وەچەیەکی زامدار و شێواو!

Thursday, 06/03/2014, 12:00

1897 بینراوە


چۆن لە سایەی سیستمێکی مرۆڤدۆستی دیموکراتی ڕاستەقینەی بنجداکوتراو زۆربەی مرۆڤەکانی دروست و ئارام و هاوسەنگ و بێوەی و ناتوندوتیژ دەردەچن، بە هەمان شێوە لە سایەی سیستمێکی پڕلە ترس و دژەمرۆڤی دیکتاتۆری پڕ لە ناعەدالەتی زۆرێک لە تاکەکانی نادروست و پڕ فڕ و فێڵ و نائارام و ناهاوسەنگ و توندوتیژ یا بەلای کەمەوە ئامادەی توندوتیژی دەردەچن. دەیان ساڵە (تازە نازیەکان) ی ئەڵمانیا و (ڕاستڕەوە ڕەگەستپەرستەکان) ی فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا نەیانتوانیوە ببنە هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کاریگەر، چونکە سەرکردە و ڕابەرە دیموکرات و چەپەکانی ئەو وڵاتانە لە دوای جەنگی جیهانی دوهەم توانیان سیستمی مرۆڤدۆستی دیموکراتی ڕاستەقینەی وا دروستبکەن، کە چیدی زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتانە نەهێڵن (هێتلەر) ێکی تر دروستبێتەوە. کە گەڕامەوە بۆ باشوری کوردوستان لە چەندین کۆڕ و کۆمەڵدا پێیان دەوتم (کوردوستان زۆر پێویستی بە پسپۆڕی دەرونی هەیە، هەمومان نەخۆشین)، بێگومان مەبەستیان لەوە بو کە بە هۆی پتر لە سی ساڵ ژیان لە ژێر سایەی ڕژێمی سەدام دا، ڕۆح و دەرونی زۆربەی مرۆڤەکان ئێش و ئازاری پێگەیشتوە و بۆ ساڕێژبونی زامەکانیان پێویستیان بە پسپۆڕی دەرونی وەک من هەیە. ئێستا کە سێ ساڵ و نیو بەسەر گەڕانەوەم لە ئەڵمانیا تێپەڕیوە و هەموی و تا ئێستاش بەردەوام وەک پسپۆڕی دەرونی کارم کردەوە و کاردەکەم ، بۆم دەرکەوتوە ئەو قسەیە بۆ بەشێکی زۆر لە تاکەکانی ئەو وەچەیەی ئێستا تەمەنی ٣٥ ساڵ و بەرەو ژورە ڕاست و دروستە. بە هۆی نەهامەتیەکان و ڕۆژە ڕەشەکانی ژیان لە ژێر سایەی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام و دواتر لە ژێر سایەی شەڕی براکوژیی پارتی و یەکێتی و ئینجا ئیسلامی و یەکێتیدا، دواتریش لە ژێر سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ و دواکەوتو و ناڕەوای پارتی و یەکێتی دا، زۆر کەس ناچار کراوە یا ناچار بوە یا تێوەگلاوەکە هەندێ شت بکات کە دژی بیر و ویژدان و ڕۆح و قەناعەتی ناوەوەی خۆی بوە، هەر لە جاسوسی و کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئینسانەوە بگرە تا ئەوەی وا زەلیل و سوک و بێنرخ کراوە کە دەست و پێی دەسەڵاتدارێک ماچبکات بۆ فەردەیەک ئارد یا هەر دەسکەوتێکی تری ماددی لە پارە و پلە و پایە و موڵک و.. هتد. هەندێکی تریش لە تاکەکانی ئەو وەچەیە لە ناچاریدا وڵاتیان بەجێهێشت و هەمو زەلیلی و تاڵیەکانی ڕێگای ئاوارەبون و پەنابەریان چەشت. زۆرێک لە تاکەکانی ئەم وەچەیە دەناڵێنن بەدەست یادگارە تاڵەکانی ژیانیانەوە: توڕەن، توندوتیژن، غەمبارن، لە ژیان بێزارن، پەشیمانن، بێهیوان،خەمساردن(apathic) و بڕوایان بە هیچ نەماوە، پیلانگێڕ و سەدڕو و خۆپەرست و تێرنەخۆرن، سەفتە دۆلارەکانیان دڵیان خۆشناکات، ڕقیان نەک هەر لە خەڵکە بەڵکو ڕقیان لە خۆشیانە، بە مەی هەوڵدەدەن ئێستا و ڕابوردوی پڕلە برین و زامیان لە بیر بەرنەوە. کە تازە گەڕابومەوە تاکێکی خاوەن پلەی سەر بەم وەچەیە لە میانەی وتووێژێکی ئاسایی دا وتی (ئەوانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە ڕەخنە لە هەمو شتێک دەگرن، بەڵام پاش ماوەیەک خۆیان لە ئێمە ئەنگەس تر دەردەچن)، ئەنگەستر وشەیەکی عەرەبیە بەرامبەرەکەی(بێقیمەتتر وکەم و کورتتر) ە. پلەبەرزێکی، زۆربەرزی خاوەن نوسینگە و سکرتێری! ڕوخاو و زامداری تری سەر بەم وەچەیە ناڕاستەوخۆ پێی وتم (یەکێک کەر نەبێت لە ئەوروپاوە ناگەڕێتەوە بۆ کوردوستان). کەسانی لەم جۆرەی سەر بەم وەچەیە چیدی چاکنابن و بە سەد پسپۆڕی دەرونی چاکناکرێن، دەبێت هەرچی زوترە لابدرێن و لاوانی زرنگ و بەهرەدار و دڵسۆز و دڵگەرم و پڕوزە و توانا جێگەکانیان بگرنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە