بیرەوەری گەریلایەکی پکک .. ناچاربووم کە بینێژم

Monday, 26/05/2014, 12:00

3695 بینراوە



موراد تورک


کە گەیشتمە سەر گردەکە ، ئەوەی گوێم لێ بوو دەنگی گریانی باران نەبوو تێگەیشتم کە دەنگی قەڵەباڵغییەکە ، ئەو رووبارۆکەی لە (هەراریش) وە بەرەو (سپیڤیان) درێژ دەبۆوە بەسەر بەرزایی رووبارۆکەوە گوندەکانی چیای (گابار) هەبوو ، بەسەرمانەوە فڕۆکە دەسورایەوە ، بەردەوام کە دەچوینە گوندی (حاجی عەلی) لە ناوچەی زڤینگە بەردەوام ئەختیارێکی ڕیش و سمێڵ ماش و برنجی بە دەم شیعر خوێندنەوە دەهات بە دەممانەوە بەڵام ئێستا لە جیاتی ئەو پرچ خەنەییەکی چاو سەوزی گەنج بەدەممانەوە هات و کە گوێم لە ناوی کوردستان بوو هەیەجان دایگرتمەوە ، بەبێ ئەوەی گوێ بە داروبەرد و دڕ و خاکوخۆڵ بدات بە پێی پەتی گۆرانی دەووت و ژنانی تر بە بەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە لەگەڵی دەیانووتەوە ، بەرەو سەروو هەڵدەگژاین ، نیسانی ساڵی ١٩٩٤ بوو ، سەوزایی تازە .. تازە دەگەشایەوە ، هەور هەر بۆ عینادی بارانی دەباران ، ئێمە لە ژێر بۆردومانێکی زۆر دابوین ، تۆپیان دەنا بە چیا و گردەکانەوە و دەنگێکی زۆری دروست دەکرد ، لەگەڵ دەنگی هەر تۆپێکدا بە چۆکدا دەهاتین ، گوند نشینەکان تەماشای من و شیلانیان دەکرد ، بە خەندەیەکەوە پێیانم دەووت برووسکەیە ، هەڵدەسان و بە ئیسراحەتێکەوە ڕێیان دەکرد ، دوایش هەورە بروسکەیەک دەکەوتە زەوی ، ئەمجارەیان پێیانم دەووت ئەمە هەڤاڵ برووسکە .
کات ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٢٥ و ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٣٨ کارەساتەکان ڕویاندابوو ئێستاش ئێمە لە ١٩ ی مانگێکی ساڵی ١٩٩٤ دا بوین ، لە چیای گابار بوین ، ئەم دیمەنە لە دیمەنی بردنی گوندنشینەکانی گوندی (هالڤۆری) دەچوو لە دێرسیم بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیان بکەن ، بەڵام ژمارەیان زۆر زیاد بوو ، لەناویاندا کەسێکی باڵابەرز و پۆشاکی گەریلای لەبەر کردبێت نەمدی و تەنانەت تێکۆشەرێکی گوندیش لەگەڵیاندا نەبوو ، ئەوان ببوون بە ئەفسانە ، ئەو ڕاستییەی لەناو ئەو ئەفسانەیەدا وجودی هەبوو ئێمە بوین ، ئێمە چەند تێکۆشەرێک بوین کە ئەوانمان دەپاراست ، من و شیلان ، لە خواروی گردی (بازی) دەچووین بۆ (سپیڤیان) .
لەبەردەم ئەشکەوتەکاندا ڕێمان دەکرد ، ئەشکەوتەکان بێدەنگ بوون ، ناو ئەشکەوتەکان وەک بۆنی کوشتاڕیکی پێش وەخت بۆنیان لێدەکات ، ئەم ئەشکەوتانە پڕ بوو لە سیمای مرۆڤی شەتەک و تاریک و بێهودە ، ئەوانەی دانیشتوی کەمپی مەخمورن ئەمە باش دەزانن ، ئەم دیمەنانە ئەو دیمەنانەبوون کە لە ئەشکەوتەکانی کوردستان دووبارە دەبوونەوە ، ئەم جارەیان جیاوازییەک هەبوو ، لەناو تاریکی ئەشکەوتەکەدا چرامان داگیرساند بوو ، هەتا چاومان بەو گڕی چرایە بکەوتایە هەستی دیلانی شۆڕشگێڕیمان لەلا دروست دەبوو .
بەتەواوەتی ٩ ڕۆژ برسی ماینەوە ، برسی بونمان لەبیر خۆماندا بردەوە و لەبەر دەم دەمی ئەشکەوتەکە چاوەڕوانیمان دەکرد ، لەهەر ئەشکەوتێکدا ١٠ یان ١٥ خێزانێکی تێدا بوو ، هەر خیزانێکیشیان خاوەن ئەندامێکی ژمارە زۆر بوون ،من و هەڤاڵ شیلان لەلای گوند نشینەکانی گوندی (گۆهینا و زڤنگا شکاکا) بووین ، لە سپیڤیان لەو ئەشکەوتە گەورانە بووین کە وەک مزگەوت بەکاریان دەهێنا ، ئێمە تەنها پاراستنی گوند نشینەکانمان لە ئەستۆ نەگرتبوو بەڵام خواردن و نان و ئاو و دەرمانیشیانمان دابیندەکرد ، چونە دەرەوەیان لە ئەشکەوتەکان قەدەغە بوو ، سترانی ئازادی و تێکۆشانمان بۆ دەووتن ، تا ڕۆژگار درێژ ببوایەتەوە بیزار تر دەبوون ، گروپێکمان پیکهێنا تاکو خۆمان بکەین بە لێبوک و بیاندەین بە پێکەنین و شانۆیان بۆبکەین ، فیودالیزم لێرەدا نەمابوو ، ژنان بوون بە منداڵ و پیاوە پیرەکانیش بوون بە ژن و ئێمەش خۆمان کرد بە شێت .
من نازانم تەسادوف بوو یان نا تا شەڕ چڕ ببوایەتەوە بارانیش چڕ تر دەبوو ، کاتێک شەو دادەهات قەد پاڵی چیای گابار ، لە فندک و چیای بیزانا و ماڤا و قەرەداغ لەوەدەچوو کە مانگ بتەقێتەوە ، دەنگی تۆپ و پرشکی تەڵقەتەنورەکان کە چەند خولەکێک بە ئاسمانەوە دەمایەوە و دیمەنی گڕی تەقینەوەی تۆپەکان ئەو ناوەیان دەکرد بە چراخان ، هەندێکجاریش شەو وەک خۆر گیران تاریک دادەهات ، چیاکانی چراڤ و هەرەکۆل و جودی و گابار و رەنگی شینی خۆیان لەدەست دابوو لە ناخی ئەستێرە تێکەوتویەکی ئۆقیانوس دەچوون ، هێسترەکان کە تەقەمەنیان لێ بارکرابوو بەرەو مەیدانی شەڕەکان بەڕێدەکران ، لەولاشەوە هێسترەکان هەڤاڵە بریندارەکانیان و شەهیدەکانمانیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنایەوە ، ئەم هێسترانە ئارەقیان دادابوو خوێناوی بوون بەڵام ئەم هێسترانە فیداکارن .
شەوێکیان هەواڵی مردنێکمان پێگەیشت ، کاتژمیر ٢ ی شەو بوو ، شیلان لە ئەشکەوتەکەدا مایەوە ، منیش قازمە و خاکەنازەکەم هەڵگرتوو لە ئەشکەوتەکە دەرچووم ، باران لە دەموچاومی دەدا ، ئەو چیایانەی کە لە روحماندا جێمان کردبونەوە ئەو سوێنانەشمان لێ دەزانی کە مردۆکانمانی لێ بشارینەوە ، لە سپیڤیان هاتینە خوارەوە ، قەدپاڵەکان قوروچڵپاو بوو ، هەر دوو هەنگاوێک دەکەوتم ، بە درێژایی زستان لەو شوێنەی کە گروپەکەمان لێی مابونەوە چوومە ئەو تەختاییەی کە کەوتبووە سەروی ئەشکەوتەکەوە ، ئەم شوینە نزیکەی چل یان پەنجا دارێکی لێبوو ئێمە ناومان نابوو (دارەکانی زیارەت) ، لێرەدا ڕاوەستاین ، لەسەروی ئەو شوێنەی لێی راوەستام ژنێک چاوەڕێی دەکرد ، سەرپۆشێکی سپی لەسەردا بوو ، بەچۆکدا هاتبوو ، شتێکی سپی گرتبوو بە باوەشێوەی ، لەناکاو بەهۆی بروسکەیەکەوە توانیم دەموچاوی ببینم ، لە نێوان دارەکاندا تەختاییکم دۆزییەوە ، گەڵا ووشکەکانم بە پێ کۆکردەوە ، بە قازمە کەوتمە کۆڵین ، لەوەدەچوو کە لە مێژەوە ئامادەبێت بۆ گرتنە باوەشی ئەم تەرمە هەربۆیە دڵی خۆی بە خێرایی کردەوە ، هەڵکۆڵینی ئەم گۆڕە بچوکە نیو کاتژمێریشی نەخایاند ، خاکەنازەکەم داناو ووتم (تەواو بوو) ، ژنەکە هەڵسایە پێ ، ئەوەی لە باوەشی گرتبوو بۆمی درێژ کرد ، ژنە پیرەکانیش دوعایان دەخوێند ، چەند ژنێکیان بەبێ دەنگانە دەگریان ، بارانیش دەباری ، لاوانەوەیەک دەبیسترا کە هیچ کەسێک مەحاڵ بوو لێی حاڵی ببێت ناسۆر و جەرگ بڕ بوو .
یەکێکیان لایتێکی داگیرساند ، یەکێکی تریشیان پەڕۆکەی سەر دەموچاوی کۆرپەکەی لاداو ماچی کرد ، بەدەم لاوانەوە و دوعا خوێندنەوە لایتەکەیان لە دەموچاوی کۆرپەکە ئەدا ، دایکی بۆدواجار تەماشایەکی کۆرپەکەی کرد ، ژنەکە بەبێ دەنگی دەگریا ، باران و تارمایی شەو هەموو شتیکی داپۆشی بوو ، شەو سترانێکی زۆر غەمگین و تاریک بوو .
کۆرپەکەم هەڵگرتوو چوومە نێوان دارەکانەوە ، زۆر سووک بوو ، سەرپۆشەکەیان وەک لە مردویەک ئالاندبێت وابوو ، بۆیەکەمجار بوو کە لە یەکچوونی نێوان خام و قەنداغ ببینم ، کۆرپەکەم لەناو ئەو چاڵە درێژ کرد کە هەڵم کۆڵابوو ، پشتم ڕاست کردەوە ، ماوەیەک چاوەڕێم کرد کە بەڵکو گوێم لە دەنگی گریانی بێت ، تەماشایم کردوو کەوتمە چاوەڕوانییەوە ، خۆم پێنەگیرا ، پشتوێنەکەم کە بۆپاراستن لە سەرما بە پشتمەوە گرێمدا بوو لە خۆمم کردەوە و بەهێواشی کۆرپەکەم پێداپۆشی ، نازانم ئەمە ئەوی دەپاراست لەسەرما یان نا ؟ ، بەبێ ئەوەی ئازاری بدەم هێواش .. هێواش خۆڵم بەسەردا کرد ، دوایش ژنەکان هاتنوو چواردەورمیان گرت و کەوتنە دوعا کردن و دەگریان ، دەمەو بەیانی گەڕاینەوە ئەشکەوتەکە .
ساڵانێکی دورودرێژە خەیاڵێکی چڕوپڕ کە زۆر لە زهنییەتم دەکات ، ئەویش نە شۆڕش و نە ئازادی و نە توتڕکیشە کە زۆرحەزم لێیە ... ئەوکاتە ... تەنهاو تەنها ئەو کاتە ... لە چیای گابار نەختێک لە خواروی ئەو شوێنەی کە هەڤاڵ عەگید لێی شەهید بوو ، لە دارستانێکی بچوکدا کاتێک کۆرپەیەکم ناشت بەڵی ئەوکاتە و ئەو کۆرپەیەم لەیاد ناچێت .
ئەم کۆرپەیە کێ بوو ؟ بۆچی مرد ؟ ، ئایا کوڕ بوو یان کچ ؟ ، تەمەنی چەند ڕۆژ بوو ؟ ، منی خستبووە ناو دەریای خەیاڵەوە .
بەخۆمم دەووت ئەگەر ڕۆژێک خەڵک لە کەمپی مەخمور بگەڕیتەوە لەم بارەیەوە پرسیاریان لێدەکەم ، بە درێژایی ساڵ پرسیارم لە ئەندێشە و ناخمدا زیادی دەکرد و زیادی دەکرد .
ئەم ئەندێشەیەم بەردەوام بوو تاکو ١ مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٣ لە ڕۆژنامەی (ئۆزگورگوندەم) و (ئازادییە وەڵات) ئەم بیرەوەرییەم کە بڵاوبۆوە هەواڵم پێگەیشت کە :
تێبینی :
(دوای بڵاوبونەوەی ئەم بیرەوەرییەی موراد تورک لە ئوزگور گوندەم و ئازادییە وەڵات ژنێک لە کەمپی مەخمورەوە نامەیەک بۆ موراد دەنوسێت کە ناوی عایشە ئێکسیک بووە لە نامەکە دەڵێت (کۆرپەکەم لە سەرما و لە برساندا مرد ، تەمەنیشی هەر ٤٠ ڕۆژێک بوو ، کچ بوو ناویشی سۆزدار بوو) وەرگێڕ .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە