راپۆرتێك لەسەر مافیاو خەتەكانی شارەوانی سلێمانی

Sunday, 07/06/2009, 12:00

2481 بینراوە


بەشی یەكەم
ماوەیەكە شارەوانی سلیمانی لەلایەن بەرپرسە باڵاكانی یەكێتیەوە بۆتە جێ مشتومڕو سەردانی لەناكاو ئەمەش وای كردوە رەوشی شارەوانی بەرەو كێشەیەكی ئاڵۆزو جڕی بڕوات. لەهەمان كاتدا بۆتە جێ مشتومڕێكی زۆر لای كادیرانی یەكێتی لە دەرەوەی شارەوانی، ئەمە جگە لەوەی كەكاریگەری تەواوی لەسەر پۆخڵاواتی شارەوانی و سستی ئیشوكارەكان بەجێ هێشتووەو چەندین كاری ژێر بەژێری تێدا ئەنجامدراوە وەك داگیركردنی چەندین پارچە زەوی ئەم شارە لەلایەن بەرپرسەكانی یەكێتی كەبەكاری تایبەتی وەرگیراوەو چەندین زەوی تریش تائێستا لەناو شارەوانی هیچ مەلەفێكی نەماوە ئەمانەش بۆتە كێشەیەكی گەورەی شارەوانی و دارای و مەڵبەندی سلێمانی، هەروەها ململانێنی باڵاكانی یەكێتی و دەست تێوەردانی پارتی لەشارەوانی لەڕێگەی چەند ئەندازیارێكەوە ئەوەندەی تر شارەوانیان بەرەو داتەپین و مافیاخۆری و دزی و راوروتی بردوە. لەلایەكی تریشەوە دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە لەژێر دەستی یەكێتی دەربهێنن. بۆیە پەیتا پەیتا شارەوانی لەلایەن عیمادەوە سەردانی دەكرێت و لەهەموو كێشەكانی شارەوانی راستەخۆ بەشداری دەكات و دەیەوێت هەرچی باندو مافیاكانی ناو شارەوانی هەیە لەڕیشە دەربهێنێت. بەڵام ئەوە خەونێكی زۆر خەیاڵ پڵاوە. چونكە رۆنی شاپەسەند(قادر حەمەجان) ئەو گەرایەی هەر وا بەئاسانی دانەناوە ئەوە مەڵبەندیش لەو لاوە بوەستێت كەهەوڵەكانی بەردەوامە بۆ لەدەست دەرنەچوونی پیاوە پۆخڵاوەتەكانی شارەوانی.

ئێستا شارەوانی بەرەو شاری وێرانەو سەرە مەرگ دەڕوات و خەریكە بەڕەكە لەژێرپێی یەكێتی دەردەهێنرێت و هەڵی دەتەكێنن تا ئەوەشی خۆی گرتۆتەوە بە چڵێك لەكوتلەكان. لەكۆتایدا ئەوانەش ئەنجامی ماڵئاوای كردن دەبێت.

شارەوانی سلێمانی و ململانێی باڵەكان:

*لەناو شارەوانی سلێمانی چەندین باڵی تێدا پەیدا بووەو بەردەوام هەریەك لەو باڵانە پێگەی سیاسی و شوێنی خۆیان لەناو شارەوانی پتەوترو بەهێزتر دەكەن ئەمەش وای كردوە كەشارەوانی بەرەو كوتلەو كوتلەتێن بچێت. كەشارەوانی سلێمانی سەرجەم ئەندامەكانی ئەنجومەنەكەی سەر بەباڵی یەكیێتین و نوێنەری ئەو حزبەن لەناو شارەوانی كەسەرۆكەكەی پێشتر حاكم قادر (شاپەسەند) بووە، ئێستا پۆستێكی تری پێسپێردراوە لەلایەن حزبەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە كەوتە نێو ململانێكی توندی رۆژنامەكان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارای. دوا بەدوای ئەو ململانێیە چەندین فەرمانبەری ناو شارەوانیش سزا دران و دوورخرانەوە لەكارو پۆستەكەیان ئەمەش هەمووی لەپێناوی ئەوەی كەحاكم قادر بتوانێت لەو ململانێیە دەربچێت و خۆی پاك بكاتەوە. بەڵام بەرای زۆرێك لەبەرپرسان دەڵێن حاكم لەو شەڕەدا دۆڕانی و دەرنەچوو، هەر ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین خەت و هێنانەوەی چەندین باڵی سیاسی تر بۆ ناو شارەوانی. كاتێكیش كەزانی لەو شەڕەدا شكستی هێنا هەر زۆر بەپەلە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاندو لەناو شارەوانی رایكرد. ئەمەش بوە هۆی ئەوەی:

1-چەندین باندی دزی و راو راوت لەناو شارەوانی پەیدابوون. كە تائێستاش ئەو باندانە بەرەو قەڵەوی و گەورەی دەڕۆن و دەستیان لەگەڵ زۆرێك لەبەرپرسە باڵاكانی ناو یەكێتی و پارتی تێكەڵ كردوە. جگە لەوەش لەناو خۆیاندا چەندین مافیای تر دروست بوون لەوانە (ئەندازیار بەختیار عەلی قادر، نامیق ئیسماعیل، نیاز سەعید).

2- هێنانە ناوەی پارتی بۆ ناو شارەوانی و راكێشانی هەندێك لەبەرپرسە باڵاكانی یەكێتی بۆ لای خۆی و جێگیر كردنی هەندێك لەكەسانی پارتی لەناو شارەوانی و وەرگرتنی پۆستی باڵا لەناو بەشەكانی شارەوانیدا لەلایەن هەندێك لەئەندازیارانەوە. بەپێی هەندێك زانیاری پارتی تائێستا توانیویەتی چەندین ئەندازیاری خۆی لەناو شارەوانی سودمەند بكات لە گرتنە دەستی پۆستی لەناو شارەوانی بەهەموو فەرعەكانیەوە، كادری پارتی تێدا جێگیركردوە.

3-لەلایەكی ترەوە باڵاكانی ریفۆرمیش لەهەوڵی بەدەستهێنانی چەندین پۆستن لەناو شارەوانی و بەردەوامیش لەهەوڵی ئەوەدان كەشارەوانی بەهەر وەسیلەیەك بێت نەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی پارتیەوە، بەڵام ململانێكەی باڵەكانی ناو یەكێتیش بەتوند دەگرن، یەكێك لەو پاڵپشتە بەهێزانەی كە ریفۆرم ئیشی لێوە دەكات ئەویش پارێزگای سلێمانیە كەلەلایەن دانای ئەحمەد مەجیدەوە كاری بۆ دەكرێت. بەڵام ئەوەی كەپاڵپشتی ئەم لایەن بووە زۆر بەیان دەستیان لە كاركێشاوە كە لەناو ئەنجومەنی شارەوانی بوون، كە كاریگەریەكی بەهێزیان هەبوو لەسەر ئیشوكارەكانی شارەوانی و حاكم قادرو بەردەوام گڵۆپی سوریان بۆ هەڵدەكردو رێگرن بوون لەهەموو دزی و فزی و بەدكاری هەندێك لەكەسانی پارەو خۆر و ریشوەت وەرگرو دروست كردنی لیژنە تەحقیقی لەسەر دزەكانی ناو شارەوانی.

4- ئێستا شارەوانی لەنێو ئەو خەت و باڵاندا تووشی شكست و داڕمانێكی زۆر بووەو هەرچی هەوڵیشدراوە تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە. چونكە زۆرێك لە بەرپرسەكان ناگۆڕێن و هەر یەكەیان پشتگیری لێدەكرێت لەلایەن بەرپرسێك یان سەر بەیەكێك لەخەتەكانە. بۆیە عیماد ئەحمەد لەهەوڵێكی زۆر جدیدایە كە بتوانێ شارەوانی لەو كێشەو بێسەروبەری و باندو گەندەڵ و خەت خەتێنە قوتار بكات. ئەمەش بەلای زۆرێك لە بەرپرسەكانی شارەوانی بە ئەگەرێكی چارەسەر نەكراو دادەنێنن و هیچ ئەگەرێكی سەركەوتوی لێ بەدی ناكەن.

5- بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كەنەی ویست ناوی بهێنرێت وتی تائێستاش كەس نازانێت هەندێك ئیشوكاری ناو شارەوانی چۆنكراوەو بەچی كراوە چەندین دۆنم زەوی موڵكی خەڵكی دراوە بەرپرسەكان بەناوی باخەوە یان چەندین باخچە لەم شارە هەڵوەشێندراوەتەوەو كراوە بەتەلارو كەس نەزانێت چۆن كراوە. بەسەدان كاری زۆر لەوانەش گەورەتر كراوە لەناو شارەوانی تا ئێستا كەس نازانێت ئەمانە چۆن كراوەو كێ لەپشتی ئەو كارانەوە بوون.



تەقینەوەی كێشەكانی ناو شارەوانی:

تەقینەوەی كیێشەكانی ناو شارەوانی لەدوای ئەوەوە دێ. كەدیوانی چاودێری چەندین بەرپرسی ناو شارەوانی بە دۆكیومێنتەوە گرتوە كە دزی و ریشوەتیان خواردوەو چەندین كاری نایاسای و پۆخەڵەواتیان كردوە. ئەمەش وای كرد كە لە رۆژنامەو سایتەكاندا ئەو سڕ و پۆخڵەواتەیان بخرێتە روو دوای ئەوەی كە حساباتی شارەوانی بۆ بەرگری كردن لەخۆی چەندین كاری گەنی و بۆگەنی ناو شارەوانی لە ژێرەوە رەوانەی دیوانی چاودێری دارای كردو گڵۆپی سوری بۆ باندو مافیاكانی ناو شارەوانی داگیرساند. دواتریش بەمەوە نەوەستا پەلی هاویشت بۆ هەڵدانەوەی چەندین رابردووی ئەندازیارو بەرپرسی تری ناو شارەوانی. تاكار گەیشتە ئەوەی هانیان بۆ ماڵی حاكم قادر بردو لەوێ كۆبوونەوە دەكرا بۆ پۆشینی ئەو پۆخڵەواتیانەو نەدركاندنیان. بەلام ئەمەش تاسەر نەبوو. ئەوە بوو چەندین پۆخڵەواتی ئەندام ئەنجومەن و ئەندازیار لەسایت و رۆژنامەكان زیاتر بەیان كرا هەر لە رۆژنامەی(ئاوێنەو هاوڵاتی و رۆژنامە و هەواڵ و سایتە ئەلكترۆنیەكان و..هتد) پیسی پاشڵەكانیان دەخرایە روو. بەڵام بۆ چارسەركردنی ئەم كێشەیە یەكێك لەكارێكارەكانی خەدەمات وتی: شەوێكیان چەندین فەردە وەرقەمان لەناو شارەوانی خستە سەیارەی خۆڵ رشتنەكەوەو بەرەو تانجەرۆمان برد. پاشان لەوێ سوتاندمان. ئیتر نەمان زانی ئەمە چی بوو. بۆ بەیانیش پاداشت كراین. بەناوی ئەمانە زۆر ئیشكەرن.

تائێستاش ئەم دزی و راو روتیەی ناو شارەوانی زیاتر و گەورەتر بووەو كەم ترە نەبوە و هەڵدانەوەی هەر مەلەفێك بۆ خۆی خاپوور كردنی شارێكە. ئێستا رەوشی شارەوانی بەتەواوەتی لەلای خەڵكی روون بۆتەوە كەئەمانە چی دەكەن و خەریكی چین. ئەگەر هەركاتێك رێت كەوتە ناو شارەوانی بەهەموو بەشەكانیەوە ئینجا دەزانی راورەوتی و دزی و ریشوەت وەرگرتن چەند زۆرە هەر وەك كەفی سەر دەریا وایە.

تێبین/ لەبەشی دووەمدا وردەكاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەخەینە ڕوو. پاشان دزی و راوروتیەكانی ناو خۆیەتی شارەوانی كە مونیرە قادر بەرپرسییەتی دەخینە روو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە