاڵتۆکەی حەمە عومەرەوە هاتووینەتە دەرەوە؟!)، ڕەنگە کاک شاخەوان وەک لە نووسینەکەیدا باسی دەکات حەمە بە مامۆستای خۆی دەبات لە پاڵتۆکەی ئەوەوە هاتبێتە دەرەوە و قسەکانی بە تیئۆر پێناسەدەکات، بەڵام بۆ من حەمە شاعیرێکی باشە، بەڵام هیچکات پاڵتۆیەکی فیکری نەبووە تا لێوەی هاتبێتمە دەرەوە و ئەو دەیان دیراسە و لێکۆڵینەوانەی لەسەر بکەم، کە ژەنەرال و سەربازەکەی هەمیشە باسی دەکەنەوە، نازانم چۆن دەتوانێت نازناوی جیهانی بخاتە سەر هەر نووسەرێک جا نووسینەکانی با هەموو زمانی جیهانیش وەرگێڕابن کە پانزە کەسی جیهانی نەیانبیستبێت و نەیان خوێندبێتەوە، نازانم ئێمە بۆ هێندە بەئاسانی نازناو لە کەسایەتییەکانمان دەنێین، ئیتر سەرکردەیە، یان نووسەر؟ گوگل وەک مەکینەی گەڕان بە شوێن زانیاریدا، بووەتە پێوانە و سەنگی مەحەکی بە جیهانی بوون، کاتێک من بە هەر زمانێک لە پاولۆ کیۆلۆ دەگەڕێم دەیان لێکۆڵینەوە و سەدان باس دەبینمەوە لەسەر ئەو نوسەرە بەرازیلیە، بەڵام کاتێک لە حەمە دەگەڕێم یان کەسێکی تر، کە کاک سەرباز پێی جیهانییە لە سلێمانی بترازێت لە دهۆک نەیانبیستووە، ئیتر ئایا سلێمانی هەموو جیهانە؟ ئەوانەشی لە گەڕانی عەرەبی و فارسییەکانەوە باسیان کراوە هەر هەمان کوردی فارسیزان یان عەرەبیزانە، بە هەستە کوردییەکەی خۆی وەری گێڕاونەتە سەر ئەو زمانانەی دیکە، یان بەو زمانانە لەسەریان نووسیوین، بەڵام بە دەیان زمان و دەیان هەستی نەتەوەکانی تر لەسەر مارکیزیان نووسیوە.. بۆیە تکایە رێگە بەخۆت کاک شاخەوان کەریمی بەڕێز ئەوەی لای تۆ جوانە بەسەر منیشیدا فەرز بکەیت، وەک چۆن منیش ڕێگە بەخۆم نادەم ئەوەی بە من جوان نییە تۆ ئیجبار کەم پێت جوان بێت.. ئەوەی لای تۆ هەموو دونیایە و جیهانییە، ڕەنگە بەقەد کونی دەرزییەکی دنیای ئەدەبی جیهاندا جێگەی نەبوبێتەوە، جا بۆیە ئەڵێم مامۆستا و ژەنەرالی تۆ هەرکەسێکە بۆ من هەرئەوەندەیە، کە ڕێز لە هەڵبژرادنەکەت بگرم، بەڵام مافی ئەوەت نییە بەسەر منیشیدا بسەپێنیت و پەیکەرەکەی لەبەردەم مندا قوت بکەیتەوە، کاتێکیش بڵێم نا ڕازی نییم ئەو پەیکەرە بخەیتە بەردەمم بە ڕەجعی و ڕشانەوە ڕاکەی من بکوژیت.

ئەگەر هێشتاکە لە مەبەستیشم نەگەیشتویت ئامادەم بچمە وردەکاری دیکەی نووسینەکانمەوە. 
لە کۆتاییدا دەڵێم، کە لە مێژووی هیچ میللەتێکیشدا نەبووە کەسێک بە زیندوویەتی پەیکەری بۆ بکرێت، چونکە گەرەنتی نییە ئەوەی زیندووە، تا ئەو رۆژەی ماڵئاوایی دەکات، هەروا بە جوانی دەمێنێتەوە، لە رۆژێکی ژیانییدا خۆی تێدا ناشرین ناکات. لە بیرمە ئەکتەری میسریی (عومەر شەریف) داوای لێکرا رۆڵی مەلا مستەفا ببینێت، رازی نەبوو، پاساوی ئەوە بوو تا ماوەیەکی زۆر بە سەر ماڵئاوایی هەر ناودارێکدا تێنەپەڕێت، ناتوانرێت ئەو کەسە وەک کاریزما شایانی ئەوە بێت فلیمێکی لەسەر دەربکرێت، بۆیە بۆ عومەر موختاریش رازی نەبوو کە رۆڵی ئەم کەسایەتییە ببینێت، تا ماوەی ١٠٠ ساڵ زۆر بە سەریدا تێنەپەڕێت، ئێمەی کورد بە سیاسیی و نووسەر، بە هونەرمەند و رووناکبیر شەق لە مێژوو هەڵدەدەین و ناشرینی دەکەین، هەر یەکە دەیەوێت خۆی یان کەسێک بخزێنێتە لاپەڕەی مێژوویەکەوە، بێ ئەوەی رەحم بە راستیی نووسینەوەی ئەو مێژووە بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە