چەرمی ڕووی مسعود هێندە قایمە شمشیری میسری نایبڕێ

Sunday, 25/03/2012, 12:00

2141 بینراوە


بەلێنەکەی پارتی و ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکان بەگوێی خەلکیان هەلدەدا لەو چەند مانگەی ڕابردوو، بەر لە سالوەگەری ١٧ شوبات دەستی پێکرد، گوایە سەرۆک پەیامی سەربەخۆیی لە ڕۆژی نەورۆز ڕادەگەێنێت، ئەو قسە نابەجێ و ناماقولە بۆ هەر کەسێکی خاوەن ئەقل وەک رۆژی ڕووناک وابوو کە درۆی شاخدارە. هەموو کاتێک پارتی و یەکێتی ڕووبەرووی قەیرانێک بن یاری بە هەستی نەتەوەیی ئەو خەلکە هەژارە دەکەن بۆ وەدی هینانی مەرامە چەپەلەکانیان. ئەو درۆ و دەلەسانەی کە کران لەچەند سۆنگەیکەوە سەرچاوەیان دەگرت. بابزانین ئەو هەلمەتە پرۆپاگەندەی دەسەلات چ دەستێکی لەدوا بوو.

1- دوای هەلگیرسانەوەی ئاژاوە لە سوریا، دەسەلاتی پارتی ئیسلامی ئەردوگان نۆکەری ئەمریکا و ئینگلیز هاندانی گروپە کوێلەکانی ئەپوزیسیونی سوریا لە ئەستۆ گرت و پێی وابوو دەسەلات بەسەر پارچەیەکی تر لە خاکی سوریادا دەگرێت یان بەلایەنی کەم ڕاپەڕینی کوردەکانی رۆژئاوا تارومار دەکات. هەر لەسەروبەندی ئەو خەونانەی ئەردوگان، پارتی ریفاهی ئیسلامی شوڤینیستی ئەردوگان خواستی پارتی و یەکێتی هاوکاری بن لە چەواشەکردنی کوردەکانی کوردستانی رۆژئاوا. هەروەها ڕیگای بە ڕاگەیاندنە جاشقەلەمەکانی کوردستانی باشوورێ دا لەو جۆرە درۆ دەلەسانە بلاوبکەنەوە بۆ چەواشەکاری خەلک. بەلکگە نەویستە کە بێ فەرمانی میتی تورکیا نەسەرۆک و نەدەروێشەکانی پارتی و نە یەکێتیش بویان نیە لەبز بجولێنن و بەناوی کوردستان لیدوانێک بدەن.

2- یەکەمین سالوەگەڕی ١٧شوبات نزیک دەبوویەوە ، ئەگەری ڕاپەڕینێکی سەرانسەری کوردستانی باشوور لەگۆڕێدا هەبوو ڕوو بدات پاش سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو، لەکاتێک کە ئەو دوو دەسەلاتە لە ژیر قەیرانێکی سیاسیدا بوون لەگەل ئیراق لەسەر کێشەی تاریق هاشمی. (کیشەی تاریق هاشمی خۆ بەخۆی پیلانینی تورکیایە کە کوردەکان تێوەگلابوونە بۆ مەرامێکی سیاسی تورکی - سعودی. تاریق هاشمی هاوشێوەی کۆی کۆنە مستەشارە داواکراوەکان لە دادگای بالای تاوان لە بەغدا دالدەدراون لەژێر ئالای پارتی و یەکێتی).

3-  ڕاگرتنی بەشە بودجەی نەوت و پێشمەرگە لەلایەن دەسەلاتی بەغدا لەسەر دۆسیەی هاشمی و گرێبەستی ئیکسون ئۆیل. ئەوەش وایکرد کە دزەکانی مافیای دەسەلات مووچەی میلیشیاکانیان دوابخەن و پەرداخت نەکەن. ئەوەش مەترسی یەکی بۆ چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی دروست کرد کە پاسەوانی گەندەلکاران بکەن و مال و مندالیان بێ خواردن بمێنەوە.

4-  پرۆپاگەندەی رۆژئاوا ئەوەندە خەلکی دلنیا کردبوو، کە ڕژێمی فاشیستی بەعس لە سوریا خۆڕاگر نابێت و تا چەند هەفتەیەک دەڕووخێت، دەسەلاتی میرنشینی بارزانیش بەفەرمان وەرگرتن لە میتی تورکی هەلمەتێکی نەتەوەیی درۆیین لەبەرژەوەندی تورکیا دەست پێکرد، سەرەتا بەئامانجی ڕاکێشانی کوردەکانی کوردستانی رۆژئاوا. ئەوانێش وا گۆشکرابوون ڕووخانی سوریا ناگاتە مانگی مارت . بەلام دوای ئەوەی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر سوریا درایە دەنگدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، ڕووبەڕووی ڤیتۆی روسیا و چین بوویەوە. ئەوەش مستێک بوو لە ناو دەمی ئەمریکا و رۆژئاوا درایەوە.
تالەبانی زیادتر لە دوو مانگ بوو نەیدەوێرا بگەڕێتەوە بەغدا لەسەر کێشەی تاریق هاشمی هەر لە سلێمانی مابوویەوە. بەگوێرەی یاسای ئیراق ئەگەر سەرەک کۆمار لە سێ مانگ زیاتر ئەرکی خۆی ئەنجام نەدات و ئامادەی سەر کار نەبێت، ئەوە کورسییەکەی لە ژێر ڕادەکێشنە دەر و تێهەلدەدرێت لە پۆستەکەی. تالەبانی خێرا بەر لە تەواو بوونی ئەو وادەیە ، خۆی گەیاندەوە بەغدا و خۆی کوتایە بەختی مالکی ، و سەری لەبەر ئیهانەکانی ئەسەدی شۆڕکرد.
تاریق هاشمی ئەمڕۆ مێوانی تورکە و لە تەکیەی هەرێمی کوردستان خۆی لێ ڕاکێشاوە. خۆ ئەگەر لە ترسی تورکیا نەبێت تاریق هاشمی بەچەند دۆلاریک دەفرۆشرێتەوە بە مالکی . بەلام کوتەکی تورک لەسەر سەری مەسعود و جەلال ئەوەندە توندە کە ناهێلێت هاشمی تەسلیمی دادگای بەغدا بکرێت ئەگەر تەواوی بودجەی کوردستان لە بەغداوە بێتە بڕین و ڕاگرتن.

5-  پیلانی شۆمی ئەردوغان ئەوانە بوون:
*- مەسعود بارزانی هەولبدات کوردەکانی ڕۆژئاوا هەلبخەلەتێنێت لەژێر ناوی یەکێتی نەتەوەیی .
**- قەیرانێکی توند لە نێوان دەسەلاتی بەغدا و هەرێمی کوردستان دروست بکرێت لەسەر کێشەی هاشمی و نەوت وموچەی چەکدارەکان .
***- لەکاتێک ڕەوشی ناوچەکە بەرەو نائارامی ڕۆیشت، تورکیا کوردی ئیراق هاندەدات بۆ جیابونەوە بەگوێرەی خالی (**) بەر لەوەی ناوچە داگیرکراوەکان گەڕابنەوە سەر هەرێم. ئەوکاتە هەرێمێکی برسی ناچار دەبیت پەنا بۆ تورکەکان ببات بەناوی برایایەتی سوننە لە دژی شیعە. ئەو کاتە خۆبەخۆ هەرێمی کوردستان و کوردستانی رۆژیاوا دێنە ژێر ڕکێفی تورکیا. بەو ئالوگۆڕیە تورکیا دەتوانێت سوپایەک لە شێوەی سوپای حمیدیە لە تفەنگدارانی بارزانی و تالەبانی دروست بکات بۆ جارێکی تر کوشتنی کوردی ئیزدی و عەلەوی وشەڕی پکک یان پێبکات.

پەیامەکەی مەسعود بارزانی لە ڕۆژی نەورۆز فیشەکێکی چروک بوو لە دژی دەسەلاتی بەغدا. مەسعود بارزانی خواستی هەمان مغامەرەی شەری باوکی لەدژی عبدالکریم قاسم جارێکیتر نوێ بکاتەوە بەناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی، بەلام بەداخەوە نەیزانی جیهان گۆڕاوە ،جیهان جیهانی ئینترنت و ئاگاداری یە دەستی زوو کەشف دەبێت ، کەس بڕوای پێ ناکات. شۆرەشی ئەیلول پیلانی ساواکی ئیران بوو . قازانجەکەی مەلامستەفا لە مغامەرەیە دەستکەوتی دوو ملیون دۆلار بوو کە لە واشینتۆن خۆی پێ چارەسەر دەکرد تا مردنی. شۆرەشی ئەیلول شۆڕشێکی جەماوەری نەبوو دژی قاسم، بەلکو پیلانێکی ئەنگلو ئیسرائیلی بوو لەترسی ئازاد کردنی نەوتی ئیراق بوو. بەکرێ گیراوانی وەک بلەی ئەحە ڕەش و جەلال تالەبانی و مەلامستەفا ڕۆلەکانی کوردیان بە کوشت دا بۆ بەرژەوەندی ساواک و موساد . ئەو پیلانەی ئەمرۆ تورکیا دادەڕیژێت لە دژی کورد و بە قازانجی بەرژەوەندی نەتەوەی کەمالیزمە، هیچ جیاوازی نیە لەو پیلانەی ساواک کردی بەناوی ئەیلول بۆ دەستگرتن بەسەر شگ العرب و دور خستنەوەی ئیراق لە چالە نەوتەکانی ئابادان، ئێمەی کوردی ڕەش و ڕووتی نەگبەتێش ئەو سەردەمە نەمادەزانی خۆ بەکوشتن دەدەین لەژیر سەرکردایەتی سەرۆکیکی نەتەوەفرۆشی گەندەل.

لێدوانەکەی بارزانی لە ڕۆژی نەورۆز ئەوەندە مایەپووچ و پووچەل بوو، هێنایە ئاستی وەلام دانەوەی پارلەمنتارێکی دەولەتی یاسا. مەسعود نەیتوانی وەلامی ئەو پەرلەمنتارەی شیعە بداتەوە کە داوای کردبوو مەسعود تاوانبارە بە دالدەدانی تاوانبارانی وەک هاشمی. جا مەسعود هەر ئەوەندەی پێکرا دەرببڕێت کە هاشمی میوانە و داب و نەرێتی کوردەواری ڕێ نادات هاشمی تەسلێم بە دادگا بکات. لە کاتێک نەیزانی بیری عەرەب لەوە تیژترە و ٣١ ئاب یان لە بیر نەچۆتەوە و ملی پێدەگرن کە چۆن پارتی لایەنگرانی شیعەو چەلەبی دایە دەست بەعسە ڕزگارکەرەکەی لە هەولێر. ئەی کێ داوا بکات کە مەسعود و جەلال دادگایی بکرێن لەسەر دالدەدانی دەها سەرەک جاش و تاوانباری ئەنفال و کیمیاباران و ڕزگارکردنی فرۆکەوانەکان و بەرگریکردن لە بەعسیە دەست بەخوێنەکان؟ مەسعود و جەلال.حەز ناکەن دەستوور لە بەغدا چەسپاو بێت ، ڕێگایان داوە بە تاوانباران کوردستان بکەن بە مۆلگەی خۆیان. دەیانەوێت ئیراقێکی حیزب و تایفی هەبێت نەک ئیراقێکی دەستووری و یاسایی. ئەی چۆن دەتوانن بەرگری لە مادەی ١٤٠ بکەن کە بڕگەیەکی دەستووری یاسا یە؟ ئایا ئەویش هەر لە ڕێگای حیزبی چارەسەر دەکرێت؟. ئەی کەواتە یاسا بۆ کێیە، ئەگەر بۆ تاوانباران و گەندەلکاران نەبێت؟. بڕوام وایە ئەگەر شیعە لەدەسەلات نەبوایەن، ئەمڕۆ سەددام و علی کیمیایی و بەرزان تکریتی گشت ئەمانەمان دەبینی یا لە ئوروپا دەسووڕانەوە یان لەکوردستان ڤیلاو وتەلاریان دەبوو ، پێشمەرگەو زێرەڤان و منالانی ئەنفالکراوەکان و شەهیدانیش لە بەر دەرگایان دەوەستان و پاسەوانیان لێ دەکردن لە ژێر سایەی دەسەلاتداری ئیمارەتی بارزان.

.ئەوەی ئەمڕۆکە لە ئیراق بەدی دەکرێت دەسەلاتێکی زۆرێنەی شیعەیە، کە ١٤٠٠ سالە شیعە دەسەلاتی وایان دەست نەکەوتووە دوای خیلافەتی حەزرەتی علی بن ابیگالب. کیشەی کورد کێشەی ئاینی نیە بەلکو کێشەی نەتەوەیی یە . هەرچەند لە دەسەلاتدا شیعە بەزۆری رۆژگار لە تەک عەرەبە سوننەکان کەوتوون، ئەوەش بەهۆی پێداگری بارزانی وتالەبانی بووە ، تادەولەتێکی پڕ لە ئاژاوە و ناسەقامگیر بەناوی ئیراق دوبارە دابمەزرێتەوە، ئەوانیش بەو خسلەتە نامرۆڤانەیان لێی بەهرەمەند بن. ئەگەر نە، کورد هێچ ناکۆکی نی یە لە گەل شیعە و جولەکە و کریستیان. بە پێچەوانە ئەو جیاوازیانە ئەگەر هەش بێت لەناو هێندی توێژەی نەزان، ئەمڕۆ کورد دەبێ هەول بدات ئەو جیاوازیانە بچووک بکاتەوە بۆ رێکخستنی بەرەیەکی نەتەوەیی. برایانی کوردی لور ولەک و فەیلی و شەبەک و عەلەوی وئیزدی گەرەک بەر لە هەر کوردێکی تر بایەخی مێژووی و کولتوری یان پێ بدرێت و لە ڕێزی یەکەمدا بن لە کوردایەتی ، چونکە ئەوانە لە ڕێزی یەکەم بوونەتە قوربانی وکەوتوونەتە بەر لافاوی توانددنەوە بەدەستی دوژمنانی داگیرکەر.
دەسەلاتێکی شیعە لە قازانجی پرسی نەتەوەیی کوردە، چونکە هەموو کات هێزەکان یەکسان دەبن و دەتوانرێت ببن بە دراوسێ یەکی کەمتر ئاژاوەگەر. بەپێچەوانە لە دەسەلاتێکی سونە. دەسەلاتێکی سوننە، ئەگەر بچوکترە بەلام لایەنگری وولاتانی کەنداو و تورکیای لە پشتە، و هەمێشە زال دەبن بەسەر هیزی کورد و لە ململانی نیونەتەوەیی سوننەکان پێگەی بەهێزتریان هەیە لە شیعە.

مەسعود بارزانی جاهلێکی ڕووقایمە، زوو لە بەلێنەکانی دەبێتەوە. مەسعود دوای ٣١ ئاب ووتی ئەو دەستەم دەبرم ئەگەر جارێکیتر بیکەمە ناو دەستی جەلال تالەبانی. کەچی دەستەکەی تا ئیستا هەر پێیوەیە. مەسعود بارزانی دوای ١٧ شوبات ووتی ئەگەر ٥٠٠٠٠ کەسەش واژوو بکەن من لابچم لە سەرۆکایەتی هەرێم ، ئەوە دەست لە سەرۆکایەتی هەرێم دەکێشمەوە. بۆ خاتری قسەکەی ئەو ١٠٠٠٠٠ کەس واژوویان کرد، کەچی تا ئیستا هەرماوە لە دەسەلات. ئەمجارەش ریسوابوونێکی تر هاتە سەر ئەوانەی پێشووتر. مەسعود بارزانی دوای ٣٣ سال لە دەسەلاتی حیزبی و بیست سال لە سەرۆکی هەریم بوون دەست لەکار هەر ناکێشێتەوە. کەواتە ئەو پیاوە فێرە بەوجۆرە لێدوانە ترسنۆکانەیە بلاو بکاتەوە کە ئەرزشی فلسێکی سوتاویان نیە کە مرۆ میزی پێدابکات. داخەکەم ئەوەیە هەندێکیش بەناوی ڕۆشەنبیری بێ مورال ڕووقایمتر لە مەسعود و جەلال کە خزمەت بەو خۆفرۆشانە دەکەن و بە بێ شەرم ڕاگەیاندنەکان هەلدەسوڕێنن. مەسعود بارزانی ئارەقی بێ شەرمی تەواو ڕشتووە، ڕاستێ یەکان لە خەلکی کوردستان دەشارێتەوە، تا ئیستا جارێک لێدوانێکی نەداوە کە لە قازانج نەتەوەی کورد بێت ، هەر خەرێکی تەپوتۆز کردنی ڕەوشەکەیە تا لە بارودۆخێکی مژاویدا دزی و تالان زۆرتر بێتە کردن و داپۆشان ، و ڕاستی یەکان بێنە شاردنەوە . مەسعود کە سەرۆکی هەرێمە و دەستی لەناو کۆی گرێبەستەکان و پەیوەندی ستراتیجی یەکان دا هەیە، پێمان نالێت کە کریبەستە نەوتی یەکانی کوردستان لەسەر چ بنەما دێنە بەستن ، وداهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کێ . پێمان نالێت بۆ پارە و دارایی نەوت و گومرگ دەدزێت و چۆن لەسەدا پەنجا کەی دابەش دەکات لەسەر هەزارپیاوەکەی. پێمان نالێت هەزار پیاوەکەی چۆن بوونەتە خاوەن ملیۆنان دۆلار لە کاتێکدا هەزاران گەنج نیشتمانی خوشەویستیان جێ دەهێلن و دەخنکێن لە دەریای یونان لە هەلاتن لەدەست ئەو بێعەدالەتی یەی لە ژێر سایەی دەسەلاتداری ئەو هاتۆتە کایە،
پیمان نالێت پەیوەندی یە ستراتیژی یەکەی لەگەل تورکان لەسەر چ بنەمایەکە. ناوەڕۆکی سەفەرەکانی بۆ دەرەوەی وولات بۆچی بۆ پەڕلەمانە کارتۆنیەکەی خۆی ئاشکرا ناکات. هەموو کەسێک دەزانی ئەو سەفەرانەی بارزانی نە بۆ ددانە بەلکو بۆ سەرەدانی بانکەکانە، تا پارەی دزراوی خەلکی بۆ خۆی تیا بشارێتەوە. کەواتە کەسێکی وا کە سەرتاپای سەختەیە و پرە لە گومان ، مرۆڤ چۆن دەتوانێ باوەری پێ بکا و بەسەرۆکی خۆی بزانیت و چارەنوسی خۆی بداتە دەستی.

مەعلومە کە سەربەخۆ ڕاگەیاندن بەر لە هەر شتێک پێویستی بە رەخسانی بارودۆخێکی نێو نەتەوەیی هەیە، هەروا بە لێدوانێکی کوتوپڕ و بێ گەنگەشەیەکی نێو نەتەوەیی و لەلایەن سەرۆکێکی تەزویر و بێ پالپشتی جەماوەری و پڕ بەکێشە، مایەپووچە. سەربەخۆ ڕاگەیاندن پێوێستی بە سەرکردەیەکی کاریزما و دەستخاوێن و ڕۆشەنبیر نیشتمانپەروەر و بوێر هەیە. یان ئەوەیە سەرۆکی یەکێک لە وولاتانی داگیرکەری کوردستان ، سەرۆکێکی ڕۆشەنبیر و مرۆڤدۆست تیا هەلکەوێت وەک سەرۆکی چکسلوڤاکی ، کە باوەری بە ئازادی میللەتانی تر هەبێت. یان ئەوەیە دەبێ خەبات و ماندووبوونێکی زۆر نیشان بدەیت بۆ وەدەست هێنانی باوەڕی و پالپشت لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی کە ئەوە خۆ بەخۆی دەبێتە مایەی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی.

هێژای گۆتنە لە هەر ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆیی لایەنی کەم ئەو مەرجانەی خوارەوە پێویستە تیا ڕەچاو بکرین:

١- ڕاگەیاندنی دەولەتی سەربەخۆ لە کاتی قەیرانێکی نێونەتەوەیی. ئەوە ئەو دەرفەتانە بوون کەلە سال ١٩٩١ و لەسالی ٢٠٠٣ بۆ کورد لە باشووری کوردستان هاتنە پێش، ئەگەر ئەوکات سەرکردەیەکی نەتەوەیی کوردی هەبوایە، دەیتوانی تەواوی بەشە داگیرکراوەکانی کوردستانی باشوور بگەڕێنێتەوە سەر خاکی کوردستانی باشوور ، لەکاتێک هێزی سوپای ئیراق تێکشکابوو و ئەمریکاش پێویستی بە کورد هەبوو لە سیاسەتی داگیرکردنی ئیراق. مەرجەکانی بەدەولەت بوون و جودابونەوە ئامادەو ڕەخسا بوون. کەچی مەسعود و جەلال خۆیان کرد بە دەمڕاستی کورد، کێشەکەیان گەیاندە ئەو ڕۆژە دەیبینین.
هەمان ڕەوش ئەگەر لە سوریا ڕووبدات ، واتە لە کاتی گەلەکۆمەیکی نێودەولەتی لەدژی دەسەلاتداری ناوەند، کورد لە ژێر سەرکردەیەکی نەتەوەیی ئازا و ڕاستگۆ، بێ ئەوەی ببێتە داردەستی وولاتانی داگیرکەر، دەتوانێت ببێتە پارسەنگی هاوکێشە و لە نێوان هەردوو هێزی پەلاماردەر و پەلاماردراو ، لەو میانە دەتوانێت جودا بوونەوە و سەربەخۆیی وولاتی خۆی ڕاگەێینێت.

٢- ڕاگەیاندنی دەولەتی کوردی لە ڕێگای ئاشتییانە و دەستووری و نێونەتەوەیی:
سەرەڕای مەرجەکانی کەسایەتی بەڕێوە بردنی پرسی سەربەخۆ بوون ، دیسان هەر پێویستە بارودۆخێکی گونجاو بێتە ڕەخساندن ، و پالپشتی نەتەوەیی و نێو نەتەوەیی ئەوەندە پالدەر بن کە ئەو ڕاگەیاندنە بێتە پاراستن.

*- ئامادە کردنی ریفراندۆمێکی سەرتاسەری لە ژێر چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاپرسی بۆ سەربەخۆبوون.

**- سەربەخۆ بوون بکرێت بە ئەرک و بەرنامەیەکی ستراتیژی بێتە دارژتن لە لایەن پارت و ڕێکخراوە مەدەنی یەکای خۆیان بە کوردستانی دەزانن ، کە لەو ڕێگایەوە هەولدانێکی توند و توکمە بخرێتە گەڕ بەپشتبەستن بە کوردستانیانی دەرەوەی وولات و هینانی ئەو باسە بۆ ناو میدیاکانی ڕۆژئاوا و جیهانی، بۆ ناساندنی سەربەخۆیی و بۆ وەدەست هێنانی پشتیوانی رۆشەنبیران و مافناسانی نێونەتەوەیی لە ئاستێکی جیهانی بۆ دۆزی سەربەخۆی کوردستان .

***- کار کردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ودەستوریانە دوور لە دەست تێوەردانی تورکیا و ئیران.

****- چارەسەرکردنی کێشەی دەسەلاتداریەتی لە کوردستان لە ڕێگای ڕاپرسی دیموکراسیانەی ئازاد، لە ژێر چاودێری ڕێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ ، بۆ وەدیهێنانی و داڕشتنی دەستوورێکی نوێ مرۆڤدوست و دادپەروانە کە بکونجێت و هاوتەریب بێت لە تەک کۆمەلگای کورستانی ئەمرۆ. (مرۆڤ دەبی ووریا بێت وەک ئیسرائیل لە هەر دەست تێوەردانێکی سەرمایەداران و سیاسەتمەدارانی وەک ئینگلیز کە چارەنووسی میللەتانی تر تێک دەدەن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان. بەتایبەت کوردستانی باشوور کە خاوەن نەوتە و ئینگلیز ئەو نەوتە بە هی خۆیان دەزانن، و هۆیەکی ترێش ئەوەیە، ئینگلیز مێژوو لە بیر ناکەن و ئەو قینەیان تا ئەمرۆ هەرلە دل ماوە کە سەلاحەدینی ئەیوبی بوو ڕیچاردی بەزاند و لە ڕۆژهەلاتی وەدەرنا و نەیهێشت خاچپەرەستی لەو ناوە پەرەبستێنێت).

*****- دامەزراندنی دەسەلاتێک(حکومەتێک) نا حیزبی لەسەر بناخەی پسپۆری ولێهاتوویی و دلسۆزی بۆ نیشتمان و لە خزمەت هاولاتیان بێت، کە بتوانێت ئازادی و ئاسایشی خەلک بپارێزێت و ڕاستگۆ بێت لە گەل هاولاتیان لە داهات و دارایی وولات ، و خزمەتگوزار بێت بۆ خەلک، نەک حکومەتێک بێت وەک ئەوەی ئیستا هەیە، وابەستە بە حیزب و مرۆڤی گەندەل و خۆپەرەست و بێ تواناو تۆقێنەر، دەسەلات بگرنە دەست و خۆیان بکەن بە فیرعون و ببن بە موتەکە بەسەر خەلک .

فەرمانرەوایەکی سەربەخۆ لەو چەشنە لە هەر پارچەیەکی کوردستان، دەتوانێت ڕیشەی جاماوەری لە خۆە بگرێت و دەبێتە هەوێن بۆ ڕزگار بوونی مرۆڤ لە چەوسانەوە، نە تەنیا لە کوردستانی باشوور بەلکو لە بەشەکانی تری داگیرکراوی کوردستان وهەروەها بۆ تەواوی میللەتانی بەشمەینەت و ماف خوراوی رۆژهەلاتی ناوەڕاست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە