دەستت خۆش عیماد ئەحمەد

Saturday, 19/05/2012, 12:00

1281 بینراوە






دیارە عیماد ئەحمەد کەنەیوست بوەستێ و گوێ لەو کابرایە بگرێ، تەنها لەبەرئەوە بوو کە عیماد کاتێ یەکێ بەدەنگی بەرز هاواری کرد ئێدی لەترسا هەڵهات . ئەم دەسەڵاتەی یەکێتی و پارتی لەهەموو شتێك سڵ ئەکەنەوە، تەنانەت هەر یەکێکیان لەو کوردستانەی کەبەئارام و سەقامگیری ناوزەند ئەکەن، ناتوانن بێ ڕەوەیەك لەپاسەوان و چەکدار یەك هەنگاو هەڵێنن. بۆیە کاتێ یەکێ دێتە سەر ڕێگایان و بەدەنگی بەرز هاوار ئەکا ئەوا غیرەتیان وەك عەدادی گاز سفر ئەبێتەوە. دەنا ئەو ژمارە زۆرەی پاسەوان و میلیشیایە بۆچ مەبەستێکە، گەر یەکێ ترسی لەخۆی نەبێ؟؟

بەبڕوای بەندە ئەم کابرایە لەژیانیدا نەك ١١ ساڵ بەڵکە ١١ چرکەش پێشمەرگایەتی نەکردوە.ئەویش لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەمیان: وەك ئەزانین گەر بەووتەی ئەو کابرایە بێ کەئەڵێ ١١ ساڵ پێشمەرگایەتیم کردوە. کەواتە گەر بەشێوەیەکی ماتماتیکیانە لێی بڕوانین، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ کە ئەم کابرایە بەو پێیەی هەنووکە ساڵی ٢٠١٢ یەو گەر ١١ ساڵی لێدەرکەین ئەوا ئەبێ لەساڵی ٢٠٠١ وە پێشمەرگە بوبێ. کەئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخا کە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەوەی چەکی هەڵگرتوە تەنها چەکدار بوەو نەك پێشمەرگە. ئەمەش تەنها بیرو ڕای بەندە نیە، بەڵکە مام ڕۆستەمیش هەمان ووتەی هەیەو ئەڵێ لەدوای راپەڕینەوە ئەوەی هەیە تەنها موچەخۆر و دەستەخۆری بەرپرسەکانە.. ئەوانە تەنها پاسەوانی شەوە سوورو پەمەییەکانی مەسئولە پاشەڵ پیس و بەد ڕەوشتەکانە ، لەوانەش ئەم بەناو جێگری سەرۆکی حکومەتی کابینەی حەوت و سەرۆکەکەی.

هۆکاری دووەم: ئەوەندەی بەندە بزانم و بینیبێتم و ئەزموونم لەگەڵیدا بوبێ. پێشمەرگە لەسەر چەمکی(ماف ئەسێندرێ، نەك بدرێ)یە. واتە گەر کاتێك پێشمەرگە وویستبێتی مافی خۆی وەدەست بێنێ، ئەوا خەباتی بۆ کردوەو سەندوێتی. نەك درابێ پێێ. هیچ کات نەمبینیوە پێشمەرگە بگری و بشیڕێنێ بۆ پارە و بودجە و ئەرزەو ستی لەو جۆرە. پێشمەرگە کاتێ گەر گریابێ، ئەوا دڵنیام بۆ شتێ گریاوە کە تەنها دوور بوە لە بەرژەوەندی تاکایەتی و پارەو پۆست و ئەم شتانە. جا ئەو کابرایە کە ئەیووست عیماد ببینێ، خۆ دڵنیام ئەوا بۆ یەکێ لەو مەبەستانە بوە، ئەگینا خۆ بۆ ئەوە نەبوە کە بوەستێنێ و داخی دڵی خۆی پێبڕژێ و گلەیی ئەوەی لێبکا بۆچی مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە وەیان بۆچی کوردەکانی گەرمیان لەجەلەولاو سەعدیە شار بەدەرئەکرێن لەلایەن ئەو عەرەبە چاوڕەشانەی کەنیوەیان لەسلێمانی و هەولێر تاڵەبانی و بارزانی داکۆکیان لێ ئەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە