بۆ ئەو مرۆڤانەی بەدوای خۆیاندا دەگەڕێن !

Monday, 11/06/2012, 12:00

5537 بینراوە


نیکۆس کازانتزاکیس، لە ڕۆمانی (مەسیح لە خاچ دەدەنەوە) بەناوی باوە فۆتیسەوە دەڵێ :مردنی خۆم لە دەستپانکردنەوە بە باشتر دەزانم.
کاتێک نووسەری گەورەی تورکیش (عەزیز نەسین) لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا باس لە گفتوگۆی دوو کەس دەکات لەناو بەلەمێکدا کە کەسی یەکەم دەست دەکاتە گازندەکردن لە ژیان و حوکمەت، کەسی دووهەم تەنها گوێ دەگرێت، بەڵام کاتێک دادەبەزن، هەردووکیان لای نزیک فەرمانبەری پۆلیس چاویان بەیەک دەکەوێته‌وه‌، کابرای یه‌که‌م بە گوێگرەکە دەڵێ چی دەکەیت، گوێگرەکە دەڵێ بەهەڵە نەچوم زانیم سکاڵام لە سەر تۆمار دەکەیت، وامن دەستپێشخەری دەکەم.
هەندێ کەس هەیە وەک (زۆبیی) کۆیلە تەنها لەخەودا خەو بەئازادییه‌وە دەبینن . دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکە بەردەوام لەسەر تێکشکاندنی مرۆڤی کورد کاردەکات، دەسەڵاتێکە کە ئیتر تاکی کوردی کردۆتە کۆیلە و وای کردوە ئاسان مرۆڤێک نابینیتەوە هیوای بە بەها جوانەکای ژیان مابێت . بێمەڵامەت نییە، نووسەرێکی ناسراوی کورد دەڵێ ئەوانەی ڕەخنە دەگرن، گەر ووشەی پارتی و یەکێتی یان لێوەرگریتەوە ناتوانن ڕەخنەبگرن، ئەو نوسەرە زەبەلاحە دەیەوێت ئێمە ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئەفریقا بگرین و واز لە موچە و بەراتوه‌رگرتنه‌که‌ی ئەو بهێنین، بەڵام ئەو خۆی بیری چۆتەوە، که‌ ڕەخنەکانی ئەو ڕوویان لە کێ بووه‌؟
ئەمڕۆ هەرێمێک و ووڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بۆتە جێگەیەک کە هەرچی دیکتاتۆرو جەلاد و پیاوکوژی دنیا هەیە داڵدە دەدات، ئەو دوو جێگەیەش ووڵاتی سعودی و سەری ڕەشەکەی مەسعود بارزانییە .
سەیرکەن هەرچی دیکتاتۆرێک ڕاو دەنێن، ووڵاتی سعودیەی عەرەبی دەبێتە جێگەی و هەرچی پیاو کوژ و تیرۆریستی ترسنۆک هەیە هەرچی دز و قاچاخچی هەیە، پۆلیسی ئەنتەرپول بەدواوەیەتی، که‌چی سەری سور دەبێتە مۆڵگای .
نیتشه‌ ده‌ڵێت  (شتێک کە لەناوم نه‌بات، بەهێزترم دەکات) کەچی ئێمەی کورد ئەوەی هەڕەشەی لەناو بردنمان لێ دەکات لاواز و خۆپەرست و ترسنۆکمان دەکات .
لە ڕۆژگارێکی سەیردا دەژین، هەموو هەڕەشه‌کان وەک ڕۆژی ڕوون لێمانەوە دیارەو کەچی خۆمان له‌و هه‌موو مه‌ترسییه‌ بە دووردەگرین .
گەر سەروەتی نیشتمانی ئاوا چەند ساڵێکی تر هەراج بکرێت، پاشەڕۆژێکی هێندە ڕەش چاوەڕێمان دەکات ئیتر لەسەر نەخشەی جیهان بیابانێک پڕ لە نەخۆشی و گەرما و میکرۆب چاوەڕێمان دەکات، گەر ژێرخانی نیشتمانەکەمان ئاوا بەبێ بەرنامە و لەڕێگەی ئەو مافیا ترسنۆکانەوە بەهەدەر بدرێت، ئەوە لە داهاتوەیەکی نزیکدا نیشتمان دەبێتە جێگەیەک، ده‌توانین بەراووردی بکەیت لەگەڵ ووڵاتیکی ئەفریقادا.
کێ تاوانبارە ؟ هەر دەسەڵات یان ئەوانەی نەرم نەرم دەچنەوە بۆ موچە و بەرات ؟ ئەوانەی لە قسە و ووتارە ئاگراویه‌کانیان ژوان بونەتەوە؟ ئەوانەی ئینتمایان بۆ خاک نەماوە و گوندەکانیان جێ دەهێڵن و دەبنە پۆلیس و حیمایەی شەرواڵ چڵکنە ترسنۆک، دز، ئیتڵاعات و میت و بەعسیه‌کان .
لەنیشتمانی ئێمەدا وونبوونێکی سەیر هەیە، خۆپەرستیەکی بێشومار، ترسنۆکیەکی لە ڕادەبەدەر، تاکەکانی کورد، بەتامەزرۆوە لە چیرۆکی ئەفسانەی جمونگ دەڕوان و هەمووشیان ئارەزوو دەکەن بچنە ناو کەسایەتی جمونگەوە، بگرە زۆریان خۆیان بە جمونگ دەزانن، کەچی کە سبەینێ ڕۆژ دەبێتەوە، هەموویان دەچنەوە ناو کەسایەتییە تێکشکاوەکانی خۆیان و هاوڕێکانیشیان تاوانباردەکەن بەوەی دڵیان شکاندوون .
کەچی دەسەڵات نابینێ هەموو ڕۆژێک نەک دڵی دەشکێنێ، بەڵکو کەسایەتی تێک دەهاڕێت و بەناوی ئەوەوە سوکایەتی بەخۆی بەماڵ و منداڵ و به‌ ژیان و داهاتووشی دەکات .
دراوسێکەم ووتی ئەمڕۆ کوڕمان بوو بڕیارم داوە ناوی بنێم جمونگ، من پێکەنیم ووتم: دراوسێ نازدارەکەم ئەی کە کچت بوو ناوی چیت لێ دەنا؟ ووتی دڵنیابە ناوم ده‌نا سیسۆنۆ .
ووتم دەسەڵات نەی توانیوە کارێک بکات تا خەڵکی منداڵەکانیان بەناوی کوڕ و ژن و کچەکانیانەوە ناو لێ بنێت، بیستوتانە کەسێک منداڵەکەی ناو نابێ (پاڤێڵ، مەسرور، قوباد، مەنسور، یان کچەکانیان ناو نابێت هێرۆ، سۆزان، خونچە و ژنە بێناوەکەی سەرۆک؟)
من بە دراوسێکەم ووتم دراوسێ نازدارەکەم دەزانی جمونگ بەکەسێک ئەوترێت تیر هاوێژێکی باش بێت، تۆ غەدر لەو منداڵەت دەکەیت.
زۆر خەمە دوای ئەم ووتارە مەسرور و پاڤێڵ و قوباد و مەنسور ئەو درامایە ڕاگرن و نەیەڵن خەڵکی لەگەڵ ئەو خەوە وەنەوشيیەدا بژین.
باس لە وونبوون دەکەن، ئەوانەی وون بوون لەو هاوکێشەیە نەگەیشتوون کە بزانن خەون بەردەستی هەموو کەس ناکەوێت .
یان لەوە نەگەیشتوون کە ئازار نیشتمانێکی دیاری کراوی نییە، دێن لە دوای دوای هەموو کەسەکانەوە خەونی خۆیان دەکوژن و ژوان دەبنەوە و پێمان دەڵێن ئێمە لەهەموو باروودۆخێکدا لەشتێک پەشیمان دەبینەوە، ئیتر وامان لێدێت بەکارەساتەکان دەکەوینە سەما، سەمایەک زۆربایانە نا، سەمایەک بۆ خۆ قەپاندن، ئاڵایەک بەرز دەکەینەوە کە بەر لە ماوەویەک تفمان لێدەکرد، تفمان هەڵدەدا و خۆمان بەخۆمانمان دەوت نەفرەت لەو ئاڵایانە، کە لەخوێن و ئارەقدا غەرق بووە، کەچی ئیستا وەک لەخەو ڕابین خەوێکی کابوسی دەوەستین و باسی چارەنوس دەکەین، ژوان دەبینەوە و بەخەڵکیش دەڵێین ئێوە ڕاست بوون، ڕاست بوون بمانبەخشن، ئێمە بێبەش مەکەن لەو غەنیمەیەی کە بەڕەنجی خۆیان و حەکیمی بەدەستان هێناوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە