ئاڵتون و پارە سەرى چوار كوڕى ئاڵتون فرۆشێك دەنێتە چاڵ

Friday, 26/10/2012, 12:00

4557 بینراوە






راپۆرتى : ئازاد عەلی

ئاڵتون و پارە چوار كوڕى ئاڵتون فرۆشێكى دانیشتووى قەزاى خورماتوو بەكوشت دەدات، كە چوارەم كوڕى ئاڵتون فرۆشەكە لەسەر دەستى ئەندام كۆمیتەیەكى یەكێتى كوژرا.
كوژرانى چوار كوڕەكەى ئاڵتون فرۆشەكە جگە لە سەروەت و سامانەكەیان كە لەلایەن دز و رێگرەوە تەماعى تێكرابوو، هیچ هۆكارێكى ترى لەپشتەوە نەبووە بەتایبەت كێشەى لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە.
نەهامەتیەكانى ئاڵتون فرۆشەكە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد كاتێك سێ كوڕى لە دوكانەوە بۆ ماڵ گەڕابوونەوە و لەوكاتەدا لەلایەن چەند كەسێكى نەناسراوەوە بۆمبى چێنراویان بۆ دانرابوو بۆمبەكە تەقیوەتەوە پێیاندا و هەر سێ براكە كوژراون.
لەكاتى تەقینەوەى بۆمبە چێنراوەكە پێیاندا سێ براكە بڕێكى زۆر ئاڵتونیان پێبووە، بۆیە ئەو كەسانەى بۆمبەكەیان بۆ دانابوون هەلى كوژران و برینداربوونى سێ براكەیان قۆستبوویەوە و ئاڵتونەكەیان بردبوون.
شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى دووز خورماتوو، رایگەیاند"ئەو سێ برا كە كوڕى ئاڵتون فرۆشێكى دووز بوون بۆ ئاڵتونەكانیان كوژران".
ساڵى پار دواى كوژرانى ئەو سێ كوڕەى لەرێگەى ژمارە تەلەفۆنێكى نەناسراوەوە هەڕەشەى كوشتن لە ئاڵتون فرۆشەكە كراوە، ئەگەر بڕێك پارە و ئاڵتونیان پێنەدات، بۆیە جێگەیان دیاریكردبوو تا ئاڵتون فرۆشەكە پارە رادەستى هەڕەشەكەرەكان بكات.
پێش رادەستكردنى پارەكە بەهەڕەشە كەرەكان لەلایەن ئاڵتون چیەكەوە پۆلیس لەمەسەلەكە ئاگادار كرابوویەوە، بۆیە لەكاتى تەسلیمكردنى پارەكەدا پۆلیس هەڕەشەكەرەكانى دەستگیركردبوو.
یەكێك لەهەڕەشەكەرەكان ناوى (ه) كوڕى ئەندام كۆمیتەیەكى یەكێتى بووە بەناوى (ع) كە لەلایەن پۆلیسەوە و لەكاتێكدا ویستوویەتى پارەكە لەئاڵتون چیەكە وەربگرێت دەستگیركرابوو.
دواى تێپەڕبوونى ساڵێك بەسەر دەستگیركردنیدا، دوو هەفتە لەمەوبەر دادگا بڕیارى كۆتایى لەسەر دۆسیەى كوڕى ئەندام كۆمیتەكەدا و بە دووساڵ زیندانیكردن.
قایمقامى قەزاى دووز، روونیكردەوە كاتێك هەواڵى حوكمدانى كوڕەكەى بیستووە، ئەندام كۆمیتەكە رۆیشتووەتە گیانى ئاڵتون فرۆشەكە و لەگەڵ كوڕێكیدا تەقەیان لەیەكترى كردووە.
شەلال عەبدول وتى"كوڕى ئاڵتون فرۆشەكە هەردوو قاچى ئەندام كۆمیتەكەى بەدەمانچە شكاندووە و ئەندام كۆمیتەكەش كەناوى (ع) ئەوى كوشتووە".
بەوتەى قایمقامى دووز، بەم كوڕەیەوە كە ئەندام كۆمیتەكە كوشتوویەتى ئاڵتون فرۆشەكە چوار كوڕى كوژراوە.
دواى كوشتنى كوڕى ئاڵتون فرۆشەكە لەتۆڵەى حوكمدانى كوڕەكەیدا، ئەندام كۆمیتەكە هەڵاتووە و خۆى گەیاندووەتە بازنەى حەمرین ى یەكێتى و پێیوتوون كە تەقەیلێكراوە و داوایكردووە دەربازى بكەن.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەمەڵبەندى حەمرین ى یەكێتى، بە رایەڵى راگەیاند"ئەندام كۆمیتەكە كاتێك بەبریندارى خۆى گەیاندە بازنەى حەمرین داوایكرد بەئۆتۆمبێل دەربازى بكەن".
سەرچاوەكە، روونیكردەوە بەڵام ئەوان داواكەیان رەتكردووەتەوە و بۆیە كەسێكى خزمى ئۆتۆمبێلێكى هێناوە و فڕاندوویەتى بەرەو گوندى سەى جەژنى كەدەكەوێتە نێوان دووز و كفرى.
قایمقامى قەزاى دووز، رەتیكردەوە لەنێو بازنەى دووزەوە هاوكارى ئەندام كۆمیتەكە كرابێت و دەرباز كرابێت، جەختیكردەوە كەسێكى خزمى دەربازى كردووە.
شەلال عەبدول، ئەوەى خستەڕوو زانیاریان دەستكەوتووە كە رووی كردووەتە گوندەكانى داودە و لەوێوە رۆیشتووەتە گوندى سەید جەژنى، بۆیە پۆلیس و ئاسایشى كفرى و زنانەیان ئاگاداركردووەتەوە تا دەستگیرى بكەن.
هەروەها وتى"دواتر هێزێكى ئاسایشى ناحیەى زنانە ئەندام كۆمیتەكەیان لەگوندەكە گرتووە و رادەستى دادگایان كردووە".
كوژرانى كوڕى ئاڵتون چیەكە لەسەر دەستى ئەندام كۆمیتەكە دەنگۆیەكى گەورەى لەناو قەزاى خورماتوودا دروستكرد، بەتایبەت كە ئەوە چوارەم كوڕى ئاڵتون چیەكەبوو بەهۆى سامانەكەیەوە بكوژرێت.
دەنگدانەوەى رووداوەكە وایكرد مەڵبەندى گەرمیانى یەكێتى كەبازنەى حەمرین (دووز) سەربەو مەڵبەندەیەو، لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەى رووداوەكەیان كرد و جەختیانكردەوە پشتیوانى لەئەندام كۆمیتەكە ناكەن و دەبێت دادگا سزاى بدات.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە