لەبەرامبەر داعش بەرخۆدانێكی گەلەری پێویستە

Monday, 04/08/2014, 12:00

1537 بینراوە


لەدوو رۆژی رابردوودا داعش هێرشی كردە سەر زەممار و شەنگال و دەستی بەسەردا گرتن. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو كە هێزی پێشمەرگە لەماوەیەكی كورتدا ئەو ناوچانەیان چۆڵ كرد و نەیانتوانی بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببنەوە. بێگومان جەماوەری كوردستان چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد؛ بەڵكو پێیان وابوو كە پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات داعش دەست بەسەر ناوچەكانیاندا بگرێت و شتی بەو شێوەیە روو نادات. ئەمەش گەلێك پرسیاری لەلای جەماوەر دروست كرد كە ئایا ئەمەی روویدا شكست بوو یان پاشەكشە؟ ئەگەر پاشەكشەیە، ئەوا ئامانج لەم پاشەكشەیە چییە؟ ئایا پاشەكشەیەكی تاكتیكیە یان دەست بەردانە لەو ناوچانە و قەبوڵكردنی ئەو واقعەیە كە داعش دەخوازێت بیسەپێنێت بەسەرماندا؟ یان شتێكی تری لەپشتەوەیە؟.
خۆ ئەگەر پاشەكشە نیەو شكستە، ئەوا بۆچی رووبەرووی شكستێكی ئەوەندە ئاسان بووینەوە؟ ئایا ئامادەكاریەكانمان لەئاستی بارودۆخەكەدا نەبوو؟ ئایا هێزەكانمان لەرووی چەك و جبەخانەوە پێویستیەكانیان بۆ دابین نەكرا بوو؟ یان هێزەكانمان هەر ئەوەندە توانایان هەیە؟ كە بێگومان هێزی پێشمەرگە توانای زۆر لەوە زیاترە. وەكو تریش ئەو پرسیارە دەكرێت كە ئایا بۆچی حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی داواكەی "كەجەكە و یەپەگە"یان بەهەند وەرنەگرت، كاتێك گوتیان ئێمە ئامادەین هێز بنێرین بۆ پاراستنی باشووری كوردستان و داوای ئەوەیان كرد رێگەیان پێ بدرێت، بۆچی دەرفەتیان بۆ هاتنی هێزەكانی گەریلای پەكەكە و یەپەگە خۆش نەكرد؟ هەروەها بووەتە جێگەی مشتومڕ كە ئایا ئیتر كاتی ئەوە نەهاتووە كە دەرفەت بۆ هەپەگە و یەپەگە خۆش بكرێت. هەتا بێن بۆ پاراستنی گەل و خاكەكەی خۆیان لەباشوور؟ لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە بەرخۆدان و بەرەنگاربونەوەی دوو ساڵی رابردووی یەپەگە لەرۆژئاوا بەرامبەر داعش و پشتیوانیان لەهێزی پێشمەرگە و گەل لەناوچەی رەبیعە و زەممار و شەنگال بووەتە جێگای مۆراڵی گەل و دەست خۆشیان لێ دەكەن و هەر ئەمەش وایكردووە داوا دەكەن كە بێن بۆ پاراستنی جەماوەر. 
دیارە كاتێك ئەم پرسیارانە دەكرێت، مەبەست ئەوە نییە لەرۆڵی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە. خەڵك قوربانی نەبەردیەكانی پێشمەرگە بچوك ناكەنەوە. هەروەها مەبەست ئەوە نیە جەماوەری كوردستان نازانن لەشەڕدا سەركەوتن و بنكەوتن هەیە و هەموو كاتێك سەركەوتن بەدی نایە!!، بەڵام جۆری بن كەوتنەكە و نەگونجانی لەگەڵ راستیەكانی پێشمەرگەدا ئەو هەموو پرسە دروست دەكات. دیارە ناشخوازن فەزڵی گەریلا بدەن بەسەر پێشمەرگەدا؛ چونكە پێشمەرگە ئەوەندەی لەتوانایدا هەبێت و دەرفەتی بۆ دروست كرا بێت رۆڵی خۆی بینیوە، بەڵام ئەزموون و قاڵبوونەوە گرنگە. بێگومان یەپەگە و هەپەگەش خاوەنی ئەزموونێكی زۆرن لەشەڕی پارتیزانی سەردەمیدا و ئەمەش بۆ ئەمڕۆی ئێمە زۆر پێویستە. لەبەر ئەوە دەتوانن باشتر رووبەرووی ئەو گروپە تیرۆریستیانە ببنەوە. بێجگە لەمەش ئەوەی ئەمڕۆ لەناوچەكەدا دەگوزەرێت، شەڕێكی هەرێمیەو سنوورە دەستكردەكانی تێپەڕكردووە. بەشێوەیە ئاشكرا یان نهێنی، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هێزە نەیارەكانی گەلەكەمان پەلاماری دەسكەوتەكانمان دەدەن لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا، بێگومان ئەمەش تەبایی و هاوهەڵوێستی لەهەموو لایەنە كوردستانیەكان دەخوازێت ئەوەمان لێ دەخوازێت كەخاوەنی ستراتیژیەكی هاوبەشی پاراستن بین، چونكە هیچ بەشێكی كوردستان بەتەنیا ناتوانێت هەتا دوایی رووبەرووی پیلانەكانی نەیاران ببێتەوە. ئێمە ناتوانین لەروانگەی ناوچە و پارچەوە سەركەوتن مسۆگەر بكەین، ئەمەش نهێنیەكی سەركەوتنی یەپەگە و هەپەگەیە هەر بۆیە دەبێت ئێمەش لەباشوردا ببینە خاوەنی ستراتیژیەكی بەمڕەنگە. پێویستە بەرنامە بۆ ئەمە دابنێین و جەماوەریش لەسەر ئەم بنەمایە ئامادە بكەین.
بێگومان پێویستە ئەمەش تەنیا بەحكومەت و پێشمەرگە ناكرێت و پێویستە لەهەموو ناوچەیەك هێزی بەرەنگاربنەوە و بەرگری میللی دروست بكرێت و گەنجان خۆبەخشانە خۆیانی تێدا ئامادە بكەن بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەك.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە