(ئەنفال)...ئەو تاوانە گەورەى سەرانى کورد، کەباسى لێوەناکرێت!

Wednesday, 13/04/2011, 12:00

2880 بینراوە


هێنانى سوپاى پاسداران بۆناوجەرگەى خاکى عێراق ، ڕێگرى کردن لەدەربازبونى ژن ومنداڵ وخەڵکى سڤیل لەلایەن بەرپرسانى یەکێتیەوە، ناوى هەموو ئەو بەرپرسانەى کەڕێگریان لەخەڵکى گوند نشینەکان کردوە، داڵدەدانى کارەکتەرەکانى ئەنفال، گەمەکردن بەموقەدەساتى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان...هەریەک لەم تاوانانە لەزارى شایەتحاڵەکان خۆیانەوە لەم ڕاپۆرتەدا بەتێرو تەسەلى بخوێنەوە.
پێشەکى
گومان لەوەدانیە کەپرۆسەى ئەنفال تۆتالیتارترین کردەوەى ڕژێمى بەعس بوو بەمەبەستى پاکتاوکردنى نەتەوەی کورد،وەلێ ئەوەى لێرەدا دەبێتەپرسیار سەرکردایەتى یەکێتى لەو ساتە هەستیارەدا هەڵوێستى چۆن بوو؟چیبو ئەوەى لەوسەردەمەدا نەکرا دەبووسەرکردایەتى یەکێتى بیکات و بەپێچەوانەوە چیبو ئەوەى کرا دەبایە نەکرایە؟!ئایا ئەمڕۆ سەرانى کورد دەتوانن بیسەلمێنن کە لەوپرۆسە بەد ناوەدا بەریئن و پریشکى نەفرەتەکانى مێژوونایانگرێتەوە؟!ئایا ئەو ڕووە تاریک وشاراوانەى دیوى ناوەوەى ئەم پرۆسەبەدناوە چ وێنەیەک نیشان دەدەن؟!ئایا بەرپرسانى کورد دەتوانن بۆ مێژوو ئەو پرسانە لەئایدیاى تاکى کورددا بڕەوێننەوە کەلەوسەردەمەدا چۆن وبەچى شێوەیەک ڕێگریان لەخەڵکانێکى بێکەس وپشت وپەناکردوە و بەوهۆیەشەوە ئەو ڕێژە زۆرەى کەتاکوئەمڕۆش بەئامارێکى نادروست لەبەردەستدایە کە (182000) منداڵ وپیر وگەنج گۆڕ غەریب وبێسەرو شوێن کران؟ جگەلەهەوڵى سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوەیەک چ هۆکارێکى دى لەپشتەوەى ئەم کردەوە دڕندەیەى ڕژێمى بەعسەوەبوو؟ ئەوە کام ڕووە شاراوەیە کەتاکو ئەمڕۆش کارەکتەرەکانى بەشداربووى ئەو پرۆسەیە لەبەردەم دادگادا وەک کارتێکى بەهێز هەوڵى قوتاربونیانى پێدەدەن و کەسوکارى قوربانیانیش تاکوئەمڕۆ باجەکەى دەدەن؟, کێ ئەنفالیکرد؟, کێبون ئەوانەى کە ڕێگریان دەکرد تاکو خەڵکى سڤیلى ناوچەکانى گەرمیان وگۆپتەپەو عەسکەر وشوان و ساڵەى وسێوسێنان ودەشتى کۆیەو....هتد، قوتارنەبن و دواجار بەرشاڵاوى ئەوئۆپەراسیۆنە دڕندەیەى ڕژێمى بەعس بکەون؟, ئەمڕۆش کێن ئەوانەى کەداکۆکى لەو کۆنەجاش وموستەشارانە دەکەن کەپشکى شێریان لەوتاوانە دژ بەمرۆڤایەتیەدا بەردەکەوێت و لەبرى دادگاى کردنیان ستایش دەکرێن؟, ئەمڕۆ کەسوکارى ئەنفالکراوەکان و میللەت بەگشتى چاوەڕێى وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکە لە دەسەڵات دارانى کورد دەکەن.

ئاشکرایە پرۆسەى ئەنفال بەرنامەیەکى وورد و داڕێژراوى ڕژێمى بەعس بوو،بەپێى دواین سەرچاوەکان نەتەوەى کورد لەباکورى عێراقدا زۆرترین زیان کەپێگەیشت پرۆسەى ئەنفال بوو،ئەم پرۆسەیە نزیکەى 200 ڕۆژى خایاند و بەهەشت قۆناغدا تێپەڕى ،یەکەمین قۆناغ دۆڵى جافایەتى و چەندناوچەیەکى سنورى قەزاى دوکانى گرتەوە و کۆتا قۆناغیش دەڤەرى بلەو بارزان بوو،ئەوەى لەم ڕاپۆرتەدا باسى لێوەدەکرێت هۆکارە شاراوەکانى ئۆپەراسێۆنى ئەنفال و ڕێگریکردنى گوند نشینەکانە لەلایەن بەرپرسانى یەکێتی و سازشکردن و داکۆکیکردن لەسەروماڵى ئەو جاش ومستەشارانەى کەلەو پرۆسەیەدا پشکى شێریان بەرکەوتوە و ئەمڕۆش لەلایەن دووحیزبى دەسەڵاتدارەوە داڵدە دراون.

هەرچەندە ئەنفال وەک پرۆسەى لەناو بردن و قڕکردنى نەتەوەى کورد پێشتر ڕژێمى بەعس نەخشەى بۆ کێشابوو،هەروەها سەرکردایەتى یەکێتى لێى ئاگاداربووە، بەڵام هەندێک بەرپرسى یەکێتى لەوسەروبەندەى ئەنفالدا تۆمەتبار دەکرێن بەڕێگریکردن لەدەربازبونى خەڵکى چەند ناوچەیەک لەسەر زارى چەند شایەت حاڵێکەوە.
باسکردنى کردەوەکانى بەرپرسانى شۆڕش لەپرۆسەى ئەنفالدا کەبوە هۆى زیاتر گەورەبونى قەبارەى کارەساتەکەو زیاتربونى قوربانیانى ئەنفال هیچ لەنیازو دڕندەى سەرانى حکومەتى ڕووخاوى عێراقى کەم ناکاتەوە.

دۆستایەتى ئێران ئاگرەکەى خۆشترکرد
دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلول ودووبارەسەرهەڵدانەوەى شۆڕش،(یەکێتى) ڕوبەڕوى دەیان هەڕەشەى ووڵاتانى ئێران و تورکیا بویەوە ،ئەمە جگە لەبەردەوام هەوڵدانى سڕینەوەى یەکێتى لەلایەن عێراقەوە،کەچى چەندین ناوچەى ستراتیژى وگرنگ لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى یەکێتیدابوون وەک(دۆڵى جافایەتى ،چەمى ڕێزان ،سەفرەو زەروون ،دۆڵى بالیسان ،دۆڵى سماقوڵى ،بنارى قەندیل ،گەرەوان ،مەلەکان وچەند ناوچەیەکى دیکە) ،تەنانەت جگە لەوەى ئەم ناوچانە بەتەواوى کۆنترۆڵ کرابوون،ڕۆژانەش داهاتتێکى باش لەڕێگەى گومرگەکانى ئەوناوچانەوە ڕادەستى هێزەکانى یەکێتى دەکەوت ،هەرئەمەش بوەهۆى ئەوەى کەجمهورى ئیسلامى ئێران بەهۆى کۆنترۆڵکردنى ئەوناوچە ستراتیژیانەوە هەلێکى گەورە بقۆزێتەوە وسودێکى باش لەئەزمونى هێزەکانى یەکێتى وەربگرێت بۆ بەدیهاتنى خەون ومەرامە لەمێژینەکانى ،لەلایەک بۆخڵەفاندنى ڕژێمى عێراق بەهێزەکانى یەکێتیەوە لەلایەکى دیکەشەوە بۆ پێکانى بەرژەوەندى وئامانجە تایبەتیەکانى خۆى.
لەکاتى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان عێراق-ئێراندا، حکومەتى عێراق فشارى زۆرى لەسەربوو ئامانجى بوو بەرەکانى شەڕ لەناوخۆدا کپ بکاتەوە بەهیواى سەرکەوتن بەسەر ئێراندا، لەساڵى 1984 حکومەتى عێراقى بڕیاریدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى شۆڕشدا بکات.
لەکاتى ئەو گفتوگیانەدا بەرپرسانى بەعس ناڕاستەوخۆ بەرپرسانى یەکێتیان لەپرۆسەى ئەنفال ئاگادار کردبۆوە.
نەوشیروان مستەفا لەوکاتەدا لەکتێبى (پەنجەکان یەکترى دەشکێنن) دەیگێڕێتەوە کەتاریق عەزیز لەدانیشتنێکدا بە فەرەیدون عەبدولقادرى وتووە(ئەگەر لەگەڵمان ڕێک بکەون، ئەوە چاکەیەکى گەورەمان لەگەڵ دەکەن، ئەگەر لەگەڵیشمان ڕێک نەکەون ئەوە دواى تەواوبونى شەڕى ئێران سوپاى عێراق دەهێنینە سەرتان.) بەپێى گێڕانەوەکەى نەوشیروان، هەرچەندە فەرەیدون لەو کاتەدا (وەڵامێکى پڕبەپێستى) تاریق عەزیزى داوەتەوە بەڵام لەواقیعدا یەکێتى هیچ ئامادەکاریەکى بۆ ڕووبەڕوبونەوەى سەختى سوپاى عێراق نەکردو هەڕەشەکانى بەهەند وەرنەگرتن.
دواى شکستهێنانى گفتوگۆکانى نێوان (یەکێتى - بەعس)، یەکێتى لەئێران نزیک بۆوە و دواجار لەسەرەتاى (مانگى تەموزى ساڵى 1986دا) بەبڕیارى تاڵەبانى سکرتێر لەتاران ڕێکەوتنێکى لەگەڵ جمهورى ئیسلامى ئێراندا مۆرکرد بێگوێدانە بەرژەوەندیەکانى میللەتێک و تەنانەت لەقکردنى بەرژەوەندیەکانى خودى یەکێتى خۆشى،هاوکات ئەم سیاسەتەى یەکێتى بێچەوانەى ویستى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بوو چونکە ئاشکرایە لەوسەردەمەدا جەنگى نێوان عێراق-ئێران تەواوى وڵاتانى رۆژئاوا وتەنانەت زۆرێک لەوڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکانیش ئێرانیان بەمەترسى بۆسەر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەقەڵەم دەدا هەربۆیە سیاسەتیان ڕوو لە عێراق وپشتکردنە ئێران بوو،هەرئەوەش وایکرد بەهۆى درستبونى ئەو پەیوەندیە بەهێزەى نێوان یەکێتى وئێران دواى پرۆسەى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەو تراژیدیاى ئەنفال تەواوى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەئاست ئەو دووتاوانە مەزنەدا بێدەنگبن.

ئێران یەکێتى فریوداو، کارەساتەکەش لێرەوە دەستى پێکرد!
دواى مۆرکردنى ئەو ئینتیفاقیە ،هەمووى لەسێ مانگ تێپەڕى نەکرد جمهورى ئیسلامى ئێران لەیەکەمین هەنگاودا هەوڵى هاتنەدى ئەوئاواتەى دەدا کەزەمەنێک بوو خەونى پێوە دەبینى ئەویش لێدانى بیرەنەوتەکانى کەرکوک بوو.
شەهید ڕێباز لەکتێبى (قەندیل بەغداى هەژاند) باس لەوە دەکات: ئەم چالاکیەى ئێرانیەکان سەرەتا لەمانگى ئابى(1986)دا لەلایەن ژمارەیەک پێشمەرگەى یەکێتیەوە بەسەرپەرشتى (کۆسرەت ڕەسوڵ) ،چەند پاسدارێک دەبرێنە نزیکترین خاڵى کێڵگە نەوتیەکانى کەرکوک بۆ وێنەگرتنى بیرە نەوتەکان و دواى نزیکەى دوومانگ بەسەرپەرشتى (نەوشیروان مستەفا) وهێزێکى(2500) پێشمەرگەونزیکەى (100) پاسدارى فەنى لەبەرەبەیانى ڕۆژى (11/10/1986)دا ئەو عەمەلیە دەستپێدەکات و ئەنجامەکەشى وەک پێویست سەرکەوتو نابێت.
یەکێک لە پێشمەرگە بەرپرسە دیارەکانى ئەو سەردەمەى یەکێتى کەنەیویست ناوى خۆى ئاشکرا بکات باس لەوەدەکات: شەوێک پێش ئەنجامدانى ئەوپرۆسەیە فەرمانم پێکرا کە یەکێک لەمەفرەزەى پاسدارەکان بگەیەنمە (چەمى ڕێزان) پاشان ئەوەبوو من ئەومفرەزەیەم گەیاندە شوێنى مەبەست کە(18) پاسداربوون و لەوێشەوە لەڕێگەى چەند پێشمەرگەیەکى دیکەوە گەیشتنە کەرکوک.
وێڕاى ئەوەى لەدەرەنجامى ئەم چالاکیەى ئێراندا گەورەترین توڕەى لاى ڕژێم لێدەکەوێتەوە و ئیدى لەوێوە ڕژێمى بەعس سەرەتاى سەرهەڵدانى ڕق و قینەى داخ لەدڵى خۆى بەرامبەر بەخەڵکى سڤیلى ناوچەکە دەستپێدەکات ،بەپێچەوانەوە بەردەوامیش پەیوەندیەکانى نێوان یەکێتى وئێران ڕۆژلەدواى ڕۆژ پتەوتردەبێت ،تەنانەت کاردەگاتەئەوەى بەتەواوى دەروازەى پێشمەرگە بەڕوى ئێرانیەکاندا دەکرێتەوە و هەربەو هۆیەشەوە ئێرانیەکان ژمارەیەکى باش سیخوڕ وبەکرێگیراو لەناوچەکەدا کۆدەکەنەوە و هێلیکۆپتەرە ئێرانیەکانیش بەردەوام لەناوچەکانى سەرگەڵو وبەرگەڵو کە ناوچەى موحەرەمەبوو هاوکات سەرکردایەتى (ى.ن.ک) لەوێندەربوو دەنیشتنەوە ،هاتنى ئەو هێلیکۆپتەرانە ترسێکى گەورەى لاى ڕژێمى عێراق دروستکردبوو گوایە جمهورى ئیسلامى ئێران مەبەستیەتى پێگەى سەربازى خۆى لەناوچەکەدا پتەوبکات،بەڵام بەپێچەوانەوە وەک پێشمەرگەیەکى دێرین وئاگادار دەڵێت:(ئەو هێلیکۆپتەرانە تەنها ئەوەى دەیانهێنا مەسینەو پێڵاو وشەکروچابوو)،بەڵام بێگوێدانە کارەساتى دڵتەزێن ڕۆژانە پەیوەندیەکان بەرەو بەهێزى دەڕۆیشتن،تاکارگەیشتە ئەو ڕادەیەى ساڵى(1987) تیمێکى پسپۆڕى دەریاوانى ئێرانى لەڕێگەى پێشمەرگەوە ئاسانکاریان بۆدەکرێت تاکو لەڕێگەى (TNT) وە بەربەستى دوکان بتەقێننەوە بەڵام دواى چەندجار هەوڵدان بۆئەم کارە بەهۆى هەستیارى ناوچەکەوە ئەوچالاکیەى ئێرانیەکان سەرناگرێت.
لەلایەکیترەوە بەپێى ئەو ڕێکەوتنەى لەنێوان (یەکێتى - ئێران)دا مۆرکرا، دەبوو هەردولا لەڕوى سەربازیەوە هاوکارى یەک بکەن لەیەکەم هەنگاویشدا هەوڵى تەقاندنەوەى کێڵگە نەوتیەکانى کەرکوکیاندا، بەڵام لەکاتى هێرشەکانى ڕژێمى بەعس بۆسەر ناوچە ئازادکراوەکانى ژێر کۆنتڕۆڵى سەرکردایەتى شۆڕش ئێران هیچ هاوکاریەکى یەکێتى نەکرد.
هەموو ئەوهاوکاریانەى یەکێتى بۆ ئێران حکومەتى بەعسى توڕەترکرد لەبەرپرسانى شۆڕشى کورد، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن هاوکاریەکانى یەکێتى بۆ ئێران وایکرد کە حکومەتى عێراق دڕندانەتر مامەڵە لەگەڵ خەڵکى مەدەنى ژێر دەستى شۆڕشدا بکات لەدواى دەرکردنى پێشمەرگە لەو ناوچانە.
دواجارهەموئەم تەداخولاتانەى ئێران و ئاسانکارى هێزەکانى یەکێتى دەبنە فاکتەرێکى بەرچاو بۆ سەرەتاى سەرهەڵدانى پرۆسەى ئەنفال کەڕژێمى بەعس ناوینا (عملیە الانفال).


یەکێتى داواى خۆڕاگرى لەخەڵک دەکردو بەرپرسانیش ماڵ ومنداڵی خۆیان ڕەوانەى دەرەوە کردبوو!
لەیەکەمین کاردانەوەدا دەرەنجامى ئەو توڕەیەى ڕژێمى بەعس بەرامبەر ئەوچالاکیانەى ئێران کەلەناوچە کوردنشینەکان ئەنجامى دەدان،خەڵکى سڤیلى سنورى دۆڵى جافایەتى و بەشێک لەگوندەکانى سنورى قەزاى دوکان دەکەونە بەر شاڵاوى دڕندانەى بەعس.هۆکارى سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە تەواوى چالاکیەکانى جمهورى ئیسلامى ئێران لەوسنورەوە بەئەنجام دەگەیەنراو هاوکات سەرکردایەتى یەکێتیش لەو دەڤەرە ئاسانکارى تەواوى بۆ ئێرانیەکان دەکرد،هەروەک چۆن لەڕۆژى (13/3/1988) دا (سەدام حسێن) سەردانى شارى سلێمانى دەکات و لەڕێگەى تەلەفونەوە بە(کامل ساجد عزیز) کەسەرپەرشتى ئۆپەراسیۆنەکەى دەکرد دەڵێت:(لازم نسحق راس الحیە) واتە (پێویستە سەرى مارەکە بهاڕین).
لە ڕۆژى (22/2/1988) دا ڕژێمى بەعس لەچەندین قۆڵەوە هێرش دەکاتە سەر گوندەکانى دۆڵى جافایەتى ودەوروبەرى لەڕۆژى (18/3/1988) دا حکومەتى بەغدا بەیانێکی دەرکرد بەناوى (القیادە العامە للقوات المسلحە) دواى(25) ڕۆژ بەرگریکردنى سەرکردایەتى یەکێتى ،هەواڵى گرتنى سەرکردایەتى لەڕێگاى ڕاگەیاندنە عێراقیەکانەوە بڵاوکرایەوە ،ئەگەرچى لەناوەرۆکى ئەو هاوپەیمانیەتیەى نێوان (ئێران ویەکێتى)دا کەمۆرکرابوو ،دەبوایە هەرلایەک ڕوبەڕوى شکست بونەوە ئەویتر پشتیوانى بکات بەڵام لەوشکستەى یەکێتى تەنانەت لەهەندێک شوێنەوە هەموى (3)کیلۆمەتر ئێران لەبەرەى جەنگەکەوە دوور نەبوو بەڵام بێدەنگى هەڵبژاردوو دۆستە شیرینەکەى پێش لێدانى بیرەنەوتەکانى کەرکوکى بیرچوبۆوە!.
ئەوەى کەلێرەدا جێگەى پرسیارە ڕژێمى عێراق ئەو چالاکیەى ناونابوو (عملیە الانفال) ،کەچى مەکتەبى سیاسی (ى.ن.ک) لەبەیاننامەیەکدا داوا لەخەڵکى کوردستان دەکات (پشودرێژو خۆڕاگربن!)،ئەمە جگەلەوەى پێش شکانى هێزەکانى یەکێتى تەواوى بەرپرسەکان ئاگادار دەکرێنەوە کەخۆیان وماڵ ومنداڵیان ئەو سنورە جێبێڵن ،بەڵام گوند نشینەکان ئاگادار ناکرێنەوە. ئەوەتا ئەکرەم سێکانیانى وەک شایەتحاڵێکى ئەنفالى(یەک) کەخاوەنى (9)کەسی ئەنفالکراوە بەتەنیا لەخێزانەکەى خۆیدا لەئێستاشدا ئەندامى ناوەندى ڕێگایە بۆپرسى ئەنفال،ئەوباس لەوە دەکات سەرکردایەتى یەکێتى ئاگادارى ئەو هەڵمەتە دڕندەیەى ڕژێمى بەعس بوو بەڵام لەکاتى شکانى یەکێتیدا بەرپرسەکان خۆیان وماڵو منداڵیان دەرچون وخەڵکى قوڕبەسەرى ناوچەکەش جێماو بێ پشت وپەنا مایەوە وماڵوێران بوو هەروەک بڵێى ئێمە بەشۆڕش بێگانەبووین وکاتى تەنگانەو ڕۆژانى ڕابردوویان بیرچوبۆوە کەچى خزمەتێک کراون، وەک چۆن پێشمەرگە ئاگادارى ئەوهەڵمەتە دڕندانەى ڕژێمى بەعس بوو تەواوى بەرپرسەکان ئاگادارکرانەوە کەسنورەکە جێبێڵن، دەبوایە بەبێ جیاوازى خەڵکیشیان ئاوا ئاگاداربکردایەتەوە.
ئەکرەم باس لەوەدەکات ئێستاش سەرانى کورد هەمان هەڵوێستى سەردەمى شاخیان هەیە بەرامبەر بە کەسوکارى ئەنفالکراوەکان ،ئەوەتا ئەمساڵ لەیادى ئەنفالدا لەبرى بێن ئەوانەى دەستیان لەپرۆسەى ئەنفالداهەبوە ڕاپێچى دادگایان بکەن کەچى بەپێچەوانەوە وێڕاى ئەوەى داڵدەدراون وستایش دەکرێن لەو ڕۆژە ناسکەدا هەمان دەموچاودێنەوە بەر دەممان ودووبارە ئازارى ناخمان دەدەنەوە،ئەوەتا لەویادە پیرۆزەدا بەرپرسێکى باڵا ئامادەى ئەوەى نیە لەیادەکانماندا ئامادەبن، بارەگابە بارەگاى حیزب دەگەڕێین تاکو شتێک پارەمان بۆسەرف بکەن و یادى مەراسیمى ئەنفالى پێبکەینەوە،تەواوى بەڵێنى بەرپرسەکان کەبەکەسوکارى ئەنفالکراوەکانى دەدەن ئێوارەى هەمان ڕۆژ بیردەچنەوە.
گەرچى بەشێک لەکەسوکارى ئەنفالکراوەکانى دۆڵى جافایەتى گلەى لەوەدەکەن کەدەبوایە سەرکردایەتى یەکێتى بەبێ جیاوازى خەڵکى ئاگادار بکردایەوە کە دەوریان گیراوە تاکو خەڵکى ناوچەکە چۆڵ بکەن ودەربازبن،بەڵام شێخ محمد سەرگەڵوى پێشمەرگەى دێرین وشایەتحاڵى ئەنفالى (یەک) بەپێچەوانەوە باس لەوە دەکات هەرلەگەڵ گەمارۆدانى دۆڵى جافایەتى وسەرکردایەتى یەکێتى ،نەوشیروان مستەفا ئەنجومەنى گوندەکانى بانگ کردو پێیڕاگەیاندن کە ناوچەکە چۆڵ بکەن ،بەڵام خەڵکەکە خۆیان گووتیان تادوانەفەس لەگەڵ ئێوەدا دەبین وئێمەش بەرگرى دەکەین،بۆیە دەبوایە ئێستا سەرکردایەتى یەکێتى ئەو هەڵوێستە قارامانەى خەڵکى لەبیر نەکردایەو گرنگى تەواوى بەگوندەکان بدایە بەتایبەت لەڕوى ئاوەدانکردنەوە.
شێخ محمد سەرگەڵوى لەبەشێکیترى قسەکانیدا ئاماژەبەوەدەکات لەهەموو شوێنێکدا کەسانى باش وخراپ هەیە بەتایبەتیش لەسەردەمێکى وەک کارەساتی ئەنفال کەس بەکەس بوو ،ئەو دەڵێت:(هەر لەوسەردەمەدا کەسانێک هەبوون کەئێستا خەڵک بەبێ بەڵگە تاوانباریان دەکات بەوەى کە دەستیان لەگەڵ ڕژێمدا هەبوە بەڵام هاوکات لەزۆر پێشمەرگەى سەرتیپى ئەوسەردەمە قارەمانتربوون ،بەدەیان پێشمەرگەو خەڵکی هەژاریان لەو سەردەمەدا ڕزگارکرد).
شێخ محمد لەدرێژەى قسەکانیدا گووتى:(ئەوەى کەگرنگەباسبکرێت ئەوکەسە خائینانەبون کەدەستیان لەپرۆسەى ئەنفالدا هەبوو، لەشەڕى ناوخۆدا ئەوجۆرەکەسانە بەشێکیان شێربوون لاى یەکێتى و ڕێوى بوون لاى پارتى ،وەبەپێچەوانەوە)،بەداخەوە ئێمە ئەوسەردەمە خەریکى خۆسوککردن بووین،ئەوجۆرە خائینانە لاى یەکترى داڵدە دەدران و مونافەسەى حیزبیان پێدەکرا.

ئەنفالى (سێ)...
ناوى ئەو بەرپرسانەى کەڕێگریان لەخەڵکى گەرمیان کرد
دوابەدواى ئەنفالى (1) وئەنفالى (2) کەناوچەى قەرەداخى گرتەوە ،بەرەبەیانى ڕۆژى(7/4/1988) ڕژێمى بەعس لە(9) قۆڵەوە هێرشى کردە سەر ناوچەکانى دەڤەرى گەرمیان و ناوی لێنا ئەنفالى(3)،لەگەڵ ئەوەى کەسەرکردایەتى یەکێتى پێشتر ئەزمونى دڕندەى ئەنفالى (1)و(2)ى بینیبو، ئاگادارى ئەوەبوو کە ڕژێم ئەم شاڵاوەى ناونابوو(عملیە الانفال) ،لەلایەکى دیکەوە هەمووئەو کەسانەى کەلەئەنفالى یەکدا دەربازبوون ،ڕژێم بڕیارى لێبوردنى گشتى دەرکرد کەچى هەموو ئەوخەڵکە دەستگیرکران وئەنفالکران و ڕژێم درۆى لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەداکرد ،بۆیە دەبوایە یەکێتى هەرخۆى خەڵکى لەوە ئاگادار بکردایەوە کەناوچەکە جێبێڵن،کەچى بەپێچەوانەوە لێرەوە ڕێگریکردن لەخەڵکى ناوچەکە دەستى پێکرد!.
ئاوات قارەمانى بەرپرسى عەسکەرى مەڵبەندى یەکى ئەوسەردەمە باس لەوەدەکات ئێمە وەک زۆربەى هێزەکانى دیکە لەگەڵ کاک قادرى حاجى عەلى کەئەوکات بەرپرسى مەڵبەندبو و زۆربەى برادەرانیترلەشەڕى سەرکردایەتى بووین لەدۆڵى جافایەتى،تاکە کەس وەک بەرپرسى مەڵبەندى یەک کە لەناوچەکەدابوو کاک عمر فەتاح بوو،دواى ئەوەى کە لەدۆڵى جافایەتى ئینسیحابمانکرد لەبنارى قەندیل بوین کەهەواڵمان پێگەیشت ئەنفالى دووش کۆتاى هاتوە و تەواوى بارەگاکانمان لەناوچەى قەرەداخ گیراون و ڕژێم لەوناوچەیە خەڵکى ئەنفال کردوە،ئەوەبوو گەڕاینەوە بەرەو دەڤەرى گەرمیان وهەواڵى ئەوەمان بیست کەبەبڕیارى کاک عمر فەتاح ڕێگرى لەخەڵکى ناوچەى گەرمیان کراوە کە نابێت گوندەکان چۆڵ بکەن گوایەبەهۆى ئەوەى کە ورەى خەڵکى نەڕوخێت ،من دەمەوێت لێرەدا ئەوەباس بکەم سودفە بەگوندێکدا تێپەڕیم برادەران گوتیان کاک (فایەق ئاغاى ڕەباتى) سجنکراوە کە کەسایەتیەکى دیارى ناوچەى گەرمیان بوو ،ئەوەبو بانگمکرد وپێمگوت کاک فایەق بۆچى سجنکراویت گووتى وەڵا نەهەنگەکەى مەڵبەند سجنى کردوم دیاربوو مەبەستى کاک عمربوو چونکە ئەو بەکاک عومەرفەتاحى دەگوت (نەهەنگەکەى مەڵبەند) ،ئەوەبوو من شاهێدم هەیە کەکاک فایەقم ئازادکردوو پێم گوت دەستیشت ماچ ئەکەم هەرکێ دەربازئەکەى بڕۆ دەربازیکە کەسیش بۆى نیە دەستبخاتە ڕێت،(هەتامن لەیادەوەریەکانى خۆشمدا بۆ مێژوو ئەم بەسەرهاتەم باسکردوە)، دواجار هەمووئەو کەسانەشى کەلەگەڵ کاک فایەق بوون ئازاد کران وئێستا زۆربەیان لەژیانداماون.
ئاوات قارەمانى دەڵێت:هەموو ئەو ناوچانەى کەحکومەتى بەغدا بەموحەرەمە ناوى دەهێنان چەندینجار ئاگادارى خەڵکى ناوچەکەى کردۆتەوە کەچۆڵیبکەن چونکەئەوناوچانە موخەریبى لێیە بۆیە هەمووئەوکەسانەى کەلەوێدا دەستگیریان بکەین حیسابى موخەریبیان لەگەڵدا دەکەین ،هەربۆیە بەرلەوەى ڕژێم چواردەورى گەرمیان بگرێت ئەگەر ڕێگرى لەخەڵک نەکرایا بەبۆچونى من لە(%80)ى خەلکى دەرباز دەبوو ئاوا بەو ڕێژە زۆرە ژن ومناڵى بێگوناه ئەنفال نەدەکرا ،چونکە ئەوکاتەى کە ڕێگا بۆخەڵکەکە ئاوەڵاکرا ڕژێم دەستى بەهێرشکردن کردبوو ،کارلەکارترازابوو ،بەدەگمەن خەڵک دەربازى بوو چونکە چواردەورى گەرمیان بەسەربازى ڕژێم تەنرابوو هەربۆیە زۆربەى خەڵکەکە دەستگیرکران و ئەنفال کران.
ئاوات ئاماژەبەوەدەکات پێویستە لەئێستادا بانگى هەموو ئەوبرادەرانە بکرێت کەلەوسەردەمەدا ڕێگریان لەخەڵک کردوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بزانن بۆچى ئەوکارەیان کردوە؟ ئایا لەدڵسۆزیدابوە؟لەنەشارەزایدا بوە؟ بۆچى ئەمەى کردوە؟
ئاوات قارەمانى باس لەوەدەکات کەدوابەدواى ئەنفالکردن و خاپورکردنى گوندەکان لەسەرانسەرى کوردستاندا پێشمەرگە ڕوبەڕوى ژیانێکى زۆرسەخت بۆوە ،ئەوکات بۆمان دەرکەوت کە بێشوێنیمان پێوەدیارە ،بەڕاستى گوند نشینەکان بەهۆى شۆڕشەوەبوو ئەنفال و دەربەدەرو ماڵوێران بوون کەچى ئەوەتا ئێستاش ئەوەى کە زوڵمیان لێدەکرێت گوندەکانن.
پێشمەرگەیەکى دێرین وەک شایەتحاَێک لەپرۆسەى ئەنفالى(3) دا کەنەیویست ناوی خۆى ئاشکرا بکات ووتەکانى تۆمارکراوە باس لەوە دەکات کە عمر فەتاح ئەوکات بەرپرسى یەکەم بوە لەمەڵبەندى یەک،ئەوپێشمەرگەیە باسی لەوەکرد ئەو ڕێگریکردنەى کە لەخەڵکى ناوچەکە کرا بەبڕیارى ئەو بوە ،تەواوى سەرتیپەکان لەزۆربەى قۆڵەکانەوە کەڕێگریان لەخەڵک کردوە لەلایەن عمر فەتاحەوە نامەیان بۆ نێردراوە یاخود بەبروسکە ئاگادار کراونەتەوە ،واتە بەفرمانى ئەو ڕێگرى لەخەڵک کراوە. ئەمەش ناوى ئەوبەرپرسانەیە کە لەلایەن عمر فەتاحەوە ئاگادار کراون بۆ ڕێگریکردن لەخەڵکى دەڤەرى گەرمیان:
1-جەمیل هەورامى، 2-ئازادى سەگرمە، 3-محمود سەنگاوى، 4-شەهید مەلائەحمەد کەلارى، 5-شەهید حەمە ڕەش وچەند بەرپرسێکى دیکە.
ئەو پێشمەرگە دێرینە ئاماژەى بەوەکرد کەلەپرۆسەى ئەنفالى (3) دا هێزەکانى پێشمەرگە تایەى تراکتۆریان دەتەقاند ، خەڵکیان زیندانى دەکرد ،خه لكیان بریندار كرد, بەهەموو جۆرێک ڕێگریان لەخەڵکى ناوچەکە دەگرت تا ناوچەکە چۆڵ نەکەن.
ئەو پێشمەرگە دێرینەگوتى:(جگە لەهەموو ئەمانە ،ئێستاش سوکایەتى بەکەسوکارى ئەنفالکراوەکان دەکرێت ،بۆنموونەئاشکرایەکە زۆرترین خەڵکى گەرمیان لەهەردوو گوندى (ملەسورە و کوڵەجۆى حاجى حەمەجان) ئەنفال کران کەبەنزیکەى(20)هەزار کەس مەزەندە دەکرێت ، تەواوى ئەم کەسانە لەلایەن موستەشارى ڕژێمى بەعس (فەتاح بەگى جاف)ەوە دەستگیرکران وپاشان بەئیفاى عەسکەرى ڕەوانەى قەڵاى قۆرەتووکران وئەنفالکران ،کەچى پارساڵ لەئوتێل پاڵاس بەچاوى خۆم بینیم کە یەکێتى دەعوەتێکیان بۆکرد بڕى (2500)دۆلار خەرجیبوو،داواش لەمام جەلال کراوە کەبەپلەى وەزیر خانەنشینی بکات).
قادرى حاجى على پێشمەرگەى دێرین وشایەتحاڵى ئەنفال ئەو ڕێگریکردنەى بەرپرسان پشتڕاست دەکاتەوە ،ئەودەڵێ ڕاستە ئەوبڕیارە لەلایەن مەڵبەندى یەکەوە دراوە کەڕێگا لەخەڵکى بگرن و من بەرپرسى مەڵبەند بووم ،بەڵام ئێمە لەگەڵ کاک شێخ جعفەر وکاک ئاوات وکۆمەڵێک برادەرى دیکە دواى ئینسیحابى شەڕى سەرکردایەتى لە ڕێگابوین دەگەڕاینەوە بەرەو گەرمیان ،کاک عمر فەتاح جێگری منبوو ئەو خاوەن بڕیاربوو ،بۆیە ئەوبڕیارە کاک عمر فەتاح دەریکردبوو،کە ئێمە گەڕاینەوە خەڵکەکە گلەى ئەوەیانکرد کەڕێگریان لێکراوە،من بەمە زۆرتوڕەبوم لەگەڵ هەموو ئەو حیزبانەیتر کەلەوێبون کۆبونەوەیەکمان ئەنجامداو بڕیارى ئازادکردنى خەڵکەکەمان دەرکرد.
سەبارەت بەڕێگریکردنى خەڵکى لەپرۆسەى ئەنفالدا قادرى حاجى على گووتى من لەدواى ڕاپەڕینەوە لەچەندین کۆڕو مناسەبەدا گوتومە:(ئەگەر من کەسوکارى ئەنفالکراوەکان بومایە داوام لەسەر بەرپرسەکان تۆمار دەکرد تا ئاشکرابوایە ئەوانە کێبون کە ڕێگریان لەخەڵکى کردوە).

ئەنفالى(چوار)...
ناوى ئەو بەرپرسانەى کەڕێگریان لەخەڵکى ناوچەکە کرد
دوابەدواى کۆتاى هاتنى ئۆپەراسیۆنى ئەنفالەکانى (1) و(2) و(3)،ئەنفالى (چوار) کەناوچەکانى گۆپتەپەو عەسکەرو سێوسێنان وشێخ بزێنى وچەند ناوچەیەکى دیکەشى گرتەوە دەستى پێکرد، ئێوارەى ڕۆژى (3/5/1988) فڕۆکەکانى ڕژێمى بەعس بەچەکى کیمیاوى گوندى گۆپتەپەیان بۆردومان کرد ،پاشان لە (21) قۆڵەوە ئەو هەڵمەتە دڕندەیەى ڕژێم دەستى پێکرد،ئەوەى کەلێرەدا جێگەى تێڕامانە ئەویش ئەوەیە هەمان ئەو هەڵوێستە نەشیاوەى سەرکردایەتى (ى.ن.ک) کەلەئەنفالى (1)و(2)و(3)دا کردیان به ڕێگریکردنى خەڵکى گوند نشینەکان لەدەربازبوونیان وکۆمەڵێک هەڵەى دیکەى گەورە کەبەسەریاندا تێپەڕى، کەچى بەهەمان شێوە لەو دەڤەرانەى کەپرۆسەى ئەنفالى (چوار) یش گرتیەوە هەمان هەڵوێست و هەڵەیان دووبارەکردەوە!, ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار تۆبڵێى سەرکردایەتى یەکێتى تائەوساتەش ئەوەندە بێئاگابێت لەودیمەنە وەحشى گەرایى وپڕلەتراژیدیایەى پرۆسەى ئەنفال کەلەقۆناغەکانى (1 و2 و3)دا ڕویاندا؟؟ ئایا مەبەست لە دووبارە بوونەوەى هەمان ئەو هەڵوێستى ڕێگریکردنە لەخەڵکى سڤیلى ئەوناوچەنە چیبو کەبەقۆناغى ئەنفالى چوار ناسراوە؟؟.
على محمود ئەندامى ناوەندى (چاک) ،وەک شایەتحاڵێکى ئەنفالى (4) و پێشمەرگەیەک ڕوداوەکانى ئەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە.
على:(11/10/1986) ڕۆژى لێدانى بیرەنەوتەکانى کەرکوک دەشوپهێنێت بە(11ى سێپتەمبەر)ى کوردى و دەڵێت لەو ڕۆژەوە سەرچاوەى ئەنفال وکاولکارى کوردستان بناغەى بۆ داڕێژرا ،هێزەکانى یەکێتى دواى کۆتاى عەمەلیەکە تەنانەت خۆیان لەچەمى ڕێزانیش نەگرتەوە و تاسەرکردایەتى نەوەستانەوە و نەهامەتیەکەنیان بۆخەڵکى ناوچەى ساڵەى وناوشوان بەجێهێشت ،هەرلەوێشەوە ململانێى حیزبەسیاسیەکانى وەک(سۆسیالست وپارتى وئیسلامى) بۆهێنانى ئێران بووە منافەسە ،ئەوپێشمەرگە دێرینە دەڵێت لەئەنفالەکانى دیکەدا زۆر ئەزمون هەبوو کەدەکرا سودیان لێوەربگیرێت بۆ ڕێگرینەکردنى خەڵک لەئەنفالى چواردا بەڵام بەداخەوە هەمان هەڵە دووبارە و سێبارە کرایەوە .
على محمود دەڵێت لەئەنفالى چواردا سەدان کەس ڕێگریان لێکرا ،هەربۆنموونە من بەبەڵگەوە خێزان ئەزانم کە ژنێک وجوار مناڵى ،یاخود خێزان هەیە هیچ کەسێکى دەرباز نەبوە مەفرەزەکانى کاک على بچکۆل کەئەوکات بەرپرسى مەڵبەندى دوو بو نەیانهێشتبو دەربازبن تەنانەت ڕێگەشیان بڕیبوو بۆ دەربازبوون بەڵام گێڕابویاننەوە ،یاخود لەقۆڵى تەق تەقەوە کەمام ڕۆستەم فەرماندەى دەکرد بەداخەوە لەوێش ڕێگریکردن هەبوو ،تەنانەت من شایەتم هەیە برادەرانى تیپى 21ى کەرکوک کاتێک کەخۆیان لە ناوچەى شێخ بزێنى بۆ دەشتى هەولێر لەئاوەکە پەڕینەوە کەڵەکى پەڕینەوەکەیان دابەدەم ئاوەکەوە بۆئەوەى کەس دواى خۆیان نەپەڕێتەوە ئیتر ئەوخەڵکە بۆماوەى 20 ڕۆژ بێ نان وئاو لەناوچەى ساڵەى مانەوە و لەناو کونە فیراردا خۆیان شاردەوە پاشانیش ئەنفال کران ،هەموو ئەمانە شتێکن کەخەڵکى ناوچەکە شایەتى ڕاستیەکانن.
لەلایەکى دیکەوە سەبارەت بەو کەسانەى کەپێشتردەستیان لەگەل َڕژێمدا تێکەڵ کردبوو ڕۆڵى ئەکتیڤیان لەپرۆسەى ئەنفالدا بینى، ماوەى چەند ساڵێکە ناوەندى (چاک) کاربۆ بەدادگایکردنى ئەو تاوانبارانەدەکات ،على محمود وەک ئەندامێکى کاراى ناوەندى چاک باس لەوە دەکات چەندین جاش هەیە تاکوئەمڕۆ بەدەیان سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە بەڵام لەلایەن حیزبە سیاسیەکانەوە داڵدەدراون هەتا لاى ئەو گروپ ولایەنانەش کەئەمڕۆ داواى گۆڕان وچاکسازى دەکەن تەنانەت گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى ئەم مۆدێلى داڵدەدانە بۆتە شتێکى ئاساى لەناو لایەن وحیزبە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستاندا، تاکو ئەمڕۆ لایەنێک نیە سووربێت لەسەر بەدادگاى کردنى ئەو تاوانبارانەى کەدەستیان لەتاوانى ئەنفالداهەبوە ،بەتایبەتى لەئێستادا بەشێکیان سیراعیان لەپرۆسەى هەڵبژاردندا پێدەکرێت،هەروەهاعلى محمود گووتى زۆرێک لەو تۆمەتبارە کوردانەى کەسکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە ناویان لەلیستى (423) تۆمەتبارە عێراقیەکەدا هەیە بەڵام بەداخەوە ناویان لەلیستى (264) تۆمەتبارە کوردەکاندا نیە! بێگومان دەبێ هەروابێت کەسێکى وەک (فەتاح بەگى جاف) کە پشکى شێری بەردەکەێت لەئەنفالکردنى گەرمیانیەکاندا ،وەک خۆشیان پێى دەڵێن (جیم3) واتە (جەلالى وجاف وجاش) بێگومان ناوى ناچێتە لیستى تاوانبارانەوەو کوڕیش هەیەباسیبکات؟ یان کەسێکى وەک عەباسی بایزئاغا 47 سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە کەچى ئەوەتا لەسەنگەسەر ڤێللاى بۆدروست ئەکەن،کەسێکى وەک قاسماغا کەپشکى شێرى بەرکەوت لە پرۆسەى ئەنفالى چواردا کەس نازانێت پارتى لەکوێ شاردوێتیەوە.
دواجار على محمود دەڵێت: بەرپرسانى کورد نەک هەر هیچیان بۆ پرسى ئەنفال نەکردوە بەڵکو هەندێکجار دەبینین سوکایەتى بە قودسیەتى کەسوکارى ئەنفال کراوەکانیش دەکرێت بۆنموونە پارساڵ لە (14/4) یادى ئەنفال لەبرى ئەوەى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ کەسوکارى ئەنفالکراوەکاندا لەمەراسیمى ئەویادەدا بەشدارى بکات ،بەپێچەوانەوە دەچێت پێشوازى لەبنەماڵەى (حمەخانى حاجى دارا) دەکات کەڕۆڵى ئەکتیڤى گێڕا لەپرۆسەى ئەنفالدا.

سەرچاوە :
*کتێبى قەندیل بەغداى هەژاند ،نووسینى شه‌هید (ڕێباز)
* کتێبى پەنجەکان یەکترى دەشکێنن ،نوسینى (نەوشیروان مستەفا)

تێبینى:
*ئەم ڕاپۆرتە لە گۆڤارى لڤیندا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام له هەردوو ماڵپەڕى(کوردستان پۆست و چاک نیوزدا) بەهەندێک دەستکارى و زانیارى نوێوە بڵاوکرایەوە.
*ناوى هەموو ئەو بەرپرس و شایەتحاڵانە کەلەم ڕاپۆرتەدا قسەیان کردوە بەتۆمارکراوى لەبەر دەستدان.
*بەپێى چەند زانیاریەک بەرپرسانى پارتیش لە ئەنفالى(هەشت)دا, لەناوچەکانى بلەو بارزاندا ڕێگریان لەخەڵک کردوە، ناوى هەموو ئەو بەرپرسانەش لەبەردەستدان بەڵام کەس نەبوو!، یان ڕونتر بڵێین کەس ئەو بوێریەى نەبوو کەئەو زانیاریانە پشتڕاست بکاتەوە، بۆیە وەک ئیتیکى کارى ڕۆژنامەوانى بەپێویستمانزانى لەئێستادا ئەو ڕاپۆرتە لێگەڕاین بۆکاتێکیدى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە