من واژووم لە سەر کەمپینەکەی مەلا بەختیار نەکردووە، شەرمە مرۆڤ بەپێی میزاجی دەسەلات، داکۆکی لەئازادیی بکات

Thursday, 03/11/2011, 12:00

1874 بینراوە


ماڵپەری (چاودێر)ەکەی مەلا بەختیار، کەمپینێکی لە رۆژی ٢٦ ی ئۆکتۆبەر بڵاوکردۆتەوە، لەبەرامبەر ئەو دەنگە ئیسلامییانەی بە شیوازی جۆرا و جۆر دژ بە هەندێ بیروبۆچونی مەلا بەختیار بوون، کە لەکۆڕێکی کوردۆلۆژی لە شاری سلێمانی هەندێ بیروبۆچونی دەربارەی هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان دەربڕیبوو.
لەو کەمپینەدا ناوی من نووسراوە, کە من لێی بێئاگام و پرسیشم پێنەکراوە. بۆیە بەپێویستی دەزانم ئەو چەند تێبینیەی خوارەوە بدەم:

1- جارنامەی مافی مرۆڤ ، ماف بەهەموو تاکێکی کۆمەڵ دەدات کە بەئازادانە بیروبۆجونی خۆی دەرببڕێت، بۆیە هەر ڕێگرییەک لەلایەن هەر کەس و لایەنێکە وە ئەنجام بدریت ، دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕینە. نابێت بە هێج شێوەیەک دەرگای گفتوگۆ و پاساو لەسەر هەموو مەسەلە قەتیسکراوەکان بمێنی، بەتایبەتی کە ئێمە لەسەردەمێک دەژین ، سەردەمی تێکشکانی پیرۆزییە دروستکراوەکانە.

2- لە کەمپینەکە و لەڕێزبەندی ناوەکاندا، ژمارە 107 نووسراوە (قادر نادر ..سیاسەتەمەدار، هەولێر).من لە ٤٢ سالی تەمەنم ١٠ سالە لە سوێد دەژیم ، بۆیە ٣٢ سال لەشار و دەشتەکەی پیرە هەولێر ژیاوم . بەهۆی ئەو کار و چالاکی و ململانیێەی لەناو ئەو شارە هەبوو ، زۆرینەی ئەوانەی کاری سیاسیان کردووە، لەنزیکەوە یەکترمان دەناسی. یەک کەسی تر ئیستا لە هەولیردا نییە، کە هەمان ناوی منی هەبێت و سیاسەتمەدار بێت، تەنانەت ئێستاش بەهۆی مینبەرە جیاوازەکانی راگەیاندن کە کۆی جیهانی بەیەکەوە گرێداوە ، کەسێک نییە بەو ناو و پلەیە خۆی ناساندبێ! بۆیە ئەگەر ئەو ناوە هی منە هەرگیز واژوی کەمپینی وام نەکردوە و ئاگام لێی نیە، هەرچەندە لە خاڵی یەکەمدا باسم لێوەکردووە، کە لەگەڵ ئەوەیاندام، بەڵام هەرگیز مرۆڤی خاوەن مٶراڵ، ناوی خۆی بۆ کەسایەتییەکی ئاوا و لەگەل هەموو کەسێکدا رێزبەند ناکات.

3- لە20 سالی رابردوودا، پارتی و یەکێتی ، سەدان پێشێلکاری لە مافی مرۆڤ و ئازادی بیرورای ئەنجام دا ، تەنانەت تیرۆر و ئەشکەنجە و زیندانی نووسەران و چالاکڤانە مەدەنییەکان ، بەسەدان و هەزاران بووە. بەرادەیەک ئەمڕۆ ناوەندی داکۆکی لەمافی مرۆڤ لەجیهان نەماوە، نەفرەتبارانی ئەم دەسەلاتە نەکات لەسەر پێشێلکاریە مەترسیدارەکان. ئەمەش ناتوانین بە ناپاکیەکی مۆدێرنی نەتەوەیی هەڵی نەسەنگیین. چونکە پاشەکشەی بەبەدەستهێنانی دۆست و هاوسۆزی بۆ کێشەی کورد دروست کردووە . کاتێک ئێمە سەیری هەر ٤٠٩ ناوەکان دەکەین ، بەئاستی پەنجەکانی دەست و پێ، لەو ناوانە تیا نابینی ، کە بەرامبەر سەدان تاوان و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیرورای دەسەڵاتی کوردی واژوویان لەسەر کردبێت و هەلوێستێکی هەبووبێت. زۆرینەی ئەوانەی واژویان کردوە ، بەردەوام بێدەنگییان بۆ تاواناو و ئەو پێشێلکارییانە هەڵبژاردووە، تەنانەت پاساویان هێناوەتەوە بۆ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، کە ئەو دەسەلاتە ئەنجامی داوە. یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو دەسەلاتیش ئەم مەلا بەختیارەیە.
دوایینی چالاکڤانی مەدەنی برایمی کاکە ئەحە کە بە ناوی یاسا گرتوویانە و لە قوربانیەوە کردویانەتە تاوانبار، لە بادینان بەرۆژی رووناک به‌رپرسی‌ پێشوی‌ ئاسایشی‌ مه‌رزی‌ گومرگی‌ ئیبراهیم خه‌لیل سەید ئەکرەم ماوەی دوو ڕۆژە شوێن بزرکراوە! پرسیار ئەوەیە هەموو ئەوانەی واژویان کردووە، چەند لەوانە هەلوێستیان بەرامبەر ئەو هەموو هەتک کردنانەی یاسا و دادگا و ئازادی بیرورا دەربرین لە ٢٠ سالی رابردودا هەبووە؟
ئەی ئیستا خێرە بۆ مەلا بەختیارێک کەمپینێک و یاداشتێکی دەیان مەلا و فتوادانیان لەمزگەوت ٤٠٩ کەسی خۆ بەئازادیخواز واژوو دەکات؟ ئایا خۆتان ووتەنی دەکرێت ئازادیی لەت لەت و بەپێی بەروار بکرێت! ؟
ئایا دەتوانن ئەو ووشانەی واژوتان کردوە بە خۆتان بەراورد بکەن لەسەر داکۆکی لە ئازادی رادەربرین و هەڵسوکەوت و موڕاڵی خۆتان؟
چەند شەرمە مرۆڤ بەپێی میزاجی دەسەلا ، داکۆکی لەئازادی بکات.

4- پرسیاری کۆتایشم لە مەلا بەختیار و هەموو ئەوکادیرانەی یەکێتی ئەوەیە ، کە لەو کەمپینە وەک داکۆکیکەرێک لە ئازادی لەو خۆیان ناساندوە، چۆن ئێوە شەرم لەخۆتان ناکەن کە ڕۆژانە حزبەکەتان، پێشێلی مافی ئازادیی رادەربرین دەکات بەتایبەتی لە٦ مانگی رابردوو ، کە ئیرهابی سلێمانی گەیاندە ئاستی دەسەلات لەهەولێردا؟
ئەی چۆن شەرم لە کەیسی برایمی کاکە ئەحە ناکەن، کە ئەو قوربانییەتان خستٶتە زیندانەوە، بەڵام بکوژی گەنجانی خۆپیشاندەریش، بەرپرسی ئەمنی حزبی و شارەکەتانن؟
چٶن شەرم لەخۆتان ناکەن، کەخۆتان پێ داکۆکیکەری ئازادی دەناسێنن و دروشمی سۆسیال دیموکرات دەڵێنەوە ، کەچی لە ٢ساڵی رابردودا زیاتر لە٠ ٢٠٠ کەستان لەسەر ئازادی بیرورا و دەنگدان ، لەسەرکارەکانیان دەرکردوە؟
ئەی چۆن شەرم لە دۆسیەی ئاسۆس هەردی ناکەن، کە بەبەلگەوە عومەر فەتاح هەولە تیرۆریستیەکەی لێ ئاشکرابوو ، کەچی "مامی بەریزتان " ، وەک قەرەبوکردنەوەیەک کە کەسایەتی لە میدیا لەکەدار بووە بردیە ناو کۆبۆنەوەی سەرۆکی ولاتانی لە نەتەوەیەکگرتوەکان. ئەمە لەکاتێکدا ئەو سیاسییە گەورەیەتان کە تالەبانییە مێژوییەکی رەشی قەترانی لەتاوان و گەندەڵییدا هەیە، هاوکات لەژیانی خۆید، جگە لەمنگە منگ کردن دوودیڕی بەسودی لە زار نەهاتۆتە دەرێ؟
مرۆڤی ئازادیخواز ئەو مرۆڤەیە لەبەرامبەر هەموو پێشێلکاریەکان قسە و هەلوێستی هەبێت ، بەپێی میزاج و بەرژوەندەی سیاسی و کەسێتی سەیر ناکات، ئێوە کەستان، نە خاوەنی ئەو موڕاڵەن، نە ئەو خەسلەتە جوانەتان تێدا نییە، ئیدی من چۆن دێم ناوی خۆم دەخەمە ریزی ئێوەوە، مرۆڤی هەقبێژ، بەپێی پێوەرەکانی جارنامەی مافی مرۆڤ رەفتار دەکات، نەک بەپێ بەرژەوەندیی خۆی و داواکاریی عیزبێکی دەسەڵاتدار.
بۆیە ئەو سۆسیال دیموکراتەی ئێوە و دیموکراسیەتەی پارتی، هیچ جیاوازییەکی لەگەل دروشمەکانی بەعسدا نییە، کە ئەویش وەحدە و حریە و ئیشتراکیەتێکی بەتاڵ و پووچ بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە