باشتر وایە دەسەڵات ژن کوشتن حەڵال بکات!

Saturday, 31/05/2014, 12:00

3026 بینراوە






لەماوەی ٢٣ ساڵ دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، ژن کوشتن لەلایەن پیاوی کوردی ئەو بەشەی کوردستانەوە، وەک نان و ئاوخواردنی لێهاتوە. بەردەوامی ئەو ڕەوشتە نامرۆڤانەیە لەو شوێنەی ناوی باشوری کوردستانە، کۆی ڕیکۆردە جیهانیەکانی تێپەڕاندەوە، بێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە تا ئێستا توانیبێتی دەستێک بەرز بکاتەوە و بە پیاوی ژن کوژ بڵێت ئیتر بەسە. کەواتە بۆ باشتر نیە بۆ ئەو دەسەڵاتەو، دادگاکەیەشی و پەرلەمانەکەیشی، کە یاسایەک دەربکەن و بەپێی ڕەوشتی سیاسی دەسەڵاتە کەم وێنەکەی هەرێمی باشوری کوردستان، یاسایەک داڕێژن و تێیدا بەڕەسمی کوشتنی ژنی دەرچوو لە یاساکانی پیاو حەڵال بکەن!
دونیای ١٥ ساڵی تائەم چرکەساتە، ژمارەیەکی تر بوو لەسەر ئەو کۆ ژمارانەی لکان بە ژنی کوژراوەوە، ناشزانرێت ژمارەکان تا چەندیتر لە بەرز بوونەوەدان. بێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە کوردیە توانیبێتی هەڵوێستەیەکی ئینسانیانە بکات لە بەردەوامی ئەو دڕندایەتیەی پیاوی ژن کوژی کوردی تێوەی گلاوە، لە ژێر پەردەی پاراستنی شەرەف و نامووسدا. ئاخۆ لە نەبوونی بن بڕ کردنی ئەو تاوانانەدا دەرهەق بە ژن دەکرێت، باشتر نیە ژن کوشتن وەک پێنج فەرزەی نوێژ فەرز بکرێت بەسەر دیدی گشتی کۆمەڵگادا؟ بۆئەوەی هیچ نەبێت ئیتر دیاردەی لەشفرۆشی و خیانەتی هاوسەرگیری بوونی نەمێنێت؟ خۆ پرسیار لەوە نیە کە بووترێت ئاخۆ ئەو ژنە لەبەرچی (گەرواشبێ) خیانەتی هاوسەرگیری کردوە؟ مارەبڕینی دونیا لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ئەبێت چ مانایەکی ئینسانی بدات بەدەستەوە، بەغەیری ئەوە نەبێت بڵێین ئەوە نیشانەی کۆنەپەرستی ئاین و پیاوی دواکەوتووە، دژ بە خواست و ئازادیەکانی ڕەگەوزی مێینە، گرنگیش نیە ئیتر ئەو پیاوە تەمەنی چەند دەیە لەو کچە منداڵە گەورەترە؟ ئاخۆ گەر کۆی وڵاتانی عەرەبی ئەژمار بکەین، هێندەی ئەو بەشە بچوکەی ناوی هەرێمی باشوری کوردستانە، ژنی تێدا دەکوژرێت؟ ئاخۆ دەبێت هۆکارەکەی چی بێت؟ ئاخۆ گەر دەسەڵات دەستەواڵا نەبێت بۆ سزانەدانی پیاوی ژن کوژ، ئەو پیاوە دەتوانێت بەو شێوازە بەربەریە پەلاماری ژن بدات؟ مرۆڤ نازانێت باسی کام کەیسی ژنی کوژراو بکات، کەیسەکان هێندە زۆرن سەرهەڵدانەوەیان وەک کارێکی بێمانای لێهاتوە! ئەویش دەرئەنجامی ئەو دەسەڵاتە خێڵەکیەی هیچ ئامادەییەکی تێدا نیە ڕەوایەتی بدات بەیەکسانی نێوان ژن و پیاو؟ ئاخۆ دادگاکان کێ بەڕێوەیان دەبات، دەسەڵاتی حیزبی حاکم یان سەربەخۆیی خۆیان؟ ئاخۆ پەرلەمان کێ بەڕێوەی دەبات، دەسەڵاتی سەربەخۆیی خۆیان یان سەرۆکی حیزب؟ ئاخۆ میدیاکان سەربەخۆن یان تەعبیر لە ئایدۆلۆژیایی حیزبەکانیان دەکەن؟ ئاخۆ گەر دادگاکان سەربەخۆن، بۆچی تائێستا نەیان توانیوە ژن کوژان بگەیەنن بەدادگایکردنێکی جەماوەری و بەسزایی ئەبەدیان بگەیەنن لە نێو زیندانەکاندا تا چیتر پیاو نەتوانێت پەنا بباتە بەر کوشتنی ژنان؟
کوشتنی دونیا، لەژێر هەرچ پاساوێکدا بێت، پێش هەرچ شتێک مایەی شەرمەزاری دەگەیەنێت بۆ دەسەڵاتی کوردی و دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی، چونکە توانەکە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا ڕویداوە. ڕەوایی دان بە کوشتنی دونیا، گەر وەحشیەتی دەسەڵات نیشان نەدات، بە چ ئازادیەک ڕێگا دەدرێت بە پشتیوانەکانی بکوژەکە خۆپیشاندان بکەن و دونیا بخەنە بەرنەفرەت و مافی کوشتن بدەن بە بکوژەکەی؟ ئاخۆ کاتێک دوعا بەردەباران دەکرا و پیاوە بچوکەکانی خێڵ چێژیان دەبینی لە کوشتنی ئەو مرۆڤە خواکردەدا!!!!، وەستانی پۆلیس لەو چواردەورە و بێهەڵوێست بوون لەوەی ڕێگری بکەن لەو ژن کوژانە، نیشانەی ڕەزامەندی دەسەڵاتی نەدەگەیاند لە کردنی ئەو تاوانەدا کە دەرهەق بە دوعا کردیان؟ ئاخۆ کاتێك تەلەفیزیۆنی کوردستان تیڤی سەر بە پارتی کە زمانحاڵی ڕەسمی حیزبەکەیە، ئامادەیە لەو جێگایەدا وڕیپۆتەرەکەشی بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێک دێتەوە لەگەڵ پشتیوانانی بکوژی دونیادا چ مانایەک دەگەیەنێت؟
باشتر وایە بۆ دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان، بە یاسایەکی تایبەت کوشتنی ژنان حەڵاڵ بکات و هیچ مەرجێک نەبێت بۆ ئەو کوشتنە چۆن بێت، تەنها ئەوە نەبێت گەر ژن لە خواستەکانی پیاو دەرچوو، ماف بۆ ئەو پیاوە هەبێت ژنەکەی یان کچەکەی یان دایکی بکوژێت، لەو کاتەدا. وەلەکاتی بوونی یاسایەکی وا پێشکەوتووی کەم وێنەدا، ئیتر، کەس خۆی سەرقاڵ ناکات لەوەی ڕێکخراو دروست بکات بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنان و پارەش لە قاسەی حکومەتی کوردی وەرگرێت. لە کاتێکی وادا، ئیتر وەک چۆن ئاینی ئیسلام فەرز کراوە بەسەر کۆی کۆمەڵگادا، ئەوکات، ژن کوشتنیش وەک پێنج فەرزەکەی لێ دێت و هەرچ ژنێک پێی لار دانا، کوشتن چاوەڕێی دەکات. ڕەنگە لە بوونی یاسایەکی وایشدا، هەرێمی باشوری کوردستان هەروەک ئێستایی کە هیچ کۆمەڵگایەکی ئەو چواردەورە هێندەی دەسەڵاتەکەی دیموکرات خواز و ئینسان دۆست نیە، کەم وێنەیە، لە حاڵێکی واشدا، بەڵکوم وڵاتانی چواردەور سەریان لێ بشێوێت ودوای ڕێچکەی بنەما ئینسانیەکانی دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان بکەون. ڕەنگە لە بونی یاسایەکی وادا، ئیتر کوردستان وەک ئەو بەهەشتە مەوعودەی لێبێت کە لە ئایندا بەڵێن پێدراوە بۆ ئەوانەی کە زینا ناکەن و خیانەت ناکەن.
ئافەرین بۆ دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان، بە گشت جومگەکانیەوە، ئەو دەسەڵاتە فرە حیزبیەی بە کۆی گشتیان چونەتە جەستەی یەک حیزبی بنەماڵەییەوە. ئاخۆ گەر وانیە، بۆچی بەرانبەر ئەو کۆ تاوانانەی کراوە دژی ژنان، حیزبێکی جیاوازتر نەبینرا لەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەچێت! ئاخۆ شەرم نیە بۆ ئەو دەسەڵاتە باسی دیموکراسی و ئازادی بکات؟ لە کاتێکدا ڕۆژانە ئازادیەکانی نیوەی کۆمەڵگا پێشێل دەکرێت لەلایەن پیاوی دەسەڵاتدارەوە؟
لەهەرێمی باشوری کوردستاندا، دووڕێگا هەیە لەبەردەم کۆمەڵگادا؛ یەکەمیان، یان ئەوەتا، شوێن هەڵگری ئەو ڕێچکە بەربەریەتە بێت کە ڕۆژانە دەرهەق بە ژنان دەکرێت و دەسەڵاتیش پشکی سەرەکی هەیە لەنێو کردنی ئەو تاوانانەدا، چونکە ڕێگری نەکردن لە بنبڕکردنی کەلتوری پیاوسالاری، نیشانەی هەماهەنگی دەسەڵات و یاسا ئاینیەکان دەگەیەنێت بەرانبەر بە هەیبەتی کەلتوری پیاوسالاری لە نێو کۆمەڵگادا . دووەمیان، نەفی کردنی کۆی ئەو کەلتورە پیاوسالاریەی دەسەڵات و ئاینی ئیسلام هەڵگریەتی و لە جێیدا بەرپاکردنی ئەو جۆرە کەلتور و پەروەردەیەیەی کە ژن و پیاو وەک مرۆڤ دەبینێت و یاساکان بەجۆرێکن، هیچ هەیبەتێکی زیاتر نادات بە پیاو لەوەی کە بەتواناترە لە ژن، بەڵکو خاوەندارێتی وەک کارێکی کەسی لێدێت و ژن ئیتر کۆیلەیەک نیە لە دەستی ئەم خاوەنیەوە بفرۆشرێتە خاوەنێکی تری کە پیاوە. شۆڕشکردنێک، چەشنی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە مەزنەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرپا کراوە، گونجاوترین جێگرەوەیە بۆ کۆی ئەو دەسەڵات و حیزبانەی لە باشوری کوردستاندا بونیان هەیە. تا مانەوەی ئەو حزبە پیاوسالاریانە بونیان هەبێت، دەبێت هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی کوشتنی دوعا و دونیا بین! نەفرەت لەو کەلتورەی ڕەوایەتی دەدات بە کوشتنی ژنان و ژن وەک شەیتان وێنا دەکات!
تاهیر حاجی حەسەن
٣١/٥/٢٠١٤
فەرموون کلیکی ئەو لینکە بکەن بۆ بینینی ئەو خۆپیشاندانەی کراوە بۆ پشتگیری لە بکوژی دونیا؛
http://www.awene.com/article/2014/05/31/32728



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە