سه‌لام عه‌بدوڵڵا که‌مپین بۆ شێرکۆ بێکه‌س به‌ڕێده‌خات، بۆ گه‌رمیانیش بێده‌نگ ده‌بێت

Saturday, 30/04/2011, 12:00

1600 بینراوە


ئه‌گه‌ر حیزب قوتابخانه‌ بێت بۆ په‌روه‌رده‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانی خۆی، ئه‌وه‌ حیزبی شیوعی عێراقی قوتابخانه‌یه‌کی فاشل و سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌. وه‌ک پارتیی و یه‌کیتیی، که‌سانی خراپیان به‌رهه‌م هێناوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ قوتابیه‌کانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ رابکێشرێ، ده‌توانم ته‌نها په‌نجه‌ی ده‌ست بۆ چه‌ند که‌سێکی باشیانرابکێشم و ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ که‌سانی سه‌قه‌ت و درۆزن و دوو ڕووێ دروستکراوی ماشینی حیزبن. من ده‌ست بۆ شه‌هید و پێشمه‌رگه‌کانه‌یان نابه‌م، چونکه‌ ئه‌وانه‌ قوربانی فرت و فێڵ و سیاسه‌تیی چه‌وتی حیزبه‌کان بوون، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ ژیاندا بمانایه‌، دڵنیام ئاماده‌ نه‌ده‌بوون، چیدی دڵۆپێک له‌ خوێنی خۆیان بۆ ئه‌و حیزبانه‌ به‌ فیڕۆ بدایه‌. ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ و خوێنراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی کراونه‌ته‌ بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی حیزبه‌کانیان و ئه‌ندامه‌کانیشیان کردوویانه‌ته‌ وێردی سه‌ر زمانیان، جگه‌ له‌ درۆ و ساخته‌کاری رووت بۆ خۆ شاردنه‌وه‌ و بۆیاخکردنی سیمای خۆیان، بۆ تیماری ده‌ردی ده‌رووونییان، هیچی تر نه‌بووه‌.
حیزبی شیوعی که‌سانی وه‌کو ته‌ها هه‌ڵه‌دنیشی تێدا بووه‌، که‌ به‌ جوانی خۆی په‌روه‌رده‌ کردووه‌، چه‌کی بۆ هه‌ڵگرتوون و پێشمه‌رگه‌شیان بووه‌، لێ ته‌ها چونکه‌ که‌سایه‌تییه‌کی جوان و دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر و له‌گه‌ڵ خۆیدا راستگۆبوووه‌،  شیوعییه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ک ره‌بۆتی حیزب ده‌سته‌مۆی بکه‌ن و هه‌ڵیبسوڕێنن، ده‌بینی ئه‌م  نووسه‌ره‌، به‌ موڕاڵه‌وه‌ تێگه‌یشتن و تێڕوانینی بۆ کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان روون و ئاشکرایه‌، باشتر و نه‌ترسانه‌تر  له‌وانه‌ی که‌ به‌ ناو نه‌ته‌وه‌ییی عه‌یاره‌ بیست و چواریشن، ئه‌م له‌وان دڵسۆزانه‌تر بۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتوووه‌ و له‌ هه‌موو رووداوێکدا جێ په‌نجه‌ و هه‌ڵویستی خۆی پیشانداوه‌، ئه‌رشیڤی نووسیه‌نه‌کانی شایه‌تی قسه‌کانه‌. له‌ نمونه‌ی ته‌ها هه‌ڵه‌دنی که‌من و به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، حیزبی شیوعی ناتوانی به‌ قوتابی خۆی دابنێ، چونکه‌ ته‌ها هه‌ڵه‌دنی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان، دوور له‌ شیوعییه‌کان، په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی خۆی راستگۆییانه‌ راگه‌یاندووه، پێچه‌وانه‌ی ته‌هاش زۆرن و له‌ ژماردن نایه‌ت. حیزبه‌کان عه‌مبارێک بوون بۆ  درۆ و ساخته‌کاریی و که‌سانی بێ مێموڕاڵ کۆکردنه‌وه‌ و دروستکردنی که‌سانی بێکه‌ڵک و ساخته‌کار، که‌سانێکی درۆزنکار له‌گه‌ڵ خوودی خۆیان و  خه‌ڵکدا، به‌ جۆرێک مرۆڤ قێز له‌ ده‌م و له‌ کردار و ره‌فتار و له‌ هه‌ڵویستیان ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ وه‌ک له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه‌ هاتبن، له‌ ئاستیی هه‌موو رووداوه‌کاندا، که‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی تێدا نه‌بووبێت، نابینا و بێگوێی و بێ هه‌ست بوون،  چاو و گوێ و تام و هه‌ستیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌، ته‌نها به‌ ره‌شمه‌ی حیزب بینیویانه‌ و بیستوویانه‌.
یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تییه‌ حیزبیانه‌ی، ئه‌م قوتابخانه‌ حیزبییه‌ به‌ سه‌قه‌تی به‌رهه‌می هێناوه‌، سه‌لام عه‌بدوڵڵایه‌، وانێکه‌که‌ی لقی چواری پارتیی نا، به‌ڵکو هاوڕێی منداڵیی مه‌لا به‌ختیار و ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا داده‌نیشت، که‌ پێش چه‌ند ساڵێک گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خانه‌قین. ئه‌م کاره‌ی لای هه‌ندێک له‌ براده‌رانی خۆی به‌ هه‌ڵوێستی گران پێمان فرۆشرایه‌وه‌.
که‌سێک به‌رده‌وام له‌ بوارێکدا کۆمه‌ڵه‌ چالاکییه‌ک بنوێنێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ڕیک ده‌که‌وێت کارێکی باشیشی له‌ده‌ست ده‌ربچێت، ئه‌مه‌ حیکمه‌ت نییه‌، به‌ڵکو سودفه‌یه‌، تۆ که‌ قومار بکه‌یت و پاره‌ی زۆری له‌سه‌ر دابنێیت، ئه‌گه‌ر دۆلارێکت برده‌وه‌، مانای وا نییه‌ براوه‌یه‌ت، ئه‌و هه‌زاران دۆلاره‌ی دۆڕاندوته‌، تۆ به‌ دۆڕاوی ده‌ناسێنێت، با له‌و کاته‌شدا دۆلارێکت بردبێته‌وه‌ و دڵی خۆتت پێ خۆش کردبێت. پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌یه‌ هه‌ر هه‌مان مه‌به‌ست به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات، ئه‌ویش بڕواکردن و راستگۆییه‌. براده‌رێکم میوانداری کردین، زۆر ستایشی لێزانینی ژنه‌که‌ی کرد که‌ له‌ خواردن دروستکردندا نمونه‌ی نییه‌، به‌ ڕێکه‌وت ئه‌و جاره‌ خواردنه‌که‌ی چکابوویه‌وه‌، چه‌ور و سوێر ده‌رچوو، ئه‌مه‌ نه‌یکرده‌ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌ لێهاتوویی ئه‌و خانمه‌ به‌ڕیزه‌ نه‌که‌ین، سه‌لام عه‌بدوڵڵاش له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان،  زۆر له‌ کۆمۆنیست و هاوڕێ شیوعییه‌کانی ده‌ستخۆشییان له‌م په‌یامبه‌ره‌ی لینین مارکسیزمه‌ کرد، ئه‌مه‌ منی سه‌رسام نه‌کرد، که‌ ته‌نها بۆ کاری باش و خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ گه‌ڕابێته‌وه‌، که‌سێک ره‌بۆتی حیزب بێت، چۆن پرۆگرام کرابێت هه‌ر به‌و لایه‌دا ده‌چێت که‌ پێی وتراوه‌ بچۆ، با وێنه‌ش له‌گه‌ڵ ژنی هه‌ژار و منداڵی جل و به‌رگ دڕاودا بگرێ، با خۆی  پیشان بدات‌ و زگی قۆڕه‌ی بێت، پاره‌ به‌ هه‌ژار و لێقه‌وماوان بدات، یان که‌مپین بکات و به‌ شه‌رمه‌وه‌ له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵیی بنووسێ. ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناکات کورده‌ و دڵی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ ده‌سووتێ، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌کات که‌ شیوعییه‌ و ئه‌وانیش وه‌ک خۆی بکات به‌ ره‌بۆتی حیزب.
 کوردبوون و شیوعیی بوون دوو رێگا و دوو ئامانجی جیاوازن، ئه‌مان له‌ رێگادا ده‌ست ده‌که‌نه‌ ملی ده‌سه‌لات، له‌ ئامانجیشدا دوور له‌ خواستی خه‌ڵک بیرده‌که‌نه‌وه‌، کورده‌ شیوعییه‌کان  وه‌ک شیوعیی عه‌ره‌ب و فارس و تورک و نه‌ته‌وه‌کانی تر نیین، تا پاریزگاریی له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بکه‌ن، به‌رز و پیرۆز رایبگرن، ئه‌مانه‌ له‌ هه‌ستیی به‌ که‌مزانینی خۆیانه‌وه‌  له‌ ناخه‌وه‌ ناسنامه‌ی کوردبوونیان پێ شه‌رمه‌. شیوعیی کورد، واته‌ عێراقیی و ئینکاریی کردن له‌وه‌ی تۆ مافی ژیانی کوردبوون و مافی چاره‌نووس بکه‌یته‌ داخوازیی خۆت. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ فه‌رهه‌نگی حیزبی شیوعیدا، کورد به‌ سووکی سه‌یرکراوه‌ه‌، داگیرکه‌رانیش به‌و شیوه‌یه‌ سووکایه‌تییان به‌ کوردی ژێرده‌ستی خۆیان نه‌کردووه‌، له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا، کاتێک به‌ شیوعییه‌کت ده‌گوت (رۆژ باش)، به‌ ته‌نز و گاڵته‌پیکردنه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایته‌وه‌: (تاکه‌ کڵاش)، کاتێک باست له‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌کرد، یه‌کسه‌ر جڕتیان بۆ لیده‌دایت و ده‌یانووت: با بۆت دادڕم، هێتله‌ر زیندوو بۆته‌وه‌. حیزبی شیوعی له‌ به‌رامبه‌ر کێشه‌ی کورد، مێژووه‌یه‌کی جوانی بۆ خۆی تۆمار نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ی جوانه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ بوون، که‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵیاندا نیین و به‌رگی کوردبوونی خۆیان پێشه‌رم نییه‌ و پشتگیری لێده‌که‌ن.
سێ ساڵ به‌ر له‌ ئیستا سه‌لام عه‌بدوڵڵا، له‌ ناو ئه‌و گروپه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌دا بوو، که‌ چوونه‌ قه‌ندیل بۆ بپچڕاندنی ته‌وقی سه‌ر گریلاکان، ئه‌م چونکه‌ رۆژنامه‌نووس نه‌بوو، رێگرییان لێیکرد، بۆیه‌ خۆی کرد به‌ په‌یامنێری کوردستانپۆست، که‌وا نه‌بوو، که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵ و راستگۆ کاری وا ناکات، ئه‌مه‌ چ جیاوازییه‌کی هه‌یه‌، بێیت ناسنامه‌ یان په‌ساپۆرتێکی ساخته‌ هه‌ڵبگریت؟ من جیاوازییه‌ک نابینم، براده‌رانی کوردستانپۆست ده‌نگیان نه‌کرد، پرسیارم لێیان کرد، گووتیان قه‌یدی نییه‌ با به‌وه‌ خۆی ده‌رباز بکات، مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ کاری باش بکات و ببێته‌ دۆستمان، که‌چی ده‌مبینی هه‌ر هه‌واڵ و بابه‌تێکیش هه‌بوو، له‌ سایت و شوێنه‌کانی تردا بڵاوی ده‌کرده‌وه‌! پێی گوترابوو کوردستانپۆست بڤه‌یه‌ و دژی پارتی و یه‌کیتییه‌، زمانی زبره‌، چه‌کوش وه‌شێنه‌، چاو له‌م ده‌بڵ موڕالییه‌، ئاخر له‌ خۆڕا ناڵێم قوتابخانه‌ی حیزب، قوتابخانه‌ی شه‌رم نه‌کردنه‌ له‌ درۆ و له‌ چه‌واشه‌کاریی.
ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ته‌واویی بۆ مێژوو، بۆ سیاسه‌تیی حیزبه‌کان هه‌بێت، به‌تایبه‌تیی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، ده‌زانێت هه‌ر تاوانێک کرابێت، یان بڕیارێک ده‌رکرابێت به‌ پله‌ی یه‌که‌م سکرتێری ئه‌و حیزبه‌ جه‌لال تاله‌بانیی لێی به‌رپرسه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌کو جێگره‌که‌ی به‌ دووه‌م که‌س ئاوڕی لێده‌درێته‌وه‌، سه‌لام عه‌بدوڵڵا وه‌کو هه‌موو شێوعییه‌کانی تر، له‌سه‌ر پشتئاشان رقی له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام چونکه‌ په‌یوه‌ندی حیزبی شیوعی و تاله‌بانیی فره‌ خۆشه‌، له‌ بری گه‌زۆ، دۆلاریان بۆ ده‌بارێنێت، ئه‌مه‌ش وای له‌ سه‌لام عه‌بدوڵڵا کردووه‌، هێنده‌ی تاڵه‌ موویه‌ک دڵی تاڵه‌بانی له‌ خۆی نه‌ڕه‌نجێنێت، لێ کینه‌ و رقه‌که‌ی له‌ نه‌وشیرواندا کۆکردۆته‌وه‌‌، ئه‌م رقه‌ش باڵی کێشا‌وه‌ بۆ هه‌ڵویستوه‌رگرتن له‌ بزووتنه‌وه‌‌ی گۆڕان، له‌مه‌وه‌ بینیمان چۆن ساڵی پار هێرش و که‌مپینی ده‌ست پێکرد. من وه‌کو که‌سێکی رادیکاڵ چه‌ند دڵم به‌ پارتیی و یه‌کێتیی و حیزبی شیوعی خۆشه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لێره‌وه‌ نامه‌وێت پاکانه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فاش بکه‌م، مادام ئه‌ویش جێگری سکرتێری یه‌کێتیی بووه‌، مێژووی تاوانه‌کانیش به‌ر ئه‌میش ده‌که‌وێت، به‌ڵام وه‌کو حیزبی شیوعی نامه‌وێت باره‌که‌ لاسه‌نگ بێت و به‌ته‌نها قورساییه‌که‌ بخه‌مه‌ سه‌ر نه‌وشیروان موسته‌فا. تا ئیستا سه‌لام عه‌بدوڵڵا وه‌کو ته‌واویی کۆمۆنیست و شیوعییه‌کان نه ره‌خنه‌ نه‌ هه‌ڵویستیی به‌رامبه‌ر به‌ تاوانه‌کانی تاله‌بانی و بارزانیی نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر بووشیبێت ته‌نها منجه‌منجکردن بووه‌ و دڵی ئه‌وانی له‌ خۆی زیز نه‌کردووه‌.
ئه‌مڕۆ حیزبی شیوعی پاشکۆی پارتیی دیموکراتی کوردستانه‌، هه‌ردوو ده‌زگا به‌دناوه‌که‌ی پارتیی (راگه‌یاندن و پاراستن)، کۆنه‌ شیوعییه‌کان تێیاندا کار ده‌که‌ن،  ئه‌وان چالاکه‌وان و دڵسۆزانه‌ دێن و ده‌چن. سه‌لام عه‌بدوڵڵا ناسراوه‌، به‌ سه‌لام که‌مپین، زوو زوو که‌مپین رێکده‌خات و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک له‌ سه‌ر وه‌زن و هاوسه‌نگی خۆی کۆده‌کاته‌وه‌، ناویان ده‌نووسن. مه‌لا کرێکار که‌ ئیسلامێکی تووندره‌وه‌ له‌ نه‌رویج دانیشتووه‌ ئه‌میش زوو زوو فه‌توای کوشتن و قه‌تڵ و عامی خه‌ڵک ده‌رده‌کات، ئه‌مجاره‌یان فه‌توای ساڵی نه‌وه‌ده‌کانی ئه‌پده‌یت کردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر فەتوادان بۆ تیرۆركردنی شێركۆ بێكەس، که‌ لە ناوەڕاستی نەوەدەكان رایگه‌یاند، ده‌ڵێت: ئەوە شەرعە و بۆ ساڵی 2011ش، راستە.، پێشتریش له‌ دژی هه‌ڵمه‌ت گۆران به‌ هه‌مان شێوه‌ فه‌توای ده‌رکرد. فه‌توای کوشتن و بڕین کارێکی نامرۆڤانه‌ و  قێزه‌وه‌نده‌، من له‌گه‌ڵ کوشتن و سه‌ربڕین و خوێنڕشتنی مرۆڤه‌کاندا نییم، مه‌لا کرێکار به‌ که‌سێکی سیاسیی نازانم، چونکه‌ له‌ زاری که‌سێکی سیاسیی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ ناوه‌شێته‌وه‌، که‌سی سیاسیی ئه‌وه‌یه‌‌ لای دوژمن و ناحه‌ز خاڵی لاواز و ناشرینبوون  به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دات، لێ مه‌لا کرێکار ئه‌مه‌ ده‌کات، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌یکات، ناچێته‌ خانه‌ی جیدیی و جێبه‌جێکردنه‌وه‌. وڵاتی چین، که‌ له‌ سه‌رو ده‌ ملیۆن زیاتر موسڵمان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌، ماوتسی تۆنگ که‌ دژی ئاینه‌کان بوو، چونکه‌ سیاسیییانه‌ ره‌فتاری ده‌کرد، رۆژێک سه‌ردانی گوندێکی موسڵمانه‌کان ده‌کات، به‌ پارتییزانه‌کانی خۆی ده‌ڵێت: ئاگاتان لێ بێت ئه‌مانه‌ موسڵمانن، نابێت به‌ پێڵاوه‌وه‌ بچنه‌ نێو مزگه‌وته‌که‌، ده‌بێت رێزیان لێبگرن، ماوتسی تۆنگ ئه‌مه‌یان پێ ده‌ڵێت، ئه‌وانیش به‌ گوێی ده‌که‌ن و پێڵاوه‌کانیان داده‌که‌نن، ئه‌وسا ده‌چنه‌ نێو مزگه‌وته‌که‌.
ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ئازادییان به‌ ده‌ست هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ نمونه‌ی ئه‌م سه‌رکردانه‌یان هه‌بووه‌، ئه‌و سه‌رکردانه‌ش که‌ بوونه‌ته‌ رابه‌ڕ، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت و بیروباوه‌ڕ و ئاستیی وشیارییان بووه‌. له‌ ناو کورددا ئێمه‌ سه‌رکرده‌ و رابه‌ری وامان نییه‌، به‌ مه‌لا کرێکاریشه‌وه‌.
سه‌لام عه‌بدوڵلا بۆ ئه‌مه‌ هاتووه‌ که‌مپین دژی مه‌لا کرێکار راده‌گه‌یه‌نێت، کامپینێک، ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه‌، نه‌ک به‌جێهێنانی کاریی تیرۆرکردنه‌که‌، هه‌ر که‌سێک ده‌ستخۆشی له‌ سه‌لام عه‌بدوڵڵا بکات، به‌ خۆی و هاواڕێکانییه‌وه‌، ده‌بێت بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستم له‌ هه‌ندێک له‌وانه‌ نییه‌، که‌ ناویان له‌ که‌مپینه‌که‌دا هاتووه‌ و ناوی خۆیان نووسیوه‌، به‌ڵام ده‌پرسم: خێره‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن و تیرۆرکردنێک سه‌لام عه‌بدوڵڵا که‌مپینێک رێکده‌خات، به‌ڵام ده‌یان که‌س له‌ خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ تیرۆکران و منداڵی وه‌ک گه‌رمیانی تێدا بوو، به‌ سه‌دانیش بریندار کرا و ئازار درا، که‌چی ئێوه‌ی شیوعی و چه‌ند نووسه‌ر و نووسه‌ر و روناکبیره‌کان تاڵێ له‌ مووی مه‌ردانه‌تان نه‌بزوا و که‌مپینێکتان بۆ ئه‌و هه‌موو پێشێلکارییه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانی رێکنه‌خست؟ له‌کاتێکادا له‌مه‌یاندا که‌سه‌کان به‌ راستیی تیرۆرکران و ئازاردران، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شێرکۆ ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی رووته‌؟
ئایا ئێوه‌ که‌سانی چه‌واشه‌کار نیین ده‌تانه‌وێت له‌کات و سه‌رده‌مێکی وا هه‌ستیاردا که‌ شه‌قامی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عه‌ره‌بییه‌کان ده‌کوڵێت، که‌چی ئێوه‌ به‌م جۆره‌ که‌مپین و چالاکییه‌، ده‌تانه‌وێت خه‌ڵکه‌که‌ به‌لارێدا به‌رن و ساردیان بکه‌نه‌وه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ بیرۆکه‌ی خۆتانه‌ یان راسپارده‌ی پاراستن و ده‌زگای زانیاریی؟ چونکه‌ پێشووتریش به‌دران حه‌بیب و سه‌رۆ قادر، حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی نووسینیان دژی مه‌لاکان ده‌نووسی و که‌مپینیان راگه‌یاند، دواییش ده‌رکه‌وت که‌ پاراستن له‌ پشت ئه‌م کاره‌وه‌ وه‌ستابوو، کاک سه‌لام عه‌بدوڵڵا گه‌ره‌نتی چییه‌ که‌ به‌ڕێزتان داشی دامه‌ی پاراستن نیین، که‌ له‌م کاته‌ هه‌ستیاره‌دا ئه‌م چالاکییه‌ی تێدا ده‌نوێنن‎؟ ئه‌گه‌ر که‌مپین به‌ڕێخستن ره‌وای هه‌بێت ده‌بوو بۆ کۆشتن و بڕین و ئازاردانی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش بکرایه‌ و ره‌واتان پێی بدایه‌، که‌ له‌ راپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌کای سه‌رای ئازادییش کوژران و بریندارکران و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کرا؟ ئه‌گه‌ر شێرکۆ بێکه‌س هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌، خۆ ده‌یان که‌سی تریش هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه‌؟ بۆ ده‌بێت بڕیاری که‌مپینه‌کانی ته‌نها دژی لایه‌نانه‌ بێت دوور بێت له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانی و به‌رپرسه‌کان؟
له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌م سه‌رنج و ره‌خنانه‌م له‌ سه‌ر به‌شێک له‌و که‌سانه‌ نییه‌، که‌ ناوی خۆیان له‌ کامپینه‌که‌ نووسیوه‌، هه‌ندێکیان شایانی رێز و ستایشن به‌ تایبه‌تی که‌سانی وه‌کو د. فایه‌ق گوڵپی که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کان رۆڵی هه‌بوو، ئه‌م جۆره‌ که‌سایه‌تییانه‌ نمونه‌ی جوانیی و راستگۆیین، به‌ڵام که‌سێکی وه‌کو سه‌لام عه‌بدوڵڵا که‌ هیچ هه‌ڵوێستێکی له‌ سه‌ر تاوانه‌کانی پارتی و یه‌کێتی نه‌بوو، ئیستا دێت که‌مپین بۆ شێرکۆ بێکه‌س به‌ڕیده‌خات، بۆیه‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێم ئایا سه‌لام عه‌بدوڵڵاکان له‌ داکۆکیکردن له‌ ئازادیی سیاسیی و مافی مرۆڤ راستگۆن، یان نا؟

بۆ بینینی که‌مپینه‌که‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=4708&Besh=Hewal&Cor=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە