بێ ئومێد نابین، رۆژی سەركەوتن نزیكە

Tuesday, 22/02/2011, 12:00

1392 بینراوە


بێ ئومێد نابین، رۆژی سەركەوتن نزیكە

ئارام حەمە ئەمین

دوای سێ رۆژ خۆپیشاندان لەسلێمانی كە ئەوپەڕی توندوتیژی لێكەوتەوە، دواجار بڕیاردرا كە ئیتر بەهێمنی بێت، ئەو توندوتیژییەی كە میلیشیاكانی هەردوو حزب بەرامبەر بەخۆپیشاندەران ئەنجامیان دا زەرەرمەندی یەكەم ئەو گەنجە خوێن گەرمانە بوو كە شەو رۆژیان خستە سەر یەك نامەوێ ئەو دیمەنە ناسروشتی یەی 17ی شوباتی بەردەم لقی 4ی پارتی بگێڕمەوە، چ كارەساتێك قەوما و چۆن هەر جەستەی گەنج بوو دەكەوت بەسەر گەنجدا، دوو رۆژ دوای ئەوەش لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكان دا بەعس ئاسا دەكەوتنە گیانی خۆپیشاندەران و بەجۆرەها شێواز ئازاری جەستەی یان دەدان، بەڵام ئەوە بۆ سێ رۆژ دەچێت گەنجانی سلێمانی بەبێدەنگی خۆپیشاندانی خۆیان دەكەن و مەیدانی سەرا بۆتە مەیدانی تەحریر.

هیچ بوارێك نەماوە بۆ دەسەڵاتدارانی كوردستان تەنیا جێهێشتنی ئەم وڵاتە نەبێت یان دەستهەڵگرتن لەو دەسەڵاتەی كە هەیانە، چونكە شەقام گەیشتە ئەو راستییەی كە چاكسازی بەم گەندەڵانە ناكرێ، ئێستا یەكێتی و پارتی لەبەردەم هێزێكدا نین تا بەسەركوتكردن و گوللەبارانكردن بتوانن بیانترسێنن، هێزێك هاتۆتە ئاراوە كە تەمەنیان لەنێوان 14-25ساڵدایە كە كە نەك سیاسەتی توندوتیژییەكانی پارتی و یەكێتی، بەڵكو هەموو جبەخانەو تەقەمەنی و ئەم دوو حزبە ناتوانێت یەك تنۆك لەو حەماسەی خۆپیشاندان كەمكاتەوە، هاوڕێیەكم وتی: زۆر دەترسم ئەم خۆپیشاندانە بێدەنگی یەی گۆڕەپانی تەحریری سلێمانی وای لێبێ كە تووشی نائومێدیم بكات و دەسەڵات بەكارێكی ئاسایی تێبگا و بیر لەوە نەكاتەوە كە بەدەنگمانەوە بێ، چونكە ئەم دەسەڵاتە بەس ترس بۆ سەری دروست نەبێ، حەز دەكات سەدان مانگرتنی جەماوەری و خۆپیشاندان بكە لای ئەو مێشێكەو بەلایدا دەڕوات.

ئەو هاوڕێ یەم بۆچونەكەی درۆ نی یە چونكە بەڵێندان لەفەرهەنگی ئەماندا لاپەڕەیەكی سپی یە و كاری پێناكەن، چونكە رۆژانە سەدان بەڵێنی درۆ بەخەڵك دەدەن و جێیەجێی ناكەن ئەوان بەلایانەوە ئاساییە كە هەزاران قسە بكرێ لەلایەن ئەو گەنجانەوە بەمەرجێك كار نەكاتە سەر گیرفانیان بەرژەوەندی یە ئابوریە كانیان، بەڵام ئەم شۆڕشە جەماوەری یەی ئەمجارە بەوەوە ناوەستێ بەڵكو سەرو ماڵیان رادەماڵێ و تەنیا ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە ئەوانەی تا ئێستا بیریان لەوە نەكردۆتەوە پاڵ بدەن بەم شۆڕشەوە ئەوا پاڵ بەن بەم شۆڕشەوە و كاتی ئەوەش هاتووە جەماوەر كاتێكی دیاریكراو بۆ ئەو دەسەڵاتە دابنێت بۆ وەڵامدانەوە ئەگەرنا وا لەخۆپیشاندەران دێت نائومێدی باڵیان بەسەردا دەكێشێت كە ئەمەش بەشێكە لەو سیاسەتەی كە ئەو دوو حیزبە پەیڕەوی دەكەن.

ئارام حەمە ئەمین

4e12

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە