رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


تاڵەبانی سیاسییه‌ک و سەرکردەیەکی وەجاخ کوێر

Friday, 04/01/2013, 12:00

1635 بینراوە


هیچ نەتەوەیەك هێندەی میللەتی کورد مردوو پەرست نییە. لەلای گەلی کورد تەنها مردن بەسە بۆت بۆ ئەوەی کە ببیتە قارەمان گرنگ نییە جاش بووبیت یان خیانەتکار، میللەتفرۆش بووبیت یان تاوانبار. باس له‌ مێژوویەکی دوور ناکەم تا گومانی ڕاست و درۆیی تێدا بێت بەڵکو باسی مێژوویەک دەکەم خۆم بەچاوی خۆم بینیومە.
سەرکردەکانی بەناو شۆڕشی ئەیلول بە بارزانی باوکیشەوە دەیان و بگرە سەدان تاوانیان بەرامبەر بەم گەلە ستەمدیدەیە ئەنجام داوه‌، لەوانە ئاشبەتاڵ کردن بە شۆڕشی میللەتێك کە دەیان هەزار شەهیدی دابوو، هەروەها دزینی مومتەلەکاتی ئەو شۆڕشە کە بە دەیان ملیۆن دیناری ئەو کاتە مەزەندە دەکرا. هەروەها شەهید کردنی نەیارەکانی لەوانە شەهید فاخر مێرگەسوری و سولەیمانی موعینی و کەمالی ئەحە ڕه‌ش، هەروەها کلك گرێدان لە گەڵ دوژمنانی نەتەوەی کورد . کەچی تەنها بە مردنی بارزانی دەبێتە پاڵەوان و سیمبول و جەماوەری کوردستان ساڵانە دەبێت بچنە سەر مەزارەکەی و کرنوشی بۆ بەرن.

تاڵەبانی کە مێژووی خەباتی کوردایەتی پڕە لە هەوراز و نشێوو ئەویش شەریکە بەشی بارزانی باوك و بارزانی کوڕە لەو هەموو نەهامەتیانەی کە بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە لەوانە شەڕی نەگریسی ناوخۆ و گەندەڵی و دزینی داهاتی ئەم میللەتە لە بۆدجە و سامانی نەوت. کەچی هێشتا نەمردووە لێیان کردووین بە هیشۆمینە و غاندی.
ئاخر ئەگەر تۆزێك بە ویژدانەوە و دوور لە سۆزە، سەیری کەسایەتی تاڵەبانی بکەین تاڵەبانی جگە لە کەسێکی خۆپەرست و بێگانەپەرست شتێکی تر نەبوو. ڕاستە تاڵەبانی لە سەرەتای تەمەنیەوە تێکەڵ بە سیاسەت و بزاڤی نەتەوەیی بووە بەڵام ئەگەر خێر و شەڕی بۆ میللەتەکەی لەیەك بدەین دەبێت دادگایی بکرێت.

تاڵەبانی ئێستا نەخۆشە و هەرگیز هیوا خواز نیم بمرێت، چونکە ئاواتی مردنی دوژمنەکانیشم ناخوازم بەڵام با لەڕووی ویژدانەوە بڵێم تاڵەبانی تاوانبارە بە تواندنەوەی کۆمەڵەی ڕنجدەران کە بزوتنەوەیەکی جەماوەری تێکۆشەر بوو. دواتر تاڵەبانی تاوانبارە بە لاواز کردن و پوکانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تاکوئەم چرکە ساتەش توانای قسەکردنی نییە سکرتێری ئەو حیزبەیە.

نزیکەی ٣٨ ساڵە تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانیە ئەمەش درێژترین تەمەنی سەرۆکایەتیە لەدوای موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا کە پارساڵ بەشێوەیەکی تراژیدی بە سزای گەل و میللەتی لیبیا گەیشت.

لەماوەی ئەم سەرۆکایەتییەدا تاڵەبانی ڕۆڵێکی زۆر سەلبی بینیوە لەنێوان سەرکردایەتی حیزبەکەیدا بەجۆرێك هەرگیز نەیهێشتەوە چوار ئەندامی مەکتەب سیاسی لەناو یەکتردا تەبا و هاودەنگ بن یان بەمانایەکی تر هەرگیز نەیهێشتوە سەرکردایەتی یەکێتی یەك هەڵوێست بن و بتوانن ڕەخنە لە تاڵەبانی بگرن. تاڵەبانی زیاتر سەرکردەیەکی براغماتیکی بوو لەوەی کە کەسێکی خاوەن ستراتیژ بێت هەر بۆیە تاڵەبانی هەڵوێستی سیاسی جێگیری نەبوو بەڵکو سەرکردەیەکی ڕاڕا بوو. لەدوای ڕوخانی سەدام و لکاندنەوەی کوردستان بە عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ تاڵەبانی چاوی بڕیبووە کورسی سەرۆکایەتی نەوەک وەک دەستکەوتێكی نەتەوەیی بۆ میللەتی کورد بەلکو تەنها بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و دروست کردنی مێژوویەك بۆ خۆی. ئەگینا بوون و نەبوونی تاڵەبانی لە بەغدا نە دینارێك لە بۆدجە زیاد دەکات نە مودیر عامێك دادەمەزرێت بەڵکو دەسەڵاتی سەرۆك کۆمار زیاتر تەشریفاتیە نەوەك تەنفیزی.

لە زۆربەی دەستورەکانی دونیادا سەرۆك کۆمار دەبێت واز لەسەرۆکایەتی حیزبەکەی بهێنێت ئینجا دەبێت بە سەرۆك کۆمار واتە سەرۆك کۆمار ناتوانێت دوو پۆستی سەرۆکی هەبێت لە یەك کاتدا کەچی بارزانی و تاڵەبانی گوێ بەو کەلتوور و دەستوورە نادەن. تاڵەبانی لە دوای بوونی بە سەرۆك کۆمار و چوونی بۆ بەغداد کەلێنێکی دروست کرد بۆ مەسعود بارزانی تا وەک ڤایرۆسێکی شێرپەنجە بچێتە ناو جەستەی یەکێتییەوە لەماوەی سەرۆکایەتی تاڵەبانی لە بەغدا تاکۆ ئێستا یەکێتی گەیاندۆتە لێواری مەرگ . کاتێك بارزانی زانی تاڵەبانی لکاوە بەکورسی سەرۆک کۆماریدا و بەری نادات کەوتە پەلاماردانی جەستەی یەکێتی و هەرڕۆژە و بیانوویەکی پێ دەگرت و مەرجی زیاتری بەسەردا دەسەپاند. نەوشیروان مستەفا وەکو خەمخۆرێکی یەکێتی دادی خۆی گەیاندە تاڵەبانی لەدەست گەندڵی پارتی و بەرپرسانی ناو یەکێتی کەچی تاڵەبانی لەبەر خاتری کورسیەکەی خۆی دڵی مەسعود بارزانی پێ نەدەشکێنرا و هەموو جارێك بە پینەو پەڕۆ و بەڵێنی درۆ نەوشیروان مستەفای بێدەنگ دەکرد ، تا دواجار لە یەکێتی جیابووە و کۆمپانیای ووشەی دروست کرد و دواتر بزوتنەوەی گۆڕانی تیا لە دایک بوو.

سەرۆکایەتی تاڵەبانی قۆناغێکی زێڕین بوو بۆ گەشەکردنی پارتی و پوکانەوەی یەکێتی . تاڵەبانی بەنەخۆشیش واز لەسەرۆکایەتی حیزبەکەی ناهێنێت، ئاخر خۆ تاڵەبانی نەخۆشیەکەی هی ئەمڕۆ نیە بەڵکوئەوە نزیکەی شەش ساڵە نەخۆشە و بەڕێگەی نەخۆشخانەوەیە کەچی تاکو ئێستاش نەیتوانیوە جێگرێك بۆ خۆی دابنێت یاخود نەیتوانیوە دەستبەرداری سەرۆکایەتی حیزبەکەی ببێت بۆ جێگرەکەی . لەهەمویشی سەیرترئەوەیە کە تاڵەبانی دوو جێگری بۆ خۆی دانابوو تاکو دوای مردنیشی کوتلەو کوتلەکاری دروست بێت لەناو یەکێتیدا هەروەکو ئێستا دەبینین کەس حیساب بۆ کەس ناکات کەس وەلای بۆکەس نیە. تاڵەبانی لەڕووی سیاسیەوە وەجاخی کوێرە چونکە ئەوە سی و حەوت ساڵە سەرۆکی حیزبێکە تاکو ئێستاش نەیتوانیوە کەسێکی بەتواناو شایستە بۆ جێگرەوەی خۆی دابنێت بۆ ئەوەی لەدوای مردنی خۆی حیزبەکەی نەبێتە ئاردی ناو دڕك و پارچە پارچە نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە