کەلتوری بێ پرینسیپ! شارچیەتی!!

Thursday, 10/04/2014, 12:00

2358 بینراوە


کەلتوری نەبوون و بە بەرز نەنرخاندنی پرنسیپی بەرز، گۆش نەکردنی ئەندامانی پارتە سیاسیەکان بەو پرنسیپانە وهان نەدانیان بۆ بە پراکتیزکردنی ئەو پرینسیپانە، لە ژیانی رێکخراوەیی ، وەزیفی ، بواری مەیدانی، بووە بە دیاردەیەکی زەق لە نێوهەموو پارتە سیاسیەکانی هەریم، چ ئەو پارتانەی کە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنن وە چ لەو پارتانەی کە لەبەرەی دەسەڵاتدان لە هەرێم، وە ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردن بێت ئەوەیە زۆر بە بێ دەنگی و خشپەییی ئەو دیاردەیە لە گەشە کردنو پەرە سەندن دایە.
پشتگوی خستنی ئەو فاکتەرە گرنگە، لە لایەن هەموو پارتە سیاسیەکانی سەر شانۆی سیاسی هەرێم زۆر بە روونی هەستی پێدەکرێ، لە جۆری مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووداوەکان، ململانێکان و کێشەو گرفتە سیاسیەکان، جۆری پاراستنی پاکسازی رێزەکانیان وهەڵسەنگاندنی کەسایەتیەکان و تاکەکان ، جۆرو شێوەی، هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکان چ لە ناوەو و چوارچێوەی ئۆرگانە حزبیەکان، وە چ لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، وەکو لە ئاستی هەڵبژاردنەکان بۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پەرلەمانی کوردستان ، ئەنجومەنی پارێزگاکان، رێکخراوەکانی تری کە هەموو لایەک ئەندامو لایەنگری خۆیان تیادا قورمیش دەکەن.
بە پلەی یەکەم؛ بوونی ئەو دیاردەیە لە نێو ئەندامان و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و بێدەنگ بوون و خۆمات کردنی سەرکردایەتیەکان، مانای هاندانی ئەو دیارەدەیە دەگەیەنێ، بە پێ بڕاوا بوونێکی توندو بەهێزەوە دەبینرێ کە ئەوە دیاردەیەکی ترسناک و کوشندەیە، لێدانی زەنگی مەترسیەکی گەورەیە لە یاری کردن بە هەست و متمانەی خەڵک، دووبارە لە لایەن سەرکردەکان و پارتەکانیان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، بەبێ شک سوتەمەنیەکەی بریتی دەبێ، لە بەکار هێنانی ووزەو توانای نەوەی تازەی بی ئەزمون، سوود وەرگرتن لەو هێزە مرۆیە، بە هەڵخەڵاتاندیانی بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندی بەر تەسکی حزباتیەتی و تایبەت و ئارستە کردنی ئەو هێزە مرۆیە بە ئاراستەیکی ناراست، کە لەدەر ئەنجامدا دەبێتە هۆی سوتاندنی خەرمانەی خەباتی نەوەیەک لە قۆناغێکی مێژووی دیاری کراو بۆ داهاتوویەکی ناگەش بین، هەر وەکو چۆن خەرمانەی خەباتی نەوەکانی رابردووی ئەو میللەتە لە باشوری وڵات سوتێندرا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی چەند کەسێک، خێزانێک و بنەماڵەیەک، جۆرو شێوەو هەیکەلی ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی ئیمرۆی هەرێم بەڵگەیەکە بۆ ئەوە.
یەکێ لەو دیاردە نامەبدەئیانەو ناشرینانەی تر،کە ملە قوتەیەتی و خەریکە زۆر بە بێ شەرمی سەر هەڵدەدا، ئەویش ئاودان و گەشە پێدانی روحیەتی کەلتوری شارچیەتیە لە نێو خەڵک! ئیمە جارێ ماکی دوبەرەکی نێوان خێل و هۆزو عەشیرەتەکان، پارتە سیاسیە کوردیەکان، شەرە پەرۆ، رق و کینی براکوژیمان پێوە ماوە و باجی گەورەی ئەوەش کەوتە سەرشانی میللەت، وا ئیمرۆش سەرکردەکانی لایەنە سیاسیەکان هەوڵدەدەن بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی دەنگ بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، خەریکە تۆی روحی دوبەرەکی شارچیەتی نەش و نما پێدەکەن لە نێو میللەت لە باشوری وڵات.
بۆ ئەو مەبەستە، کەوتوونەتە جۆش و خرۆشدانی گەلێ لە: کەسایەتی ، نوسەر، ئاوازدانەری موسیقا، هەندێ لە شاعیرەکان وهەندێ لە گٶرانی بێژەکان، سایتەکان گۆڤارو رۆژنامەکان و تەلەفزیۆن رادیۆ و ئەدەبیاتی خۆیان. بۆ ئەوەی بە سەر ئەو شارو ئەو شار هەڵبڵین، وە ناونیشانی تایبەت بدەن بەو شارو ئەو شار، وەکو شاری پایەتەختی سیاسی، شاری شاران، شاری رۆشەنبیری، شاری دڵی کوردستان، شاری هۆلاکۆ بەزێن هیترو هیتر.
کاندیدەکانی لایەنە سیاسیەکان، بۆ پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کە حاڵی حازر دەستیان کردوە بە ریکلام کردن، بە تایبەتی ئەوانەی نزیکی سەرکردایەتیکانیان وە دڵنیا کراوەن لەوەی کار بۆ دەرچوونیان دەکرێ لە هەڵبژاردنەکان، لەو راستیە گەیشتوون، وە بۆ رازی کردن و ولائی تەواو بۆ سەرکردەکانیان، دەستیان کردەوە بە ئاراستەکردنی دروشمی راستەوخۆ بۆ شارێکی تایبەت بۆ نمونە: هەندێ لە نوسەرەکانی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بابەت بڵاودەکنەوە بە ناو نیشانی "لە بەر خاتری سلێمانی". نەجمەدین کەریم "بۆ تۆی کەرکوکی"، نەوزاد هادی "هەولێر دەنگی بۆ پارتیە".
ئەم جۆرە ریکلام کردنە سەرچاوەی عەقڵیەتێکی تەسکی ناوچەگیری نالێپرسراوە، کە دەبێتە هۆی لێکترازانی یەکێتی و یەکگرتووی ریزەکانی میللەت و چاندنی تۆی دوبەرەکی. هەروها خەریکە لە یادی خەڵک دەبەنەوە، کە باشوری وڵات هێشتا لە قۆناغی بزوتنەوەی رزگاریە، زۆربەی خاکی هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی حکومەتی مەرکەزیە، خاوەن سنوری دیاری کراوی ئازادو ئابووری سەربەخۆ نیە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی تر ئابڵوقە دراوە بە هێزی سوپای، عیراق، تورکیا، ئیران، هێزی چەکداری سەحوە، داعش و جەبهەی نوسرەوە هێزی چەکداری قاعیدەو هێزی چەکداری تری میللی نێو نەتەوەی عەرەبی عیراق.
لە وڵاتانی کە کیانی سیاسیان سەقامگیرو خاوەن دەوڵەت و ئابوری سەربەخۆی خۆیانن، وە وڵاتەکانیان دانی پیادا نراوە لە کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی هێچ گرفتێکی خاک و نیشتمان و دیاری کردنی سنوریان نەماوە، ئینجا لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی شارەوانی دروشمی لۆکەلی هەڵدەگرن و هاڤرکێ دەکەوێتە نێوان پارتە سیاسیەکان و کاندیدەکانیان کە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان خۆیان ساز دەکەن، دەکەونە بەرامبەر بەیەک و ڕکابەری لەسەر جۆری بەرەوپێشەوە بردنی شارەکانیان و دابین کردن و بەرەو پێشەوە بردنی ئاستی خزمەت گوزرایەکان بۆ هاووڵاتیان، بەڵام لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی پەرلەمان ریکلامەکان زیاتر هاوڵاتی دڵنیا دەکەنەوە لە بەرەو پێشەوەبردنی یاسا، ئابوری وڵات، پاریزگاری کردن لە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و، یەکگرتن لە کاتی روبەروبونەوەی مەترسیە دەرەکیەکان و ناوەخۆیەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە