مه‌لا کرێکار: عەلی باپیر لەلایەكەوە سەر بە قەرارگای ئێرانە و لەلایەكی ترەوە نامە بۆ سەددام حوسێن دەنێرێت و دەیشوبهێنێت بە سەلاحەددینی ئەیی

Thursday, 03/09/2009, 12:00

3380 بینراوە


دیمانەى :ئاسۆ عوسمان
*علی باپیر بۆ پازدە هەزار دۆلاری نێچیرڤان بارزانی شەڕی هەنارەی بۆ پارتی دژی یەكێتی كردو خۆشی كلاشینكۆف بەدەست و جامانەی سووری بەستبوو !! ئەمانە عەیبدارێتین نەك نوسینەوەی مێژوو ؟!.
*پێم زەروورییە كە بزوتنەوەی ئیسلامی گەشە بكاتەوەو ببێتە جەمسەرێكی ئیستیقتابی ووزەی بەشێكی تری ئیسلامییەكان.
*گەورەییە بۆ من پشتیوانی شۆخێكی شۆڕشگێڕی پەكەكە بم نەك پێشڕەوی سوپاو سیاسەتی توركیا.
* یەكێتی دەمێك بوو داهێزرابوو ، تووشی ئایدزی فیكریی بووبوو ، خیتابی سیاسیشی پووكابۆوە ، سەرباری ئەوەش ئاوڵەی گەندەڵیشی دەركردبوو !.
*چەندین جار سوكایەتی بە خودی مامۆستا عەلی باپیر كراوەو هەر قبووڵێتی !!

* یەكگرتوو شەڕی سەندنەوەی مافی خۆیان پێ نەكراوە ، ناشتوانن مافی ئەو رەشوڕووت و مەحرووم و زیندانیان و ئەنفالیانە لە گەرووی یەكێتی و پارتی دەرهێننەوە .

*ئاغای تاڵەبانی و هاورایانی لە ناو یەكێتیدا ئەو تەنازولانەی بۆ نەوشیروان مستەفاو هاوبیرانیان نەدەكرد ئێستا دەبێت بە مەمنونیەوە بۆ پارتی بكەن!!.
*لەو باوەڕەدام گۆڕان جەدەلێكی بەتین دەخاتە ناو پارتی و بادینانەوە ..
*یەكگرتوو لە پارتی دەترسێت و ناوێرێت بارودۆخەكە لە بادینان بشڵەقێنێت.
----------------------------------------------- ------------------------------------------------------



نجم الدین فەرەج ئەحمەد،نا سراو بەمەلاكرێكارئەمیرى پێشوى ئەنسارائیسلام، ئێستا لەوڵاتى نەرویج، نیشتە جێیەوماوەى حەوت ساڵە لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەموو مافێكى ژیان و كارو سەفەرو هەبوونی پارەو ئەو مافانەی تری لێسە ندراوەتەوە ، مەلاكرێكار لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان دواى لەعیلمانیەكان دەكرد،دەنگ بەگۆڕان، بدەن لەهەمانكاتیشدا بانگەوازى بۆئیسلامیەكانیش دەكردپشتیوانى لەبیجامە لەپێكانى یەكگرتوى ئیسلامى و ئیتڵاعاتەكانى كۆمەڵى ئیسلامى نەكەن. پارتى و یەكێـتى بەمەبەستى بانگەشەى دژى لیستى گۆڕان ، ئەو لێدوانانەیان بڵاو كردەوەو بانگەشەى ئەوەیان كرد كە سەر كردەى تێروریستى ئەنسارلئیسلام پشتیوانى لیستى گۆڕان دەكات . مەلاكرێكار كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتوى ئیسلامى توڕەكردووە پێیان وایە لێدوانەكانى كاریگەرى بووە لەسەر ئەندامانى ئەوان و بەشێك لەشكستەكەیان لەئەستۆى ئەودادەنێن، ئەوەى دەیخوێننەوە دەقی دیمانەیەكى تایبەت لەگەڵ ماموستا كرێكار لەمەڕ چەند پرسێكى هەنوكەیی ئەمرۆى كوردستان و هەروەهاو تێڕوانینى ئەو لەبەرامبەر بزاوتى ئیسلامى سیاسى لەكوردستاندا .

ئاسۆ : چ قسەیەكت هەیە لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمان وسەرۆكایەتی باتیبەت دەرەنجامەكانی پرۆسەكە چۆن دەبینن؟.
م. كرێكار: بسم الله الرحمن الرحیم .. ئەگەرچی هەڵبژاردنەكە هەر چەواشەكارییەكی تری دەسەڵاتی سیاسی كوردایەتی بوو ، چونكە خەسم و حەكەم هەر خۆی بوو ، سەدان هەزار ئەندامی پارتی و یەكێتی كە بە ناوی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایشەوە تەعین كرابوون ، دەنگیان دا ، سەدان هەزار كارتی زەردی ئیزافی لە بەرژەوەندی پارتی خرایە ناو سندووقەكان و كەس نەیزانی چۆن هەژمارد كرا ؟! بەڵام موفاجەئەكەی گرنگ بوو .. لەو ووڵاتە دیكتاتۆریەتانەی باشووردا دەسەڵاتی سیاسی هەموو شتێك بۆ خۆی قۆرخ دەكات ، بەڵام دەرەقەتی ساتی هەڵبژاردنەكان نایەن ، بۆیە كە مەلوول دەكەون جوێكردنەوەی دەنگەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان دوا دەخەن .. ئەوەی كوردستانیش وابوو .. ئەمما هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ، دەتووت وەسێتی پێشتری وەلی عەعدەو بۆ مەسعوود بارزانی كراوە ! بارزانی بێ خەم بوو ، یەرغەی بە ئەسپەشێی خۆی دەكردو مونافیسەكانی بە پاسكیلی سێ تاییەیی كێبڕكێیان لەگەڵ دەكرد .. بە هەر حاڵ ئەگەر ئەم پەیدابوونی جورئەت و وویستی گۆڕانە بپارێزرێت و بەردەوام جەماوەرەكە رۆشنبیرتر بكرێت ، پێم وایە لە خولی داهاتوودا زۆر ئومێدی گۆڕانەكە بێتە دی . بەڵام دەبێت ئەم چوار ساڵە كاری شەووڕۆژانەی بۆ بكرێت.

ئاسۆ : لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانیان لەگەڵ دوو حیزبی عیلمانیداكرد كەچی دەنگی زۆریان نەهێنا ئەگەر نەشڵێین شكست ئەوا یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی نەیان توانی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 2005 بەدەست بهێننەوە ئەمە بۆچی ڕویدا ؟.
م. كرێكار: كۆمەڵو یەكگرتوو ئیعتیرافیش نەكەن لەوە دڵنیان كە شكستێكی قورسیان بەسەردا هات .. یەكەم لەبەر ئەوەی لە ساحەی بەرهەڵستكاریی رەسمیدا مونافیسی حەقیقی پەیدا بوو كە لیستی گۆڕان بوو ، دووەم لەبەر ئەوەی ئەم دوو حزبە پرۆژەیەكی ئیسلامی سەربەخۆی خۆیان نەبوو تا بزانرێت ئا ئەم هەراو هوریایەی ئێمەی ئیسلامی دەیكەین چی لەباردایە ؟! سێیەم : ئەدای ئەندامانی پێشوویان هیچ ئاسەوارێكی ئیجابی نە بۆ ئیسلام نە بۆ كورد نەبوو .. چوارەمیش ئەوەبوو كە بە رێكەوتن لەگەڵ ئەو دوو گروپە عەلمانیە لاوازەدا خۆیان زنجیر كرد .. رەنگە پێنجەمیش ئەوە بێت كە لەبەر غرووری خۆیان ئاوڕیان لە بزوتنەوەی ئیسلامی نەدایەوەو موسوڵمانانیش وویستیان تەئدیبیان كەن .

ئاسۆ : چاوەڕوانی شكستی تر بۆ یەكگرتو و كۆمەڵی ئیسلامی دەكەیت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان ؟.
م. كرێكار: رەنگە ، چونكە هێشتا فاسڵی كاتەكان كەمە كە لەبەرچاوو زەینی دەنگەراندایە .. ئەمانیش هیچ كاردانەوەیەكی پێداچوونەوەی تۆبەكارنەیان نەخستۆتە روو ..

ئاسۆ : تا چەند ئەو هاوپەیمانێتیە شەرعی بوو كە ئەو دوو هیزە ئیسلامیە لەگەڵ دوو پارتی عیلمانیدا دروو ستیان كرد؟.
م. كرێكار: یەكێك لە مەرجی شەرعێتی هاوپەیمانی موسوڵمانان ئەوەیە كە دەبێت ئەو لایەنەی هاوپەیمانیەكەی لەگەڵ دەبەستن بەهێز بێت و ئەمان دەبێ موحتاجیان بن .. وانازانم ئەم دوو مەرجە لەو هاوپەیمانێتیەی نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەك و ئەو دوو لایەنە عەلەمانیەدا هەبووبێت كە هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا كردن .

ئاسۆ : ڕێكخستەنەكانی یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵ یەكتری بەوە تاوانبار دەكەن كە یەكگرتو دەنگی بە گۆڕان دابێت كۆ مەڵیش بە بزووتنەوە پێت وا نییە بێمتمانەی ڕووی لەهێزە ئیسلامیەكان كردووە ؟.
م. كرێكار:لەسەر ئاستێكی كەم ئەندامی یەكگرتوو دەناسم كە پەیوەندی پێوە كردووم و ووتوێتی دەنگم بە لیستی گۆڕان داوە ، ئەندامی كۆمەڵیش بە ژمارەیەكی زۆرتر دەناسم كە دەنگیان بە بزوتنەوەی ئیسلامی داوە ، بەڵام پێم وا نیە رێژەیەكی بەرچاو بن .. ووشەی بێمتمانەییش بۆیان وەسفێكی گەورەیە ، ماوێتی بێمتمانەیی لە ناویاندا ببێتە دیاردە .

ئاسۆ : تا چەند لەگەڵ محەمەد حەكیم ئەندامی باڵای كۆمەڵی ئیسلامیدا هاو ڕایت كە دەڵێت ئەندامانی یەكگرتو دەنگیان بە گۆڕان داوە .
م. كرێكار: كاك محمد حەكیم زوو زوو فیشەكی چرووكی وا دەتەقێنێت ، ئەوەش هەر گلەییەكی مامۆستا عەلی باپیرەو بەوی دەردەبڕێت ، ئەگینا ئەگەر ئەندامانی یەكگرتوو دەنگیشیان دابێت بە گۆڕان ئەوەندە زۆر نین كە محمد حەكیم بیكات بە هەڵڵای رۆژنامەوانی .

ئاسۆ : لە دیمانەیەكی تایبەتم لەگەڵ بەڕیز عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ناوبراو ئێوە بەوە تاوانبار دەكات كە بە لێدوانەكانتان دژی یەكگرتو كۆمەڵ عەیبداری دونیاو گوناهباری قیامەت بوون تۆ دەڵێیت چی ؟.
م. كرێكار:: ئەو پێناسەی عەیبدارێتییە لە شەرعەوە نەهاتووە تا پێم و ا بێت راستی فەرمووە ، كە لە خۆشیەوە هێناوێتی ، هەر لای خۆی پێوەرە .. دەبوو مامۆستا عەلی باپیر ئەوەی بە عەیبدارێتی دنیاو قیامەت دانایە كە لە لایەكەوە سەر بە قەرارگای ئێرانەو لە لایەكی ترەوە نامە بۆ سەددام حوسێن دەنێرێت و دەیشوبهێنێت بە سەلاحەددینی ئەییوبی !! مادام لە ئیسلامدا تۆبە هەیە كە بریتیە لە موراجەعاتی دیدو رەفتار ، هەق بوو ئیسلامیەكان سینەفراوانتر بن لە قبووڵ كردنی رەخنەدا .. بەڵام سەیرە كە ئەوان پێیان قبووڵ نیە مێژوویان بخەینە بەردەستی نەوەی نوێی ئیسلامەتی .. مێژوویەك كە خۆیان روداوەكانیان دروست كردووە !! خۆ بوختانمان بۆ هەڵنەبەستوون!! كە ئەوە دەخەینەوە پێش چاوی خەڵكی كە مامۆستا عەلی باپیر بۆ پازدە هەزار دۆلاری نێچیرڤان بارزانی شەڕی هەنارەی بۆ پارتی دژی یەكێتی كردو خۆشی كلاشینكۆف بەدەست و جامانەی سووری بەستبوو !! ئەمانە عەیبدارێتین نەك نوسینەوەی مێژوو ؟!



ئاسۆ : سەر كردایەتی كۆمەڵ و یەكگرتو لە ئێوە توڕەن وە پێیان وایە سوچێكی لە شكستەكەو دەنگ نەدانی بەشێك لە ئەندامان و لایەنگرانیان پەیوەندی بە لێدوانەكانی ئێوەوە هەیە تۆ هەست ناكەیت بەم لێدوانانەت ماڵی ئیسلامیەكان دەڕوخێنیت ؟.

م. كرێكار: ماڵی كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەگەر لەسەر قەناعەتی عەقیدەییەكی ژیرییانە دامەزرابێت ، ئەگەر لەسەر بنەما رەسەنەكانی ئیسلام دامەزرابێت ، بە رەخنەگرتنێكی من ناڕوخێت .. پاشان ، ئێمەش هەقمانە نەهێڵین ئەو دوو حزبەـ بۆ مەرامی حزبیانەی خۆیان و نەخشەی دەرەكیـ ئیسلامەكەمان ئیستیغلال كەن ! ئەركی سەرشانمانە چەواشەكارێتی ئیسلامییانەی هەندێك بودەڵە فەزح كەین كە لە غیابی بەرچاوروونی خواوویستیدا خەرمانەی پیرۆزی ئیسلامەكە دەكەنە بازنەی نووری دەوری سەریان ، مافی خەڵك و ئەركی ئێمەیە كە شایەتی بۆ خوا بدەین .

ئاسۆ : بۆ چونێك هەیە دەڵێت لێدوانەكانی ئێوە بزوتنەوە ئیسلامی هێنایەوە نێو گۆڕەپانەكەو ئەو لێدوانە توندانە لە دژی یەكگرتو كۆمەڵ بزووتنەوەی پێ بەهیزبووە تۆ بەوە خۆ شحاڵیت یان چ قسەیەكت لەسەر بزووتنەوە هەیە ؟
م. كرێكار: من خۆشحاڵم بەوەی كە كاریگەریم لەسەر روداوی ووڵاتی خۆم هەبێت ، شیكاری گومان باشیی زۆرێك لە چاودێرانم پێ دەگاتەوە كە دەڵێن كاریگەریت لەسەر هەڵبژاردنەكەی 25/7/2009 ی كوردستان هەبووە .. ئەمما مەسەلەی هاندانی خەڵكی تا دەنگ بە بزوتنەوە بدەن ، هەر هەمان خوێندنەوەمە بۆ ئیسلامیەكانیش كە بۆ عەلەمانیەكان هەمە .. چۆن لە بازنەی عەلەمەنیاكاندا پێم زەروورییە جەمسەری تری هێزی سیاسی و عەسكەری غەیری پارتی و یەكێتی (وەك لیستی گۆڕان) دروست ببێت ، لە ئیسلامیەكانیشدا پێم زەروورییە كە بزوتنەوەی ئیسلامی گەشە بكاتەوەو ببێتە جەمسەرێكی ئیستیقتابی ووزەی بەشێكی تری ئیسلامییەكان .. ئەو كاتە یەكگرتوو یان كۆمەڵ لافی پێشڕەوێتی رابوونە ئیسلامیەكەمان لێ نادەن ! هەست دەكەن جەمسەری دیكەش هەیە .

ئاسۆ : ئیسلامیەكان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی لەكوردستاندا لە هەموو كات زیاتر لە قەیراندان بە بڕوای ئێوە كێ لەو قەیرانە بەر پرسە ؟
م. كرێكار: لە رووی فیكرو جیهادو رەوشتەوە لە قەیراندا نین ، قەیرانیان لە خیتابی سیاسی و كۆمەڵكاریی و دیبلۆماسێتی و ئەو لایەنانەدایە .. ئەوی بەرپرسە : یەكەمین نەزانینی بەرنامەی ئیسلام و نەشارەزابوونی ئیسلامیەكانە لێی .. لەگەڵ دەركەوتنی هەلی رەخساوی كاركردن هەموو كادیری ئیسلامیەكان كە هێشتا مابوویان پارسەنگتر پەروەردە بن ، بوونە بەرپرسی واجیهەكان ، ئەگەر تەسەور كەین كە ئیخوان بە هەموو باڵەكانیانەوە (یەكگرتوو ، نەهزەو ئەوانەش كە لەبزوتنەوەدا بوون) سەد كادیر بووبن، زیاتر لە 80 كادیریان بوون بە پەرلەمانتارو وەزیرو مدیر عام و بەرپرسی مەڵبەندو لق و ئۆرگانەكانی تر ، ئیتر كەسانی لاواز سەركەوتنە سەرووتر تا كەلێنەكانی ئەوان پڕ كەنەوە ، هەردوولاشیان نەیانتوانی كەسانی شیاو بەرهەم بهێنن .. پێم وایە ئەمە هۆكاری سەرەكی قەیرانەكانە .

ئاسۆ : مامۆستا جەنابتان و مامۆستا عەلی باپیر ، مامۆستا ێلاحدین بەهادین سێ كەسایەتی دیاری نێو بزاوتى ئیسلامین لە كوردستاندا پێتان وانیە ئێوە بەرپرسی یەكەمن لەوقەیرانە ؟
م. كرێكار: بەڵێ بە تەئكید هەر سێكمان بەرپرسین لە زۆرێك لە قەیرانەكان ، ئێمەش هەر یەكەمان بەقەدەر هەڵەی ئیجتیهادمان بەرپرسین .. بەڵام دەیان كادیری دیكەی سەركردایەتی ئیسلامی غەیری ئێمەش هەر بەرپرسە چونكە خۆ ئێمە رێی ئەوانمان نەگرتووە لە نوسینی خیتابێكی ئیسلامی شارستانیانەی سەردەم .

ئاسۆ : زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین كە لە ولاتە پێشكەوتووە كاندا ئەگەر حزبێك شكستی وای بەسەر بێت لانی كەم كەسی یەكەم دەست لەكار دەكێشێتەوە بەڵام ئەم دوو هێزە ئیسلامیە سەركردایەتیەكانیان ئەندامان و ڕیكخستنەكانیان تۆمەتبار دەكەن بەو شكستە ! تۆ چۆن بارودۆخەكە دەخوێنیتەوە ؟
م. كرێكار: لە ووڵاتی ئێمە سەرۆكی حزب و عەشرەت وتەنانەت سەرۆكی تیمی وەرزشیش هەر مەعسوومە ، بۆ هەر شكستێك دەیان بەهانەی پێشوەختی حازر كردووە ، یان بۆیان حازر كردووە ، بۆیە ئەوە نەبووە بە عورفی سیاسی ووڵاتی ئێمە كە ئەگەر حزبێك شكستی هێنا سەرۆكەكەی ئیستیقالە بكات ! لەمەشدا عەلمانی ئاوی رشتووەو ئیسلامی پێی تێناوە .

ئاسۆ : لەو بڕوایەدایت ئەم شكستە لیكترازان لە نێوان ڕیزەكانی كۆمەڵ و یەكگرتو درووست بكات ؟
م. كرێكار: لێكترازان لە ناو یەكگرتوودا كەمێك دوورترە ، چونكە دیدو تێڕوانینی جودایان بە شێوەی باڵ تێدا دەرناكەوێت ، مەگەر بە هۆی سۆرانی و بادینیەوە كە هیوادارم شتی وایان لەناودا نەبێت ، چونكە جیاوازییگەریی سۆرانی و بادینی بۆ لاوزاكردنی كورد خەتەرە . ئەمما كۆمەڵی ئیسلامی ئەوە ئاشكرایە كە سێ باڵە ! باڵی مامۆستا عەلی باپیر كە ئێرانیزمەو باڵی نەهزەكان كە ئیخوانیزمی رێبزرەو باڵی سەلەفیەكانی كاك دڵشاد كەلاری كە لە موعاناتی زۆرتردان .. كۆمەڵی ئیسلامی ناكۆكی راجوێیی فیكریشی تێدایەو ناكۆكی حزبایەتیشی تێدایە ، ئەگەر لێك بترازێن لەو باوەڕەدام لەم زەمینانەوە دەبێت ئینجا هۆكاری دیكەی دێتە پاڵ .

ئاسۆ : لەگەڵ ئەوەی بەشیك لە سەركردەكانی ئەم دوو پارتە دەست لەكار بكێشنەوە؟
م. كرێكار: بەڵێ : زۆر پێم زەروورییە هەندێك ئەندامی شلوشێواو كە ساڵەهایە باڵی ئەم ئیسلامیانەی قورس كردووە ، تەقاویت ببن و بۆ خواپەرستی و نووسین لێبڕێن .. بەڵام ئایا بە قسەی سەركردایەتیەكانیان دەكەن تا بە پێشنیاری ئێمە رازی بن ؟!

ئاسۆ : دەستوری هەرێمی كوردستان بۆتە یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی كوردستان ئەوەی تیبینی دەكرا ئیسلامیەكان زۆر بەخۆشحاڵیەوە پێشوازیان لێكرد پرسیارەكە ئەوەیە ئێستا لە نێو شەقامی كوردیدا باس لەو ەدەكرێت كە بەشێك لە شكستەكەی لیستی چاكسازی دەگەرێتەوە بۆ دەنگدانی پەڕلەمانتارانی ئەم دوو هێزە ئیسلامیە تۆ بۆچون چیە لەم بارەیەوە ئایا تۆ لەگەڵ ئەو دەستورە دایت چ بەندوو بڕگەیەكت پێ پەسەند نیە ؟.
م. كرێكار: دەستورەكە دەڵێی لەفەی بەر نەقڵیاتەكانە ! كە لەبەر بێ كاتی دەبێ بیخۆیت و راكەیت ! گوێ نەدەیت بە چۆنیەتی و چەندێتی و پاكوخاوێنی و گران و هەرزانێتی !! لەفەفرۆشەكە كە پارتی و مەسعوود بارزانی بوون ، ئەم دوو مشتەریە داماوەیان هەڵخەڵەتان ، ئەوانیش وەكو خەڵوزفرۆشی لادێ بە ساسەكەی موعجیب بوون !! بۆیە وایان زانی هەنگیان لەداردا دۆزیوەتەوە ، یەكگرتوو لە ترسان و كۆمەڵ لە برسان خێرا ئیمزایان كرد !! ئەو دەستوورە كەلێنی زۆری تێدایە ، نە مەرجەعیەتی دیارە نە حەكەمی ناوكۆیی .. ئەمە جگە لە تەكریسی بێمنەتی ئال سەباحیانەو دیكتاتۆریەتی خانەوادەیی ئال سعودیانە !

ئاسۆ : لەدیمانەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ماۆستا سەلاحەدین بەهادین لەوەڵامی پرسیارێكدا دەڵێت :ئێمە نامانەوێت پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی كوردستان (د ت پ) و ئەوان توندڕەون و باڵی سیاسی پەكەكەن".
ئەم لێدوانانە تا چەن دروستە تۆ لەسەر ئەم بابەتە چ دەڵێیت ؟.
م. كرێكار: من دەڵێم مایەی خۆشحاڵیمە پەیوەندی مەسیریم لەگەڵ كوردستانیانی خۆم هەبێت زیاتر لە پەیوەندی بەرژەوەندیانە بە حكوماتی داگیركەرانی ووڵاتەكەم .. گەورەییە بۆ من پشتیوانی شۆخێكی شۆڕشگێڕی پەكەكە بم نەك پێشڕەوی سوپاو سیاسەتی توركیا .. كوردی خۆشم نادۆڕێنم بۆ ئیحتیمالی بردنەوەی لوتفێكی دەرەكی .


ئاسۆ : دەتوانین بڵێین هەڵبژاردن سەركەوتنێكی گەورەی بۆ لیستی گۆران پێبوو وەشكستێكی كەمەرشكێنیش بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دۆراندی یەكێتی سەركردایەتی ئەو حزبەی توشی متبون و سەدمە كردووە؟، وەك چاودێریك بەسەر باودۆخەكەوە چۆن دەروانیتە ئەم شكستەی حیزبەكەی تاڵەبانی؟
م. كرێكار: یەكێتی دەمێك بوو داهێزرابوو ، تووشی ئایدزی فیكریی بووبوو ، خیتابی سیاسیشی پووكابۆوە ، سەرباری ئەوەش ئاوڵەی گەندەڵیشی دەركردبوو ! یەكێتی دەمێك بوو پێویستی بە نۆژەن كردنەوە هەبوو ، پێویستی بە عەمەلیات هەبوو تا ماكی دومەڵ و لووە سەرەتانیەكانی ریشەكێش كات ، بەڵام دیارە كە ئاغای تاڵەبانی پێی وابوو كە نابێت دەستی لێبدەن نەبادا خراپتر ببێت ! تاڵەبانی رێڕەوی سەددامی گرتبووە بەر .. سەددام ئیعتیمادی كردە سەر زڕ براو ئامۆزاكانی تا عودەی و قوسەی پێگەیشتن ، ئیتر هەموانی كردە دەسكەلای عودەی و قوسەی .. ئاغای تاڵەبانیش وویستی وا بكات ، هەرچەندە باڤێڵ و قوبادی ئەم گچگە بوون ، نەخوێندەوار بوون ، بۆنی شیری خاو لە دەمیان دەهات ، بەڵام دیارە هێرۆخانیش وەكو ساجدە لەم بەزمەدا بوو ، بۆیە ناچار بوون كوڕە نەستەلە خۆرەكانیان بكەنە واجیهەی ململانێی باڵ و تینی پاڵ !! ئەوەش بەوان نامومكین بوو ، بۆیە دەبوو ئیعتیماد كەنە سەر دەمی مەلا بەختیارو بازووی كۆسرەت رەسووڵ و لە پشت هەموانیشەوە ئیحتیلال !! ئەم تڕەكەڵەكەیەش مومكین نەبوو لە حزبێكدا سەر بگرێت كە دەیان شۆڕشگێڕی كۆن و رق ئەستووری خاوەن خوێنی تێدابوو، كە بەم وەزعە رازی نەبوون كە دەتووت شاری بێ ساحێبە ، بۆیە كە نەوشیروان مستەفا بڕیاری دا بە تەنها دەبزوێت ، خەمخۆرەكان و كەناردراوو " بەحەیا"كان لێی كۆبوونەوەو ئەو هێزەیان دروست كرد كە ئەو گۆڕانەی هێنایە كایەوە كە بینیمان .

ئاسۆ : لەگەڵ ئەوەی بارزانی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا بەڵام ئەوەی كە جێگای پرسیارە ئەوەیە لەپارێزگای سلێمانی "كەمال میراودەلی" ،سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر بارزانیدا تۆمار كرد شكستی بارزانی بۆچی دەگەڕێتەوە ؟
م. كرێكار:: قەناعەتم وایە ئەگەر نیوەی ئەو ئازادیەی لە ناوچەكانی ژێر باڵی یەكێتیدا هەبوو لە ناوچەكانی بندەستی پارتی ببوایە بارزانی دەرنەدەچوو ! زۆر دەمێكە ئەو میللەتە لە هەموو كەلێن و كونێكی ئەو كوردستانی باشوورەدا داخ لەم سەرۆكایەتیە فشەڵە دەخوات .. سەرۆكایەتیەكە دەڵێی رۆڵی تیۆریانەی سەر شانۆیە ! لە كاتێكدا كە مەسعوود بارزانی كول فی كولە بەڵام خۆی وا دەردەكەوێت كە هیچی لەباردا نیە ، نە رۆشنبیریی ، نە ئیدارە .. نەقیەمی باب و باپیر ، نە داهێنانی نوێ !

ئاسۆ : شكستی یەكێـتی و كەمبونەوە دەنگەكانی لیستی كوردستانی گفتوگۆیەكی گەرمی لە نێوەندی سیاسی و ڕۆژنامەوانی كوردیدا درووست كردووە باس لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕیكەوتنە ستراتیژییەكە دەكرێت دەمەوێت بپرسم دوای گۆرانی باڵانسی هێز لە نیوان پارتی و یەكێتی چارەنوسی ڕێكەوتنەكە چۆن دەبێـت.؟
م. كرێكار : پارتی كەوتە تەنگژەیەكی زۆر خراپەوە .. لە لایەكەوە ئیمزای كردووە كە لەگەڵ یەكێتی برابەش دەبێت ، كەچی كە بینی یەكێتی داڕما ، نەیزانی چۆن پارسەنگ راگرێتەوە .. مومكین نیە پارتی نیواو نیوی پێ قبووڵ بێت .. ئێمە لەم دوورەوە دەزانین كە دەنگەكانی پارتی لەو 59% یەدا -لە 40% زیاترن ، بۆیە پارتی تین و فشار بۆ یەكێتی دەهێنێت كە دەبێ بەوە رازی بێت كە پارتی دەیداتێ ! یەكێتیش ناچارە رازی بێت .. ئاغای تاڵەبانی و هاورایانی لە ناو یەكێتیدا ئەو تەنازولانەی بۆ نەوشیروان مستەفاو هاوبیرانیان نەدەكرد ئێستا دەبێت بە مەمنونیەوە بۆ پارتی بكەن!

ئاسۆ : لەو بڕوایەدایت تاڵەبانی بتوانێت پارتەكەی لەو قەیرانە دەرباز بكات كە تێی كەوتووە ؟.
م. كرێكار: لەو باوەڕەدا نیم ، حزبەكەی ئەو وەكو فەتحی فەلەستینی لێهاتووە ، ئەوەندەی گەندڵ پێدا هەڵزناوەو شۆڕبۆتەوە ،خەڵكەكەی خواروەشیان بە زەبری پارە راگیراون ، ئاغای تاڵەبانیش ئەوەندی ووزەو تواناو تەمەن پێ نەماوە ئەو هەموو دەلاقە نەفسی و حزبیە پینەكاتەوە .. ئەمە جگە لەوەی پینەسازەكانیشی زۆریان لای ئەو نەماون ، گۆڕانیش جازبیەتی خۆی هەیە كە ئەندامانی تری یەكێتی راكێشێتە لای خۆی.

ئاسۆ : ئایندەی ڕێكەوتنە ستراتیژییەكەی پارتی و یەكێتی بەسەر كەوتنی گۆران چی بەسەر دێت .
م. كرێكار: ستراتیژێتییان بە ناچاری هەر دەمێنێت ، بەڵام بە باڵادەستی پارتی .. چونكە پارتیش لە لاوازبوونی زیاتری یەكێتی دەترسێت ، و یەكێتیش بە لاوازبوونی زیاتری دەترسێت ، هەردووكیشیان دەزانن ئەوی لەوان بترازێت و دینداری نەكات روو دەكاتە گۆڕان .. پارتیش زۆر لەمە ئیزعاجەو كاری ووردی لەسەر دەكات ، بەڵام لەو باوەڕەدام گۆڕان جەدەلێكی بەتین دەخاتە ناو پارتی و بادینانەوە .

ئاسۆ : سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی باڵای یەكێتی دەڵێت ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوو كە قسەكانی نێو مەكتەبی سیاسی بۆ ڕاگەیاندن باس بكرێت .. من پرسیارەكەم بەدروو ستی ئەوەیە شاردنەوەی ناوەرۆكی كۆبوو نەوەكان سەلمێنەری ئەوە دەگەیەنێت كەیەكیتی بەرەو داخرانی زیاتر دەڕوات یان پەیوەندی بە تەنازولاتی زیاترەوەیە بۆ پارتی ؟
م. كرێكار: سەرانی یەكێتی هەرچەند هەوڵ بدەن داخرێن و نهێنییان نەگاتە دەرەوە ، ناتوانن كۆنترۆڵی ئەوە بكەن ، چونكە دزە پێكردنی زانیاریەكانی ناو یەكێتی ئێستا وەكو جاران نیە ، هەر بۆ پارتی و ئیسلامیەكان بدزرێت ، ئێستا ئەوی زانیاریەكانی بۆ دەبرێت (نەوشیروان مستەفا) یە ، ئەو لە هەناوی خۆیاندا بووەو بە دڵسۆزی خەبات و خوێنی یەكێتی حسێبە .. یەكێتی چونكە هێشتا پڕە لە باڵی جوداو دوور ، لە مونافەسەی ناشەریفانەی باڵەكان و تێكچڕژانی بەرژەوەندیەكانیاندا نهێنی زۆرتر دزە دەكات .. یەكێتی مەجبوورە تەنازولاتی زیاترو هەرزانتر بۆ پارتی بكات ، یەكێتی پێویستی بە پارتیە ، بەڵام پارتیش دوو ئەوەندەی پێویست پێیەتی و خەمێتی تاڵەبانی بمرێت و یەكێتی هەڵوەشێت .

ئاسۆ : لە نێو شەقامی كوردیدا بێمتمانەی هەیە بە پارتە ئیسلامیەكان و دەڵێن ئیسلامیەكان ناتوان شەری مافی خەڵك لەگەڵ پارتی و یەكێتی بكەن و هەموو كات بە قسە شیرینەكانی تاڵەبانی و بارزانی دەڕۆنەوە نیو كایە سیاسیەكانی دەسەڵات تۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێیت ؟.
م. كرێكار: منیش وا دەڵێم .. منیش پێم وایە .. چونكە پێشتر كۆمەڵ و یەكگرتوو شەڕی سەندنەوەی مافی خۆیان پێ نەكراوە ، ناشتوانن مافی ئەو رەشوڕووت و مەحرووم و زیندانیان و ئەنفالیانە لە گەرووی یەكێتی و پارتی دەرهێننەوە .. لە لایەكی تریشەوە یەكگرتوو لە پارتی دەترسێت و ناوێرێت بارودۆخەكە لە بادینان بشڵەقێنێت ، چونكە پارتی دەمێكە لەو دەڤەرە دەیەوێت فیتنەی سۆرانی و بادینی لەناو یەكگرتوودا بنێتەوە، نەبادا پارتی دڕیان پێ بدات و بتوانێت یەكگرتووە بادینیەكان ئیحتیوا كات .. كۆمەڵیش چەندین جار سوكایەتی بە خودی مامۆستا عەلی باپیر كراوەو هەر قبووڵێتی !! پێشم وا نیە ئەم دوو حزبە بوێرن بەرهەڵستكار بن .. لەو باوەڕەدام ئەگەر لەگەڵ لیستی گۆڕاندا بن و پێكەوە هەڵوێست وەرگرن سەركەوتووتر دەبن و دەبنە هێزێكی كاریگەر كە میللەتیش دڵیان پێ خۆشكات ..

ئاسۆ : لەو باوەڕەدایت یەكگرتو كۆمەڵ بە سیاسەتەكانی خۆیاندا بچنەوە .
م. كرێكار: مەجبوورن ، بە ئاشكراش نەبێت بە نهێنی هەر دەبێت پێداچوونەوەیەكی ووردەكارانە بكەن ، چونكە ئەوەی بەسەریاندا هات شكستێكی گەورەیەو بەدەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەرەكەشیان ئەو پێداچوونەوە جەریئانەی دەوێت .

ئاسۆ :پێشبنی چی دەكەیت بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئایا سیناریۆكان گۆرانی بەسەر دادێت لەو بڕوایە دایت پارتی و یەكێتی ئەو شكستە تێپەڕێنن ؟
م. كرێكار: لەو باوەڕەدام ئەگەر لیستی گۆڕان بتوانێت ئەو هێزە عەرەبیە سوننیانە بدۆزێتەوە كە وەكو خۆی لادراو بوون و جێمتمانەی چینی مەحروومانن ، ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمانەدا دروست بكات ، بەرەی خۆی بەهێزتر دەكات .. ئەگەر هەر نەبوو لەگەڵ رەوتی سەدردا بیكات ! لەو باوەڕەدام لە هەڵبژاردنی عێراقیشدا گۆڕان رۆڵی كاریگەریی دەبێت .. رەنگە بە لای لیستی گۆڕان و خەڵكیشەوە سەیر بێت كە دەڵێم لەگەڵ رەوتی سەدر هاوپەیمانێتی بكات .. چونكە خەڵكی پێ وایە ئەوانە زۆر شڕشێتن ! بەڵام رەوتی سەدر لە شوێنی خۆیدا دەیەوێت دەسەڵات پەیدا كات نەك لە كوردستان ، ئەو وەكو مەجلیس ئەعلاو حزبەكانی دەعوە چاوی لە حكومەتێكی مەركەزیی تۆتالیتاریی نەبڕیووە ، دیسان لە ناوچەو ئیقلیم و دەروەشدا هێندە خۆشەویست نیە تا پشتیوانی دەرەكی باڵادەستی كات .. لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقیشدا 32 كورسی هەیەو پێشم و انیە جەماوەرەكەی كاریگەر نەمابێت ..

----------------------------------------------------- ------------------------------
مامۆستا كرێكار ........
كرێكار : ناوی نجم الدین فەرەج ئەحمەدەو لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لەدایكبووە .. ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا هەیەو ژنێك و چوار منداڵی هەیە .. زیاتر لە هەزار دەرس و چل كتێبی هەیە ، شاعیرەو دیوانی شیعری 300 لاپەڕەیی هەیە .. لەسەر هەڵوێستی عەقائیدی خۆی 38 جار دراوە بە دادگاو 10 موخابەراتی نێو دەوڵەتی تەحقیقاتیان لەگەڵدا كردووەو هیچ تۆمەتێكی لەسەر نەسەلمێنراوە .. حەوتەمین ساڵە لە ماڵی خۆیدایە لە ئۆسلۆ لە نەرویج و هەموو مافەكانی ژیان و كارو سەفەرو هەبوونی پارەو ئەو مافانەی تری لێ سەندراوەتەوە .. ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بووەو زۆر لە چاودێران بە مەرجەعیەتی خەتی سەلەفی جیهادی كوردستانیانی حسێب دەكەن ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە