هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


لە غیابی ڕۆدان و گوستاڤ ڤیگەلاند دا دەبێ کەرەکەی (زیرەک میرە)کان پەسەند کەین!

Friday, 04.13.2012, 12:00

3330 بینراوە


سەرەتا ئەمەوێ ئەوە بخەمە ڕوو کە زۆر دەمێکە ئەمەویست خۆم بە دوور بگرم لەم کێشمە کێش و بێ سەروبەریەی کەوتۆتە نێو دنیای هونەری شێوەکاری(پەیکەر) لە کوردستان و بە تایبەتیش لە سلێمانی. بەڵام بۆم دەرکەوت بێ دەنگی بێ سودە لە ئاست ئەم غەدرە گەورەیەی کە لە هونەر بە تایبەت و کلتوری میللەتێ بە گشتی دەکرێ....بۆیە چیدی خۆم پێ بێدەنگ نەکراو نەمویست چیتر وەک ئەو شێوەکار و هونەرمەندە بێ هەوڵوێستانەی کە ئێستا بەس خەریکی مەعاش خواردنن بێ دەنگ ببم.
دنیای شێوەکاری و پەیکەرتاشی کورد خۆی نادات لە سەد ساڵ ، بەڵام سەد ساڵ لە ئیش کردن کەم نیە لە بواری هونەریدا ، ئەوەی وایکردوە لە ماوەی سەد ساڵدا ئێمە هیچ نەچنینەوە لە بەرهەمی هونەری .. تەنها ئەوەنیە کە سیاسەتێکی نوقسان بواری ڕۆشنبیری وەلا ناوە.. نا بەڵکو هۆکاری سەرەکی ئەم بێ بەرهەمیە ئەوەیە ئێمە هونەرمەندمان نیە و نەبوە ،کێشەی سەرەکی ئێمە ئێستا لە دونیای هونەردا تەنهاو تەنها نەبونی هونەرمەندە بە پلەی یەکەم دووهەمیش بایەخنەدانێکی گەورەیە بەم بوارە بەرفراوانە. دیارە کە دەڵێین نەبوونی هونەرمەند تەنها خۆی لە ناوێک یان وشەیەک تەسک ناکاتەوە وەک ئەوەی لای خۆمان نوسانویانە بە ناوچەوانی هەموو کەسێکەوە.. نەخێر هونەرمەند یەکەم شت ئەبێ خاوەنی مۆڕاڵ بێ ، دووهەم شت ئەبێ قودرەتی داهێنانی هەبێ لەسەر ئاستی باڵا.. گەر هونەرمەند ئەم دوو شتەی نەبوو ئەستەمە لە هیچ شوێنێک پێی بوترێ هونەرمەند مەگەر بەس لای خۆمان لە کوردستانی بێکەس.
ماوەی چەند ساڵێکە چەند بەناو هونەرمەندێ بە کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانیدا بڵاو بوونەتەوە کە وەک گەڕیدەیەک بە سێ چوار ملیۆن دینار دێن پۆرتێتێکی نا هونەری بۆ کەسایەتیەک دروست دەکەن و لەم باخ و لەم باخچە و لەم پارک دایدەنێن... من نازانم ئەم کەسانەی کە خۆیان ناوناوە هونەرمەند و ڕێز لە کەسانی تر دەگرن تاکو چەند بە ئاگان لە دونیای هونەر.. تەنها شتێ کە من بۆم دەرکەوتوە لە ماوەی چاودێری کردنما ئەم خاڵانەی خوارەوەیە.
یەکەم... شێواندنی هونەر ، کە ئەم خاڵە ترسناکترین خاڵە من هەستم پێکردووە. هەر میللەتێ هەر کۆمەڵە خەڵکێ هەر ناوچەیەک کە هونەرێکی شێواوی پیشاندرا ئەستەمە ئەو مرۆڤانە جوانی ببین ، کارێکی گێلانەیە تێبگەین کلتورمان پارێزراوە...لە هەر شوێنێک هونەر شێوا بە دڵنیایەوە پاشەڕۆژێکی شێواو چاوەڕێی ئەو جێگەیەیە ، شێواندنی هونەریش بە شێوەیەکی گشتی کاری ئەو کەسانیەی کە لە هونەر تێناگەن و هەر سەرە پەیکەر ڕیز دەکەن لە پەنا یەکدا وادەزانن ئەمە هونەرە ، ئەوەشی کە ئەم کارە دەکات بێگومان ژینگەیەکی هەیە کە کەشەکەی بۆ ئەو لەبارەو بۆی دەچێتە سەر .. بەڵام ئەبێ لەمەودوا پێیان بڵێین ئیدی بەسە! بەسە شێواندنی کولتورو زانست و ڕۆشنبیری کە هەموویان لە هونەرەوە سەرچاوەیان گرتوە.
دووهەم....کڕینی ناوی هونەرمەند بە چەند ملیۆن دینارێک... دیارە لەم جۆرە هونەرمەندانە لە مێژودا بێ ژمار زۆرو زەوەند لە سەرتاسەری جیهاندا بونیان هەبووە ، بەڵام لە کاتێکا بونیان هەبووە کە ڕۆدانەکانیش ژیاون..ئەنجیلۆکان موعجیزەیان خوڵقاندوە..ڤیگەلاندەکان هونەریان بردۆتە پلەی کەماڵ...بۆیە ئەو پارەخۆرانە کاریگەریەکی وایان لەسەر دنیای هونەر جێنەهێشتوە... بەڵام ئەمە بۆ ئێستای کوردستان ترسناکە..چونکە نە ڕۆدانمان هەیەو نە ڤیگەلاند..بۆیە ئەم نا هونەرمەندانە ئەم بۆشاییەیان بۆ خۆیان قۆستۆتەوەو پەیکری بێتام بێتام و دوور لە ئیستاتیکا و مۆڕاڵ ئەفرۆشنەوە بەو خەڵکە ڕەش و ڕوتە کە تاکو ئێستا پەیکەرێکی ڕاستەقینەیان نەبینیوە!...، بەخشینەوەی نازناوی هونەرمەندیش هەر دنیای شێوەکاری نەگرتۆتەوە بەڵکوو هەموو بوارەکانی تری هونەری تەنیوە .. بە بێ ئەوەی پێوەرێ ، ئامارێ هەبێ بۆ پێدانی ئەم نازناوە... یاخود هەر ئەوەش نا بەڵکو ئێستا کوڕەکە پەیکەرێ دروست دەکا پێیدەڵێن هونەرمەند گۆرانیەک دەڵێ هونەرمەندی لاو یاخود تازە پێگەشتوو!.. بە ڕاستی بێ سەرو بەرەیە ئەم بازاڕە بێ تامەی هونەر!
سێیەم..... ئەوەی بەلامەوە سەیرە ئێمە ڕەخنەگر و هونەرمەندیشمان نیە لە دەرەوەی ئەم کۆمەڵە کە هەڵوێستێ وەرگرن!.. زۆر بێ مانایە کە تێبگەیت وڵاتەکەت خاڵیە لە هونەرمەندی بە هەڵوێست...
ماوەیەک هونەرمەندی فەڕانسی کلاودێ مۆنیت لە ژێر دەستی مامۆستایەک ئەخوێنێ ، ڕۆژێکیان مامۆستاکە زۆر بۆ مۆنێت ئەهێنێ کە بە دڵی مامۆستاکە خۆی وێنە بکێشێ چونکە ئەوەی کە مامۆستاکە پێی دەڵێ کاری ڕۆژەو ڕەواجی زیاترە و پارە دەکات!. لە نیوەی دەمەقاڵێکەدا دەبن کە مۆنێت پێنوس و کاغەزەکانی ئەدات بە ڕوخساری مامۆستاکەیداو دەڵێ(گەر هونەرمەند ئەوەیە ئامانجەکەی پارە بێت ئەوا تا ماوە خۆی دۆڕاندوە!) .... بەڵێ هونەرمەندە بێ هەڵوێستەکانی نیشتیمان ئەو کاتانەی کە چەند کەسێ دێن هەستیارترین قۆناغی هونەر ئەشێوێنن و ئێوەش بێ دەنگن ئەوا دڵنیا بن ئێوە کەسێکی دۆڕاون .. ئێوە هەرگیز شایەنی ئەوە نابن ڕۆژێک تابلۆکانتان بچێتە مۆزەی نیشتیمانەوە یاخود پەیکەرەکانتان لە باخچەکان دابنرێ نەک لەبەر ئەوەی کە ئێستا بێ هەڵوێستن .. نا لەبەر ئەوەی ئەو هونەرمەندەی لە ئاست کارێکی نا هونەریدا هەڵوێستی نیە دڵنیام کە خۆشی خاوەنی کارێکی نا هونەریە بۆیە ڕەزامەندە بەوەی هەیەو بەوەی کە ڕودەدات لەم وڵاتەدا.
بەشێک لە پارکی گوستاڤ ڤیگەلاند کە لە ٢١٤پەیکەری مەزنی گرانیت و ٤٠٠ کاری برۆنز و ئاسن کە بە هەموویان دەکاتە نزیکەی شەش سەد فیگەر بێجگە لەوەی کە کارە سەرەکیەکەی بریتیە لە پەیکەرێکی ستونی کە پێک هاتووە لە ١٢١ فیگەر!...ئیشەکەو تەواوکردنی ئەو پارکە ١٤ساڵی خایاندوە!

بەڵێ ئەوەی ماوە ئێستا بیڵێم ئەوەیە کە بە ڕاستی لەسەر ئاستی هونەرمەندان و هونەر سنورێک بۆ ئەم بێڕێزیە دابنێن کە چەند پارە خۆرێک ئەیکەن بەرامبەر بە (هونەر) و کەسایەتیە ناودارەکانی وەک حەپسە خان ، کەریم کابان، تەها خەلیل وە چەندین کەسایەتی تریش کە بە جدی قابیلی ئەو سوکایەتیە نین ... هیچ شتێ وەک پەیکەر نیە .. پەیکەر ئەبێ گوزارشت لە مەزنی ئەو مرۆڤە بکات پێش هەموو شتێ...پەیکەر لەبەر چاوەو هەموو دنیا ئەیبینێ.. ئاخر چۆن دەبێ کەسێکی وەک حەپسەخان کارێکی لەو چەشنەی بۆ بکرێ کە ئەگەر لە لایەنە هونەریەکەوە ڕەخنەی لێبگیرێ دڵنیام کە دەبێ ئەو ئیشە بتوێنرێتەوەو جارێکیتر پەیکری پێ دروست نەکرێتەوە چونکە ئەوەی ئیستاتیک و مۆڕاڵی هونەر بێ تێیدا ڕەچاو نەکەراوە.
ئەم نووسینەشم لە پەیکەرەکەی زیرەک میرەوە سەرچاوەی گرتووە ...وەک هەموومان ئەزانین ئەم بەڕێزە زیاتر خەریکی کاری جیاوازو ئیشی نەبینراوە..ئەمەش مافی خۆیەتی بەڵام بۆ ئەم کارەی ئەم جارەی و دانانی لە باخچەی نالی گەورە هیچ پاساوێکی نیە بۆ ئەو نا هاوسەنگیە فکریەی کە هەیەتی..ناڵێم سوکایەتی چونکە گوێدرێژیش بونەوەرێکەو ڕێزی لێدەگرین بەڵام لەگەڵ ناوی نالی نایەتەوە..ئەمە وەک ئەوەیە لە گۆڕەپانی بتهۆڤن پەیکەر بۆ ڕێوی بکەیت!......گەر پاساوەکەی ئەوەیە نالی باسی کەرێکی کردوە.. ئەوە بە جدی دەڵێم کە دەردەکەوێ ئەم برایە لە ڕوی ناوەڕۆکی هونەرەوە کەسێکی تا بڵێی لاوەزە...ئەگەر هۆکارەکەشی ڕێز گرتنی کەر یان بڵێین گوێدرێژە ئەوا حەزدەکەم پێی بڵێم باشترین جێگە بۆ دانانی ئەو پەیکەرە مەشتەلەکەی سەرچنار بوو نەک شوێنێکی وەک باخچەی نالی بۆیە زۆر سوپاس گوزار ئەبم من وەک خۆم کە ئەو پەیکەرە بە سەلامەتی بگوازیتەوە بۆ مەشتەلەکە چونکە منیش خەریکی هونەرم و حەزناکەم هیچ ئیشێک هونەری بێ یان نا هونەری بکەوێتە بەر هەڕەشەی شکاندن و سوتاندن..ئەگەر هونەرمەند زیرەک بێ ئەبێ پێشبینی کارەکانی خۆی بکا...! .وە حەزەکەم شتێ بەو بەڕێزەو هەموو ئەوانەی تریش بڵێم ... تکا دەکەم پێش ئەوەی دەست بکەن بە سەقف تێکردن زۆر باشترە خزمەتێکی بناغەی پەیکەرسازی و هونەی کوردی بکەن لەسەر ئاستی شێوەکاری .

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر