دەستدرێژی کردنە سەردکتۆرو کارمەندانی تەندروستی بۆ؟

Tuesday, 05/03/2013, 12:00

1623 بینراوە





 


وەک ئاگادارین چەند ڕۆژێکە بەگەرمی باسی هێرشکردنە سەر پزیشکێک دەکرێت لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە بیانوی ئەوەی کە بەکارەکانی وەک پێویست هەڵنەستاوە وکەمتەرخەم بووە ، وە گەر ئەمە لە وڵاتانی پێشکەوتەودا ڕویبدایە لەئەنجامی هەڵچونێکی کاتی لێپرسراوێکەوە، ئەوکات پێویست بوو قائیمقام خۆی دەستی لەکاربکێشایەتەوە، نەک بەکەمـپین ومانگرتن، بەڵام ئەوەی جێگەی تیاڕامانە کە قایمقام هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەم کارەوداکۆکیش لە کارەکەی دەکات، ئەمە لەکاتێکدا کە قایمقام دەبێت کەسێکی بەدوور لە توندوتیژی و کاری نایاسی بێت، بەڵام بۆ ئەم دیاردەیە بەردەوام بەرامبەر دکتۆرو کارمەندەکانی تەندروستی دووبارە دەبێتەوە، ئایا دەبێت ئەمان کەمتەرخەمبن لە ئاست یارمەتیدانی نەخۆش و ئەوکەسانەی کە ڕوویان تێدەکەن لە نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکان؟ یاخود ئەم دیاردەیە ڕەگ و ریشەیەکی زۆر قوڵتری هەیە کە دووچاری کەرتی تەندروستی لە کوردستان بووە کە لێرەدا هەوڵدەدەم کەمێک لەهۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بخەمە بەر دیدی خوێنەران.
وەک دەزانین کەرتی تەندروستی یەکێک لە هەرە کەرتە گرنگەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو کە بەردەوام خۆی لە نوێکردنەوەوه زیاتربەرەوپێشبردنی ئەم کەرتەدا دەبینێتەوە لەلایەن کەسانی شارەزا بە سیستەمی تەندروستی هاوچەرخ بۆ زیاتر برەودان بەخزمەتگوزارییە تەندروستیەکان. لە کوردستاندا دەتوانین بڵێین سیستەمێکی هاوچەرخ بوونی نیە، بە ووتەی وەزیرەکانی پێشوی تەندروستی ئەم سیستەمە بێکەڵکە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەسەڵاتداران هەستیان بەخراپی ئەم سیستەمە کردووە بۆ هەوڵی گۆرینی نادەن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دیارە ڕون و ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان تائێستاش ئامادەییان هەیە لەنێو هەموو جومگەکانی وڵاتدا، وە ستراتیژی کارکردنیان لە پۆستەکاندا بە ئاڕاستەی ڕاکێشانی ئەندام و لایەنگیرە بۆ حیزبەکانیان نەک خزمەتکردنی خەڵک، وە بێگومان هێشتنەوەی کەرتی تەندروستی بەم شێوەییەی ئێستا پێدەچێت کۆمەڵێک کەس سودمەندبن لێی وە نەخوازن گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم کەرتە گرنگەدا بکرێت لە بەرهۆکاری زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانیان.
ئێستا دێمەوە سەر باسی کەرتی تەندروستی لە کوردستاندا، لە ئێستادا تێکەڵبووبێکی زۆر ئاشکرا دەبینرێت لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیدا، زۆربەی دکتۆرو کارمەندەکان بەهۆی دەستکەوتی زیاترەوە ڕوو لە کەرتی تایبەت دەکەن، یاخود خۆیان سەربەخۆ هەوڵی کردنەوەی کلینیک و جێگەی فرۆشتی دەرماندە دەدەن، هاوڵاتیش ئەو تێڕوانینەی بۆ دروستبووە کە لە کەرتی گشتیداسودمەند نابێت بە بەرامبەر ئەوەی کە سەردانی کلینیکێکی دکتۆری پسپۆر بکات یاخو سەردانی ئەوجێگەیانە بکات کە چارەسەری تێدادەست دەکەوێت، بەڵام ئەوەی زیاتر ڕووبەرووی ئەم ڕەخنەو کە جارجاریش دەگاتە سوکایەتی و تێهەڵدان ، دکتۆرو کارمەندە گەنجەکانە، دیسانەوە ئەمەش پرسیارە دێتە ئاراوە بۆ ئەمان؟
ئاشکرایە کە ئەمان لە هێڵی پێشەوەی بەرکەوتنن لەگەڵ هاوڵاتیانداوهەرچی دکتۆرەپسپۆڕەکانن لە کلینەکانی خۆیاندا نەخۆش دەبینن و کەمتر بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ هاوڵاتیاندا، یاخود لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتگیری دەکرێن. هەروها بەهۆی ئەو ناڕێکو پێکییەی کە خۆی لە دابەشکردنی توانای کاری دکتۆرو کارمەندەکانەوەوە دەبینێتەوە بەپێی جەگرافیای دابەشبوونی هاوڵاتیان و ئەو ناوچانەی کەلەڕابوردودا قوربانی زۆریانداوە، تا دەگاتە نایەکسانی لە دابەشکردنی کەرەستەی پشکنین و چارەسەرکردندا لە ناوچەکانی کوردستان وتەنها تیشک خستنە سەر شارە گەورەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشەیەیە کەوایکردەو کە هاوڵاتیان ڕەخنەوگلەیی زۆریان هەبێت ودەسەڵاتدارانیش بەڵێنی چارەسەکردنی گرفتەکانیان پێبدەن و نەیبەنەسەر.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا حیزب خوازیاری گۆڕینی ئەم سیستەمە بێکەڵکە نیە، لەکاتێکدا خۆیان زۆر باش بەئاگان لە خراپی سیستەمەکە و بەڵگەش بۆئەمە پەنابردنیانە بۆ نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا لە کاتی تێکچوونی باری تەندروستیان، وە دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە سەندیکای دکتۆرو کارمەندەکان تا ئێستاش لەژێر هەیمەنەی حیزبدان و ناتوانن بێ ڕاوێژی کاربەدەستان هیچ هەنگاوێک بنێن وەهەڵوێستێکی توندیشیان هەبێت وبتوانن داکۆکی لە مافەکانی پزیشکان و کارمەندان بکەن، وە بەشێک لە دکتۆرو کارمەندەکان سودمەندی یەکەمن لەم پشێوییەی لە تەندروستیداهەیە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و پۆستوەرگرتن، وەگەر فشاریان لەسەر دروستنەکرێت هەرگیز ناخوازن ئەم دەورەدوکانەیەن لێتێکبچێت بەڵام بێگومان ئەمەش ئەومافە بەکەس نادات هەڵبکوتنە سەریان و لە شوێنی کارکردنیادا سوکایەتیان پێبکەن و لێیانبدەن، گەر وڵات یاسای تێدابێت.
بۆیە هەتا گۆڕانکاری ڕیشەیی نەکرێت کە کەرتی تەندروستیدا، دەستەبەری مافی هاوڵاتی نەکرێت (کە لە ئێستادا زۆر کەمە یان هەربوونی نیە) وە لێپرسینەوی یاسای لەو کەسانە نەکرێت کە کەمتەرخەمن لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، بەردەوام ئەم دیاردانە دووبارەو چەند بارەدەبێتەوە، زەرەمەندی یەکەمیش بێگومان هاوڵاتیان و دکتۆروکارمەندە گەنجەکانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە