جارێکی تر سوکایەتیکردن بە خەڵکی سلێمانی

Saturday, 17/05/2014, 12:00

1403 بینراوە






(بۆ وەرگرتنەوەی کۆبۆنی خۆراك پێویستە ناسنامەی باری شارستانی تازە بە مۆری زەرد و کارتی زانیاری لەگەڵ خۆتا بهێنیت)
ئەمە ئەو دەستەواژە شەرمهێنەیە کە ئیهانە بە کەسایەتی هەموو خەڵکی شاری سلێمانی دەکات لەبەرانبەر وەرگرتنەوەی کۆبوونی خۆراکدا لە دوکانی بایعەکان هەڵواسراوە..
بەڵام چ خۆراکێك؟
 نە مرۆڤ نە ئاژەڵ ئەو برنجە کۆنە میکرۆباویە ناخوات کە بە چەند مانگێك جارێك دەدرێت و بە نۆرە لەگەڵ زەیت و شەکردا بە چەند مانگێك جارێك دەدرێن، لە کاتێکدا ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووتر هەموو پێداویستیەکانی تاکە کەسی دابەش دەکرد بێ دواکەوتن، وەك چا، گوێزان، سابوون، دۆشاو...تاد، بەڵام ئەمان خۆیان بە کورد پەروەر دەزانن و کەچی بە ئاشکرا دزی لە هەموو هاوڵاتیان دەکەن و لەگەڵ ئەمەشدا ئیهانە بە ناسنامەکەیان دەکەن، کە هەر لە بەڕێوبەرایەتی باری شارستانی پێش چەند ساڵێك دەرچووە و ئێستاش جێی قبوڵ نیەو دەبێت بیگۆڕن بە ناسنامەیەکی تر بەڵام بە مۆری زەرد..
کە دەنگۆی ئەوەش هەیە سەری ساڵ ئەوەش بگۆڕن بە جۆرێکی تر.. ئاوها خەڵک مەشغوڵ دەکەن.. ئینجا تەماشای ئەو فەوزاو گەڕەلاوژە بکە لە بەڕێوبەرایەتیەکانی ناسنامە دروست بووەو چۆن لەو ڕیزە درێژانەدا ئیهانە بە تاکی کورد دەکەن و لەبەرچاوی هەمووانیشەوە ئەوەی واستەی هەیەو ناسراوی هەبێت دەچێتە ژوورەوەو بە ماوەیەکی کورت بۆ دەردەکردرێت، عەوامەکەی میللەتیش دەبێت سەرەی بۆ ماوەی دوو مانگ بۆ بنوسرێت و ئەم ڕەزالەتەش بچێتە سەر ڕەزالەتەکانی تری بێ موچەیی و گەندەڵی و نادادپەروەریی. کەچی کەسیش قسە ناکات و هەوڵی گۆڕان و سەرەو بنکردنی ئەو دەسەڵاتە نەبەکامە نادەن کە هەر لەسەر ستەم و فەوزاو دزین دروست بووە.

وێڕای ئەوەی کارتی زانیاری گەورەترین ستەمە لە تایبەتمەندیەکان و مافەکانی تاکەکەس دەکرێت و دەزگایەکی مافیایی کە هیچ میسداقیەتێکی لەناو چینەکانی کۆمەڵدا نیەو لە کوردکوژەکانی بنەماڵەزادەکان پێکهاتووە زانیاری لەسەر تاکەکان کۆدەکاتەوەو بێ بەشیان دەکات لە هەموو مافێك گەر نەیانبێت.

لە لایەکی ترەوە بنەماڵە نەوتی کوردستان بە تێچوونی ملیۆنەها دۆلار دەگەیەنێتە بەندەری جیهانی تورکی تا لەوێوە بە ئاشکرا بیفرۆشێت و داهاتەکەی بخاتە نێو حسابە تایبەتیەکانیان و لەسەر ئەمەش و بە ناوی بەرگری کردن لە خوێن و مەسەلەی چاەنووس سازی میللەت ، بازرگانیەکە دەگاتە ئەو ڕادەیەی بودجەی سالانەی هەرێم لە لایەن حوکمەتی ناوەندیەوە ڕاگیرێت،
 باشە ئەوە بۆ کەس ناپرسێت بۆچی ٥ ملیۆن کەس ببنە قوربانی گیرفانی مافیاکانی دەسەڵات و لە هەردوو لا ببن، لە کاتێکدا دەسەڵاتی نەزۆك دروشمی (ئەوەی تۆ دەخۆم، ئەوەی خۆشم بۆ خۆم) ی ٢٣ ساڵە بەرزکردووەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا میللەت هەڵوێست وەرناگرن و خۆیان بە خاوەنی بڕیارو گۆرانکاری نازانن لەسەر پاشەڕۆژی خۆیان، دواتر جێی خۆیەتی هەر تاکێك لە خۆی بپرسێت بۆچی چەند مانگێکە موچەکان لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێن و کەچی ٢٣ ساڵە ئەو داهاتانەی ناوخۆ کەس نازانێت دەچێتە گیرفانی کێوەو بۆ کوێ دەڕوات؟ ئەمەیە ئەو بەرژەوەندیانەی چارە ڕەشەکانی هەردوو بنەماڵە وایان لێ دەکات دەسەڵات بە جێ نەهێڵن و خوێنی لەسەر بڕێژن و گڵاوترین پیلان لە پێناو مانەوەی خۆیاندا دابڕێژن، بەڵام یاسای ژیان ئەوەی فێرکردووین کە پەتی ستەم لە ئەستووریدا دەپچڕێت و ئەوجاش نموونەی دیکتاتۆرەکانی وەك بینۆشێ و شاوشیسکۆ و سەدام و قەزافی و... دەیانی تر لای هەمووان ڕوونە کە بە چ ئاکامێك چوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە