کاری هەواڵگریی (سیخوڕى)

Thursday, 08/09/2011, 12:00

2708 بینراوە


كارى هەواڵگرى لەسەردەمى پێشوو دواى لەشكرو هێزى سەربازى هۆكارى دووەم بوو بۆ بەدەست هێنانى بەرژەوەندى سیاسى نێوان دووژمنەكان بەتایبەتیش لەنێوان یەكەم جەنگى جیهانى تاكوو ساڵى 1989 و كۆتایى هاتنى شەرىِ سارد.لەڕۆژگارى ئەمڕۆش ئەم هێزە هەیەو بەردەوامە بەڵام بەهۆى بەرەو پێش چونى تەكنەلۆژیا گۆڕِان بەسەر ئەم كارەداهاتووەو ڕۆڵى سیخوڕى كردن تا ڕادەیەكى كەم كەم بۆتەوە.كارى هەواڵگرى كە بەڕێگاى سیخوڕى كردن ئەنجام دەدرێ زۆر كۆنەو میسریەكان پێش (5) هەزار ساڵ سیستەمى سیخوڕیان هەبوە و بەكاریان هێناوە بەسەر دووژمنەكانیانەوە و لەزانستەكانى جەنگیان حسێب كردووە.یەكێك لە ئەفسەرەكانى هەواڵگرى میسرى كۆن كەناوى (توت) بووە توانیویەتى (200) سەرباز لە گونیە گەنمدا بشارێتەوەو بەسەر پشتى بەلەمێكەوە بگەیەنێتە (یافا) كەلەلایەن خۆیانەوە ئابلوقە درابوو لەو كاتەدا.پاش لەنگەر گرتنى بەلەمەكە لەبەندەرى یافادا سەربازەكانى هاتنە دەرەوەو دەستیان گرت بەسەر شارەكەدا.مێژوونوس (تولیبوس) كەلەنێوان ساڵى (120-201.پ.ز) ژیاوە دەڵێت: (سەركردە دەبێت بەردەوام بێت لەسەر شیكردنەوەى ئارەز و كەسایەتى دوژمنەكەى) ئەمەش بێگومان بەسیخوڕى كردن نەبێ بەچیتر ناكرێ.هەروەها هومیرۆسى شاعیر دەربارەى چیرۆكى ئەسپى (تروادە) ئەم ڕووداوە دەگێڕێتەوە كە بەیەكێك لەشاكارەكانى سیخوڕى دادەنرێ لەمێژوودا.ئەم ئەسپە لەتەختە دروستكرابوو لەسەر بنكەیەك دا جێگیر كرابوو ناوەكەشى بەتاڵ بوو،جێگاى دەیاها سەربازى تیادا دەبویەوە.ئەم ئەسپە بردرایە ناوشاروو پاشان لەشەودا سەربازەكان هاتنە دەرەوە و گشت ئیشگرەكانیان كوشت.

پێناسەى هەواڵگریی
ماناى هەواڵگرى گواستنەوەى ئەو هەواڵانەیە كە گرینگیەكى تایبەتى هەیە لەلایەن كەسێكەوە بۆ كەسێكى تر،لەنێوەندێكەوە بۆ یەكێكى تر.هانسۆن بۆڵدوینى نوسەر بەم شێوەیە پێناسەى هەواڵگرى دەكات،بریتیە لە دامەزراوەیەك كەتوانایەكى مەزنى بەدەستەوەیە بۆخێر و شەڕ،پێویستى بە بەكارهێنانى ئافرەت و پیاوە.هەواڵگرى زۆر ناسكە و لەهەمانكاتیشدا زۆر تیژ هەڵس و كەوت دەكات لەگەڵ پاڵەوانان و ناپاكاندا و بەشێوەى فڕاندن و كوشتن دەست بەسەر هێزى ژیان و مەرگیان دادەگیرێ،نیشتمان پیرۆزى بەكاردەهێنێ تاپیرۆزترین مانا،ئارەزوەكانى تانزم ترین ئاست.بەهانە دێنێتەوە بۆ گەیشتن بەئامانجەكاتى هەتا كوشتنیش.

هەواڵگرى لەهەندێ وڵاتان پێ ى دەگوترێ (دەزگاى زانیارى) یان (هۆبەى دووەم) یان (نوسینگەى دووەم).ماناى هەواڵگرى گواستنەوەى ئەو هەواڵانەیە كە گرینگیەكى تایبەتى هەیە لەلایەن كەسێكەوە بۆ كەسێكى تر لەنێوەندێكەوە بۆ یەكێكى تر.هەروەها لەكۆتاییدا بۆ تۆڕى سیخوڕى دەوڵەتەكە كەسەر بەهەواڵگرى ئەم دەوڵەتەیە و هەموو شێوەكانى سیخوڕى ناوەخۆو دەرەكى دەگرێتەوە.
هەواڵنێرى ڕێككەوتنە لەنێوان دوو كەس بەهەرشێوەیەك بێ جابەگوفتاربێ یان بە نوسین بەئاشكرابى یان بە هێماى ڕاستەوخۆبێ یان بەهۆى كەسێكى ترەوەبێ.هەواڵنێرى هەموو ئەو نامە ناردن و پەیوەندى و لێك گەیشتنەیە،كەلەنێوان دووكەس یان زیاتر دەكرێ لەسەر بنچینەى لەخشتەبردنى كەسێك یان لایەنێ دەكرێ و ئەو پەیوەندیە یان بەتەلەفۆن یان بەهۆى بێتەل بێت.هەروەها لەبەشەكانى هەواڵگرى بەشى (چاودێرى یان خزمەتى نهێنى) كەشێوەیەكە لەشێوەكانى پەیوەندى كردن بەدەوڵەتى بیانیەوە بەمەبەستى تاوانكارى و ئەمەش لەكاتێكدایە كەتاوانبار دەیەوێت پەوەندى بكات بەدەوڵەتێكى بیانیەوە یان بەكەسێكەوە كەئیش دەكات بۆ بەرژەوەندى ئەو دەوڵەتە بیانیە و ئەنجامەكەى ئەوەیە ئەو دەوڵەتە بیانیە دەتوانێ كارى خراپە كارى دژى دەوڵەتى یەكەم ئەنجام بدات.ئەمەش پێ ى دەگوترێ ناپاكى مەزن لەزۆر بەى وڵاتاندا بودجەى هەواڵگرى دیارى كراونیە و نهێنیە وە لەزۆربەى وڵاتاندا بودجەى هەواڵگرى لەسەر بودجەى وەزارەتى بەر گریە.


پێناسەى سیخوڕى :
سیخوڕى كارى هەواڵگرى یە بۆگەیشتن بەنهێنیەكان و داهێنانە نوێ یەكان بەشێوەیەك سیخوڕ زانیاریەكان بەدەست دێنێت بەگوێ گرتن یان وێنە گرتن یان بەڕێككەوتن لەگەڵ بەكرێ گیراوێك بەشێوەیەك كەپێ نەزاندرێ و پاشان ئەو زانیاریانەى كەدەستى كەوتووە بۆ وڵاتەكەى دەنێرێتەوە.بۆسودوەرگرتن لەكاتى كردەى سەربازى یان گفتوگۆى سیاسى یان بۆند و ڕێككەونتى بازرگانى و پیشەسازى.


چۆن سیخوڕدروست دەبێ؟
كارى دەزگاى هەواڵگرى بەبێ سیخوڕ ئەنجام نادرێ.بەواتایەكى تر سیخوڕى كردن واتە هەواڵگرى.هەروڵاتێك ئەگەر بیەوێ بەرژەوەندیەكانى بپارێزێ و دەست كەوتى ماددى مەعنەوى دەست كەوێ لەوڵاتێكى ترو وڵاتەكەش پێ ى نەزانێ ئەوا پەنادەباتە بەر سیخوڕى كردن.بۆئەوەى كەسى سیخوڕیشى دەست كەوێ هەوڵدەدات كەسى نیشتەجێ ى ئەم وڵاتە بەكار بهێنێت كەدەیەوێ زانیاریەكانى لێ دەست كەوێ.زۆربەى ئەوانەشى كەدەچنە ڕێزى سیخوڕیەوە و لەدژى وڵاتەكەیان كارى سیخوڕى ئەنجام دەدەن هۆكارى خۆى هەیە كە بەشێوەیەكى سەرەكى لەم چوار خاڵ كۆدەبێتەوە:
1_ بەربەرەكانێ ى ئایدەلۆژیاو بیروباوەڕى سیاسى ئاینى لەوڵاتەكەى.
2_ پێویستى زۆرى بۆ (پارە) بەهۆى هەژارى و كەم دەرامەتیەوە كەبەر دەوام پێویستیەكانى خۆى پێ دابین ناكرێ.
3_ ئارەزووبونى خۆى لەژیانى ڕابواردن و فەراهەم بونى ژیانێكى ئافرەت دۆستانەو بونى پارەو گەڕان بە وڵاتان و بەردەوامى لەسەفەرو خۆشیەكان كە ئەمەش سیخوڕى كردن بۆى دەستە بەر دەكات.
4_ هەڕشە كردن لێیان لەلایەن هەواڵگرى دوژمنەوە بەهۆى چەند هەڵەیەك كەپێشتر ئەنجامیان داوەو دوژمن بەو هەڵانەى زانیوەو دواتر لەبەرامبەریان بەكارى دەهێنێتەوە.

مەرجەكانى سیخوڕ:
پێویستە سیخوڕ تواناى تەواوى هەبێ لەكارەكەیدا.لەبەر ئەوەى سیخوڕى پیاوانى زیرەك و بەجەرگ و خۆڕاگرى دەوێت لەگەڵ مەشقى تەواو لەسەر دەستى شارەزایانى هونەرى سیخوڕى.سیخوڕى جیاوازى هەیە لەگەڵ پیاوانى هەواڵگرى.سیخوڕ مەشق دەدرێ بەمەبەستى ڕەوانە كردنى بۆ دەرەوەى سنور بەڵام هەواڵگرى لەنوسینگەى خۆى دەمێنێتەوە چاوەڕێ دەكات سیخوڕ زانیاریەكان و ئەو نهێنیانەى دەستى دەكەوێت بۆى ڕەوانەبكات.بون بەسیخوڕ لە وڵاتە زلهێزەكانى ڕابردو و ئێستاش پێویستى بەوەیە كە كەسى سیخوڕ دەرچووى پەیمانگەیەك یاخود خولى سیخوڕى بێ تا پشتى پێ ببەسترێ.
لە یەكێتى سۆڤیەتى كۆن و ڕوسیایى ئێستا پەیمانگەیەكى تایبەت هەیە كەسەر بەوەزارەتى بەرگریە بۆ پێگەیاندنى سیخوڕ كە بەووردى هەڵدەبژێردرێن.بۆماوەى دووساڵ و نیوو قوتابى تێیایدا دەخوێنى و پاش ئەم دووساڵ و نیوە لەلایەن پەیمانگەى باڵاى هەواڵگرى قوتابى سیخوڕ بڕوانامەى پێدەدرێ كە بەرامبەرە لەگەڵ بڕوانامەى (ماف) بەڵام ناتوانێ لەنوسینگەكەى هەڵیواسێ.كۆتایى خوێندن لەم پەیمانگایە بریتیە لەمەشق و تاقیكردنەوەى زیندو و ڕاستەقینە بۆ قوتابیە سیخوڕەكە بەوەى كەتوشى جۆرەها ڕاوە دوونان و چاودێرى و هەندێ جار ئەشكەنجەو گرتنیش،ئەگەر قوتابى لەم تاقى كردنەوە بەسەركەوتویى دەرچوو ئەوا ناوى (سیخوڕى)پێ دەبەخشرێ و بەپاسەپۆرت و ناوێكى نوێیەوە ڕەوانەى كارێك دەكرێت بۆ ئەو وڵاتەى بۆى دیارى دەكرێ كە كارى تیا بكات هەندێ جار سیخوڕە نوێیەكە دەچێتە ناو تۆڕیكەوە كە لەو وڵاتەدا كاردەكات كەبۆى نێردراوە.
لە بەریتانیاش قوتابخانەیەكى تایبەتى هەیەلەشارى لەندەن بۆ مەشق پێكردنى سیخوڕەكان.ئەم قوتابخانەیە سەر بەهەواڵگرى بەریتانیایەو دەكەوێتە ناوچەى فۆكشیر نزیك لەندەن.ئەوانەى تیایدا دەخوێنن هەڵبژاردراون و پێك دێن لەكەسانى ئازاو زیرەك و هەڵخەڵەتێنەر بە ڕووخسارو بەكردار.ئەفسەرانى مەلەكى پشتگیریان دەكەن و ماوەى خوێندن لەم قوتابخانەیە بریتیە لە دووساڵ تیایدا قوتابى فێرى زانستى سیخورى و هونەرى نوسین بەمەرەكەبى نهێنى و پەیوەندى بێ تەل و تەلدارو بەكارهێنانى تیشكى لایتى كارەبایى و دۆزینەوەى جفرە.پاشان خوێندنى داب و نەریتى ئەو وڵاتەى كەبۆى ڕەوانە دەكرێت.پاش ئەمانە تاقیكردنەوەى كۆتایى و دەرچونى پێدەكرێ.ئەگەر سەركەوتوبوو ئەوا ڕەوانەى بارەگا نوێیەكەى دەكرێ.
لەئەمەریكاش مەشق پێ كردنى سیخوڕو خوێندنى دیارى كراو نیە بەڵكو شارەزایانى ئەم بوارە مەشق و ڕاهێنان بەهەر سیخوڕێك دەكەن بەپێ ى ئەو ئەرك و كارەى كە پێ ى سپێردراوە و پێ ى هەڵدەستێت.ئینجا ڕەوانەى ئەو وڵاتە دەكرێ كەبۆى ئامادەكراوە.لەسەردەمى دامەزراندنى هەواڵگرى ئەمەریكى ژمارەیەكى زۆر لە ڕۆشەنبیران ڕاكێشرانە نێو هەواڵگریەوە.وەزارەتى بەرگرى بەڕێككەوتن لەگەڵ دەزگاى هەواڵگرى هەڵدەستان بەبڵاو كردنەوەى ئاگادارى بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى بەكالۆریۆس لەزانست و مێژوو دا بۆكار كردن لەوەزارەتى بەرگریدا،سەدەهالاوى ئەمریكى فۆڕمى پڕدەكردەوەو پاشان ئەو فۆڕمانە كۆدەكرایەوەو زۆر بەووردى لێكۆڵینەوەى لەسەر دەكرا و باشترینیان و گونجاوترینیان هەڵدەبژێردران و لەماوەیەكى كورتدا دەهێنرانە نێو دەزگاى هەواڵگرى ئەمریكى.بێجگە لە ڕێگەى دووەم كە تاكو ئێستا دەزگاى هەواڵگرى ئەمریكى زۆر پشتى پێدەبەستێ ئەویش بەكرێگرتنى ئەوكەسانەى كە ئەمریكى نینە و خەڵكى وڵاتانى ترن كە زۆر جار خۆى دەبینێتەوە لەو كەسانەى كە پۆستى بەرزیان هەیە لەوڵات وەكو وەزیر و ئەفسەرى پلە بەرزو فەرمانبەرانى پلەبەرز كە سەركەوتنى ئەمریكاش لەهەواڵگرى و سیخوڕى كردن بەشێكى زۆرى بۆ ئەمە دەگەرٍِێتەوە.
لە ئەڵمانیاش لەسەردەمى هیتلەر و نازیەت سیخوڕەكان لە ڕێ ى ئەركانى جەنگ و ئەفسەرە پلە باڵاكانى ڕایخى سێ یەم دیارى دەكراو مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكرا و دواتر بەزۆرى لە وڵاتانى ئەمەریكاو بەریتانیا و یەكێتى سۆڤیەتى بەكار دەهێنران.بەڵام ئێستا كارمەندانى هەواڵگرى و سیخوڕەكان لەلایەن هەواڵگرى ئەمریكیەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەدرێ.لەوڵاتانى تریش بەتایبەتى فەرەنساو ئیتاڵیا سیخورەكان لەلایەن ئەفسەرانى دەزگاى هەواڵگریەوە دیارى دەكرێن و مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەدرێ.
لە ئیسرائیلیش كە لەئێستادا لەڕێگاى مۆسادەوە هیچ كون و كەلەبەرێك نەماوە وەكو مار خۆى تێ نەخزاندبێ.سیخوڕەكانى هەڵدەبژێرێ لە خێزانە ڕۆژئاواییەكان و كوڕان و خزمانى وەزیر و ئەفسەرو كاربەدەستانى حكومى چونكە دەتوانن هەموو ئیشێك بكەن و بێ لێپرسینەوە لەلایەن هیچ كەسێكەوە.بەتایبەتى لە وڵاتە عەرەبیەكان بەهۆى سیستەمەسیاسیە كانیانەوە.
لەوڵاتە عەرەبیەكانیش پیاوانى هەواڵگرى و سیخوڕەكان كەسانى نێو سوپان و ڕۆژگاریك خزمەتى سەربازیان كردووە.دواى ئەوەى هەڵدەبژردرێن لەڕوى عەقڵى و جەستەیى یەوە تاقى دەكرێنەوە ئەگەر لە تاقیكردنەوە سەرەتایى یەكان دەر چون ئەوا دەچێتە خولى ڕاهێنانى سیخوڕى و ماوەیەك لەوێ مەشق و ڕاهێنانى پێدەكرێ و پاشان ئامادە دەكرێ بۆ ئەو كارەى كە بۆى ئامادەكراوە.
وڵاتى چینیش توشى گەورەترین كێشە دەبێتەوە بە بەردەوام ئەویش بەهۆى شێوەى دەم و چاوى ئەوكەسانەى كەكارى سیخوڕى دەكەن،لەبەر ئەوەى ئەستەمە بتوانرێت كەسێكى چینى بەنێو شەقامەكانى ئەوروپاو ئەمریكا هاتوو چووبكات و زانیارى بەدەست بهێنى بەبێ گومان لێكردنى لەلایەن دەزگاى دژە سیخورى ئەم وڵاتانەوە.بەڵام تاڕادەیەكى كەم ئەم كێشەى چارەسەر كردووە ئەویش بەهۆى بەكار هێنانى ئەوكەسانەى كە لەدایك بوونیان لە ئەوروپاو ئەمریكایە.

بەناوبانگترین دە سیخورى دونیا



(ماتاهارى) سەماكەرێكى هۆڵەندى بوو ساڵى 1917 هۆڵەندا اعدامى كرد بەهۆى ئەوەى كارى سیخوڕى بۆ بەرژەوەندى ئەڵمانیا بەجێهێنابوو.ئەم ئافرەتە سیخورە سەماكەرە لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى بەریتانیا فرێندرا و بەریتانیا لەسەرەتا بانگەشەى وەى كرد كە سیخوڕێكى گرتوە هەڵساوە بە سیخوڕی كردن بۆ فەرەنسا بەڵام فەرەنسا پێداگرى لەوەكردوو ئەم هەواڵەى بەدرۆ خستەوە.پاش لێكۆڵینەوەیەكى وورد دەركەوت كەكارى بۆ دەزگاى هەواڵگرى ئەڵمانیاكردووە.ئەوەى ئەم سیخوڕەى وا بەنێو بانگ كرد،كوژرانى (50) هەزار خەڵك بوو بەهۆى سیخوڕى كردنیەوە لە جەنگى جیهانى یەكەمەوە بۆبەرژەوەندى ئەڵمانیا.


(كیم فیلیبى) یەكێكە لەسیخوڕە بەنێوبانگەكان و بە سیخوڕێكى زۆر لێهاتوو دادەنرێت ئەمیش بەهۆى ئەوەى كەلەیەك كاتدا ئیشى بۆ دوو وڵاتى دووژمنى یەكتر دەكرد ئەویش بەریتانیاو یەكێتى سۆڤیەت.دواى ئەوەى بەریتانیا بەمەى زانى هەوڵى دا بەشێوەیەكى نهێنى فلیب بگرێ بەڵام فلیب زۆر لەوان زیرەكتر بوو بەمەى زانى و بەرلەوەى دەزگاى هەواڵگرى بەریتانیا دەستگیرى بكات ڕاى كردوو هەڵات بۆ ڕوسیا،لەڕوسیا لەبەشى هەواڵگرى دەستى بەكار كردن كرد تا ساڵى 1988 كۆچى دوایی كرد لەڕوسیا.





(ناسان هیل) بەیەكەم سیخوڕ دادەنرێت لەمێژووى ئەمریكا لەنێوان ساڵانى 1776 كارى سیخورى كردووە.سەرباز بووە لە جەیشى ئەمریكى و ئەوكاتە كەكارى سیخوڕى كردووە تەمەنى 21 ساڵ بووە لەگەڵ ئەوەى كەتەمەنى بچوك بووە كەچى بەشێوەیەكى زۆر لێهاتوو كارى سیخوڕى ئەنجام داوە بۆ جەیشى ئەمریكى دژى جەیشى بەریتانیا.



(فریتز جوبیر دوكین) بەسیخوڕێكى زۆرگەورەدادەنرێت لەدونیاى سیخوڕى چونكە مێژووى كاركردنى لەهەردوو جەنگى جیهانى یەكەم و دووەم بەردەوام بوو.بۆ بەرژەوەندى ئەڵمانیا كارى دەكرد.ساڵى 19917 لەلایەن بەریتانیا گیرا بەڵام بەهۆى لێهاتویى توانى ڕابكات و لەبەندیخانە ڕزگارى بێ.گەورەترین كردە لەژیانیدا ئەنجامیدابێ بریتى بوو لە چاندنى بڕێكى زۆر لەتەقەمەنى لەنێو سەفینەیەكى سەربازى ئەمریكا كەبووە هۆى زیان گەیاندنێكى گەورەى ماددى و گیانى بە بەریتانیا.


(سیدنى ڕایلى) پێ ى دەڵێن (أبوالجواسیس) سیدنى سیخوڕ هۆكارى بەنێوبانگیەكەى بۆ توانى هەڵخەڵتاندنى دەورو بەرى دەگەڕێتەوە كە چەند جارێك دەگیریتَ بەڵام بەردەدرێت و نازانرێت كە سیخوڕێكى زۆر گرنگەو بۆ بەرژەوەندى بەریتانیا كار دەكات دژى ڕوسیا.سیدنى هونەرێكى زۆر كاریگەرى هەبوو لەبوارى سیخوڕى كردن ئەویش لەم كاتانە بەدیار دەكەوت كە زانیارى زۆر ووردى بەدەست دەهێنا لەبووارى جەنگەوە بۆ جەیشى بەریتانیا.پاش تەمەنێكى زۆر لەسیخوڕی كردن دواجار لەلایەن ڕوسیا دەستگیر كراو گوللە باران كرا.



(ڕیتشارد سۆرج) بە زیرەكترین سیخوڕى ڕوسیا دادەنرێت كەكارى سیخوڕى كردووە بۆ ڕوسیا لەسەردەمى ستالین،كاركردنى ئەم سیخوڕە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگى جیهانى یەكەم،بەهۆى زۆر گەڕانیەوە بەوڵاتانى جیهان توانى زانیاریەكى زۆر بەدەست بهێنى بۆ دەزگاى هەواڵگرى ڕوسیا.ساڵى 1944 لەیابان لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى ئەم وڵاتەوە دەگیرێ و ڕاستەوخۆ دەكوژرێت ئەمیش بەهۆى ئاشكرابوونیەوە كەزانیاریەكى زۆر ئەم وڵاتەى گەیاندبووە ڕوسیا.

(الدریتش ئیمز) بەسیخوڕێكى ئابورى بەنێوبانگە كارى بۆ بەرژەوەندى ڕوسیا دەكرد لەهەمان كاتیشدا لە سى ئاى ئەى بوو.ساڵى 1994 لەلایەن ئەمریكا دەستگیر كراو بە سزایى بەند كردن بۆ تاهەتایى سزادرا.


(لیوڤان ئیلیزابێت) یەكێك لەو سیخوڕانەى كە بۆ بەرژەوەندى هاوپەیمانان كارى دەكرد لە شەڕى ئەهلى ئەمریكا.


(كلاوس فۆكس) زانایەكى فیزایى بوو وە پرۆفیسۆر بوو لە بوارى دروست كردنى چەكى ناوەكى.زانیارى زۆر گرنگى دەنار بۆ ڕوسیا.لەهەمان كاتیشدا بەشدار بوو لە چەندین پرۆژەى ئەمریكا بۆ چەكى ناوەكى.لەنێوان ساڵانى 1935 تا 1942.پاشان ئەمریكا دەستگیرى كرد.


(ئالان بینكرتۆن) لێكۆڵەرەوەیەكى ئوسكتلەندى بوو یەكەم ڕاوێژكارى ئەبراهام لینكۆلن بوو.یەكێك بوو لە لێهاتوترین كەسى ئەو سەردەم لە ڕووى سیخوڕى كردن و وەر گرتنى زانیارى.لەكاتى شەڕى ئەهلى ئەمریكا بۆ بەرژەوەندى جەیشى كۆنفدرالى كارى دەكرد.


***********
سەرنج :
لەبەشەكانى دواتر. پێناسەى هەر یەكە لەدەزگاكانى هەواڵگرى ((سى ئاى ئەى، مۆساد، میت، ساواكى كۆن).دەكەم. لەدواجار بەدوورو درێژى باس لە دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بارزانى دەكەم لەوكاتەوه‌ی، که‌ دروست بووە تاكوو ئەمڕۆ بەپێ ئەو سەرچاوە كۆن و نوێیانەى كە لەبەر دەستندان لەگەڵ باسكردنى پەیوەندى دەزگاى پاراستن لەگەڵ هەریەك لەو دەزگا هەواڵگریانەى لەسەروە ناویان هاتووە.

******
سەرچاوەكان :
*كتێبى (المخابرات والعالم) سعید الجزائری.ج/الاول.لاپەرەكانى (9 تا كو 18).
* http://www.yabeyrouth.com/pages/index1777.htm(الجاسوسیە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە