ڕێکخستن وەک نیشانەیەکی شارستانێتی

Thursday, 16/01/2014, 12:00

3665 بینراوە


پەندێکی ئەڵمانی هەیە دەڵێت ( ڕێکخستن نیوەی ژیانە) ، بە دەگمەن ئەڵمانیەک دەبینی کە ئەندامی کارا نەبێت لە چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆردا. لە باشوری کوردوستانی خۆماندا وێرانەی حیزبی کوردی سەدان دەسگا و ڕێکخراوی زڕ و بێبەرهەم و مشەخۆری هێناوەتە ئاراوە کە (ناوی زل و دێی وێران) پڕبە پێستیانە . دەوڵەمەندەکانی لای خۆمان هەر یەکەیان بە پێی شوێن و جێیان لە کۆمەڵدا و ئەو پەیوەندیانەی کە هەیانە، وەکو تاکی ناڕێکخراو لێرەو لەوێ کەم تا زۆر کۆمەک بەو کەسانە دەکەن کە هانایان بۆ دەبەن. بەڵام ئەی ئەو نەدار و لێقەوماو و هەژارانەی شكۆ و ڕێز و نەفسیان ناهێڵێت تکا لە کەس بکەن، هانا بۆ کەس بەرن، لە کەس بپاڕێنەوە بۆ کۆمەک و دەسگیرۆیی و قوتارکردنیان لەو گێژەنە مادیەی تێیکەوتون، ئەی ئا ئەمانە کە لە تاریکی و بێدەنگیدا مەمرە مەژی ژیان بەسەردەبەن بۆ کوێ بچن؟ ئیمڕۆ لە سایەی حوکمی کوردیدا کۆمەڵەکەمان خەریکە دابەشدەبێت بە سەر چینێکی کەمینەی فرە دەوڵەمەند و چینێکی زۆرینەی فرەنەدار و فرەهەژار. لێقەوماویەکان و نەداری و هەژاریەکان لە هەمو بوارەکانی ژیاندا دەیبینین: خوێندکارێکی گەنجی بلیمەت و زیرەک بەناچاری واز لە خوێندن دەهێنێ یا وازیپێدەهێنن بۆ ئەوەی ببێتە کرێکار هەتا کۆمەکی باوکە هەژارەکەی بکات بۆ درێژەدان بە ژیانی کولەمەرگیی خێزانێکی گەورە و زۆرمنداڵ، نەخۆشیەکی قورس و کوشندە کە چارەسەرەکەی تەنیا لە دەرەوەی وڵات بە پارەیەکی زۆر دەکرێت، یا نەخۆشیەکی درێژخایەن کە لای خۆمان چارەسەردەکرێت بەڵام دەبێت هەتامردن بەردەوام بە دەرمانی گران چارەسەری بکەیت، یا لەکارکەوتنی کرێکار بەهۆی پیریەوە. بێگومان چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە بە دامەزراندنی سیستمێکی ئابوری کۆمەڵایەتی تۆکمە و دادپەروەری وایە کە دڵنیایی کۆمەڵایەتی (التأمین الأجتماعی) بۆ هەمو ئەندامانی کۆمەڵ بێجیاوازی دابینبکات، پایەکانی (دڵنیایی کۆمەڵایەتی) ئەمانەن: خوێندنی خۆڕایی ، دڵنیایی لە کاتی نەخۆشیدا، دڵنیایی لە کاتی پیری و پەککەوتەییدا (موچەی خانەنشینی و ژیان لە ماڵی پیراندا) ، دڵنیایی لە کاتی ڕوداودا، دڵنیایی لە کاتی لەدەستدانی پیشەکەتدا، دڵنیایی لە کاتێکدا کە بێئیش دەبیت. لە زۆر وڵاتی جیهاندا کە داهاتیان لە ئێمە زۆر زۆر کەمترە سیستمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی دەیان ساڵە دامەزرێنراوە و لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە . لای ئێمە ئیمڕۆ لە ژێر سایەی سیستمی حوکمی کوردیدا پایەکانی دڵنیایی کۆمەڵایەتی یا هەر نیە یا هەندێکیان هەیە بەڵام زۆر شاشە و پڕە لە کەم و کورتی و نادادپەروەری ،بۆیە هەژاری و لێقەوماویەکان زۆرن و جۆراوجۆرن. لە دەستوری ئەڵمانیدا هاتوە (دەوڵەومەندبون ئەرک و فرمانی کۆمەڵایەتی دەخاتە سەر شانی کەسی دەوڵەمەند) ، هیچ نەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاتیی ئێش و ئازاری لێقەوماوان پێویستە دەوڵەمەندەکانی کوردوستان دەسگایەکی خێرخوازی ناحیزبی کارا دروستبکەن کە هەر لێقەوماوێکی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بێ شەرمکردن و هەستکردن بە کەمی و زەلیلی، بێ گوێدانە ئەوەی، بێ پرسیاری ئەوەی ئاین و ئاینزای، بیروباوەڕی سیاسیی چیە، هانای بۆ بەرێ و کۆمەکی مادی و مەعنەوی لێوەربگرێ بێ هیچ مەرج وبێبەرامبەر و بێ لەبرییەک. ئەمە ئەرکی مەعنەوی و ڕۆحی سەرشانی دەوڵەمەندەکانی کوردستانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە