زیندانییەکی ئەمنە سوورەکە لەبەردەم ٩٦ پرسیاردا

Sunday, 11/09/2011, 12:00

9378 بینراوە





پێشەکییەکی پێویست
بەڕێزان، دۆستان و خۆشەویستان
زییندانییەکی ئەمنە سوورەکە لەبەردەم ٩٦ پرسیاردا چاوپێکەوتنێکی هاوڕێ (لوقمان مستەفا)یە لە گۆڤاری خەرمانە، ژمارە ٧ی ساڵی ١٩٩٣دا بڵاوکراوەتەوە، ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن مامۆستا حەمە فەریق حەسەنەوە ئامادەکراوە.
دوای تێپەڕبوونی ١٨ ساڵ بەسەر ئەم چاوپێکەوتنەدا، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی و مۆڵەت لە مامۆستا حەمە فەریق حەسەن، من بە گرنگم زانی جارێکی تر ئەم چاوپێکەوتنە (تایپ) بکەمەوە و بیخەمە بەرچاوی خوێنەران، ئامانجی من لەم کارە هەڵهێنانی هەنگاوێکی سەرەتایی و هاندانێکە بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووە، لە لایەن سەرجەم ئەو زیندانییە چەپ و کۆمونیستانەی کە لە ئەمنە سوورەکەدا، لەژێر چەپۆکی ڕەشی بەعس و زیندانە تاریکەکانیدا ڕۆژگارێکی سەختییان تێپەڕاند.
کۆمونیستەکان لە (باستیل)ەکەی بەعسدا، واتە ئەمنە سوورەکە بەشی زۆری پێکهاتەی ئەو زیندانەیان پێکدەهێنا، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا وەکو پێویست ئەو مێژووە بەدیکۆمێنت نەکراوە و کۆنەکراوەتەوە، هەندێک هەنگاوی سەرەتایی هەیە بەڵام لەئاست نووسینەوەی مێژووی بزووتنەوەیەکدا نییە کە هەڵسوڕاوەکانی ئەکتەری سەر شانۆی سەخترین ململانێ بوون لەگەڵ مەرگدا.
گرنگی نووسینەوەو بە دیکۆمێنت کردنی ئەم مێژووە، سەرەڕای ئەوەی وانەو ئەزموونێکی گرنگ دەبەخشێتە نەوەی داهاتوو، هەمانکات دەتوانێت ئەو ڕاستیەش نیشانی کۆمەڵگا بدات کە چەپ و کۆمونیستەکان لەدوای ڕاپەڕینی ئازاری (١٩٩١) وە، بەبیجامەو لە دووتوێی بەتانییەوە نەهاتنە دەرەوە، کۆمونیستەکان دوای ڕاپەڕین نەهاتنە سەر واقیعێکی سیاسی ئامادەکراو، بەڵکو کۆمونیستەکان هێزێکی بەرجەستەی شۆڕشگێڕبوون بەرانبەر ناعەدالەتی و چەوساندنەوەی دەسەڵاتی بەعس.
ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە هەر هێزێکی سیاسی و هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بەدەستی خۆی مێژووی خۆی نەنووسێتەوە ئەوا بە دڵنیایەوە یان وون دەکرێت یان بەلاڕێدا دەبرێت، بۆیە کارێکی گەورەیە، هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتییەکی چینایەتی و مێژووییە ئەگەر بتووانین خۆمان ئەم کارە ئەنجام بدەین.
من بۆ خۆم زیندانی نەبووم، بەڵام بەشێکی زۆر لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم لەم زیندانەدا سەدان شەوو ڕۆژی تاریک و تاڵیان تێپەڕاندووە، سەرەڕای ئەوەی ئەم کارە وەک ئەرکێکی سیاسی سەرشانی خۆم سەیر دەکەم، هاوکات هەر هاوڕێیەک پێوویستی بە منە بۆ کارئاسانی و بە دیکۆمێنت کردنی ئەو مێژووە ئامادەی هەموو هاوکارییەکم، لەگەڵ هاوڕێ (لوقمان مستەفا) لە هەوڵی ئەوەداین ئەم چاوپێکەوتنە بکەینە نامیلکەیەک، بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم ببڕین و کارئاسانی بۆ ئەوە بکەین، سەرجەم چیرۆک و بەسەرهاتی زیندانیە کۆمونیستەکانی ئەمنە سوورەکە لە کتێبێکی گەورەو شایستەدا کۆبکەینەوە. دیارە ئەم کارە بە هەوڵ و هیمەتی هەموومان دەکرێت، بەوهیوایەی کە بتوانین ئەم کارە بکەین، ئەم کارە یەکێکە لە ئاواتە گەورەکانی من.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەمووتان (هیدایەت مەلا عەلی)
دەقی چاوپێکەوتنەکە لەخوارەوە بخوێنەرەوە

ئامادەکردنی: محەمەد فەریق حەسەن
+ ئەمنە سوورەکە (ئەمنی عەقاری)... هەربەناوهێنانی موچڕکە بەگیانی خەڵکی شەرەفمەندی پارێزگای سلێمانیدا دەهات.... ئەم دائیرەیە لە هەشتاکاندا لە گەڕەکی شۆڕش (عەقاری) لەسەر ڕووبەرە زەوییەکی ١٠ هەزار مەتری دروست کراوە.... لەهەندێ بەشیدا (٤) قاتە.... بۆ بەرگری لێکردنی لە هەرچوارلاوە قوللەی هەیە.... دوو دەرگای سەرەکی هەبوو. یەکێک لەسەر شەقامە گشتییەکەی شۆڕش و ئەوی دیکە لە پشتەوە.... کەمتر خەڵکی پڕکێشییان دەکرد لەم ئاستەدا بەپێ بڕۆن. ئۆتۆمبیل و پاسەکانی ڕێبوار گواستنەوە قەدەغە بوو لەم ئاستەدا بوەستن، ڕێبوار سواربکەن یاخود دایبەزێنن.
+ ئەمنە سوورەکە بریتی بوو لە دوو بەشی سەرەکی، یەکێکیان بەڕێوبەرێتی بوو، ئەی دیکەیان بۆ ژن و پیاو زیندان و جێگەی ئەشکەنجە بوو.... ئەم دەزگایە بەنزینخانەو تەنانەت شوێنی چاککرنەوەی ئۆتۆمبیلی تایبەت بەخۆی هەبوو. لەسەر زەوییەکی تەخت وەک درەخت هەڵچووە...لای سەرەوەی سەرکردایەتیی گشتی سوپای میللی (جیش الشعبی) هەبوو کە ئەویش پاڵیدابوو بە (حامیە)ی شارەوە. لای ڕۆژهەڵاتیشییەوە گەڕەکێکی گچکە هەبوو بریتی بوو لە ماڵە ئەمنەکان، لە پاڵ ئەمانیشدا دەزگای ئیستیخبارات هەبوو.
ئێستا نیسانی ١٩٩٢ سەدان ماڵە ئاوارەی گەرمیان و کەرکوک لە کەلاوەکانی ئەم شوێنانەدا دەژین. (جگەلە حامیە کە بەتەواوی تەخت کراوە). لەڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا ئەم دەزگایە تا دواهەناسە بەرگریی کرد، دواپێگەی دەوڵەت بوو خۆبەدەستەوە بدات، هەموو ئەوانەی بەرگرییان لێدەکرد کوژران.... لەسەروبەندی ڕاپەڕیندا پتر لە (١٥٥) گیراوی سیاسی تێدابوو.
٨/٣/١٩٩١ جەماوەری ڕاپەڕیوی شار ڕزگاری کردن، هەتا کاتی ڕەوەکەیش ڕۆژانە هەزاران کەس لە شارەکانی کوردستانەوە دەهاتنە دیدەنی ئەم دەزگا داپڵۆسێنەرە ترسناکە، کە کوڕانی شار لە چەند سەعاتیکدا وەک بێژنگیان لێکرد. بۆ ڕوونکردنەوەی زێتر سەبارەت بەم قەڵایەی بەعس و گوزەرانی زیندانە سیاسییەکان، دوا ساتەکانی ئەم قەڵایەو ڕزگارکردنی زیندانییەکانی ناوی، چاومان بە (لوقمان مستەفا عەبدوڵا) کەوت کە ماوەیەکی لەم زیندانەدا بەسەر بردووە.
هاوڕێ (لوقمان) لە دایکبووی ساڵی (١٩٦٥)ەو لە ساڵی (١٩٨٦)دا پەیمانگەی تەکنۆلۆژی بەغدای تەواو کردووەو ژنی نەهێناوە، لەم گفتوگۆیەدا بەدوورو درێژی ڕووبەند لەسەر ڕوخساری پیاوانی ڕژێم لادەبات و بەکون و کەلەبەرە تاریکەکانی ئەم دەزگا ترسناکەمان شارەزا دەکات.
پرسیار: کاک لوقمان کەی گیرایت؟
وەڵام: شەوی ٥ لەسەر ٦ی/٩/١٩٩٠ کات ٣٠.١ لەسەربان دەنووستین. بەڕۆژ ماندووبووم، بۆیە ئەو شەوە زوو خەوم لێکەوت.... باوکم بە ئاگای هێنام و گوتی: (هیچ نییە هاتوون بۆ من. دیسان مەسەلەی جیشی شەعبییەکەیە هەڵیداوەتەوە) بەڵام کاتێک سەرنجم دا حەوشەکەمان کەسێکی دیکە ناگرێ. بەپەلە خۆم کۆکردەوە. چەند گۆڤارێکی (پرۆلیتاری)م لەبەردەستدا بوو، هەڵمگرتن و ڕامکرد بۆ قاتی دووەم تاکو لەوێوە بۆ کۆڵانی ئەودیوی ماڵی خۆمان دەربازبم. بەڵام سەربانیان لێگرتبووم. وەک سەگ پەلاماریاندام. یەکێکیان پێی گوتم: (ها لقمان ترید ان تنهزم؟!!..ابوک شیگول... یگول اهرب لقمان موو؟)
پرسیار: کام دەزگایە هات بۆ گرتنت؟
وەڵام: بەڕێوبەرێتی ئەمنی بەلدە بەهاوکاری لەگەڵ بەڕێوبەرێتی ئەمنی سلێمانیدا هاتبوون تاکو نێچیرەکەیان لەدەست نەچێ.
پرسیار: چۆن هاتنە ماڵەکەتانەوە؟
وەڵام: یەکسەر بەتوندی لە دەرگایاندا. بەمست و بە زەنگ لەگەڵ هاوارکردندا (افتح الباب گواد... افتح الباب گواد) لەگەڵ هاتنە ژوورەوەدا کەوتبوونە وێزەی (محەمەد)ی برا بچووکم و بەمنیان زانیبوو. (محەمەد) لەبەر ناساغی لەخوارەوە نوستبوو. کەیەکسەر بەلێدان خەبەری دەکەنەوە تێکدەچێ و دەمی دەچێ بۆلای گوێچکەی. تەنانەت بەتەمای نەمابوون بژی. هەر ئەو شەوە گەیاندبوویانە خەستەخانە.
پرسیار: ناوی ئەفسەر و ئەمنەکان دەزانی؟
وەڵام: یەکێکیان کورد بوو قەڵەوێکی خڕیلانە بوو ناوی (خالید) بوو. دیاربوو باوکمی دەناسی. ئەوانەی ڕۆژانە دەمانبینین لەوێ دەوریان زۆر بوو: ڕائید ریاچ، نقیب ماجید، ملازم محمد، مفوچ جمال (تورکمان بوو)، مفوچ گارق، ملازم علی (تەحقیق)،ملازم باسم، نقیب احمد، رائید حسون، عقید خلف (بەڕێوەبەری ئەمن)، ڤاهر، جمعە، سلام، نایف، رحیم...هتد.
پرسیار: چۆنیان تەحقیق لەگەڵدا کردی؟
وەڵام: من و برادەرێکی دیکە (لوقمان محەمەد) ئەو شەوە پێکەوەگیراین. لە ژورێکی ئینفیرادی دایانناین. دوای پشکنینی گشتی ئەو لەپێش منەوە برا بۆ تەحقیق. ئەمجا هاتن بەشوێن مندا... بەڕاستە ڕێیەکی تاریکی باریکدا بردمیان، ئەمجا پێچمان کردەوە. ئەمجا چوینە لای دەرگایەک. بەلای چەپدا پێچێکی دیکەمان کردەوەو خۆم لە ژوورێکی ترسناکدا بینیەوە. مێزێک، کۆمەڵێک ئەوراق و بەیانات. موەلیدەیەکی بچووکی کارەبایی دەستی.... زرتەبۆزێکی لەئومەت نەچوو... قەنەفەیەکی درێژ.... لەبەرامبەرێوە چەند کورسییەک. مێزێکی گەورەی ئاسن، کە چوار پێچکەی لەژێردابوو. لەسەر زەوی و بەدیواری ژوورەکەیەوە چەند دڵۆپە خوێنێک سەرنج ڕاکێش بوون. بەئاسمانی ژوورەکەوە شێلمانێکی درێژ لەمبەرو ئەوبەری ژوورەکە لە دیوارەکان گیر بووبوو. چەند قولاپێکی ئاسن، لەوانەی لە دوکانی قەسابەکاندا هەیە پێوەی لەحیم کرابوون. زەلامێکی زەبەلاحی سەرسپی سێ هێندەی خۆم دەبوو.... هەردەستێکی دوو هەندەی دەستی مرۆڤی ئاسایی بوو. ئەم چەتەوڵە (مفوچ جمال)ی ناو بوو. وا بەناوبانگ بوو (زللە بدات لەهەرکەسێک دەبێ گوێی بتەقێنێ) داینام و کەوتە پیاهەڵدانم: (لوقمان انت خوش ولد. احچی بێراحە لاتدوخنا) کارتۆنێکیان نیشاندام گوایە پڕێتی لە بەڵگەنامەی ڕێکخراوەکەمان. دوای چەند گۆڤارێکی پرۆلیتاری و دەستنووسی چیرۆکێکی منداڵانیان پیشاندام و گوتیان (کێ ئەمانەی داوەپێت؟) منیش وتم: شەوێ، بەرلەوەی ئێوە بێن کەسێک فڕێیداوەتە حەوشەکەمانەوە، نەمزانیوە چیی تێدایە. کە ئێوەش هاتن لەترساندا شاردمانەوە. پێیوتـم: هژا خوش حچایە! احچی تری راح نعلگک لا تعژب روحک. منیش وتم: هەرئەوەندەیە کە عەرزم کردن.
سەریان خستمە سەر مێزێکی ئاسنی گەورە. مفوچ جمال لەدواوە کەلەبچەی کردم. دوای ئەوەی بە قایشێک توند توند شەکەتی دام. پاش توڕەبوونێکی زۆر بە قولاپی شێلمانەکەدا هەڵیواسیم. قاچەکانم بەحاڵ لەسەر مێزەکە مابوون... ئەمجا گوتیان: ها لقمان تحچی لولا؟ وتم: هەر ئەوەندە بوو کە پێم گوتن. مێزەکەیان لەژێر پێمدا لابرد. ناوشان و جومگەکانم لەوەدابوو هەڵوەشێن. زوو زوو بەدەنگی بەرز دەیانگوت: (کێ ئەم نووسینانەی دایتێ ماڵەکەیمان پێ بڵێ ڕزگارت دەبێ و دەچیتەوه‌ ماڵی باوکت)مێزەکەیان دانایەوە ژێر پێم. بەڵام کە بێ وەڵام دەیانبینیم جارێکی دیکە لایاندەبردو ئازار شاڵاوی بۆ دەهێنام. مفوچ جمال زۆرم لێ توڕە بوو گوتی: (ابن الگحبە احچی تری جماعتک کلهم اعترفوا) ئەمجا بەئاسمانەوە دەکه‌وتە لێدانم. کە بەبەرزاییەوە لەگەڵ (نقیب ماجد)دا دەمبینین لەئاستی جووتە سٶلە ئیسفەنجییەکانمدا خۆشحاڵ دەبووم. بەتایبەت کە هیچیان لێ نەدەبیستم. دوای ماوەیەک چۆڕاوگەیەکی چەوری خەست لەتەوقی سەرمەوە دەهاتە خوار و لە نووکی پێمەوە دەچۆڕایە سەر زەوییەکەو چەندین تابلۆی دەنەخشاند. ئەمجا (نقیب ماجد) بە مفوچ جەمالی گوت: (کارەبای لێدە) سەری وایەرەکانی لەهەردوو پەنجە تووتەی قاچم بەست و گوتی:(تحچی لولا؟)، کە بێدەنگ بووم ئیتر کارەباکەی لێدام و بە هەموو هێزی هەندلی موەلیدەکەی بادەدا. ئەو کارەبایە وەک فڕۆکە دەیخولاندمەوە.... جارێک و دوان و دە... زۆر ماندوو بووم. بێجامەکەم لەپێ دادەکەنراو دەهاتە خوارەوە... خۆم وانیشاندا کەوا بووراومەتەوە.... کە دایانگرتم دەمویست دەست بۆ دەمم ببەم کەچی دەچوو بۆ پاشم.... هەستم بە بوونی دەست و قۆڵم نەدەکرد. سڕبووبوون، تەنانەت دوای چەند مانگێکیش گٶشتیان لە قۆڵ و مەچەکم بکردایەتەوە هەستم نەدەکرد. بەهیچ شێوەیەک نەمدەتوانی بەرزیان بکەمەوە. نەعلەکانم بۆ نەدەکرانە پێ. (کاک جەمال) لەژووری ئەشکەنجەوە تا ئینفرادی بە شەق و (شاپ) شەقازللە و جوێن هێنامی. هەرچەند شەقی تێهەڵدەدام ٣٠-٤٠ سم بەرزی دەکردمەوە، دوای ئەشکەنجە، زیندانی حەز لە ئاو دەکات. بەهەر شەڕە شەقێک بوو لە سەتڵی ئاوەکەی تەنیشت سەتڵی پیسایییەکەم، چۆڕێ ئاوم خواردەوە.هەرکە گەیشتمەوە ئینفرادی هاوەڵەکانی دراوسێم لەگەڵم کەوتنە گفتوگۆ: (کاکی برا چۆنی؟ غیرەتت بێ...هیچ نییە چوار پێنج جاری ترەو ڕزگارت دەبێ.... قسە نەکەی... ناوی کەس نەبەی... قۆڵەکانت بجووڵێنە. وەرزش بکە با قۆڵت نەمرێ... شناو بکە....) کاک کەمال قەرەداخی بە باشی هانی هەموومانی دەداو غیرەتی دەنایە بەرمان.... شەوی دوایی ئەو هاوڕێیەیان گرت کە من لەسەری شلکوت بووم... ئیتر تەحقیقی من تەواو.
پرسیار: ئەدی جەنگی دەروونی هەبوو؟
وەڵام: کە پێت نایە ناو ئەو دائیرەیەوە. هەر لە زڕەی زنجیرەوە، کە کردنەوەی دەرگایە، شەڕی دەروونییە تا هاواری حەرەسەکان.. تا هاواری ژووری ئەشکەنجەو زیندانییانی ئەشکەنجەدراو... کەمیی خواردن، نەبوونی ئاودەست و بوار نەدان بە زیندانی بۆ چوونە سەر ئاو.... چوونە سەر ئاو لە ئینفرادی لە ٣ دەقیقە پتر مۆڵەت نادەن. ئەگەر لەوەت تێپەڕاند هاوار هاوار دەستپێده‌کات: (فچنە... ولک فچنە .... بسرعە تری ابسگک) سەر ئاوو دەم و چاو شۆردن و سەتڵ شۆرن لەیەک کاتدایە. جارێکیان هاوڕێیەکیان بۆ تەحقیق بردە خوارەوە، دوای سووکایەتی پێکردنی زۆر پێیان گوتبوو: (ژنەکەت تەڵاقی داوی) ئەمە لەخۆیداجەنگێکی دەروونی سەختە، تاکو ورەی زیندانی تەواو پێ بڕووخێنن.
پرسیار: تەحقیق چەند دەخایەنێ؟
وەڵام: بەگوێرەی گیراوەکان، تەنانەت بە گوێرەی کاتی گرتن دەگۆڕێ. ئێمە ژمارەیەکی زۆر بووین. تاڕادەیەک بە خێرایی تەحقیقیان لەگەڵدا کردین. تاکو ئەوانەی لە دەرەوە مابوون و دەستگیر نەکرابوون هەڵنەیەن. لێکۆڵینەوەی خۆم نزیکەی هەفتەیەکی پێچوو.
پرسیار: چاویان دەبەستنەوە؟
وەڵام: بەئارەزووی خۆیانە. جار هەبوو دەیانبەست جار هەبوو نا. بەڵام یەکەم شەو کە بردینیانین لە نزیک دەرگای سەرەکییەوە پێیان گوتم: (دنگ راسک) سەریان کردین بەژێر کوشنی ئۆتۆمبیلەکەیاندا تاکو پێنەزانین بۆ ئەمنە سورەکەمان دەبەن. جارێک (ابو دلف) برادەرێکی بۆ تەحقیق بردبوو چاوی بەستبووەوه‌، لە پلیکانەکان برادەرەکە کەوتبوو. ئەویش پێی گوتبوو: (گواد....‌ێارلک پلاپ اشهر ما تعلمت الدربونە!)
پرسیار: ئەی جل و بەرگیان لەبەر دادەکەندن؟
وەڵام: بەڵێ.... پشتوێن. قایشی پانتۆڵ، جامانەو ملپێچ، قەیتانی پێڵاویان لێدەسەندین جگە لە جگەرە، شقارتە، سەعات، پێناس و شتی دیکەش.
پرسیار: هەر لە ئەمنە سورەکە مایتەوە؟
وەڵام: لە ئەمنە سورەکەی عەقاری. بەشی زیندانی. لەسەرو بینا سوورەکەوەیە، لە پشت ماڵە مەدەنییەکانەوە.
پرسیار: کام هۆڵ؟
وەڵام: سەرەتا لە ئینفرادی حەوت بووم. دوای بۆ هۆڵی ژمارە پێنج دواتر بۆ هۆڵی ژمارە ده‌. دوای جەنگی کوێت گەڕاینەوە بۆ هۆڵی سێ... هەموو زیندانەکە بریتییە لە شه‌ش هۆڵ و نزیکەی ٢٠ ئینفرادی. زیندان دوو قاتە.
پرسیار: وەردیانەکان مامەڵەیان چۆن بوو؟
وەڵام: زۆربه‌یان خراپ بوون. دیارە لە شوێنی وەهادا چاوەڕوانیی بەزەیی لە وەردیان ناکرێ. تەنیا یەکێکیان تێدابوو لەوانی دیکە جیاواز بێ. ئەمەش بە شاهیدی هەموو زیندانە سیاسیەکان. ناوی (ڕەحیم) بوو. وابزانم خەڵکی بەغدا بوو.
پرسیار: دەنگ و باسی دەرەوەتان پێدەگەشت؟
وەڵام: بەکزی دەگەیشت. بڕێ جاران ڕۆژنامەمان بۆ دەهات. لە ڕوانگەی دەنگ و باسی ئینفرادییەوە. هەروەها لەو کەسانەوە کە تازە دەگیران. بارودۆخی دەرەوەمان هەڵدەسەنگاند.
پرسیار: کەس و کارت دەیانزانی لە کوێیت؟
وەڵام: دیارە بەڕێوەبەرێتی ئاسایشی شار هەوڵی دەدا کەس و کارمان شوێن و ڕێمان پێ نەزانن تاکو باری ئاسایشی خۆیان بپارێزن. بەڵام ئێمە بەوانەدا هەواڵمان دەناردە دەرەوە کە بێتاوان بوون و بەردەبوون.
پرسیار: کەس و کارت هەوڵی بەردانیان دای... چۆن؟
وەڵام: هەموو بنەماڵەیەک کاتێ کەسێکی دەکەوێتە زیندانی بەعسەوە بەسەرو ماڵ هەوڵدەدا سۆراخێکی بکات....ماوە؟....مردووە؟...دایک و باوک و کەسی منیش هەریەکە لەلایەکەوە بۆم تێکەوتبوون. بەپارە یان بە پیاوەتی....جارێک بە باوکمیان گوتبوو (کوڕەکەت بە ٤ هەزار دینار بۆ بەردەدەین) باوکیشم پێی گوتبوون: (تۆ مەچەکی کوڕەکەم بدەرە دەستم من ٦ هەزارت دەدەمێ) ئەوکەسەیش یەکێک بوو لە پیاوانی بەعس لەو جۆرە کەسانەی لە پێناوی گیرفان پڕکردندا مامەڵەیان بە لاوانی شۆڕشگێڕ و بێتاوانەوە دەکرد. ئەو کەسەیش خۆمان خۆش.
پرسیار: ئەشکەنجە هەر بەردەوام بوو؟
وەڵام: مرۆڤ لەو شوێنانەدا هەموو چرکەیەک لە ژیانی لە ئەشکەنجەدا دەژی. شەو و ڕۆژ شەڕی دەروونی لەگەڵدا دەکەن.
پرسیار: کاک لوقمان کات و جۆرەکانی ئەشکەنجەمان بۆ باس بکە؟
وەڵام: جۆرەکانی ئەشکەنجە زۆرن: هەڵواسین، لێدان بە کێبڵ، شەللاق، کارەبالێدان، کە لە پەنجەی پێ و سەری چۆک و زمان و گوێچکەو تەنانەت لە کۆمی سیاسی دەدرا. بەرلەوەی ئێمە بگیرێین (ملازم احمد الدوری و رائید حسون) هەبوون. دەڵێن شەو و ڕۆژ سیاسییەکانیان بە دەرگادا یان بە شێلمانەکەی ژووری ئەشکەنجەدا هەڵواسیوە و خۆیان بەدیاریانەوە عەرەق و وێسکییان خواردۆتەوە یان خەوتوون و بە هەڵواسراوەکانیان گوتووە: (کە ئیعتیرافت کرد خەبەرم بکەرەوە!) کاتی ئەشکەنجەش لە ١٢ی نیوەشەوەوە دەستی پێدەکرد بۆ ٥ بەیانی.... ئەوەی ئیعتیرافی نەکردایە دەیانبردە قەراخ شار. دەیانبەستەوەو فرمانی کوشتنیان بۆ دەردەکرد، بۆ تۆقاندن بوو. پاشان دەیانبردەوە بۆ ئەمن.
پرسیار: کام ئەمن بە ئەشکەنجە بەناوبانگ بوو؟
وەڵام: مفوچ گارق و مفوچ جمال.... ئەمانە بە جەللادەکانی ئەمنی سلێمانی بەناوبانگ بوون. مفوچ گارق ٥٠-٦٠ ڕۆڵەی شۆڕشگێڕی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە. قسەی خۆشیی (ابن گحبە) بوو. خۆشحاڵم کە بوو بەژێر دەست و پێی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە.
پرسیار: ئەی ئافرەت ئەشکەنجە دەدران؟
وەڵام: بەڵێ.... کارەباشیان لێدەدان..... تاکو ناوی خەڵک بڵێ. زۆر جار کاری سێکسیشیان لەگەڵ دەکردن....یاخود ڕووتیان دەکردنەوەو هەموو گیانیان دەگوشین. دەستیان بۆ دەبردن و چڕنووکیان لێدەگرتن. سوکایەتییان پێدەکردن. بەڵگەش بۆ ئەمە زۆرە... ئەو کەرەڤانەیەی لە ئەمنەکەدا بوو گەواهی ئەم ڕاستییانەن. ئەو کەرەڤانەیە پڕ بوو لە جل و بەرگی ئافرەتان. حەبی مەنع و زۆر شتی دیکەی وەک فیلمی سێکس و وێنەی فۆتۆگرافی، ئەو کەرەڤانەیە لە خۆیدا ژووری نووستن بوو بۆ ئەفسەرەکانی ئەمن.
پرسیار: ئەی خواردنتان چۆن بوو؟.... جیرەکە بەشی دەکرد؟
وەڵام: دوای ئەوەی تەحقیق تەواو دەبێ ئیتر کێشەی سەرەکیی ژیان خواردنە. چونکە زۆر کەم بوو ١٥-٢٠ دەنک خورما لەگەڵ ٣ سەموونی گچکە یاخود ٣ نانی گچکە بۆ هەرسێ ژەمەکە... ژەم هەبوو بە تەنیا (توور)یان دەهێنا. یان یەکی پڕ بە کەوچکە چایەک یاخود کەوچکی چێشت ماستیان دەهێنا. جار جارەش چایی خۆی بەنێوانیدا دەکرد.یاخود پاکەتە کەرەیەکی بچووک بۆ ٣ زیندانی. لەتاو کەمخۆراکی لە نێوان هاوڕێیاندا گفتوگۆمان کرد تاکو وەردیانەکان ئاگادار بکەینەوە کە بەڕاستی برسیمانە. هەموو جارێک دەیانگوت: (سەربازەکانمان لە بەرەکانی جەنگدا چارەکی ئێوەیان نییە) ئەو حەلە لە هۆڵی:١ بووین. بەژمارە ٦٦ کەس بووین بڕیارماندا نیوەڕۆژە دابەش نەکەین. ئەگەرچی چەند هەلپەرست و ترسنۆکێکمان تێدابوو بەڵام بڕیاری خۆمان داو سووریش بووین لەسەر داواکەمان. وردیانەکان گەیاندیانە نەقیب ماجید، عەقید خەلەف، گارق و جمال و هەموو دارودەستەی ئەمنمان لێکۆبووەوه‌ (بۆ مان دەگرن؟) (خواردن کەمەو بەش ناکات) لەودەمەدا زیندانییەکی پیر (حاجی مەجید)ی ناوبوو. دەستی دایە مەنجەڵی شۆرباکە هەڵیگرت و پیشانی دان گووتی (ئەم خواردنە بەشی ٦٦ کەس دەکات؟) کە حاڵەکەیان بینی گەورە لە بچووک، بچووک لە بچووکتر تووڕە بوو.....دواجار هەموو لایەک هاتنە سەر ئەو ڕایەی تاوان تاوانی بەڵێندەرەکەیە. دەستیان بە جنێودانی کرد. نەقیب ماجید گوتی: (هەرئێستا بچن ئەو ئەو بەد ڕەوشتە بهێنن!!) ئیتر خواردنی زیاتر. نانی زیاتر و خورما و تەماتە هات. تا ماوەیەک بووژاینەوە.
پرسیار: ئەدی میوە هەبوو؟
وەڵام: میوەیان لەبری ژەمە خواردن ده‌یانداینێ نەک بەجیا... واتە ژەم هەبوو نان و پرتەقاڵمان دەخوارد.
پرسیار: ئەدی گۆشت؟
وەڵام: گۆشت؟ شتێکیان دەداینێ بەناو (چلفرای)بوو. یەکی بەقەدەر زەردەواڵەیەک گۆشتمان بەردەکەوت. بەڵام پێمان خۆش بوو بۆمان نەهێنن. چونکە نانی دوو ژەممان پێوە دەخوارد. جاروباریش ملەقۆرتەی مریشک دەهات.... ئێوارەکان ئەو گۆشتەی بۆ ئێمە دەهات وەردیانەکان سووریان دەکردەوە بۆنەکەی ئەوەندە خۆش بوو وەختابوو گیانمان بۆی دەربچێ.
پرسیار: کێ بەڵێندەری ئەمەنه‌ سوورەکە بوو؟
وەڵام: عەبەی ساڵحی قیروان و کوڕەکانی. زۆربەی زیندانە سیاسییەکان بە گەورەترین تاوانباری دەزانن. بەڵام لەبەرئەوەی خاوەن پارەیەو لەسەر ڕەقەم پارە بە حیزب و لایەنەکان دەدا، ئەوا لەگوڵ کاڵتری پێناڵێن!
پرسیار: لەهۆڵی زینداندا چۆنتان کات دەگوزەراند؟
وەڵام: لەم شوێنەدا کات شتێکی زیادەیە. وەک گای گێژە، دەبێ تێوەیژەنی دەنا ناڕوات. میلی سەعات چەق دەبەستێ و ناجووڵێ. لەوێ هەر یارییەک بە خەیاڵماندا هاتبێ بۆخۆمان دروست کردووە. تەنانەت تەزبیحیشمان دروست دەکرد. بەیانیانمان زیاتر لەناو جێگەدا دەگوزەراند. ئێوارانیش یاریی فۆلکلۆریی وەک فڕی فڕی... شەویش بە کڵاوێن و دۆمینە کاتمان بەسەر دەبرد. جاری وایش هەبوو دەبووە گفتوگۆ لەسەر بابەتێک ٣-٤ سەعاتی دەخایاند. کۆمەڵێک بیرۆکەی بەپێزی تیدا شی دەکرایەوە... هەموو یارییەکیش بە دزیی وەردیانەکانەوە دەکرا.
پرسیار: جەژنی سەری ساڵتان چۆن بەسەر برد؟
وەڵام: شەوی ساڵی نوێ ١٩٩١ یەکێک بوو لەو شەوانەی لای گشت هاوڕێیان هەرگیز لەیاد ناچێ. هەفتەیەک پێشتر بەرنامەمان داڕشت و خواردنمان کۆکردەوە. هەریەکەو تۆزی خورما، لەتێ نان، هێلکەی کوڵاوو تەڕەپیاز و شتی وامان بۆ ئەو شەوە خستبووە لاوە. کات ١٢ی شەو پێکەوە خواردنمان ڕاخست و بە خۆشییەوە خواردنمان خوارد. ئەو شەوە جۆرەها یاری و گۆرانی و نوکتە و بیرەوەری بەڕێوەچوو. ئەو شەوە بیرەوەرییە شیرین و تاڵەکانمان لە زینداندا بە ئازادی بۆیەک درکاند. تاوناتاوێکیش بەکپی و بێدەنگی یاری (من غیر کلام) پێشکەش کرا.
پرسیار: ئەمنەکان بە ئاهەنگ قارس نابن؟
وەڵام: دیارە بۆیە ئێمەیان لەو زیندانەدا یەخسیر کردووە تاکو بەقسەی خۆیان تەمێ ببین. بەڵام بەدزی ئەوانەوە کاری خۆمان هەردەکرد. گۆرانی و بەزممان هەردەگێڕا جگە لە مونا‌قاشەی قوڵی سیاسی.
پرسیار: ڕاگەیاندنی عێراق وەهای نیشان دەدا گوایە لە جەنگی کەنداودا سەرکەوتووە! ئێوە لە زینداندا ڕاستیتان دەزانی؟
وەڵام: لەڕێگەی ڕادیۆیەکی دەنگ دڕاوەوە شەوی ١٦/١/١٩٩١ هەندێ نووستوو، هەندێک بێدار. لەپڕ گوێمان له‌ ئاژێر بوو. زانیمان کە قەوما. پاش ماوەیەک درێژەی ڕووداوەکە گەیشتەلامان. بۆ بەیانی ڕادیۆ نەما. بەهەڵسوکەوتیاندا دیاربوو حاڵیان شڵۆقە، بەڵام بەسەر خۆیاندا نەدەهێنا. خواوڕاستان برادەرێکی دیانی هەولێری بە (تیتۆ) ناسراوبوو گیرا. ئەو بە خۆشی و پێکەنینەوە باسی تێکشانی پێنجەمین سوپای بۆ گێڕاینەوە.
پرسیار: ئەمنی کورد لە زیندانەکەدا هەبوو؟
وەڵام: لە ناوەوە تەنها یەکێک هەبوو ئەویش (ملازم ابراهیم)ی خەڵکی هەولێر بوو. پاشان گواستیانەوە بۆ (أمن العامە)ی بەغداد.
پرسیار: لەسەرەتای ئادارەوە راپەڕین لە باشوور بەرپابوو.... ئێوە هەستتان پێکرد؟
وەڵام: شەوێک لە شەوانی مانگی شوبات. کاتی ٢ پیاوێکی کامڵیان کرد بە ژووردا (جەلال)ی ناوبوو. لە تکریت گەڕابووەوه‌. بەنیازی بیستنی هەواڵێکی دڵفڕێن ئەملاو ئەولامان لێگرت. بەڵام ئەم خاڵەیە هەیتا هەیتا دەیگوت (من ئاگام لە هیج نییە) ئێمەش سەرمان کردە سەری (دایکت چاک باوکت چاک لە هەواڵەکانی دەرەوە ئاگادارمان بکە) ئیتر زمانی پژاو هەواڵی شکاندنی زیندانی تکریتی درکاند. لەهەمان کاتدا هەواڵی پێداین کە ١٧-١٨/٢ هێرشی زەمینی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکان بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم دەستپێدەکات.
پرسیار: دوای ئەوە هەڵسوکەوتی وەردیانەکان گۆڕا یان وەک خۆی مایەوە؟
وەڵام: دوای ئەوە وەردیانەکان کەم کەم قسەیان لەگەڵ دەکردین. بەڵام وەک هەڵسوکەوت هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتبوو شایانی باس بێ. ئەوان هەرگیز ددان بە دۆڕاندنی خۆیاندا نانێن.
پرسیار: ڕادیۆتان لەلا بوو؟
وەڵام: بڵندگۆیەکی بێزارکەر بەدیواری ڕاڕەوەکەدا هەڵواسرابوو لە ڕادیۆی لای حەرەسەکان بەسترابوو. زیاتر وەک بێزارکەرێکی دەروونی بوو. خڕەخڕو هاژەهاژێکی سەمەرەی لێوە پەخش دەبوو. کەس لێی حاڵی نەدەبوو.
پرسیار: ئەدی تەلەفزیۆن؟
وەڵام: نەخێر نەمانبوو.
پرسیار: یارییەکانی کات گوزەراندن کامیان هەبوو؟...ساحەو مەیدان هەبوو؟
وەڵام: تاوڵەو دۆمینە. شەترەنج و لیدۆ... تەنانەت جار هەبوو پۆکەریشمان دەکرد. لەوانەیە پێت سەیر بێت ئەم یارییانە چۆن دروست دەکران؟... لەناوی سەمون و تڵپە چایی کاتێ لەگەڵ (تاید)دا پێکەوە هەڵمان دەشێلان و پوولی دۆمینەمان لێ دروست دەکرد.... بۆ یارییەکانی ساحەو مەیدان. کە بە پلیکانەکاندا دەیانبردینەخوار فتبۆڵێنیان پێدەکردین. ئەوان یاریزان و ئێمە فتبۆڵەکەبووین.
پرسیار: گەرماو کردن هەبوو؟
وەڵام: ئەوەی لە هۆڵەکان بوایە حاڵی باشتر بوو تاکو ئینفرادی. چونکە هۆڵ قەرەباڵغە. لە هۆڵەکەدا ئاودەست هەبوو. ئەگەر ئاو هەبوایە وەک حەمام بەکارمان دەهێناو هەفتەی جارێک خۆمان دەشت.
پرسیار: لەزیندان خەوبینین هەیە؟
وەڵام: خەو وەک چالاکییەکی ئینسانی دیارە لەو شوێنەشدا هەیە. هەریەکەو دنیاو خەون خەیاڵاتی خۆی. مرۆڤ لەو جێیەدا هەموو چالاکییەکی سنووری بۆ کێشراوە جگە لەخەوبینین کە دەتوانێ سنوورەکانی ببەزێنێ.
پرسیار: کاک لوقمان بەزۆری خەوت بەچییەوە دەبینی؟
وەڵام: خەون بە ئازادی و ڕزگارییەوە. شادبوونەوە بەکەس و کار....بەو خەڵکەی لەپێناویدا بەویستی خۆمان ئەم ڕێگەیەمان هەڵبژارد.
پرسیار: ئافرەتتان لەگەڵ بوو؟
وەڵام: بەڵێ... دیارە ڕزگاریی چینایەتی لەگەڵ ڕزگاریی ئافرەتدا ئەمجا کامڵ دەبێ.
پرسیار: ئەو ئافرەتتانە لەسەر چی گیرابوون؟
وەڵام: لەسەر چالاکیی ڕێکخستنی کرێکاری گیرابوون(دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا)بوون.
پرسیار: چەند ئافرەت بوون؟
وەڵام: ئەوەندەی من ئاگاداربم دوو ئافرەت لەسەر کاری ڕێکخستن گیرابوون. بەڵام هەندێکی دیکە لەبری براو پورزا گیرابوون. دوای نزیکەی مانگێک بەربوون.
پرسیار: ئیوە هەموو زیندانی سیاسی بوون یان تاوانباریشتان لەگەڵ بوو؟
وەڵام: سەرەتا هەرچییەکیان دەگرت دەیانهێنایە لای ئێمە. دوای ئەوەی تەحقیقیان لەگەڵدا دەکرد ئەگەر بە دڵیان بوایە ئەوا لای ئێمە میوان دەبوو. لەم دواییەدا قاچاخچی و (تجاوز حدود) سەربازی هەڵاتووشیان دەهێنایە لامان.
پرسیار: لەکاتی خۆیدا ئاگاتان لە نهێنییەکانی بەهاری ڕاپەڕین هەبوو؟
وەڵام: وەک سەعاتی سفر ئاگادار نەبووین. بەڵام بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی کە دەمانکردو ئەو هەواڵە کزانەی دزەیان دەکرد بۆی چووبووین کە ڕاپەڕین بەرپا دەبێ. چونکە ئەو کوشتارو فشارەی لەسەر خەڵکی ئەم وڵاتە بوو وەک باری زهنی زەمینەی بۆ ڕاپەڕیین خۆش کردبوو. بەڵام کە ڕۆژی ٧/٣/١٩٩١ ڕاپەڕین دەستی پێکرد وەک ئەنجام گەیشتینە ئەو قەناعەتەی زەنگی ڕزگاریی ئێمەوهەموو خەڵکی عێراق دەستی بە لێدان کردووە.
پرسیار: ئەی خۆتان وەک سیاسی بیرتان لە ڕاپەڕین و هەڵاتن لە زیندان نەکردەوە؟
وەڵام: هەر لەخودی زیندانەکانی عێراقدا چەند جارێک هەڵاتن و دەرگای زیندان شکاندن ڕوویداوە. قارەمانان توانیویانە دەربازببن.... ئەوی ڕاستی بێ لەمانگی شوباتدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا باس لەوەکرا خۆمان هەوڵی هەڵاتن بدەین. بەڵام بۆمان ئەنجام نەدرا. چونکە زانیاری تەواومان لەسەر زیندانەکەو دەوروبەری خۆمان نەبوو، لەبەر دوو هۆ: ١-زیندانەکە نوێ بوو. شوێنەکەیش بۆ هەڵاتن گونجاو نەبوو. ٢-لەنێو زیندانییەکاندا سیخوڕ زۆر بوون.
پرسیار: کەواتە متمانە لەنێو زیندانییەکاندا کەم بوو؟
وەڵام: متمانە لەکەسێکەوە بۆ ئەوی دیکە دەگۆڕێ. بۆ نموونە ئەگەر (عەباس عارەب) ئاگاداربوایە بەهیچ جۆرێک قسەی وامان نەدەکرد بۆنی سیاسەتی لێبێ.
پرسیار: زیندانییان لەوێ سەعات چەند دەنووستن؟
وەڵام: بەپێی شوێنەکان کاتی نوستنیش دەگۆڕێ. بۆ نموونە ئەگەر لە ئینفرادی بیت ئەوا ئەوەی جێگای باس نەبێ نوستنە. بڕواناکەم کەسێک بتوانێ لە ئینفرادی بخەوێ، بەتایبەتی لەسەرەتای تەحقیقەوە. بەڵام لە هۆڵدا، ئەگەر وەردیان لێت تووڕە نەبن و نەیکەن بە هات و هاوار ئەوا لە نیوان ١-٣ شەو دەنوستین. ئەویش لەتاو سەرماو برسێتی و بێجێگەیی و نیگەرانی لەسەدا هەشتای کات بێدار بووین.
پرسیار: کەی لەخەو هەڵدەستان؟
وەڵام: شەشی بەیانی هەندێکمان هەڵدەستاین بەڵام لە بێکاریدا دەنووستینەوە. هەرچۆنێ بێ لەتاو برسێتی و بۆ بەرچایی هەردەبوو کاتی ٧ بەئاگابین.(بەیانیت باش) سونەتێکی زیندانییەو لەبیر ناچێ. کە هەڵدەساین ئەو بەتانییانەی هەمان بوو قەدمان دەکردن. ڕێکمان دەخستن...هەوڵمان دەدا چالاکیەک بنوێنین.
پرسیار: زیاتر بیرت لەچی دەکردەوە؟
وەڵام: زیندانی بیر لەزۆر شت دەکاتەوە. هەر لەخواردن و ئازادییەوە بیگرەتا دەگاتە ماڵ، براو باوک، ئەو هاوڕێیانەی لە دەرەوەن ڕێبواری ڕێگای خەباتن... بارودۆخ و دەرامەتی کرێکار و زەحمەتکێشان بە تایبەتی جێگەی مشت و مڕی برادەرانمان بوو.
پرسیار: ئومێدی ئازاد بوونت هەبوو؟
وەڵام: کەسێ تووشی بوو بە تووشی جەللادەکانی بەعسەوە دەبێ ٩٠% وای دابنێ تیاچووە. بەڵام ئێمە ئومێدمان بەو ١٠%یەی کە دەمێنێ نەبڕابوو... دیارە ئەوەی ئێمەی وەک مرۆڤی سیاسی هێشتبۆوە ئومێدی ئازادی بوو.
پرسیار: هۆڵێک چەند زیندانی تێدا دەژیا؟
وەڵام: ئێمە سەرەتا لەهۆڵی ٥ بووین ژمارەمان لە نێوان ١٧-٢٠دا بوو. خەڵکی نوێی بۆ دەهات و هی کۆنیشی لێدەڕۆی. ئێمە بە درێژایی ٦ مانگ و ٢ ڕۆژ میوانیان بووین بەڵام میوانێکی ڕەزا گران.
پرسیار: هۆڵی ٥ ڕووبەرەکەی چەند بوو؟
وەڵام: لە سێ ژووری بچووک پێکهاتبوو. تیغەکانی نێوانیان هەڵوەشاندبوو. ڕاڕەوێک لە ناوەوەو دوو ئاودەست یەکێکیان کردبوو بە گەرماو. ئەم هۆڵە ٨ مەتر درێژ و ٣ مەتر پان بوو.
پرسیار: لە دەرگای دەرەوە هەتا دەگەیشتە ئەم هۆڵە بەچەند دەرگادا ڕەت دەبووی؟
وەڵام: نزیکەی ٩ دەرگا.
پرسیار: هۆڵەکان پەنجەرەیان تێدا بوو؟
وەڵام: پەنجەرەیەک بڕوانێتە دەرەوە نەبوو. بەڵام چوار هەواکێشی تێدا بوو... لەوێوە تیشکی خۆر جاروبار خۆی نیشان دەداین. ڕووبەریان ٥٠ بە ٥٠ سانتیمه‌تر بوو.
پرسیار: لەگەڵ پێخەفدا چۆن بوون؟
وەڵام: پێخەفمان ئەو بەتانییە کۆمە ئەسپێ هەڵهاودووانە بوو لەوەتی ئەو ئەمنە دروست کراوە ئەوانیش هەن. وەک ئێمە زیندانین و ڕۆشناییان نەدیبوو. لەبەر ئەوەی کەم بوو یەکی دووان یاخود سێ دانەمان بەردەکەوت... ژێرەخەرو سەرەخەرمان هەر ئەوە بوو. زەوییەکە ڕووت بوو. ناچار دوو دوو پێکەوە دەخەوتین بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێ.... شەوێکیان (مدیر أێمن) سەردانی کردین. گوتمان: (سەرمامانەو پێخەفمان کەمە) ئەویش گوتی: (ێحسن حتی تتعلمون، أنتم ێختیاریتو الگریق بنفسکم) بۆ ڕۆژی دوایی هەندێ بەتانی دیکەیان بۆ هێناین. لەگەڵ چەند پارچە ڕاخەرێکی پیس و دڕاو کە بۆ ئێمە زۆر بەسوود بوون.
پرسیار: کەواتە زستان سۆباتان نەبوو؟
وەڵام: نەخێر نەمانبوو.
پرسیار: ئەی هاوینان موبه‌ریدەو پانکە هەبوو؟
وەڵام: موبه‌ریدە هەبوو شەو ڕۆژ کاریان دەکرد. هەواکێشەکانیش سوودی چاکیان هەبوو بۆ هەوا گۆڕکێ. بەڵام ناڵە ناڵی مبردەکان هەراسانی کردبووین.
پرسیار: دیدەنیتان هەبوو؟
وەڵام: دیارە لە ئەمنە سوورەکە کارێکی سەرسوڕهێنەرە دیدەنی بۆ زیندانی هەبێ. ڕۆژێکیان پاسەوانێک بانگی کردم. لە خوارەوە مفوچ جمال چاوەڕوانم بوو. لەودەمەدا بەڕێکەوت زیندانییەکی هۆڵی ٢ کە لە قاتی ژێر ئێمەوە بوو. لەکونی دەرگاکەوە سەیری دەرەوەی کردبوو. مفوچ جمال بانگی کردە دەرەوە. ئەوەندەی لێدا دیدەنییەکەی خۆم بیرچۆوە. کوڕێکی قۆزی باڵا بەرز بوو. جەمال زوو زوو تێیدەخوڕی (سەرت هەڵبڕە) کە سەری هەڵدەبڕی هەرچەندە شەقازللەی لێدەدا بەقەدەر دەمانچەیەک دەنگی دەهات. ئەم چەتەوڵە دەستی بەقەدەر دەمە خاکەنازێک دەبوو. کوڕەی نیوە مردوو کردو بە شەق کردییەوە بە ژوورا. ئەمجا پارچە پەڕۆیەکی دامێ و گوتی (چاوت ببەستە) چاوم بەست. (رەحیم) دەستی گرتم و جەمالیش لە پشتمانەوە. لە زیندانەکە چووینە دەرەوە بۆ بەشی بەڕێوبەرێتی. ئەگەرچی وەهام خۆنیشاندەدا کە هیج نابینم بەڵام زەوی و جار جارە بیناکانی ناو ئەمنم دەبینی. لە بیناسورەکە کردمیانە ژوورێکەوە. چەند کورسییەک، مێزێک و ئاوێنەیەکی تێدابوو. ژورێکی خۆش بوو جەمال ئاگاداری کردمەوە: (ها لقمان تری ای حچی ماکو. بس احوال و سلام) بەناچاری سەم بۆ لەقاند... بۆ یەکەم جار دوای ٥ مانگ دایک و باوکم و دوو خوشکم هاتنە دیدەنیم. تێر یەکترمان ماچ کرد. هەواڵی کەسوکاری خۆمم زانی. لەودەمەدا مفوچ جەمال و ڕەحیمی پاسەوان بەدیارمانەوە وەستابوون و گوێیان گرتبوو. بۆ نەگبەتی زیندانییەکان جەمال کوردی دەزانی. دوای چارەکە سەعاتێک دووعاخوازیم لێکردن. ئەوان ڕۆشتن بەڵام دوای خۆیان بارێ شمەکیان بۆ جێهێشتم. چاکەت، بیجامە، فانیلە، یاپراخی گەڵامێو، گۆشت و مریشک، سێوو کولیچە، دیاربوو حاڵم شڕە بۆیە باوکم پانتۆڵەکەی خۆی دامێ. دوای ئەوە پشکنیمیان و گومرگیان کردم بردمیانەوە بۆ هۆڵی خۆم. برادەران یەکە یەکە بەنۆرە ئەملاو ئەولایان ماچ کردم. ئەمەیش نەریتێکی جوان بوو. وەک ئەوەی ئەوان دایک و بابیان بینیبێ وەها بوو. خواردنەکەیش لەولاوە بوەستێ بۆ ئێمەی تامەزرۆ. لەهەمووی خۆشتر دایکم بەبۆنێکی زۆر خۆش جلەکانی عەتر پرژێن کردبوو. تاکو نزیکی ئازادبوونیشمان بۆنی تەسکینی بە هاوڕێکانم دەدا. لە زینداندا خاوەندارێتی تایبەتی نییە. زیندانی بەپێی پێویستی شمەک بەکاردێنن.
پرسیار: تکایە جیاوازیی نێوان هۆڵ و ئینفیرادی ڕوون بکەرەوە؟
وەڵام: جیاوازییەکە زۆر زۆرە. مەگەر ئەوانەی مانەوەیان درێژە دەکێشێ ئازارەکەی بزانن. لە ئینفیرادی بەتەنیایت. قسەوباس و هەواڵ کەمتر دەبیستی. هەموو شتەکانت بۆ دیاری کراوە... چوونە سەرئاو... قسەوباس.... مرۆڤی تەنیا لەو شوێنەدا کاسە. ئەگەر زۆر خۆڕاگرنەبێ بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە. هیچ نییە خۆی پێوە خەریک بکات و ڕۆژگاری پێ بەسەربەرێت. زۆربەی ئینفرادییەکان هەواکێشێکی وەڕس کەریان تێدایە بەزستانیش کار دەکات. کەچی هۆڵ هەرچۆنێک بێ ئازادی زیاتری هەیە. چاودێری کەمترە...... چوونە سەرئاوو خۆشتن ئاساییە چونکە ئاودەست و گەرماو هەیە.... قسەوباس لەهۆڵ زۆرە. نوکتەو گۆرانیش جاروبار.
پرسیار: لەنێوان هۆڵ و ئینفیرادی، خوارەوەو سەرەوەدا هەواڵەکان چۆن دەگەیشتن؟
وەڵام: وەک هاوڕێیەک باسی کرد: (گرنگترین شت لە زینداندا ربگ الاعلامییە) واتە گەیاندنی دەنگ و باسی نیوان زیندانییەکانە هەندێ جار هەواڵەکانی دادگاشمان پێدەگەشتەوە. چۆن؟ هەر هۆڵەو چاودێری خۆی هەبوو یان وەردیانەکان، یان لە نێوان خۆماندا هەڵماندەبژارد. کە دەچوو جیرەکە بێنێ لەگەڵ چاودێری هۆڵەکانی دیکەدا یەکتریان دەبینی. بەپەلەو لەژێر لێوەوە دەنگ و باسیان دەگۆڕییەوە. بەتایبەتی لەگەڵ هۆڵی ١دا. چونکە هەرکەسێ بدرایە بە دادگا یەکسەر دەیانبردە هۆڵی ١ و لەوێوە هەواڵەکان دەگەیشتنە ئێمە. لە ئێمەشەوە بۆ ئینفرادی. جۆری پێگوتنیش بەجفرە بوو. لای خۆمان هەر ژوورەو ژمارەی تایبەتی خۆی هەبوو. لەژێر دەرگاکەوە ژمارەیەکمان بانگ دەکرد ئیتر هەر ئەو ژمارەیە دەهاتە وەڵام. جارێکیان سیاسییەکی تازە گیراویان لە ئینفرادی فڕێدابوو. دوای ئەوەی برادەران غیرەتیان نابووە بەر پێیان گوتبوو (لەمەولا تۆ ژمارەکەت حەوتە) ئەویش گوتبووی: (حاڵی بووم) کەچی دوای نیوسەعاتێک دەستی بە هاوار هاوار کرد: (حەوت... کوڕە حەوت... ئەی هاوار حەوت بۆ وەڵام نادەیتەوە؟!) برادەرەکەی تەنیشتی ئاگاداری کردبۆوە: (ئەوە چیت لێقەوماوە؟) (ئەوە قەدەرێکە هەر حەوت حەوتمەو کەس وەڵامم ناداتەوە.) ئەویش تێیگەیاندبوو: (کاکە گیان تۆ خۆت حەوتی ئیتر چۆن بانگی حەوت دەکەی؟) مرۆڤ لەو شوێنەدا وڕوکاس دەبێ. زوو شتەکانی بیردەچێتەوە. هەندێ جار تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێ.
پرسیار: ئەگەر ئارەزووی جگەرەکێشان یان هەر خواردنێکتان بکردایە کەسێ هەبوو بە دەنگتانەوە بێ؟
وەڵام: مرۆڤی زیندانی چونکە هەموو شتێکی لێ یاساغە لەبەر دەستیدا نییە ئارەزووی هەموو خواردنێک دەکات، ئەویش لە چوارچێوەی خەیاڵات و ئاخ و ئۆف و خۆزیاو بریایی مرۆڤێکی پەژمودەو عەزرەتی. جار هەبوو لە نێوانماندا کرێکاری چێشتخانە هەبوون باسی لێنانی پڵاوی سەربەکشمیش و بریانی و تاسکەبابی و قەزاتمەو جۆرەها خواردنی خۆش و بەتامیان بۆ دەگێڕاینەوە. ڕژێنەکان دەکەوتنە لیک ڕشتن. بەڵام بەکەڵکی چی دێ؟ خۆ ئێمە لە (خورما) کە زیاتر نەبوو بیخۆین. برادەران زۆریان حەزلەو یاپراخە بووکە لە دیدەنییەکەدا بۆیان هێنام. بڕیاریان دا ئەگەر بەربووین بانگهێشتییان بکەم بۆ یاپراخ، بەمەرجێ گۆشتی تێدابێ. لە زیندان تەنیا (ڕەحیم) سەموون یاخود نانی زایادەی بۆ دەهێناین ئەویش خۆمان داوامان لێدەکرد.
پرسیار: باسی ئەدەب دەکرا؟
وەڵام: باسی ئەدەب هەمیشە لە زینداندا هەیە.... کات هێندە زۆرە بەشی هەموو لایەنەکانی ژیان دەکات بە ئەدەبیشەوە.
پرسیار: باسی کام نووسەران دەکرا؟
وەڵام: زۆر نووسەر دەهاتنە سەرخوانی باسکردن وەک: حسێن عارف و شاکارەکەی. شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، حەمەسەعید حەسەن. زۆر جار باسی جاش قەڵەمەکان دەهاتە پێشەوەو تێر جوێنی ئەدەبی دەکران. (شێخ ڕەزا) زۆر جار دەبووە میوانی زیندان و بە شاکارە داشۆرینەکانی هەموومانی دەخەناند.
پرسیار: کام بەرهەمی ئەدەبیتان بەلاوە پەسەند بوو؟
وەڵام: بەلای هەموومانەوە ئەو بەرهەمانەی دیدێکی کرێکاریان هەبوایە پەسەندبوون. وەک شیعرە بەناوبانگەکەی (ئۆژین بۆتیە)ی شاعیری کۆمۆنەی پاریس. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا شیعری ناسکی وەک لە ڕەگەوەی بێکەس و پەشیمانی حەمەسەعیدو سەربازی ونی پەشێو زۆر جاران دەگوترایەوە جگە لەوە (ڕێبوار)ی شاعیر لای زۆربەمان دۆست و ئاشنا بوو.
پرسیار: تێکڕای پلەی خوێندەواریی زیندانییەکان لەچ ئاستێکدا بوو؟
وەڵام: ئەوانەی لە هۆڵی:٥ بووین، بەشێکمان دەرچووی زانکۆکانی بەغدادو موسڵ و سەلاحەدین بووین. هەندێکیشمان دەرچووی پەیمانگەکانی بەغدادو کەرکوک و سلێمانی.
برادەرێکیشمان بەناوی (دکتۆر کامەران)ەوە کە هەتا ئازاد کراین لە ئینفیرادی مایەوە دەرچووی کۆلیجی پزیشکی زانکۆی سەلاحەدین بوو. تەنها هاوڕێیەکمان کەمی خوێندبوو. ئەویش بەباشی دەیتوانی بنووسێ و بخوێنێتەوە. ئەگەرچی بەلای منەوە پلەی خوێندن سەنگی محەک نییە.
پرسیار: ئەدی تەمەنیان؟
وەڵام: ئەو دەستەیەی کە لەسەر یەک مەسەلە گیرابووین تەمەنمان لە نێوان ١٩-٣٢ ساڵدا بوو. واتە لە دایکبووی ١٩٥٥-٩٧٢.
پرسیار: ڕادەی پاک و خاوێنی زیندان باس ناکەی؟
وەڵام: دوو دوو بە نۆرە خەفەرمان بۆ پاکژکردنەوەی هۆڵەکەمان دانابوو. دەبوو هەموو هۆڵەکە بە پەڕۆی شێدار بسڕینەوە. جاروباریش وەردیانەکان دیتۆڵیان دەداینێ بۆ ئاودەستەکان. هەموو گرنگیمان بە خاوێنی دەدا. ئەگەر یەکێک بچوایەتە سەرئاوو بە سابوون دەستی نەشۆردایە دەکەوتە بەر لۆمەی هاوڕێیان. تەنها خاوێنی لە نەخۆشی دەیپاراستین.
پرسیار: چ نەخۆشییەک بە زۆری لەناوتاندا بڵاو دەبۆوە؟
وەڵام: نەخۆشی زۆر بوو بەتایبەتی هەوکردنی گەدەو ئەنفلۆنزا، سکچوون کە زۆربەمانی هەراسان کردبوو.
پرسیار: دەبرانە نەخۆشخانە؟
وەڵام: مەگەر حاڵەتەکە زۆر ترسناک بوایە. هەفتەیەک یان دووان وەردیانێک ناوی نەخۆشێک دووانی دەنووسی و دەبرایە لای نوژدار. ئەویش هەر لە زیندانەکەدا. جارێکیان هاوڕێیەکمان (مجاری بولی) خراپ تووشی نەخۆشی ببوو. چەند پاسەوانێک بردیانە خەستەخانەی شار. ناوی (ئازاد سەلیم) بوو. ناویان گۆڕیبوو بە (هاوڕێ محەمەد). کە نۆژدار بانگ دەکات: (با هاوڕێ محەمەد بێتە ژوورەوە) ئەم وەڵام ناداتەوە. پاسەوانەکە تییدەخوڕێ (بۆ وەڵام نادەیتەوە؟) ئەویش پێی گوتبوو (ئاخر من ناوم هاوڕێ نییە.) دوای لێدانێکی زۆر بە زۆردارەکی کردبوویان بە (هاوڕێ)و ناردبوویانە ژوورەوە.
پرسیار: لەو ماوەیەدا کە زیندان بووی کەسیان کوشت؟
وەڵام: دەمانبیست دادگا فڵان یان فیساری بەکوشتن سزاداوە. ئیتر نەماندەزانی داخۆ جێ بەجێ دەکرا یان نەو. چونکە هەواڵ هات کە تەنفیز وەستاوە.
پرسیار: لەوێ، لە ئەمنە سوورەکە سزای کوشتن جێ بەجێ دەکرا؟
وەڵام: (محەمەد مەحموود) ناوێک کات ٩،٣٠ی بەیانی، ٨ی مارس برایە خوارەوەو گوللەباران کرا. ئەم برایە (بزووتنەوەی ئیسلامی)بوو.... بەتاوانی کوشتنی (مەلا ف) دەسگیر کرابوو.
پرسیار: بەهەموو ئەمەنه‌ سوورەکە چەند زیندانیی تێدابوو؟
وەڵام: نزیکەی ١٢٠-١٥٥.
پرسیار: سەر بەکام حیزب و گرووپ بوون؟
وەڵام: زۆربەی لایەناکانی تێدا بوو. ئێمە کۆمەڵێک بووین پێیان دەگوتین (جەماعەتی کۆمونیست) کە سێ لایەن بووین. ١-دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا. ٢-ڕەوتی کۆمونیست. ٣-کرێکارانی کۆمونیست. جگە لە ئێمە: ١-ی.ن.ک...کۆمەڵیک پێشمەرگەو ڕێکخستنیان گیرابوون. ٢-پ.د.ک....چەند برادەرێکیان. ٣-ئاڵای شۆڕس چەند برادەرێکیان.
پرسیار: لەم دواییەدا کارەباتان هەبوو؟
وەڵام: هەتا هاوپەیمانەکان هێرشیان هێنا بەردەوام کارەبا هەبوو. دوای ئەوە شەوانە بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بۆ مەبەستی ئەشکەنجە (موەلیدە)یان ئیش پێدەکرد. ئەگینا تا ئەو کاتەی دەرکی زیندان شکا کارەبا نەبوو.
پرسیار: ئەدی ئاو؟ سەروڕیش تاشین چۆن بەڕێوە دەچوو؟ شانەو ئاوێنە هەبوو؟
وەڵام: ئاو، وەک کارەباکە وەهابوو. سەرەتا باش بوو. پاشان بەسەتڵ ئاویان بۆ دەهێناین. گرەوی خێراترین ڕیش تاشین لە جیهاندا ئەمنی سلێمانی دەیباتەوە. مەکینەیەکی بێ شانە... لەتێ گوێزان.... سەتڵێ ئاوی سارد.... بەکێبڵەوە بەدیارتەوە وەستاون و ڕاست و چەپیان لێگرتووی. تاکو تەواومان دەکرد ڕوخساری خۆمان کەلەپاچە دەکرد.... ڕیش تاشین ٣-٤ هەفتە جارێک بوو. ڕۆژی ٢٧-١٠-١٩٩٠ سەریان سفر کردین . قژمان هاتبوو. بە ئاوی سارد پاک نەدەبۆوەو لەوەدابوو ئەسپێ تێمان بدات. زۆرمان پێخۆش بوو. ئەم سەر سفر کردنە مێژوویی بوو هەریەکەو لە مرۆیەکی دیکە دەچووین. زۆر شت هەن لە زینداندا بەدڵ و گیان دەپارێزرێن ولە جێگەی تایبەتیدا دەشارێنەوە. ئێمە شانەو ئاوێنەو مووکێش تەنانەت مقەستێکی بچووکیشمان هەبوو. لەکاتی پشکنیندا بە هەموومان دەمانپاراست. وەردیانەکان نینۆک کەریان بۆ دەهێناین و ڕۆژێ دووان لەلامان دەمایەوە. چاودێری هۆڵ لێی بەرپرسیار بوو.
پرسیار: هەندێ لە گفتوگۆی ئەمنەکان بەتایبەت لەکاتی ئەشکەنجەدا... ئەگەر بیرت ماون؟
وەڵام: (گول حقیقە تتریح نفسک....ێدیقک گال کل شی لیش تتعـ‌ژب نفسک؟)، (ابن گحبە چم مرە گلنالک احچی...اژا ماتگول الحقیقە راح نعلگک...) دوای هەڵواسین. گیانم تێکشکابوو نەمدەتوانی ڕێک بڕۆم. مفوچ جەمال لەدوامەوە بوو پێی گوتم: (ێار پاپای). ابو دلف، ڕۆژێک لەسەر ئەوەی لەبەر سەرما نایلۆنێکمان بە هەواکێشەکەدا گرتبوو زۆر تووڕە بوو گوتی: (یاحیوان سوا هژا....أژا أچرب أی واحد لاتگوم الأ بالمستشفی!).
پرسیار: کە ئێوە دەپاڕانەوە، ئەوان چ هەڵوێستێکیان وەردەگرت؟
وەڵام: لە هیچ کات و شوێنێکی زینداندا پاڕانەوە دادت نادات. هەندێ جار وەک تەکتیک بۆ خۆ گێل کردن لەو بەڵگانەی وەدەستیان کەوتووە پاڕانەوە یەخەت پێدەگرێ. بەڵام گوێت لێناگرن، بەڵکو پتر ئەشکەنجەت دەدەن. ئەوان سوور دەزانن تۆ ٥٠ فلست پێیە کەچی داوای ٢٥٠ت لێدەکەن. مرۆڤ بۆ ئەوەی درهەمەکەی لە دەست نەچێ دەپاڕێتەوە. دەپاڕێتەوە بۆ خاتری ئەوەی هاوڕێیانی دەرەوەی زیندان بێ زیان و بەردەوام بن.
پرسیار: أبو دلف کێیە؟
وەڵام: ناوی (محەمەد) بوو. بەناوی کوڕەکەیەوە بانگیان دەکرد. کابرایەکی زەبەللاحی باشەڵ زل و گێژۆکە بوو. ببووە جێگەی نوکتەو لاقرتیی زیندانییان. خۆی وەها پیشاندەدا لە گشت زانستەکاندا شارەزایەو گاڵتەی بە ئەقڵی ئێمە دەهات. پێیدەگوتین: (راح نعدلکم و بعدین تگلعون) ڕۆژێکیان کارەباچییەکی ڕمووزنی سەربەخۆیانی هێنابوو تاکو هەواکێشی هۆڵەکە چاک بکاتەوە. لەسەر پەیژەکەوە داوای کەتەری لێکرد أبو دلف دوای ئەوەی ماوەیەکی چاک جانتاکەی گەڕا نەیزانی (کەتەر) کامەیە. ناچار جانتاکەی بۆ کاکی کارەبایی هەڵبڕی و بەڕاشکاوی گووتی (نازانم).... ئەمە ڕەنگە بەلای خوێنەرەوە ڕووداوێکی ئاسایی بێ. بەڵام لە شوێنیکی وەک زینداندا نوکتەیەکی زۆر خۆشە بەتایبەتی بە زمانی أبو دلف ئەوە گۆبەندێکە بۆخۆی.
پرسیار: بەڕاست نوکتەی تایبەت بە زیندانت لەیاد ماوە؟
وەڵام:
-١- بەندییەک، لە ئێمە پتر تەمەنی لە زینداندا بەسەربردبوو، گێڕایەوە: زیندانییەکیان ئەشکەنجە دەدا. کارەبایان دا لە چۆکی. لەتاوا میزی کرد بە مێزەکەدا. پێیان دەگوت: (ددانی پێدابنێ....چیت پێیە هەڵیڕێژە.) ئەویش دەیگوت: (بەخوا ئاگام لە مەحموودی بێزەواد نییە) نەقیب ماجیدیش یەکسەی گوتبووی: (ها شتگول ...أکتب محمود بیزەواد...منو محمود بیزەواد أحچی).
-٢- جارێکیان زیندانییەک هەڵدەواسن و کارەبا لە چۆکی دەدەن.... بەڵام ئەو لەبری هاوارکردن دەست بە پێکەنین دەکات و نایبڕێتەوە. چابگ تەحقیق، گومانی تێکچوونی لێدەکات. داوا دەکات بەپەلە دایگرن. ئاو لەسەروچاوی دەپرژێنن. لێیدەپرسن: (ئەوە بۆ چی پێکەنیت؟). (وەختی خۆی لەدێ، واباو بوو کارەبامان بۆ دێت.... ڕووناکی دەگاتە لامان منیش پێم گوتن: بەوخوایە کارەبا دەگاتە چۆکی من بەڵام ناگاتە دێ. ئەوا ئێستا سوێندەکەم بەڕاست گەڕا. گەیشتە چۆکم بەڵام دێکەمان ئەنفال کرا).
-٣- زیندانییەکی شێتۆکە گیرابوو خەڵکی هەولێر بوو. پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبوو. بەڵام خاسییەتی ئەمن بوو، لەسەر قاچاغچێتی خەڵکیان بگرتایە پێیان دەگوت: (تۆ تەنزیمیت) کە ئەم تاوانەشیان دایە پاڵ ئیتر پێی دەڵێن: (بۆ وێنەی سید الرئیست دڕاندووە؟) یان پێیان دەگوت: (تۆ تەنزیمیت، لێپرسراوەکەتان کێیە و چاپی حیزبەکەتان لە کوێیە؟) ئەم برادەرەش لە ژێر ئەشکەنجەدا گوتبووی: (بەڵێ هەوم. چاپەکەشمان وا لەماڵەوە...لە قەڵای هەولێر.) خێرا نەقیب ماجدو تاقمەکەی بەگرنگی پێدانێکی زۆرەوە لەگەڵ کاکی زیندانی بۆ هەولێر بەڕێدەکەون...لەوێ دایکێکی پیر، دوو باوەڵە شکاوو بۆفییەیەکی کۆنیان دەبێ....هەموو شڕەو شاتەڵاکان فڕی دەدەنە دەرێ و هیچ نادۆزنەوە. ئەمجا لێی دەپرسن: (کوا چاپەکە؟) ئەویش پێیان دەڵێ: چاپمان نییە. هەر ویستم بمهێننەوە بۆ ماڵەوە تاکو داکە پیرم ببینم و بزانێ لەلای ئێوە زیندانیم. چینێکی لێدەدەن و ڕێ و ڕێ دەگەڕێنەوە.
پرسیار: لەزینداندا پێڵاوتان لەپێ دەکرد؟
وەڵام: لەبێ تاقەتیدا وەک حەزکردن لەهاتوچۆ یان وەک بیرەوەری، بەیادی ڕۆژگاری ئازادی لە پێمان دەکرد.
پرسیار: لە هۆڵ پشکنین هەبوو؟
وەڵام: بەڵێ، هەفتەی جارێک یان بە دوو هەفتە جارێک. شەوێکیان لە نێوان ١٠-١١ی شەودا: جمعە، أبودلف، خالیدە شێت....خۆیان بەژووردا کرد. أبودلف گوتی: (جل و بەرگ بەتانییەکانتان کۆبکەنەوە) ئێمە بەتانییەکانمان بەدەستەوە بوو. ئەویش زوو زوو دەیگوت: (لیفوگ....ارید الکاشی....ارفعها لیفوگ...). دوایی گوتی: (هەموو لێرە کۆببنەوەو پێخەفەکانتان لەوێ دانێن.) حاڵێکی زۆر ناخۆش تووش هاتین. کەچی دوایی لەنێوخۆماندا بە نوکتە شکایەوە. هەرکەسێک لە جمعە نزیک دەبۆوە تاکو کەل و پەلەکەی لەبەردەمدا دابنێ...دەکەوتە بەر حەملەی لێدان. بۆیە کەس نەیدەوێرا لێی بچێتە پێشەوە. ئەم دیمەنە لە زینداندا سەرنج ڕاکێشەو مانای خۆی هەیە. من گڵۆڵەیەک خوریی. هی بلووزی هەڵوەشاوم لە باخەڵدا بوو لەگەڵ دەرزییەکدا. زۆر یاساغ بوو. بە دەرزییەوە فڕێمدایە ناو نوێنەکانەوە. هاوڕێیەک لەبەر ئەوەی ناوکە خورمایەکیان لە باخەڵدا دۆزییەوە کەوتنە تێهەڵدانی. یەکێکی دی ئێسکێکی مریشکی پێ بوو. هەمان دەستوور لێدانی خوارد. منیش لەسەر ئەوە لێیاندام لەبەر بۆنخۆشی توێکڵی پرتەقاڵیان لە گیرفانمدا دۆزییەوە. (شێخ حسێن) تازە خۆی شۆردبوو. بەتانییەکی لەخۆیەوە ئاڵاندبوو، ئیتر هیچی وای لەبەردا نەبوو....أبودلف پێی گوت: (دەڵێی لەسەردەمی محمد العربی دا دەژی) ئەویش لێدانێکی مزری خوارد.
پرسیار: ئەو شتانەی کە لە زینداندا قەدەغەن؟
وەڵام: لە زینداندا هەموو شتێک قەدەغەیە. مقەست، گوێزان، هەر شتێکی دەمی تیژ... شانە، کەوچک، شووشە، تەل، بەرد، دار... بەڵام ئێمە هەندێک لەمانەمان هەبوو دەمانشاردنەوە. وەک چەقۆ کە خۆمان دروستمان دەکرد. دەرزی، کەوچکی نایلۆن. ئاوێنە...
پرسیار: گۆرانی گوتن هەبوو؟
وەڵام: ئەو دەمانەی کە زیندان خامۆش دەبوو. هامشۆی پاسەوانەکان کەم دەبۆوە...ئەوانەی دەنگ خۆش بوون گۆرانیان دەچڕی...هەندێ جار دەبووە گەڕەلاوژەو بە نۆرە بوو... تەنها بۆ ئەوەی کات بڕەوێتەوە.
پرسیار: ئەی بە قورئان خوێندن قارس نەدەبوون؟
وەڵام: لەبەر ئەوەی قورئان خوێنمان لەگەڵدا نه‌بوو، لام ڕوون نییە. بەڵام دەکرێ بەدزییەوە بخوێندرێ.
پرسیار: لەنێوان خۆتاندا شەڕتان دەبوو؟
وەڵام: بەڵێ، هەندێ کەڕەت ڕوویدەدا. ئەویش لە ئەنجامی پشوو کورتی و کەم (تحملی)یەوە بوو....ئەگەر چی ئەم دیاردەیە هەرما بەڵام وردە وردە کەم بۆوە.
پرسیار: لەسەر چی شەڕ ڕوویدەدا؟
وەڵام: لەسەر تاوڵەو دۆمینە... یان لەکاتی موناقەشەدا .... هەندێ هاوڕێ چیکڵدانەیان گچکەبوو. جار هەبوو لەسەر ده‌نکە خورمایەک لەتە سەموونێک دەبووە شەڕ. ناهەقیشیان مەگرە. برسێتی چی بە ئینسان ناکات؟ مرۆڤ کە برسی بوو ئاستی هوشیاریی دێتە خوارەوە... کورد واتەنی: (برسێتی ڕەگی هاریی پێوەیە.)
پرسیار: بورانەوە هەبوو؟
وەڵام: هاوڕێیەکمان لەگەڵ ئینفیرادی ٦دا وەستابوون، ئەم دووانە لەیەک شانەدا بوون بۆ ئەوەی لە تەحقیق دا قسەکانیان چونیەک بێ نزیکەی سێ چارەک پێکەوە وەستان. ئەوەندەمان زانی (کاژاو) بەلادا هات و ڕەهێڵ بوو.... بەپەلە هەڵمان گرت و بردمانە سەر جێگاکەی. دوای نەختێک هاتەوە هۆش خۆی. برادەرەکەی ئینفیرادی ٦ ئاوای گێڕایەوە: لەچاو تروکانێکدا، دیم (کاژاو) بەلادا هات و کەوت. بێ ئەوەی بتوانم دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکەم و فریای بکەوم. من لەو دیوەوە ڕەق ڕاوەستابووم.... هەر ئەوەندەم پێکرا هاوڕێکانی دیکە ئاگادار بکەم کە لە هۆڵەکەدا بوون. ئەگەر بشمردایە توانای ئەوەم نەبوو بمگرتایەتە باوەش. ئای چەند تاڵە هاوڕێی ئازیزی خۆت لەبەر دەمت دا بکەوێت و نەتوانی دابنەویتەوە یارمەتی بدەیت. مەگەر ئەمە هەر لە سایەی ڕەوشتی بۆرژوادا ڕووبدات!
پرسیار: هۆی سەرەکیی بوورانەوە چییە؟
وەڵام: دیارە لەبەر نەبوونی خواردن و پێویستیە ئینسانیەکان بوو. ئەو خواردنەی وەرمان دەگرت بۆ سێ ژەم. بەشی ژەمێکیشی نەدەکردین. ئیتر چۆن تووشی بێ هێزی و بوورانەوە نابین؟
پرسیار: لە زینداندا کێ لە هەمووان ئازاترە؟
وەڵام: لە هەمووان ئازاتر ئەو کەسەیە کە دەسگیر کرا کەسی دیکە بە شوێن خۆیدا نەهێنێ بۆ زیندان. کەم بڵێ و لە کورتی بیبڕێتەوە. (سەردار) ناویک هەتا توانییان لێیان داو ناوی کەسیشی نەگوت.... ئێمەش یارمەتیمان داو لە بارودۆخی ئەمن ئاگادارمان کرد. ئەوەی دەگیرێ وادەزانێ دەستەودایەرەی ئەمن زۆر زیرەکن. ڕاستییەکەی زۆر گێلن. تا ئەو ڕادەیەی زۆرمان بەڵگە پی گیرابوو. کەچی هەتا کۆتایی نەیانزانی هی کییە.... هەرچەندە فێڵیان کرد کەچی خاوەنەکەیان نەدۆزییەوە.
پرسیار: ئەوانەی ڕێزی تایبەتییان هەیە لەلات؟
وەڵام: ئەو برادەرانەی هۆڵی خۆمان. ڕێزم بۆ زۆریان هەیە... ناتوانم ناویان بڵێم.... خەڵکی لەو شوێنەدا شیاوی ڕێزن. هەندێ نەبێ کە کیانی ئینسانی خۆیان ون دەکەن و بەسەر خەڵکی دیکەوە دەبنە سیخوڕ!.
پرسیار: بەیانی حەوتی ئازار ڕاپەڕین گەیشتە شار ئێوە چۆن بە پیرێوە چوون؟
وەڵام: ئەو بەیانییە تەقەی دوور بە ئاگای هێناین. سەرەتا وای بۆ چووین جاشە و لە نیوان خۆیاندا تێکچوون. ئەو بەیانییە لەچاو ڕۆژانی دیکەدا بەرچایی دواکەوت. دوای بەرچاییش تەقە دەوامی هەبوو. بەتانییەکانمان کۆکردەوەو لەسەریەک هەڵمانچنین، تاکو بگەینە هەواکێشەکەو لەوێوە چاومان لەناو مدیریە الامن بێ و بزانین چ باسە. یەکێک لە ئەمنەکان بە گەورەکەیانی گوت: (سیدی المخربین فی محلە خبات) دیارە ئەو گەڕەکانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشیان لێیە هەردەم لانکەی شۆڕش و پەرچدانەوەی ڕژێم بوون. ساڵانی ٨١-٨٢ لەو گەڕەکانە شەوو ڕۆژ خۆپیشاندان بوو... جاروبار دەنگی (R.B.G)یش دەهات پاشان وای بۆ چووین مەفرەزەی (پ.م) دابەزیبێتە ناو شارو شەو فریای کشانەوە نەکەوتوون. ئێستا ئاشکرا بوون و تووشی شەڕ هاتوون. برادەرێکی دیکە وای بۆ دەچوو هێزە هاوپەیمانەکان لەچواردەوری شار دابەزیون. لەگەڵ بەردەوامی برادەرەکەی ئێمەیش لە کونی هەواکێشەکەوە سەرنجی دەداو هەڵوێستی ڕوون دەکردەوە. لەوێوە ناو مدیریە، پرسگە، شەقامەکەی گەڕەکی شۆڕش، لەوێوە بەرەو خوار تا کارگەی سەهۆڵەکەو چەند ڕیزە ماڵێک لەچوار دەوری ئەمنەکە دیاربوو لەوێشەوە گۆڕستانی شێخ محێدین و گەڕەکی ئابڵاخ لەگەڵ بەشێک لە بینا تازەکەی کارگەی جگەرە دیاربوو....ئەمان لەلای خۆیانەوە تەقەیان دەکرد، ئەگەر چی تەقە لە ئەمنە سوورەکە نەدەکرا. بەردەوام هێزیان کۆ دەکردەوە دابەشیان دەکردن تاکو باشتر بەرگری بکەن. دەمەو ئێوارە دەنگی فڕۆکە هات. ئەمن کەوتنە هەلهەلەکێشان: (أجت گائراتنا) بەڵام لە زەمینەوە تەقەیان لێکردن. فڕۆکەکانیش گەڕانەوە. بەمەیش پشتیان شکا. سەربازەکانی ناو ئەمن. پۆلیس و پاسەوان بەردەوام بەیەکدا دەهاتن و دابەش دەبوون. ئێوارەی ٧/٣/١٩٩١. ماڵ و منداڵی ئەمن خۆیان بەژێر زەمینەکانی ئەمنە سوورەکەدا کرد.... ئیتر بەتەواوی لامان ڕوون بوو کە توانای خۆڕاگرتنیان نەماوە.... زوو زوو لە دیوارەکەی تەنیشتمان دەدا تاکو هەواڵمان پێ بگات. بەڵام ئەمەیان مەترسیی تێدابوو چونکە دەنگەکە دەگەیشتە خوارەوە بۆلای پاسەوانەکان. بۆیە ئه‌و‌ برادەرە چەند کۆکەیەکی دەکرد. ئەوانیش وەڵامیان دەدایەوە. دەنگ و باسەکان هۆڵ بە هۆڵ دەگەران. لە هۆڵی ئێمەوە: لە هەواکێشی ناو ئاودەستەکەوە، ناو حامیە، گەڕەکی مامۆستایان، گەڕەکی ئاشتی (دور الامن)، بەشێک لە گۆڕەپانی ئامادەیی شۆڕش، بەڕێوبەرێتی سوپای میللی (مدیریە الجیش الشعبی)، ناو حەوشەکەی زیندانی ئەمنەکەی خۆمان دەبینرا. لە بچووکترین شت یەکمان ئاگادار دەکردو بارودۆخمان هەڵدەسەنگاند. بۆ نیوەڕۆژه‌، وەک پیشەی ڕۆژانەیان چاودێر بە سەتڵەکانەوە ئامادەبوو تاکو خواردن بۆ هۆڵی ٣،٥،٦ بهێنێ. کەچی چەند پاسەوانێک ڕەنگ پەڕیو بەچەکەوە ڕژانە ناو ڕاڕەوەکە. (ملازم علی)ی تەحقیق دوای لێکردین بچینە سوچێکەوەو دەرگایان کردەوە. ئەوەی ڕاستی بێ زۆر ترساین.... ئێمەیان لە گۆشەیەکدا خزاندو خۆیشی سێ چوار پاسەوانی لەگەڵ بوو.... ئەوە یەکەم جار بوو چەک بێتە ناو زیندانەوە.جاران بەڕێوەبەریش کە دەهات چەکەکەی لە دەرەوە دانا بوو. نەبادا زیندانی پەلاماری بدات. کەچی ئەو نیوەڕۆیە دنیا گۆڕابوو. ئەو ملازم عەلییەی لە کاتی تەحقیقدا خۆی بە شێری مەیدان دەزانی، ئەو نیوەڕۆیە ڕەنگی وەک بەهێ و زمانی تەتەڵەی دەکرد. پێی گوتین: (شلونکم شباب...مامحتاجین شی؟!) هاوڕێیەکمان وەڵامی دایەوە: (سیدی خبز کلش قلیل) باوەڕبکەن لەکاتی تەحقیقدا چرکەیەکت لێوەبهاتایە وەک مشک گوێی سووک بوو. یەکسەر دەیگوت: (ها گواد شتگول؟) کەچی ڕەنگی مردووی لێنیشتبوو. برادەرەکە بۆی دووبارە کردەوە ئەمجا حاڵی بوو، گوتی: (هلیوم العشا ماکو، لان الاسواگ مقفولە انشااللە راح نجیبکم باچر.) دوای ئەوەی شلەی کولەکەیان لە سەتڵەکە کرد ڕۆیشتن. بەڵام لەخۆمان دەترساین.... ئێوارە تەقە کزبوو، زۆرمان لەبەردڵ گران بوو. چونکە ئومێدی ڕزگاریمان لەو ڕاپەڕینەدا دەبینی.... وەک دوایی زانیمان، بڕیاری تایبەت بۆ کوشتنی کۆمونیستەکان دەرچووە. تەنانەت گۆڕەپانی لای (ترای)یەکەیان بۆ ڕەمی کردنمان دانابوو. شەوی ٧/٣ بارودۆخی دائیرەی ئەمن شڕو شلۆق بوو. بەردەوام کۆدەبوونەوەو هانی ئەڵقە لەگوێکانی خۆیان دەدا، دەیانگوت: (مەترسن هیچ نییە، کۆمەڵێک مخربن پاکیان دەکەینەوە.) کارەبا نەبوو... خۆیان کەنار دەگرت. هەبوو خۆی دەدزییەوە. گوێمان لێبوو چارەکە سەعاتێک عەوداڵی دوای ناوێک بوون، خۆی شاردبۆوە. ئەو شەوە بەڕێوبەر بەردەوام ئیعازی دەدا: (پیاوە ئازاکان... غیرەتان بێ. خەفیفەو سوپا دەگەنە فریامان خەمتان نەبێ) ئێمە خەومان نەبوو لەوەیش دەترساین بمانکوژن. چونکە ئێمەیش بەوان دوژمنین و ڕۆڵەی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوەین. ئەو شەوە (خلف)ی بەڕێوەبەر بانگەوازێکی بڵاوکردەوە: (دوای چارەکێک ژمارەیەک لە ڕەفیق حیزبییەکان دێنەوە بۆ ناو بەڕێوبەرێتی دەرگا ڕەشەکەیان بۆ بکەنەوە.) ئەو شەوە ڕەفیق حیزبییەکانی شار رژانە ئەمن تاکو بەرگری لەیەکتری بکەن. ئەوان وایان دانابوو ئەم قەڵا سەختە هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات. دوای ماوەیەک قەتارەیەک (کرۆلا) کە تازەکی وەریان گرتبوون بە شوێنیەکدا گەیشتن و دەرگایان بۆ واز کراو لەوێ مۆڵیان خوارد. لەناو ئەمن و ئەمن و بەچوار دەوردا کەمین دابەش بوون.
پرسیار: ٨/٣/١٩٩١... هێرشی ڕاپەڕین بەردەرگای بە ئەمنە سوورەکە گرت. لەدیوی ناوەوە چۆن ڕۆژێک بوو؟
وەڵام: ڕۆژی ٨/٣ لە بەرەبەیانەوە بەهێزتر لە ڕۆژی پێشوو تەقە دەستی پێکردەوە. ئێمە ئاگادارنین کە بەندیخانەی سەرەوەو (أمن البلدە)و هەموو مەخفرەکان گیراون. دوایی کە جەماوەر دەوری ئەمەن سورەکەی دا. ئەوجا زانیمان کار لەکار ترازاوە. لە بەرەبەیانەوە هاوەن و(R.B.G) دەتەقی. گوێمان وەها کاس ببوو، دەبوایە بمانقیڕاندایە ئەوجا لێک حاڵی دەبووین. سەرلەبەیانی لە کونەکەوە چاومان لێبوو نەقیب ماجد بە قەناسەیەکەوە لەسەر (مدیریە) وەستابوو، پاسەوانێکی لەگەڵ بوو. بەردەوام تەقەی دەکرد. پاسەوانەکە زوو زوو پێی دەگوت: (عافیە سیدی) دیاربوو هەر گولەیەک ڕۆڵەیەکی شەهید دەکرد. شوێنەکە ڕوانگە بوو... ئاو خواردن نەبوو. خۆمان هەندێ خواردنمان قایم کردبوو لەگەڵ نانی کەڕوو هەڵهاوردوودا دابەشمان کرد... زۆر بەداخەوە بووین کە نەماندەتوانی ئێمەی لە قەفەزنراو بەشداری جەماوەر بکەین و هیچمان لە دەست نەدەهات. برادەرێکی عەرەب لەگەڵمان زیندانی بوو. خەڵکی مدینە الپورە بوو. لەسەر (تجاوز حدود) لە رانیە گیرابوو. لە ژیانی خۆی دەترسا. بەردەوام لەژێر بەتانییەکەیدا هەڵدەلەرزی. دڵخۆشیم دایەوە: (ئەوانە دژ بە دەوڵەتی بەعسن و دوژمنی عەرەب نین. ئەگەر ڕزگار بووین دەتبەمە ماڵی خۆمان.) لای ئێمەوە شەلم کوێرم هاوەنیان بەشارەوە دەنا. زیانێکی زۆری سەروماڵییان لە جەماوەری شاردەدا.... ئەو بەیانییە گوێمان لە دەنگی کلیلی دەرگاکان بوو. چەند پاسەوانێک بە دوای (محەمەد مەحموود)دا وێڵ بوون. لە ئینفرادی سەرەوە دۆزییانەوە. ئەو بردنەی بردیان گەڕانەوەی نەبوو. کوشتیان ئیتر ئێمەش ترسمان لێ نیشت. بڕیارماندا ئەو خوێ و تایدەی هەمانە وەک چەکی بەرگری بەکاری بهێنین. پڕگیرفانەکانمان کرد. هەروەها چەند لەتە خشتێکمان لەلابوو. گوێمان لە بەڕێوەبەری ئەمن بوو دەیگوت: (با ئەو ماڵانەی لە چواردەوری بەڕێوەبەرێتین بە زووترین کات چۆڵی بکەن، ئێمە کیمیاوی دەڕێژین!!) زانیمان بە تەواوی پشتیان شکاوەو هیچیان بۆ ناکرێ. مەسەلەکە پەلەقاژەی مەرگە. لەوکاتەدا کە برادەرێک لە کونی هەواکێشەکەوە تەماشای دەرەوەی دەکرد، هاوەنێک تەقی. ناو هۆڵەکە پڕبوو لە تۆزوخۆڵ و بۆنی باروت هەراسانی کردین. دوای ئەو برادەرە نۆرە هاتە سەرمن بۆ چاودێری کردنی دەرەوە. (أبو دلف)م بینی، لە هەموویان ئازاتر هاتە بەرچاوم. لەسەر جادەکە زیکزاکی دەکردو بەدەم تەقلە لێدانەوە تەقەی لە جەماوەر دەکرد. هەموو کۆڵانەکان بە بلۆک گیرابوون تاکو ئۆتۆمۆبیل نزیک نەبێتەوە. بانگەوازێک لە بەڕێوەبەری ئاسایشەوە بڵاوکرایەوە. داوای لە پاسەوانەکانی دەرەوە دەکرد بکشێنەوە بۆ ناو دائیرەکە. هەموو گەڕانەوە... کاتی ٩-١٠ لە گۆشەی کارگەی سەهۆڵەکەی شۆڕشەوە جەماوەرم دەبینی سەرەتاتکێیان دەکر. لەمبەر جادەکەوە دەپەڕینەوە ئەوبەرو بەردەوام گوللەی گڕدارو (R.B.G) دەهات، ئەمنە سوورەکەی دەبێژا.... کە سەیری ناو حەوشەکەم کرد بریندار دەپاڕانەوەو کەس نەبوو بەدەنگیانەوە بچێ. تەنانەت نەقیب ماجدیش گوێی گران ببوو. هەندێ لە ئەمنەکان لە پەنا دیوارەکانەوە لەترسان خۆیان حەشاردا بوو.... هاوەنەکە لەکارکەوت (R.B.G)یەک کەوتبووە لای تەنکی ئاوەکانەوە، لەخەڵکەوە دیار نەبوو. لە گۆشەیەکی قاتی سێهەمەوە لە تەقەکردن نەدەوەستا. دیاربووکاری خۆی کردبوو. کاتی ٣٠.١٢، کۆمەڵێک لاوی شەرواڵ و پانتۆڵ لەپێمان دی خۆیان بە بەردەم پرسگەکەدا کرد.... زۆربەیان بێ چەک بوون. پاش نەختێک گەڕانەوە. یەک دوو شەهید و برینداریان دا. ئەمە کارێکی هەڵە بوو. ئێمە دەمانزانی مقاوەمەت لەو شوێنەدا زۆرە. سەیری دەرەوەم دەکرد، لەپڕ گوللەیەکی(R.B.G) خۆی بە ژووری پرسگەکەدا کردو سووتاندنی. T.V یەکی تێدابوو ناڵەی کرد. زۆر دیمەنێکی جوانی هەبوو. بەردەوام یەکێکمان لەسەرەوە چاودێری دەکرد. لە گەراجی دائیرەدا ژمارەیەک ئۆتۆمۆبیلی جوان هەبوو، هی ڕەفیق حیزبییەکان بوو. ئەوەندەمان زانی لەو قۆڵەوە بە نارنجۆک دایانگرتن. بەدوای یەکدا گڕیان تێچوو.... مەگەر هەر ئێمە تامی ئەو خۆشییە بزانین. چونکە ئێمە دیلێکی چارەنووس ون بووین. دوای ئەوە گوێمان لە ناڵەیەکی زل بوو. بەر دیواری هۆڵی ٥ کەوت. هەتا سەر گەچەکەی بڕیبوو. باش بوو ئەو هاوڕێیانە سەلامەت بوون.
پرسیار: لەڕووی هەڵوێست و ورەو ئیلتیزامەوە چ گۆڕانێک بەسەر ئەمنەکاندا هاتبوو؟
وەڵام: هەڵوێستیان تا ڕادەیەک گۆڕابوو. ئێمە مەبەستمان بوو بەلای خۆماندا ڕایانکێشین. بەتایبەت (محمد) ناوێکیان. کراسێکی نوێ بۆ هاوڕێیەکمان هاتبوو بە نیازی بووین بیدەینێ لە بری ئەوەی لای زیندانییە ناسیاوەکان سەعاتمان بۆ بێنێ... ورەیان دابەزیبووە ژێر سفر!... بێزارییان پێوە دیار بوو. ئابڵووقەکە پەرێشانی کردبوون. باری دەروونیی خۆشیان لەولاوە بوەستێ. ئیلتیزامیان وەک جاران نەمابوو. چونکە شەوی ٧/٣ ئاگداربووین کاتی دابەشکردنی پاسەوانەکان، خۆیان لە وەزعەکە دەدزییەوە. لە پەناو پەسێران خۆیان دەشاردەوە.
پرسیار: تەحقیق و ئەشکەنجە بەردەوام بوون؟
وەڵام: نەخێر... هەر هەموویان لە دەرەوەی زیندان شەڕیان دەکرد. بیری ئێمەیان نەمابوو. تەنانەت وەردیانێکمان بینی کلیلەکانی لەشاندابوو، سەرگەرمی تەقەکردن بوو.
پرسیار: ئەدی جیرەکەتان؟
وەڵام: خواردن و خواردنەوە لە ٧/٣وە بڕا... واتە ئێمە سێ ژەم بێ جیرە بووین. بەڵام لە پیرۆزیی ڕاپەڕینی جەماوەر خواردنمان هەر لەبیر نەمابوو.
پرسیار: ئەی ترسی ئەوەتان نەبوو بەڕێکەوت بکرێنە بارمتە... یان بسوتێن؟
وەڵام: دیارە ترسمان لێ نیشتبوو. چونکە جەماوەر هەڵسابوون و چارەنووسی ئەمنەکان تاریک بوو. لەوەترسابووین جەماوەر لە ڕووی نەشارەزاییەوە بە ئەمنمان تێبگەن و زیندانەکە بدەنە بەر (R.B.G) . ئەوەی باش بوو لەو شوێنەی ئێمەوە بەرگری کەم بوو... لەگەڵ ئەوەشدا گوللە بەر دیوارەکە دەکەوت.... ترسی ئەوەشمان لەدڵدا بوو لە دوا قۆناغدا وەک بارمتە بمانهێڵنەوەو گڕکانی قینی جەماوەر بە ئێمە سادر بکەنەوە. بەو حیسابەی ڕۆڵەکانیان دەبنە قوربانی. بەڵام بەوەی باش بوو جەماوەر ئەوەندە هاتبوونە پێشەوە فریای ئەو نەخشەیە نەدەکەوتن.
پرسیار: بیرتان لە هاوکاری کردنی جەماوەری ڕاپەڕیو کردبۆوە؟ چۆن؟
وەڵام: دیارە زۆر بیرمان لێکردبۆوە بجوڵێین و هەڵوێستێک وەربگرین. بەڵام سەرئەنجام چونکە هیچ چەک و ئامرازێکی وەهامان لا نەبوو دەرگای پۆڵاڕێژی زیندان بشکێنێ، بیرکردنەوەکەمان بێ ئاکام بوو.... لە دوا ساتەکانی هەرەس هێنانی ئەم قەڵایەدا، (هاوڕێ نەریمان) کە دەنگی لە هەموومان بڵندتر بوو، ئەو لە کونی هەواکێشەکەوە چاودێری دەکرد. لەپڕ هاواری کرد: (جەماوەر ڕژانە حەوشەی ئەمنەوە.) بە دەنگە بەرزەکەی ئاگاداری کردنەوە: (فریامان کەون... ئێمە زیندانین و تەقەمان لێ مەکەن.) ئەوانیش دڵنیایان کردین: (لای ئێوە پاکسازی کراوە ئێستا ڕزگارتان دەکەین.) دەرگای زیندانیان پێ نەدەزانی هەر لە کونی هەواکێشەکانەوە ڕێنماییمان کردن.
پرسیار: ئەو ساتانە مێژوویین.... ڕۆژی واهەیە لە مێژووی گەلاندا بارتەقای چەند سەدەیەک هەواڵ و سەرکەوتنی پێیە. ئەو ساتەمان بۆ باس بکە کە دەرگای زیندان شکا ... کێ دەرگاکەی شکاند؟
وەڵام: قەڵەم چەند بە بڕشت بێ. زمان چەند پاراو بێ... شاعیرو ئەدیب چەند بەتوانا بن هێشتا باوەڕناکەم بتوانن باسی ئەو هەناسە وەختانە بکەن کە دەرگای زیندانی تێدا شکا.... ئەو جەماوەرەی هەبوو وایدەزانی لەگۆ کەوتوون و هیچیان پێ نەماوە.... تەقە گەشتە ڕاڕەوەکانی زیندان... چەکدارێک هاتە لای دەرگای هۆڵەکەمان و نەڕاندی: (لە دەرگاکە دوور کەونەوە!) قرمەی دەسڕێژو هاڕەی قوفڵ و کیلۆن و وازبوونی دەرگای زیندان. شادییەکی حەپەسێنەری زیندانیان. مێژووییترین ساتەوەختی ژیانم، هی هەموو هاوڕێیانی ژوورە شێدارەکان. باوەشمان بەیەکدا دەکرد..... ئەملاو ئەولای یەکمان ماچ دەکرد. لە ئەمنەکەیش هاتمە دەرەوە تەقە هێشتا هەر بەردەوام بوو.... وەک قازی کوێر نەماندەزانی ڕوولەکوێ بکەین؟ ترسی بەرکەوتن هەبوو. بەڵام هێندەم زانی کەسوکار بەرەو پیرمان هاتن. لەوێیان گواستینەوە، کاتی سەرنجم دا جادەو کۆڵانەکانی عەقاری کەسێکی دیکە ناگرێ و هەر ئێمە لەوێ نین. ئەوا ئێمەش چووینە پاڵ... جەماوەر ماچیان دەکردین... پیرۆزباییان لێدەکردین. بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام میوان دەهاتن لە خزم و ناسیاو. زۆربەیان چەکداربوون. هەریەکەو دەیگوت: (من دەرگای زیندانم شکاند.... من یەکەم کەس بووم گەیشتمە لاتان...) تەنانەت کوڕێکی دراوسێمان گورزەیەک کلیلی هێناو گوتی: (فەرموو ئەمانە کلیلەکانی ئەمنن. بۆ ئەوەی بڕوا بکەیت کە من یەکه‌م کەس بووم گەیشتوومەتە لاتان بەڵام ڕێکەوتی تۆم نەکردووە) منیش دەڵێم: (ڕاست دەفەرموون. هەموو جەماوەر هەڵسابوون... هەمووتان دەرگاکەتان شکاند. با کەس نەیکات بە موڵکی تایبەتی خۆی.)
لە کۆتاییدا زۆر سوپاست دەکەم سەغڵەتم کردی
منیش سوپاس

[email protected]




 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە