بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کەناڵی ئاسمانی (باس) دەکرێتەوە

Wednesday, 26/02/2014, 12:00

2632 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست/ هەولێر:
تێبینی: - وێنەی سێ کەسی سەرەوە ئەو کەسانەن، کە ئیستا خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ کردنەوەی کەناڵی ئاسمانی باس.
- سێ نووسەرەکەی خوارەوەش لە دەزگا و رۆژنامەی باسدا دەنووسن، لەوانیش داواکراوە، کە هاریکاری ئەو کەناڵە تەلەفیزیۆنیەش بکەن.
*************************
لەگەڵ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمان و بەهەدەردانی ژێرخانی ئابووری کوردستان، هەروەها نەهێشتن و گسکدانی پارە لە بانکەکاندا، کۆمەڵێک لە بەرپرسی سیاسیی حیزب و چەند بازرگانێک، بوونەتە خاوەنی پارە و سامانێکی زۆر. ئەو پارانە زۆربەیان رەوانەی دەرەوەی (کوردستان و عێراق) دەکرێت، بەشێکی کەمی دەمێنیتەوە و بۆ کەویکردنو کۆیلەکردن دەیدەن بە فەرمانبەر و پاسەوانەکانی خۆیان، لەوێشەوە دەکەوێتە بازاڕەوە و کڕین و فرۆستنی پێدەکرێت، کە کەمترە لە ٢٠% ی هەموو دەستکەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان. ئەو بەرپرسە سیاسیی و بازرگانانە لە خەمی هیچدا نیین، باکیان نییە، بۆیە کاتێک دوو سێ مانگ بەسەر موچەنەدانی فەرمانبەراندا تێدەپەڕێت، لە بری ئەوەی چارەسەرێکی جیدی ئەو کێشەیە بکەن، بیر لەوە بکەنەوە ئەو پارانەی بردوویانە بەشێکی بیگێڕنەوە بۆ نێو خەزێنەی دەوڵەت و موجەی فەرمانبەرانی پێ بدەن، بەپێچەوانەوە پارەی میللەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان تەخش و پەخش دەکەن، بەنمونە بەپارەیەکی زۆر کەناڵی تەلەفیزیۆنی و... هتد پێدەکەنەوە بەم شێوەیە ئەو پارانە بە هەدەر دەدەن.

ئەو هەواڵەی خوارەوە بڵاوی دەکەینەوە سەبارەت بە کردنەوەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی باسە، کەهاوشانی دەزگای راگەیاندنی رووداوە و بە مەبەستی ریکلام کردنە بۆ باڵی مەسعود و مەسرور، ئەمەش هاوکاتە بەو دەنگۆیەی، کە هێرۆی برایم ئەحمەدیش خەریکی کردنەوەی کەناڵیکی هاوشێوەی رووداوە. بێ ئەوەی بیر بکەنەوە، کە دەیاتوانن بەو پارەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، چارەسەری بەشێک لە کێشەی نەبوونی پارە بکەن، بیدەن بەو مامۆستا و موچەخۆرانەی کە چەند مانگێکە موچەیان پێ نەدراوە، بۆ نمونە بەو پارەیەی، کە مانگانە بۆ کەناڵی  ئاسمانیی و دەزگای رووداو، سەرف دەکرێت، دەتوانرێت موچەی %٢٥ی فەرمانبەرانی هەولێری پێ چارەسەر بکرێت، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی سلێمانیش موچەیان پێ نادرێت، کەچی دەبینین هەر لەو کاتەدا هێرۆ برایم ئەحمەد زیاتر لە ٥٠ سەیارەی جامڕەش دەکڕێت و دەیان لەو سەیارانە لەبەردەمی مەڵبەندی یەکێتیی لە سلێمانی ریز دەکات، بێ ئەوەی هیچ هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بۆ چارەسەری کێشەی نەبوونی پارە و موچەی فەرمانبەران.

ئەو هەواڵەی خوارەوە بەشێکە لەو زانیاریانەیە، کە دەست کوردستانپۆست کەوتووە سەبارەت بە کردنەوەی کەناڵی باس، کە مەسرور بارزانی سەرقاڵی ردنەوەیەتی و پەیوەندی بە کێشەی باڵی مەسرور و نێچیرەوە هەیە، بەو واتایەی نێچیر کەناڵی رووداوی هەیە، مەسروریش دەبێت کەناڵێکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە وەک لەو زانیاریانەدا بۆمان هاتووە، بەختیار عەلیی، کە رۆماننووس و نووسەرێکی ناسراوی ناوچەی سلێمانییە، ئیستا دانیشتووی ئەڵمانیایە، داوا لەویش کراوە یارمەتی ئەو کەناڵە بدات.

***********راپۆرتە هەواڵەکە*****************

ماوەیەکە چەندین رۆژنامەنووسی (دەزگای باس)، کە سەر بەدەزگای هەواڵگریی و سیخوڕی پاراستنە و مەسرور بارزانی بەرپرسێتی، لە هەوڵی پەیوەندیی و کۆکردنەوەی نووسەر و رۆژنامەنووساندان، تا ئامادەکاری بکەن بۆ کردنەوەی کەنالێکی نوێی ئاسمانی. ئامانجی سەرەکی بۆ کردنەوەی ئەو کەناڵە ریکلامکردنە بۆ باڵی مەسعود و مەسرور، چونکە هەست دەکەن لەوەتەی کەناڵی رووداو کراوەتەوە، نێجیرڤان بارزانی له چاو مەسروردا زیاتر ناوبانگی دەركەوتووه، لەویوە توانیوێتی شەڕ و ریکلامی خۆی لەگەڵ رکەبەرەکانی خۆیدا بکات، ئەمیش لە رێگای ئەو رۆژنامەنووسانەوە، کە بە پارە و موچە کڕیوینی و باڵی خۆی لە نێو بنەماڵەی بارزانییدا پێ بەهێز کردووە. شەڕی ئیستای لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان ئیستا گواسراوەتەوە بۆ نێو کەناڵی تەلەفیزیۆن.

وا بڕیارە ئەم کەناڵە بۆتان تەحسین، کە بەرپرسی (دەزگای باس)یشە هەر ئەو سەرپەرشتی بکات بەهاوکاری فەیسەل داغلیە، كه کوردێکی باکورە.
فەیسەل داغلیە کاتی خۆی لە تەلەفیزیۆنی (ڕۆژ و مەد) کاری دەکرد، لە تورکیاش ڕۆژنامەوان بووە، کەسایەتییەکی خۆپەرست و لەرزۆکە خۆی تەسلیم بەتورکیا کردەوە، تورکیاش ئەم کەسەی پێشنیار کردوە بۆ کارکردن لەو دەزگایە، لە هەمانکاتدا فەیسەڵ داغلیە یەکێکە لەو ئەندامانەی، کە میتی تورک ئامادەی کردووە و لە هەوڵی دروستکردنی ئەو حزبەدان بەناوی (پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا)، ئەویش بەمەبەستی دژایەتیکردنی پکک.

فەیسەل لەسەرەتای كردنەوەی کەناڵی رووداو بەرپرسی كۆلن بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ ئاكۆ محەمەدی رووداودا بەشەڕ هاتن، ئاكۆش دەری كرد، لە جێگای ئەو مستەفا شەفیقی خزمی خۆی لە کۆڵن کردە بەڕێوەبەری ڕووداو، ئێستا ڕاوێژکاری نێچیرە بۆ کارەکانی ڕۆژئاوا.

شایانی باسە یەکێکی تر، کە پەیوەندی پێوەکراوە نورەدین وەیسە، وا بریاره بكرێته بەرپرسی بەشی هەواڵەكانی ئەو كەناڵه. نورەدین کاتی خۆی بەرپرسی دەزگای رووداوی کۆن بوو، دواتر ئەویش لەگەڵ ئاکۆ محەمەد بەشەڕ هات و لە میدیاكان لەسەر یەكتریان نووسی، مەسرور بارزانییش ماوەیەكه لەخۆی نزیك خستۆتەوه بەدوای کەسانی دژ بە ئاکۆدا دەگەرێ، چونكه پێویستی بەم جۆرە كەسانەیە.

سیروان رەحیم و بەكر شوانی: ئەم دووانەش ئیستا لەو دەزگا بەدناوه كار دەكەن و موچەی باش وەردەگرن، شایانی باسە (بەكر شوانی و سیروان رەحیم)  هەردووکیان پێشتر لەكەنالی رۆژ تێڤی بوون، بەڵام (PKK) هەستی پێییان كردبوو، كه هاوسۆزی یەكێتین، بۆیه دوای ماوەیەک دەستیان کەوتە روو، ئیتر (PKK) دەریکردن، چونکە بەرادەیەک لەکاتی شەڕەکانی ناوخۆ لەگەل پارتییدا زۆر گەرم و گوڕ دەبوون، بەڵام لە گەرمەی شەڕی یەکێتی لەگەڵ (PKK) وا بەپێچەوانەیەوە کەمتەرخەمیان دەنواند، بەبیانووی ئەوەی کە ئەمان دژی شەری ناوخۆن و هەواڵی شەڕیان نەدەخوێندەوە.

دەزگای باس، کە سەر پاراستنە، ئیستا سەرقاڵە و بەدوای ئەو ستاف و كارمەندە كۆنانەی رووداودا دەگەڕێت، کە لەگەڵ ئاکۆی بەرپرسی رووداودا ناکۆکن و تێکچوون، یان كادیری راگەیاندنی (PKK) بوون و دابڕاون. فەیسەل و نورەدین وەیسی خەریکی کۆکردنەوە و پەیوەندیی کردنن بەو کەسانەوە. ئەو رۆژنامەنووسانەی لە کەناڵی رووداو، رۆژ تێڤی، دابڕاون، ئیستا مەسرور بارزانی لە رێگای نورەدین وەیسی و فەیسەڵەوه خەریکی کۆکردنەوەیانن.

ئەوەی تا ئیستا لەسەری رێکەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کەناڵە. بەم جۆرە دەبێت:
1- بەکر شوانی،  لەناو پکک و رۆژ تێڤێ، کە بە باهۆز ناسراو بوو، دەبێتە بەرپرسی ئەوروپا.
2- سیروان ڕەحیم لەگەڵ بەکر شوانی ئەمیش لەگەڵ بەکر شوانی دەبێتە بەرپرسی ئەوروپا.
3- فەیسەڵ بەرپرسی کوردمانجی و تورکیا دەبێت.
4- نورەدین وەیسی بەرپرسی ناوەندی هەواڵ دەبێت .
5- بۆتان تەحسین دەبێتە بەرپرسی گشتی.
شایانی باسە جارێ  نازانرێت كەی کەناڵەکە دەست بەكار دەکات!

جگە لەمە پەیوەندیی بە چەند نووسەر و رۆژنامەنووسی کەمەر شلیشەوە کراوە، تا هاریکاری دەزگا و کەناڵی ئاسمانی (باس) بکەن بەتایبەتی ئەوانەی بۆ پاره و كاری سیخوری له دەزگای پاراستن دەنووسن. هەروەها قسەش لەگەڵ چەند نووسەر و رۆژنامەنووسی تریشدا کراوە کە لە راگەیاندنی باسدا دەنووسن، لەوانە:

١- پشکۆ نەجمەدین.
٢- حەمەسەعید حەسەن.
٣- بەختیار عەلی.

ئەم سێ کەسە بە ناوی خۆیان و هەندێک جار بەناوی خوازراو بەتایبەتی حەمەسەعید حەسەن بۆ دەزگای باسی پاراستن دەنووسن. بەختیار عەلی وەک رۆماننووس و نووسەر، کە بە زۆری تەنها لە ناوچەی سلێمانی ناسراوە، گەنجانی گەرمیان کتێبەکانیان خستە نێو رووبارەوە، چونکە بەختیار رازی نەبوو پەیوەندی خۆی لەگەڵ دەزگای باسدا بپچڕێت و نووسینیان بۆ نەنێرێت، بەختیار لو ناوچەی بادینان و هەولێر کەمترین کەس دەیناسێت، دانیشتووی ئەڵمانیایە، ئیستا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان خەریکی سیمینارە له سۆران و گەرمیان، مەبەستیش لە سەردانی گەرمیان شاری کەلارە، دەیەوێت لەوێش سیمینارێک بکات، چونکە ساڵی پار گەنجانی ئەو دەڤەرە کتێبەکانی بەختیاریان خستبووە نێو رووبارەوە، یەکێک لەوانەی بەو کارە هەڵسا شەهید (کاوە گەرمیانی) بوو، لە سەر ئەمە بەختیار بە فاشیست ناوی بردن، بە قسەی بەختیار عەلی ئیستا دەیەوێت خۆی لەگەڵ گەنجەکاندا ئاشت بکاتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە